Old/New Testament
لە ماڵی گۆزەکەر
18 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «هەستە و بەرەو خوارەوە بڕۆ بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، لەوێ پەیامی خۆمت پێ ڕادەگەیەنم.» 3 منیش بەرەو خوارەوە چووم بۆ ماڵی گۆزەکەرەکە، بینیم لەسەر چەرخەکە کار دەکات. 4 بەڵام ئەو دەفرەی گۆزەکەرەکە لە گڵ دروستی دەکرد، تێکچوو، جا دووبارە کردییەوە بە دەفرێکی دیکە، بەو شێوەیەی گۆزەکەرەکە پێی باش بوو.
5 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 6 «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا من ناتوانم وەک ئەم گۆزەکەرەتان لەگەڵ بکەم؟ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئێوە لەناو دەستی منن هەروەک گڵ لەناو دەستی گۆزەکەر. 7 ئەگەر هەر کاتێک لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی ڕیشەکێشکردن و بەزەوی دادان و لەناوبردنم کردبێت، 8 ئەو نەتەوەیەی کە لەبارەیەوە دواوم، لە خراپەکەی تۆبە دەکات، ئینجا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو بەڵایەی بەتەمابووم تووشی بکەم. 9 ئەگەر هەر کاتێکیش لەبارەی نەتەوەیەک و شانشینێکەوە باسی بنیادنان و چاندن بکەم، 10 بەڵام لەبەرچاوم خراپە بکات و گوێڕایەڵی من نەبێت، ئەوا منیش پاشگەز دەبمەوە لەو چاکەیەی کە فەرمووم بۆی بکەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 «ئێستاش بە پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! من بەڵایەکتان بۆ ئامادە دەکەم و پیلانێک لە دژی ئێوە دادەڕێژم. جا لەبەر ئەوە بگەڕێنەوە، هەرکەسە و لە ڕێگا خراپەکانی، ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاک بکەنەوە.“ 12 بەڵام گوتیان: ”بێ سوودە، چونکە ئێمە دوای بیروڕای خۆمان دەکەوین، هەریەکەمان بەپێی کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی دەکات.“»
13 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەنێو نەتەوەکان بپرسن:
کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
بێ تامترین خراپە
ئیسرائیلی پاکیزە کردوویەتی.
14 ئایا بەفری لوبنان
لە لووتکە بەردینەکانی دەبڕێتەوە؟
ئایا ئاوی سازگاری لەبەرڕۆیشتووی
وشک دەبێت؟
15 بەڵام گەلەکەم منی لەیاد کردووە،
بخووری بۆ بتی پووچ سووتاندووە،
کۆسپ و تەگەرەیان خستە بەردەم ڕێگاکانیان و
ڕێچکە کۆنەکان،
تاکو بە لاڕێکان و
ڕێگا خۆش نەکراوەکاندا بڕۆن.
16 بۆ ئەوەی خاکەکەیان وێران بێت،
بۆ هەتاهەتایە ببێتە جێگای تانە و تەشەر،
هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام بێت و
سەر بلەقێنێت.
17 وەک بای ڕۆژهەڵات
لەبەردەم دوژمن پەرتیان دەکەم،
لە ڕۆژی کارەساتیان
پشتیان تێدەکەم، نەک ڕوو.»
18 ئینجا ناحەزانم گوتیان: «وەرن، با پیلانێک لە یەرمیا بگێڕین، چونکە فێرکردن لە کاهین و ڕاوێژ لە دانا و پەیام لە پێغەمبەر نابڕێتەوە. وەرن با بە زمانمان لێی بدەین و گوێ لە هیچ وشەیەکی نەگرین.»
19 ئەی یەزدان، گوێم لێ بگرە،
گوێ لە دەنگی ناحەزانم بگرە.
20 ئایا پاداشتی چاکە بە خراپە دەدرێتەوە؟
بەڵام چاڵێکیان بۆم هەڵکەندووە.
بەبیرت بێتەوە وەستانم لەبەردەمت،
بۆ ئەوەی لە پێناوی ئەوان بپاڕێمەوە،
تاکو تووڕەییت لێیان بگێڕمەوە.
21 لەبەر ئەوە کوڕەکانیان بدە دەست قاتوقڕی،
بیاندە دەست شمشێر،
با ژنەکانیان جەرگسووتاو و بێوەژن بن،
پیاوەکانیشیان بمرن،
گەنجەکانیان لە جەنگ بە شمشێر بکوژرێن.
22 با هاوار لە ماڵەکانیانەوە ببیسترێت،
کاتێک لەپڕ چەتەیان بەسەردا دەدەیت،
چونکە چاڵیان هەڵکەند بۆ گرتنم،
تەڵەیان بۆ پێم نایەوە.
23 بەڵام ئەی یەزدان،
تۆ لە هەموو تەگبیرەکانیان بۆ کوشتنی من ئاگاداربووی.
لە تاوانیان خۆش مەبە و
گوناهەکەیان لەبەرچاوت مەسڕەوە.
با لەبەردەمت تێکبشکێن،
لە کاتی تووڕەبوونت سزایان بدە.
19 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بڕۆ لای گۆزەکەر، گۆزەیەکی گڵ بکڕە. هەندێک لە پیرانی گەل و کاهینی پیر ببە، 2 بڕۆ دەرەوە بۆ دۆڵی بەنهینۆم کە لەلای داڵانی دەروازەی زبڵدانە[a]، لەوێ ئەو پەیامە جاڕبدە کە پێتی دەڵێم. 3 بڵێ: ”ئەی پاشایانی یەهودا و ئەی دانیشتووانی ئۆرشەلیم، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداربن! بەڵایەک بەسەر ئەم شوێنەدا دەهێنم کە هەرکەسێک بیبیستێت، گوێی بزرنگێتەوە. 4 لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام، ئەم شوێنەیان پیس کرد و تێیدا بخووریان بۆ خوداوەندەکانی دیکە سووتاند کە نەیان دەناسین، نە خۆیان و نە باوباپیرانیان و نە پاشایانی یەهودا، ئەم شوێنەیان پڕکرد لە خوێنی بێتاوانان. 5 نزرگەی بەعلیان لەسەر بەرزاییەکان بنیاد نا، تاکو کوڕەکانیان بە ئاگر بسووتێنن و بیکەنە قوربانی سووتاندن بۆ بەعل، کە من نە فەرمانم پێکردبوو و نە فەرمووبووم و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 6 لەبەر ئەوە ئاگاداربن، سەردەمێک دێت، چیتر ئەم شوێنە پێی ناگوترێت تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو پێی دەگوترێت دۆڵی کوشتن. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «”جا لەم شوێنەدا پیلانی یەهودا و ئۆرشەلیم پووچ دەکەمەوە، وا دەکەم لەبەردەم دوژمنەکانیان بە شمشێر بکوژرێن، بە دەستی ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن، تەرمەکانیان دەکەمە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی. 8 ئەم شارە وێران دەکەم و دەیکەمە جێگای تانە و تەشەری خەڵک، هەرکەسێک پێیدا تێبپەڕێت سەرسام دەبێت، گاڵتەی پێ دەکات لەسەر هەموو ئەوەی بەسەری هاتووە. 9 وایان لێ دەکەم گۆشتی کوڕ و کچەکانی خۆیان بخۆن، هەریەکە گۆشتی هاوڕێکەی خۆی دەخوات، لەبەر گەمارۆ و ئەو تەنگانەیەی تێی دەکەون بەدەستی دوژمنانیان کە بەدوای ئەوانەوەن بۆ کوشتنیان.“
10 «ئینجا گۆزەکە لەبەرچاوی ئەو پیاوانە بشکێنە کە لەگەڵتدان، 11 پێیان بڵێ: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ئاوا ئەم گەلە و ئەم شارە دەشکێنم، وەک چۆن دەفرە گۆزەکە کە نەتوانرێت جارێکی دیکە چاک بکرێتەوە. لە تۆفەت دەنێژرێن، هەتا ئەوەی جێی ناشتن نەمێنێت.“ 12 یەزدان دەفەرموێت: ”ئاوا لەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەکەم، ئەم شارە وەک تۆفەت لێ دەکەم. 13 جا ماڵەکانی ئۆرشەلیم و کۆشکەکانی پاشایانی یەهودا وەک شوێنی تۆفەت گڵاو دەبن، هەموو ئەو ماڵانەی لە سەربانەکانیان بخووریان سووتاند بۆ هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان و شەرابی پێشکەشکراویان بۆ خوداوەندەکانی دیکە پێشکەش کرد.“»
14 ئینجا یەرمیا لە تۆفەت هاتەوە کە یەزدان بۆ پێشبینیکردن ناردبوویە ئەوێ، لە حەوشەکەی پەرستگای یەزدان ڕاوەستا و بە هەموو گەلی گوت: 15 «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”گوێ بگرن! من هەموو ئەو بەڵایە بەسەر ئەم شارە و بەسەر هەموو گوندەکانی دەوروبەریدا دەهێنم، ئەوەی سەبارەت بەو فەرمووم، چونکە کەللەڕەقییان کرد و گوێیان لە قسەی من نەگرت.“»
نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی
3 ئەمە بزانە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، 2 چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، 3 بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، 4 ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، 5 ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
6 ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، 7 هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. 8 وەک یەنیس و یەمبریس[a] بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەوە ڕەتکراونەتەوە. 9 بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
لەسەر باوەڕت بمێنەوە
10 بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، 11 چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات، بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم. 12 هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، 13 بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چەواشەکار و چەواشەکراو. 14 بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت، 15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. 16 هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان[b]، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، 17 تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.