Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 32-33

شانشینی ڕاستودروستی

32 ئەوەتا پاشایەک بە ڕاستودروستی پاشایەتی دەکات و
    میرانیش بە دادوەری سەرۆکایەتی دەکەن،
مرۆڤ وەک حەشارگەیەک دەبێت لە ڕووی با و
    وەک چەتر لە ڕووی لێزمەی باران،
وەک جۆگەی ئاو لە شوێنێکی وشکدا و
    وەک سێبەری تاشەبەردێکی گەورە لە خاکی ماندووبووندا.

چاوی بینەران کز نابێت و
    گوێی گوێگرەکان دەبیستێت.
دڵی هەڵەشەکان زانین تێدەگات و
    زمانی زمانگرانەکان بە ڕوونی و ڕەوانی دەدوێن.
ئیتر گێل بانگ ناکرێت، ڕێزدار،
    بە فێڵبازیش ناگوترێت، خانەدان،
چونکە گێل بە گێلی دەدوێت و
    دڵیشی خراپە دەکات،
بۆ ئەوەی گڵاوی ئەنجام بدات،
    لە دژی یەزدان بوختان هەڵدەبەستێت،
بۆ ئەوەی برسی تێر نەبێت و
    تینوو لە خواردنەوە بێبەش بێت.
ڕێبازی فێڵبازیش خراپە و
    پیلانی بەدکاری دەگێڕێت،
هەتا بە قسەی درۆ کڵۆڵان تەفروتونا بکات
    ئەگەر قسەی نەدارانیش ڕاست بێت.
بەڵام ڕێزدار بە ڕێزداری پلان دادەنێت و
    لەسەر ڕێزیش جێگیر دەبێت.

ئافرەتانی ئۆرشەلیم

ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان،
    هەستن گوێ لە دەنگی من بگرن!
ئەی کیژە دڵنیاکان،
    گوێ شل بکەن بۆ قسەی من!
10 ئەی دڵنیاکان، ڕۆژانێک پتر لە یەک ساڵ
    لەرز دەتانگرێت،
چونکە ڕەزچنین بەسەرچوو و
    کۆکردنەوە نایەت.
11 ئەی ئافرەتە لەخۆڕازییەکان، بلەرزن!
    ئەی کیژە دڵنیاکان لەرز بتانگرێت!
جلتان دابکەنن و خۆتان ڕووت بکەنەوە،
    گوش لە کەمەرتان ببەستن.
12 لە سنگی خۆتان بدەن بۆ کێڵگە بەردارەکان،
    بۆ ڕەزی بەردار،
13 بۆ خاکی گەلەکەم
    دڕکوداڵ دەڕوێت،
بەڵێ، بۆ هەموو ماڵە شادەکان،
    بۆ شارە گەشاوەکە.
14 بێگومان کۆشک چۆڵ دەکرێت،
    شاری قەرەباڵغ چۆڵ دەبێت،
قەڵا و قوللەی چاودێری لەگەڵ زەوی تەخت دەبن بۆ هەتاهەتایە،
    دەبن بە سەیرانگای کەرەکێوییەکان، لەوەڕگا بۆ مێگەلەکان،
15 بۆ ئەوەی لە بەرزاییەوە ڕۆحی خودا بەسەرماندا بڕژێت،
    جا چۆڵەوانی دەبێت بە باخ و
    باخیش بە دارستان دادەنرێت.
16 جا دادپەروەری لە چۆڵەوانی نیشتەجێ دەبێت و
    ڕاستودروستیش لەناو باخ دادەنیشێت.
17 جا ئەنجامدانی ڕاستودروستی ئاشتی دەبێت و
    کاری ڕاستودروستیش ئارامی و ئاسوودەیی هەتاهەتایی.
18 ئینجا گەلی من لە ئاشتی و ئاوەدانی نیشتەجێ دەبێت و
    لە نشینگەی ئاسوودەیی و
    شوێنی پشوودانەکانیان بە ئارامی.
19 تەرزە دەبارێت و دارستانەکان دەکوتێت،
    شارەکە بە تەواوی دەکەوێنێت،
20 بەڵام خۆزگە بە خۆتان
    کاتێک تۆو لەدەم هەموو ئاوەکان دەچێنن و
    گا و گوێدرێژەکانتان دەلەوەڕن.

تەنگانە و یارمەتی

33 قوڕبەسەرت تێکدەر،
    کە خۆت تێکنەدراویت!
قوڕبەسەرت تاڵانکەر،
    کە تاڵانیان نەکردوویت!
کاتێک لە تێکدان تەواو دەبیت
    خۆت تێکدەدرێیت،
کاتێک لە تاڵان بوویتەوە
    خۆت تاڵان دەکرێیت.

ئەی یەزدان، لەگەڵماندا میهرەبان بە،
    هیوامان بە تۆیە.
هەموو بەیانییەک ببە هێزمان و
    هەروەها ڕزگاریمان لە کاتی تەنگانەدا.
لە نەڕەی دەنگت گەلان ڕایانکرد،
    کە ڕاپەڕیت نەتەوەکان پەرت بوون.
ئەی نەتەوەکان، دەستکەوتەکانتان کۆ دەکرێنەوە وەک چۆن کوللە لە دەغڵ دەدات،
    وەک ڕەوە کوللە خەڵک ڕووتتان دەکەنەوە.

یەزدان پایەبەرزە، چونکە نیشتەجێی بەرزاییە،
    سییۆن لە ڕاستودروستی و دادپەروەری پڕ دەکات.
دەوڵەمەندی ڕزگاری، دانایی و زانین
    دەبێتە مایەی دڵنیای کاتەکانت.
    لەخواترسی کلیلی ئەو گەنجینەیە.

ئەوەتا دلێرەکانیان لە دەرەوە دەقیژێنن،
    نێردراوانی ئاشتی بە تاڵی دەگرین.
ڕێگاکان چۆڵ بوون،
    بڕانەوە ڕێبواران.
پەیمان شکا و
    شایەتەکانی ڕەتکرانەوە و
    کەس بە هیچ دانانرێت.
زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
    لوبنان ڕیسوا بوو، داڕزا،
شارۆن وەک بیابانی عەراڤای[a] لێهات،
    باشان و کارمەل ڕووتانەوە.

10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێستا هەڵدەستم،
    ئێستا بە گەورە دەزانرێم،
    ئێستا بڵند دەکرێمەوە.
11 بە گیا دووگیان دەبن و
    کاتان دەبێت،
    هەناسەتان ئاگرە و خۆتان دەخوات.
12 گەلان دەبن بە گەچ،
    وەک چقڵی بڕاوە بە ئاگر دەسووتێنرێن.»

13 ئەی دوورەکان گوێتان لێ بێت چیم کردووە،
    ئەی نزیکەکان هێزم بزانن!
14 گوناهباران لە سییۆن تۆقین،
    گڵاوەکان لەرز دایگرتن:
«کێ لە ئێمە لەناو ئاگری لووشدەر دەمێنێتەوە؟
    کێ لە ئێمە لەناو سووتانی هەمیشەیی دەمێنێتەوە؟»
15 ئەوەی بە ڕاستودروستی هەڵسوکەوت دەکات و
    ڕاستی دەڵێت،
ئەوەی قازانجی زۆرداری ڕەت دەکاتەوە و
    دەست لە بەرتیل وەرگرتن دەشوات،
ئەوەی لە بیستنی خوێنڕشتن گوێی خۆی کەڕ دەکات و
    لە بینینی خراپە چاوی خۆی دەنوقێنێت،
16 ئەو لە بەرزایی نیشتەجێ دەبێت،
    قەڵای چیاکان پەناگایەتی،
نانی دەدرێت و
    ئاوی مسۆگەرە.

17 چاوت پاشا لە جوانی خۆیدا دەبینێت،
    سنوورێکی فراوان دەبینن.
18 دڵت لە تۆقین ڕادەمێنێت:
    «کوا خامەی نهێنی[b] و کوا باجگر؟
    کوا بەرپرسی قوللەکان؟»
19 ئیتر گەلی دڕندە نابینن،
    گەلێک قسەیان ئاڵۆزە بۆ بیستن،
    زمانیان گرانە تێیان ناگەیت.

20 بڕوانە سییۆن شاری جەژنمان،
    چاوەکانت ئۆرشەلیم دەبینن،
    ماڵێکی ئاسوودە، چادرێک ناگوازرێتەوە.
سنگەکانی هەرگیز هەڵناکەنرێن،
    هیچ کام لە گوریسەکانی ناپسێن.
21 بێگومان لەوێ یەزدانی توانادار پشتگیرمان دەبێت.
    شوێنی ڕووبارەکان و کەناری جۆگە فراوانەکان دەبێت.
کەشتی سەوڵدار پێیدا ناڕوات و
    کەشتی مەزن پێیدا تێناپەڕێت.
22 چونکە یەزدان دادوەرمانە،
    یەزدان فەرزدانەرمانە،
یەزدان پاشامانە،
    ئەو ڕزگارمان دەکات.

23 گوریسەکانت شل بوون،
    بنکەی دار ئاڵای کەشتییەکەیان توند ناکەن،
    چارۆکە بڵاو ناکەنەوە.
ئینجا دەستکەوتی زۆر دابەش کرا،
    شەلەکانیش تاڵانییان تاڵان کرد.
24 دانیشتووی سییۆن ناڵێت، «نەخۆش کەوتم،»
ئەو گەلەی تێیدا نیشتەجێیە تاوانەکانی بەخشراو دەبێت.

کۆلۆسی 1

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.

سوپاس و نوێژکردن

کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان[b]، ئەم بەرهەمدارە و لەنێواتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.

لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەی بیستمان بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین و داواکارین، تاکو پڕبن لە زانینی خواستی ئەو، بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنی ڕۆحی، 10 تاکو بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. 11 با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە 12 سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەش بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. 13 خودای باوک لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، 14 بەهۆی ئەویشەوە کڕدراینەوە[c]، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.

عیسا وێنەی خودای نەبینراوە

15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[d] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.

21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، 22 بەڵام ئێستا بەهۆی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح بە مردن ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، 23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی لە هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.

تێکۆشانی پۆڵس بۆ باوەڕداران

24 ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو[e] دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە. 25 من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم، 26 ئەم نهێنییەی لە ڕۆژگارەکانەوە و بە درێژایی نەوەکان شاردراوە بوو، بەڵام ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا. 27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لە ناخی دڵماندایە، ئەمەش هیوای شکۆداربوونە.

28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا. 29 بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.