Old/New Testament
14 چونکە یەزدان بەزەیی بە یاقوبدا دێتەوە و
دیسان ئیسرائیل هەڵدەبژێرێتەوە،
لە خاکەکەی خۆیان دەیانحەسێنێتەوە،
نامۆکان خۆیانی پێوە دەلکێنن و
دێنە پاڵ بنەماڵەی یاقوب.
2 گەلان دەیانگرن و
دەیانبەن بۆ شوێنی خۆیان،
بەڵام بنەماڵەی ئیسرائیل دەستیان بەسەردا دەگرن و
دەیانکەن بە کۆیلە و کەنیزە لە خاکی یەزدان،
دەبنە ڕاپێچکەری ڕاپێچکەرانیان و
دەسەڵاتدار دەبن بەسەر ستەمکارانیاندا.
3 ئەو ڕۆژەی یەزدان لە ناخۆشی و هەراسانی و ئەو کۆیلایەتییە سەختەی چێژتت دەتحەسێنێتەوە، 4 ئەم پەندە بەسەر پاشای بابلدا هەڵدەدەیت و دەڵێیت:
زۆردار چۆن کۆتایی پێ هات!
خۆبەزلزانەکە چۆن کۆتایی هات!
5 یەزدان گۆچانی بەدکارانی شکاند،
داردەستی فەرمانڕەواکان،
6 ئەوانەی بە قینەوە لە گەلەکانیان دەدا،
لێدانێکی بێ بڕانەوە،
بە تووڕەییەوە دەسەڵاتیان لەسەر نەتەوەکان پەیڕەو دەکرد،
بێ بەزەیی دەیانچەوساندنەوە.
7 هەموو زەوی حەسایەوە و دڵنیابوو
بە هوتاف لێدان دەنگیان هەڵبڕی.
8 هەروەها دار سنەوبەر و ئورزی لوبنانیش
شادن بەوەی بەسەرت هاتووە و دەڵێن:
«لەو کاتەوەی تۆ ڕاکشایت
داربڕ نەهاتووەتە سەرمان.»
9 جیهانی مردووان لە ژێرەوە دەوروژێنێت
بۆ پێشوازی لە هاتنت،
ڕۆحی مردووەکان بۆ تۆ هەڵدەستێنێت،
هەموو سەرکردەکانی جیهان،
لەسەر تەختەکانیان هەڵیاندەستێنێت،
هەموو پاشایانی نەتەوەکان.
10 هەموو وەڵام دەدەنەوە و پێت دەڵێن:
«هەروەها تۆش وەک ئێمە لاواز بوویت،
وەک ئێمەت لێ هات.»
11 مەزنیت شۆڕکرایەوە ناو جیهانی مردووان
بەدەم ئاوازی سازەکانت،
لە ژێرت مۆرانە ڕادەخرێت و
کرمیش دەبێتە لێفەت.
12 چۆن لە ئاسمانەوە بەربوویتەوە،
ئەی ئەستێرەی پڕشنگدار،[a] کوڕی بەرەبەیان!
بەرەو زەوی بڕایتەوە،
ئەی بەزێنەری نەتەوەکان!
13 تۆ کە لە دڵی خۆتدا گوتت:
«سەردەکەوم بۆ ئاسمان،
لە سەرووی ئەستێرەکانی خوداوە
تەختی خۆم بەرز دەکەمەوە،
لەسەر کێوی ژووان دادەنیشم،
لەسەر لووتکەی چافۆن.
14 سەردەکەومە سەر بەرزاییەکانی هەور،
خۆم وەک خودای هەرەبەرز لێدەکەم.»
15 بەڵام بەرەو جیهانی مردووان شۆڕ بوویتەوە،
بەرەو قووڵایی بیری بێ بن.
16 ئەوانەی دەتبینن تەماشات دەکەن،
لێت ورد دەبنەوە:
«ئایا ئەمە ئەو پیاوەیە کە زەوی لەرزاند،
شانشینەکانی هەژاند،
17 ئەوەی جیهانی کردە چۆڵەوانی،
شارەکانی جیهانی تەفروتونا کرد،
ئەوەی دیلەکانی بەرەو ماڵی خۆیان بەڕەڵا نەکرد؟»
18 هەموو پاشایانی نەتەوەکان بە ڕێزەوە ڕاکشان،
هەریەکە و لە ئارامگای خۆی.
19 بەڵام تۆ لە گۆڕەکەتەوە تووڕ هەڵدەدرێیت
وەک چڵەدارێکی ڕەتکراوە.
دادەپۆشرێیت بە تەرمی کوژراوان
کە بە شمشێر لێیان دراوە،
شۆڕبووەوەکان بەرەو بەردەکانی بیری بێ بن.
وەک لاشەی پێشێلکراو،
20 لە ناشتن لەگەڵیاندا یەک ناگریت،
چونکە خاکەکەی خۆتت کاول کرد،
گەلەکەی خۆتت کوشت.
توخمی خراپەکاران
هەتاهەتایە ناویان نایەت.
21 سەربڕین بۆ کوڕەکانیان ئامادە بکەن
لەسەر تاوانی باوکانیان،
با هەڵنەستن بۆ ئەوەی زەوی داگیر بکەن و
ڕووی جیهان بە شار پڕ بکەنەوە.
22 «هەڵدەستمە سەریان،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
«لە بابل ناو و پاشماوە و
نەوە و وەچە ڕیشەکێش دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
23 «دەیکەم بە میراتی کوندەپەپوو و
گۆمی ئاو،
بە گسکی نەمان گسکی دەدەم،»
یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت.
پلان لە دژی ئاشور
24 یەزدانی سوپاسالار سوێندی خوارد و فەرمووی:
«بێگومان هەروەک ئەوەی دامڕشتووە ئاوا دەبێت،
وەک ئەوەی پلانم بۆ داناوە دێتە دی.
25 ئاشور لە خاکەکەی خۆم دەشکێنم،
لەسەر چیاکانم پێشێلی دەکەم،
جا نیرەکەی لەسەریان لادەچێت و
بارگرانییەکەی لە کۆڵیان دەبێتەوە.»
26 ئەمە ئەو پلانەیە کە بۆ هەموو جیهان داڕێژراوە و
ئەمە ئەو دەستەیە کە بۆ سەر هەموو نەتەوەکان درێژکراوە.
27 چونکە یەزدانی سوپاسالار پلانی داناوە، کێ پووچی دەکاتەوە؟
دەستی ئەوە درێژکراوە، کێ دەیگێڕێتەوە؟
سروشێک سەبارەت بە فەلەستییەکان
28 لە ساڵی مردنی ئاحازی پاشادا ئەم سروشە هات:
29 ئەی هەموو فەلەستییەکان شاد مەبن،
کە گۆچانی لێدەرەکەت شکا،
چونکە توولە مار لە ڕەگی مارەوە دەردەچێت و
بەرەکەی مارێکی سووتێنەری باڵدارە.
30 هەژارترینی هەژاران بەخێو دەکرێن و
نەداران بە ئاسوودەیی پاڵ دەدەنەوە،
ڕەگی تۆش بە قاتوقڕی دەکوژم و
پاشماوەکەشت دەکوژرێت.
31 ئەی دەروازە واوەیلا بکە! ئەی شار هاوار بکە!
ئەی فەلەستی سەراپات توایەوە!
چونکە دووکەڵ لە باکوورەوە دێت و
ناڕێکی لە ڕیزەکانی نابینرێت.
32 چی وەڵامی نێردراوی نەتەوەکان دەدرێتەوە؟
«کە یەزدان سییۆنی دامەزراند،
لە ئەودا گەلە چەوسێنراوەکەی پەناگیر دەبن.»
سروشێک سەبارەت بە مۆئاب
15 سروشێک سەبارەت بە مۆئاب:
عار لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
قییر لە مۆئاب وێران بوو،
لە یەک شەودا کاول بوو!
2 دیڤۆنیش بۆ پەرستگاکەی[b] سەرکەوت،
بۆ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان بۆ گریان،
مۆئاب بەسەر نەبۆ و مێدەبادا شیوەن دەکات.
هەموو سەرێک ڕووتاوەتەوە و
هەموو ڕیشێک تاشراون.
3 لە شەقامەکانی جلوبەرگی گوش[c] دەپۆشن،
لە سەربانەکانی و لە گۆڕەپانەکانی
هەموو شیوەن دەکەن
بەخوڕ دەگریێن.
4 حەشبۆن و ئەلعالێ هاواریانە،
دەنگیان لە یەهەچ دەبیسترێت.
لەبەر ئەوە چەکدارەکانی مۆئاب هاوار دەکەن
گیانیان دەلەرزێت.
5 دڵم بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
هەڵاتووەکانی بەرەو زۆعەر ڕادەکەن،
هەتا عەگلەت شەلیشیا.
بە گریانەوە
لە هەورازەکەی لوحیت سەردەکەون،
لە ڕێگای حۆرۆنایم
هاواری شکست بەرز دەکەنەوە.
6 ئاوەکانی نیمریم وشک بوون،
گیایەکەش سیس بوو،
لەوەڕگا نەما و
سەوزایی نەما.
7 لەبەر ئەوە ئەو سامانەی بەدەستیان هێنا و شتە ئەمبارکراوەکانیان
هەتا شیوی ئەسپیندار هەڵدەگرن.
8 هاوار سنووری مۆئابی گرتەوە،
واوەیلای دەگاتە ئەگلەیم،
واوەیلای لە بیری ئێلیمە.
9 ئاوەکانی دیمۆن پڕن لە خوێن،
بەڵام زیاتر بەسەر دیمۆندا دەهێنم،
شێر بۆ سەر دەربازبووەکانی مۆئاب و
بۆ پاشماوەی خاکەکە دەهێنم.
16 بەرخ وەک سەرانە بنێرن
بۆ فەرمانڕەوای خاکەکە،
لە سەلەعەوە بە چۆڵەوانیدا
بەرەو چیاکەی شاری سییۆن.
2 وەک باڵندەی هەڵاتوون
وەک لە هێلانە دەرپەڕێنراویان لێدێت،
کچانی مۆئاب
لە تەنکاییەکانی ڕووباری ئەرنۆن.
3 «ڕاوێژ بکە،
دادوەری ئەنجام بدە،
لە قرچەی نیوەڕۆدا
سێبەرت وەک شەوی لێ بکە.
دەرکراوەکان بشارەوە،
هەڵاتووەکان ئاشکرا مەکە.
4 با ئاوارەکانی مۆئاب لەلات بمێننەوە،
لە ڕووی کاولکەر بۆیان ببە پەناگا.»
کاتێک چەوسێنەر کۆتایی پێ دێت،
کاولبوون نامێنێت،
پێشێلکاران لە خاکەکەدا لەناودەچن.
5 بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەخت جێگیر دەبێت،
یەکێک لە بنەماڵەی داود
دادپەروەر و داواکاری دادپەروەری،
دەستپێشخەر بۆ ڕاستودروستی
بە دڵسۆزییەوە لەسەری دادەنیشێت.
6 لووتبەرزی مۆئابمان بیست،
لووتبەرزییەکی زۆر،
خۆبەزلزانی و لووتبەرزی و بەفیزی،
بەڵام قسە پووچەکانی ناچەسپێن.
7 لەبەر ئەوە با خەڵکی مۆئاب واوەیلا بکەن،
سەراپا بۆ مۆئاب واوەیلا بکەن.
ئەی مۆئابییە بەزێنراوەکان،
بۆ نانی کشمیشی[d] قییر حەراسەت شیوەن بگێڕن.
8 چونکە کێڵگەکانی حەشبۆن سیس بوون،
هەروەها ڕەزەکەی سیڤما.
گەورەکانی نەتەوەکان
شا مێوەکانییان شکاند،
کە گەیشتبووە یەعزێر و
پەلی هاویشت هەتا چۆڵەوانی.
لقەکانی درێژ ببوونەوە و
لە دەریا پەڕیبوونەوە.
9 لەبەر ئەوە گریانی یەعزێر دەگریێم
بۆ ڕەزەکەی سیڤما،
بە فرمێسکەکانم ئاوتان دەدەم
ئەی حەشبۆن و ئەلعالێ!
چونکە لە کاتی میوە گەییوەکانت و دروێنەکانت
هەراوزەنای جەنگ هات.
10 خۆشی و شادی لە باخ بڕایەوە،
لەناو ڕەزان گۆرانی ناگوترێت و هاوار ناکرێت،
شەراب لەناو گوشەر ناگوشرێت،
هوتاف کپ بوو.
11 لەبەر ئەوە هەناوم وەک قیسارە بۆ مۆئاب دەناڵێنێت،
ناخیشم بۆ قییر حەراسەت.
12 جا کە مۆئاب لە نزرگەی سەر بەرزاییەکە دەردەکەوێت،
ماندوو دەبێت.
کە دەچێتە ناو نزرگەکەوە نوێژ بکات،
قبوڵ نابێت.
13 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان پێشتر بە مۆئابی فەرموو. 14 ئێستاش یەزدان دەدوێت و دەفەرموێت: «لە ماوەی سێ ساڵدا وەک ساڵەکانی کرێگرتە، سەنگینی مۆئاب سووک دەبێت، بەو هەموو خەڵکە زۆرەوە، پاشماوەکەی زۆر کەم و لاواز دەبێت.»
وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین
5 کەواتە لاسایی خودا بکەنەوە، وەک ڕۆڵەی خۆشەویست، 2 لە خۆشەویستیدا بژین، وەک مەسیح خۆشیویستین و لە پێناوی ئێمەدا خۆی بەختکرد، قوربانییەک و سەربڕاوێک، بۆنخۆش بۆ خودا.
3 بەڵام داوێنپیسی و هەموو گڵاوییەک یان چاوچنۆکییەک با لەنێوتاندا ناوی نەبێت، چونکە ئەمانە لە گەلی پیرۆزی خودا ناوەشێتەوە، 4 نەک بێ شەرمی و قسەی ناشیرین و سووک کە ناشێت، بەڵکو لە جیاتی ئەمە سوپاسکردن. 5 بێگومان بن لەوەی هەموو داوێنپیسێک یان گڵاو یان چاوچنۆکییەک لە شانشینی مەسیح و خودا میراتی نییە، چونکە چاوچنۆکی جۆرێک لە بتپەرستییە. 6 کەس بە قسەی پووچ هەڵتاننەخەڵەتێنێ، چونکە بەهۆی ئەمانە تووڕەیی خودا دێتە سەر کوڕەکانی یاخیبوون. 7 بۆیە هاوبەشییان مەکەن.
8 پێشتر ئێوە تاریکی بوون، بەڵام ئێستا ڕووناکین بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەست. وەک ڕۆڵەی ڕووناکی بژین، 9 چونکە بەروبوومی ڕووناکی لە هەموو چاکە و ڕاستودروستی و ڕاستییەکدایە، 10 هەروەها بزانن کە چی جێگەی ڕەزامەندی مەسیحی خاوەن شکۆیە. 11 بەشداری کرداری تاریکی بێ بەرهەم مەکەن، بەڵکو ئاشکرای بکەن، 12 چونکە ئەو کارانەی بە دزی دەیکەن، تەنانەت ناوهێنانیشی شەرمەزارییە. 13 بەڵام هەموو شتێک لە ڕووناکیدا ئاشکرا بکرێت دەبینرێت، 14 چونکە هەر شتێک ببینرێت ڕووناکییە. بۆیە دەڵێت:
«ئەی نوستوو هەستە،
لەنێو مردووان هەستەوە،
مەسیح بەسەرتدا دەدرەوشێتەوە.»[a]
15 بۆیە ئاگاداربن چۆن دەژین، نەک وەک نەفام، بەڵکو وەک دانا، 16 کات بقۆزنەوە، چونکە زەمانە بەدکارە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.