Old/New Testament
45 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت،
ئەوەی دەستە ڕاستیم گرت
بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و
پاشایان چەک بکەم،
بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و
دەرگاکان دانەخرێن:
2 ”من لەپێشتەوە دەڕۆم و
تەپەکان تەخت دەکەم،
دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و
شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
3 گەنجینەکانی تاریکی و
خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ،
هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل،
ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
4 لەبەر یاقوبی بەندەم و
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم،
بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و
نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی
هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە،
بێجگە لە من خودای دیکە نییە.
هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە،
بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم.
6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن
کە بێجگە لە من کەس نییە.
من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم،
دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم،[a]
من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە.“
8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە،
با هەورەکان بیپرژێنێت.
با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە
ڕزگاری بەر بگرێت و
ڕاستودروستی سەرهەڵبدات،
من یەزدانم بەدیم هێنا.
9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات،
پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی.
ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت: ”چی دروستدەکەیت“
یان ئیشەکەت: ”دوو دەستی نییە“؟
10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت:
”چ منداڵێکت خستەوە؟“
بە دایکەکەشی: ”چیت لێ دەبێت؟“
11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی،
ئەمە دەفەرموێت:
دەربارەی ئەوانەی دێت،
ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم بپرسن،
سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامبسپێرن؟
12 من زەویم دروستکرد و
مرۆڤی سەریم بەدیهێنا.
دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و
هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و
هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم.
ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و
ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات
بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل.
ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و
سەبئییە باڵا بەرزەکان
بۆ لای ئێوە[b] دەپەڕنەوە و
بۆ ئێوە دەبن.
لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و
دەپەڕنەوە بۆ لاتان.
کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و
لە ئێوە دەپاڕێنەوە:
”بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە،
خودای دیکە نییە.“»
15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە،
خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن،
پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت،
بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی.
شەرمەزار و ڕیسوا نابن
هەتاهەتایە.
18 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
بەدیهێنەری ئاسمان،
ئەو خودایە،
شێوەکێشی زەوی و دروستکەری،
ئەو دایمەزراند.
بەخۆڕایی بەدی نەهێنا،
بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا،
دەفەرموێت:
«من یەزدانم و
یەکێکی دیکە نییە.
19 لە پەناوە قسەم نەکرد،
لە شوێنێکی تاریکی زەوی.
بە توخمی یاقوبم نەفەرموو،
”بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن.“
من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم،
بە ڕاستودروستی ڕایدەگەیەنم.
20 «کۆببنەوە و وەرن،
ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش.
نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان،
ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش.
با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن.
لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە،
لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟
ئایا منی یەزدان نەبوو؟
بێجگە لە من هیچ خودایەک بێت،
خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر
بێجگە لە من نییە.
22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت،
ئەی هەموو لایەکانی زەوی،
چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد،
ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە،
وشەیەکە و ناگەڕێتەوە،
کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات،
هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
24 سەبارەت بە من دەڵێن: ”ڕاستودروستی و هێز
تەنها بە یەزدانە.“»
هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە
بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل
بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.
خوداوەندەکانی بابل
46 بێل[c] چۆکی دادا و نەبۆ چەمایەوە،
بتەکانیان بارن بۆ ڕەشەوڵاخ.
ئەوەی باری دەکەن باری هەڵگیراون،
بارن بەسەر ئاژەڵە ماندووەکانەوە.
2 هەموو چەمانەوە، پێکەوە چۆکیان دادا،
نەیانتوانی بارەکە دەرباز بکەن و
ئەوان خۆشیان ڕاپێچ کران.
3 «ئەی بنەماڵەی یاقوب، گوێم لێ بگرن،
ئەی هەموو پاشماوەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەی ئەوانەی هەڵمگرتوون لەو کاتەوەی لەناو ڕەحم بوونە،
لەو ڕۆژەوەی کە لەدایک بوونە گرنگیم پێداون.
4 هەتا پیریش بن هەر من ئەوم،
هەتا ڕیش سپیێتیش هەر من هەڵتاندەگرم.
من دروستم کردوون و ئێوە باری منن،
هەر من هەڵدەگرم و دەرباز دەکەم.
5 «بە کێ هاوشێوەم دەکەن و یەکسانم دەکەن و
هاووێنەم دەکەن بۆ ئەوەی لە یەک بچین؟
6 ئەوانە زێڕ لە کیسەوە بەتاڵ دەکەن و
زیویش بە تەرازوو دەکێشن،
زێڕنگەرێک بەکرێ دەگرن و دەیکاتە خوداوەندێک،
ڕوو لە زەوی دەکەن بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبەن.
7 دەیخەنە سەر شان، هەڵیدەگرن،
لە جێی خۆی دایدەنێن بۆ ئەوەی ڕاوەستێت،
لە جێی خۆی ناجوڵێتەوە.
هاواری بۆ دەکات و وەڵام ناداتەوە،
لە تەنگانەکەی ڕزگاری ناکات.
8 «ئەمەتان لەبیر بێت و وردبنەوە!
ئەی یاخیبووان، بیخەنە مێشکتانەوە.
9 سەرەتاکانتان لەبیر بێت کە لە کۆنەوەیە،
بە ڕاستی من خودام و یەکێکی دیکە نییە،
خودام و هیچی دیکە نییە وەک من.
10 لە سەرەتاوە کۆتاییم ڕاگەیاندووە،
لە کۆنەوەش ئەوەی هێشتا نەکراوە.
فەرمووم: ”ڕاوێژی من سەر دەگرێت،
هەموو ئەوەی پێم خۆشە دەیکەم.“
11 داڵ لە ڕۆژهەڵاتەوە بانگ دەکەم،
لە خاکێکی دووریشەوە ئەوەی ئامانجی من بەجێدەگەیەنێت.
فەرمووم و ئەنجامی دەدەم،
دامڕشتووە و دەیکەم.
12 ئەی کەللەڕەقەکان، گوێم لێ بگرن،
ئەی دوورەکان لە ڕاستودروستی.
13 ڕاستودروستی خۆمم نزیک خستووەتەوە،
دوور ناکەوێتەوە و
ڕزگاربوونم دوا ناکەوێت.
ڕزگاری بە سییۆن دەبەخشم،
بە ئیسرائیلی شکۆمەندیم.
ناردنی تیمۆساوس بۆ سالۆنیکی
3 بۆیە کاتێک بەرگەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە، 2 تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات، 3 تاکو لەم ناخۆشیانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. 4 لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا. 5 لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.
6 بەڵام ئێستا تیمۆساوس لەلای ئێوەوە هاتەوە بۆ لامان، مژدەی باوەڕ و خۆشەویستی ئێوەی پێداین، هەروەها چۆن هەردەم بە چاکە یادمان دەکەن و پەرۆشی بینینمانن، هەروەک چۆن ئێمەش بە پەرۆشین بۆ بینینی ئێوە. 7 لەبەر ئەوە خوشکان و برایان، لە کاتی تەنگانە و چەوسانەوەماندا، باوەڕتان هاندەرێکی گەورە بوو بۆمان، 8 چونکە ئێوە بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی باڵادەستدا چەسپاون، ئێستا ئێمەش بەڕاستی دەژین. 9 نازانین بە چ شێوەیەک سوپاسی خودا بکەین لەبەر ئەو هەموو دڵخۆشییەی لەبەردەم خودامان بە ئێوە هەمانە. 10 شەو و ڕۆژ گەرمتر دەپاڕێینەوە، تاکو بتانبینین و کەموکوڕی باوەڕتان دابین بکەین.
11 با خودای باوکمان و عیسای گەورەمان ڕێگای هاتنمان بۆ لاتان ئاسان بکات، 12 هەروەها داواکارین عیسای خاوەن شکۆ خۆشەویستیتان بۆ یەکتری و هەموو خەڵکی دیکە زیاد و سەرڕێژ بکات، بە ئەندازەی خۆشەویستی ئێمە بۆتان. 13 با عیسای خاوەن شکۆمان دڵتان بەهێز بکات تاوەکو لە کاتی گەڕانەوەی لەگەڵ هەموو گەلە پیرۆزەکەی، لەبەردەم خودای باوکمان بێ گلەیی لە پیرۆزیدا بن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.