Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 43-44

تاکە ڕزگارکەری ئیسرائیل

43 ئێستاش یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
    بەدیهێنەرت، ئەی یاقوب،
    شێوەکێشت، ئەی ئیسرائیل:
«مەترسە، چونکە تۆم کڕیوەتەوە،
    بە ناوی خۆتەوە بانگم کردوویت، تۆ هی منیت.
کە بەناو ئاودا بپەڕیتەوە، من لەگەڵتدام،
    بەناو ڕووبارەکانیشدا، نوقومت ناکەن.
بەناو ئاگردا بڕۆیت، داغ نابیت،
    بڵێسەش ناتسووتێنێت،
چونکە من یەزدانم، خودای تۆم،
    پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ڕزگارکەری تۆ.
میسرم کردووە بە کەفارەتی تۆ،
    کوش و سەبا لە جێی تۆ.
لەبەر ئەوەی تۆ بەنرخ بوویت لەلام،
    سەنگین بوویت و من خۆشم ویستیت،
لە جێی تۆ خەڵکی دەدەم،
    لە جیاتی گیانت نەتەوەکان.
مەترسە، چونکە من لەگەڵتدام.
    لە ڕۆژهەڵاتەوە نەوەکانت دەهێنم و
    لە ڕۆژئاواوە کۆت دەکەمەوە.
بە باکوور دەڵێم: ”بیاندەرێ!“ و
    بە باشووریش: ”مەیانگرە!“
کوڕانم لە دوورەوە بهێنە و
    کچانم لەوپەڕی زەوییەوە.
هەموو ئەوانەی بە ناوی منەوە بانگ دەکرێن،
    بۆ شکۆمەندیی خۆم بەدیم هێناون،
    شێوەم کێشاون و دروستم کردوون.»

دەریبخە ئەو گەلەی کوێرە، بەڵام چاوی هەیە،
    کەڕە، بەڵام گوێی هەیە.
با هەموو نەتەوەکان پێکەوە کۆببنەوە،
    با نەتەوەکان خڕ ببنەوە.
کێ لەوان ئەمە ڕادەگەیەنێت و
    سەرەتاکانمان پێ دەڵێت؟
با شایەتەکانیان بهێننە پێش و ڕاستی پێشبینییەکانیان دەربخەن،
    یان گوێیان لێ بێت و بڵێن: «ڕاستە.»
10 یەزدان دەفەرموێت: «ئێوە شایەتی منن،
    بەندەی هەڵبژاردەم،
بۆ ئەوەی بزانن و باوەڕم پێ بهێنن و
    تێبگەن کە من ئەوم،
پێش من شێوەی هیچ خودایەک نەکێشراوە و
    پاش منیش نابێت.
11 منم، منم یەزدان،
    لە من بەولاوە ڕزگارکەر نییە.
12 من ئاشکرام کرد و ڕزگارم کرد و ڕامگەیاند،
    منم، نەک خوداوەندێکی بێگانە لەنێوتاندا بێت.
ئێوە شایەتی منن کە من خودام.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13     «لەو ڕۆژەوە من ئەوم،
کەس لە دەستم دەرباز نابێت.
    هەرچی بکەم کێ دەیگەڕێنێتەوە؟»

بەزەیی خودا و بێوەفایی ئیسرائیل

14 یەزدان ئەوەی دەتانکڕێتەوە،
    پیرۆزەکەی ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«لە پێناوی ئێوە دەنێرم بۆ بابل و
    هەموو هەڵاتووەکانی بەدەردەنێم،
    بابلییەکانیش بەو کەشتییانەی کە هاواری شادییان تێدا کردبوون.
15 منم یەزدان، پیرۆزەکەتان،
    بەدیهێنەری ئیسرائیل، پاشاکەتان.»

16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت،
    ئەوەی لەناو دەریا ڕێگای داناوە،
لەناو ئاوە بەهێزەکان ڕێچکە،
17     ئەوەی گالیسکە و ئەسپی دەرکرد،
سوپا و هێزی پێکەوە ڕاکێشا و هەڵنەستانەوە،
    کپ بوون، وەک پڵیتەیەک کوژانەوە، دەفەرموێت:
18 «باسی سەرەتاکان مەکەن،
    لە دێرینەکان ڕامەمێنن.
19 ئەوەتا من شتێکی نوێ دەکەم!
    ئێستا سەرهەڵدەدات، ئایا نایزانن؟
لە چۆڵەوانی ڕێگا دادەنێم و
    لە بیابان ڕووبارەکان.
20 ئاژەڵە کێوییەکان شکۆمەندم دەکەن،
    چەقەڵ و کوندەپەپوو،
چونکە ئاوم خستە چۆڵەوانییەوە،
    ڕووبارەکان لە بیاباندا
بۆ ئاودانی گەلەکەم، هەڵبژاردەکەم،
21     ئەم گەلە بۆ خۆم شێوەم کێشاوە
    باسی ستایشم دەکەن.

22 «بەڵام نزاتان بۆ نەکردم، ئەی یاقوب،
    لە پێناوی من کۆششتان نەکرد، ئەی ئیسرائیل.
23 بەرخی قوربانی سووتاندنەکەی خۆتت بۆ من نەهێنا،
    بە قوربانییە سەربڕدراوەکانت ڕێزت لێ نەگرتم.
بە پێشکەشکراوی دانەوێڵە بارگرانم نەکردیت،
    بە قوربانی بخوور ماندووم نەکردیت.
24 بە زیوەکەت قامیشی بۆنخۆشت بۆ نەکڕیم،
    بە پیوی قوربانییە سەربڕدراوەکانت تێرت نەکردم،
بەڵکو بە گوناهەکانت بارگرانت کردم،
    بە تاوانەکانت ماندووت کردم.

25 «منم، منم کە یاخیبوونەکانت دەسڕمەوە،
    لە پێناو خۆم،
    گوناهەکانیشت بەبیر خۆمی ناهێنمەوە.
26 بەبیرم بخەرەوە،
    با پێکەوە بکەوینە دادگاییکردن،
    بە بەڵگە بێتاوانییەکەت بسەلمێنە.
27 باوکی یەکەمت گوناهی کرد و
    پەیوەندی ڕێکخەرانت لێم یاخی بوون.
28 لەبەر ئەوە میرانی پیرۆزگا گڵاو دەکەم و
    یاقوب دەدەمە قڕکردن[a] و
    ئیسرائیلیش بۆ جنێوپێدان.

ئیسرائیلی هەڵبژێردراو

44 «ئێستا یاقوبی بەندەم،
    ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
دروستکەر، یارمەتیدەرت،
    شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
    یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەترسە یاقوبی بەندەم،
    یەشوروونی[b] هەڵبژاردەم،
چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
    لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
    بەرەکەتم بەسەر توخمت.
جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
    وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“
    ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت،
ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و
    بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.

یەزدان، نەک بت

«یەزدان، پاشای ئیسرائیل و ئەوەی دەیکڕێتەوە،
    یەزدانی سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
من سەرەتا و من کۆتاییم،
    لە من بەولاوە هیچ خودایەک نییە.
کێ وەک منە؟ با بانگەواز بکات،
    با ڕایبگەیەنێت و بیخاتە بەردەمم
لەو کاتەوەی گەلی دێرینم داناوە و
    داهاتووەکان و ئەوەی لەگەڵ خۆی دەیهێنێت،
    با پێیان ڕابگەیەنن.
مەتۆقن و مەترسن.
    ئەی لە کۆنەوە پێم نەگوتوویت و پێم ڕانەگەیاندوویت؟
ئێوە شایەتی منن، ئایا لە من بەولاوە خودای دیکە هەیە؟
    هیچ تاشەبەردێکی دیکە نییە، من نەمناسیبێت.»

شێوەکێشەکانی بت هەموو پووچن،
    شتە ئارەزوو بەخشەکانیان بێ سوودن.
شایەتیدەری خۆیانن کە نابینن و
    نازانن، لەبەر ئەوە شەرمەزار دەبن.
10 کێ شێوەی خودایەکی کێشاوە
    یان بتێکی داڕشتووە بەبێ سوود؟
11 ئەوەتا هەموو هاوڕێیەکانی شەرمەزار دەبن.
    وەستاکانی لە مرۆڤن،
هەموو کۆدەبنەوە و ڕادەوەستن،
    پێکەوە دەتۆقن و شەرمەزار دەبن.

12 ئاسنگەر بە ئامێرەکانی
    پارچە ئاسن لەناو خەڵووز سوور دەکاتەوە.
بە چەکوش شێوەی دەکات،
    بە هێزی بازووی دروستی دەکات.
برسی دەبێت هێزی نییە،
    ئاوی نەخواردووەتەوە و ماندوو بوو.
13 دارتاش گوریسی پێوانەی ڕاکێشا،
    نیشانی کرد بە نیشانکەر،
بە ئەسکەنە دروستی دەکات.
    بە پرگال وێنەی دەکێشێت،
جا وەک شێوەی پیاو دروستی دەکات،
    وەک جوانی مرۆڤ
    بۆ ئەوەی لە نزرگە جێگیر بێت.
14 دار ئورزی بۆ خۆی بڕییەوە،
    یان داری سەروو یاخود داری بەڕووی برد،
بەجێی هێشت کە لەنێو دارەکانی دارستان گەشە بکات،
    یاخود دار سنەوبەرێکی ڕواند و باران گەورەی کرد.
15 جا بۆ مرۆڤ دەبێت بۆ سووتاندن،
    لێی دەبات و گەرم دەبێتەوە،
    دایدەگیرسێنێت و نانی پێ دەبرژێنێت.
بەڵام خوداوەندێکیش دروستدەکات و کڕنۆشی بۆ دەبات،
    دەیکات بە پەیکەر و ڕوو لە زەوی دەکات بۆی.
16 نیوەی بە ئاگر دەسووتێنێت،
    لەسەر نیوەی خواردن ئامادە دەکات،
    گۆشت دەبرژێنێت و تێردەبێت.
هەروەها گەرم دەبێتەوە و دەڵێت: «ئەها!
    گەرم بوومەوە، ئاگرم بینی.»
17 پاشماوەکەشی خوداوەندێکی لێ دروستکرد، بتە داتاشراوەکەی،
    ڕوو لە زەوی دەکات بۆی و کڕنۆشی بۆ دەبات.
نوێژی بۆ دەکات و دەڵێت:
    «ڕزگارم بکە، چونکە تۆ خودای منی.»
18 نازانن و تێناگەن،
    چونکە چاوەکانیان داخراوە لە بینین و
    مێشکیان لە تێگەیشتن.
19 لە دڵی خۆیدا بیری لێ ناکاتەوە و
    زانین و تێگەیشتنی نییە
هەتا بڵێت: «بە نیوەی ئاگرم خۆشکرد،
    بە پشکۆیەکەشی نان و گۆشتم برژاند و خواردم.
ئەو کاتە پاشماوەکەی بکەم بە قێزەون،
    بۆ قەدی دارێک ڕوو لە زەوی بکەم؟»
20 لەسەر خۆڵەمێش دەلەوەڕێت، دڵی هەڵخەڵەتا و چەواشەی کرد.
    گیانی خۆی ڕزگار ناکات،
    ناڵێت: «ئایا ئەمە درۆ نییە لە دەستە ڕاستم؟»

21 «ئەمەت لەبیر بێت، ئەی یاقوب،
    ئەی ئیسرائیل، چونکە تۆ بەندەی منیت،
شێوەی تۆم کێشا، تۆ بەندەی منیت.
    ئەی ئیسرائیل، لەبیرم ناچیت.
22 یاخیبوونەکانی تۆم وەک هەوری تار سڕییەوە،
    گوناهەکانیشت وەک تەمی بەیانییان.
بگەڕێوە بۆ لام،
    چونکە تۆم کڕییەوە.»

23 ئەی ئاسمان، هاواری خۆشی بکە، چونکە یەزدان ئەمەی کرد؛
    ئەی ناخی زەوی، هاوار بکەن!
هاواری خۆشی بکەن، ئەی چیاکان،
    ئەی دارستان و هەموو دارێک کە تێیدایە،
چونکە یەزدان یاقوبی کڕییەوە و
    لە ئیسرائیل شکۆدارە.

ئاوەدانی ئۆرشەلیم

24 «یەزدان، ئەوەی دەتکڕێتەوە، شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
    ئەمە دەفەرموێت:

«من یەزدانم،
دروستکەری هەموو،
بە تەنها ئاسمانم لێککردەوە،
زەویم ڕاخست، کەسم لەگەڵ نەبوو،
25 نیشانەی پێغەمبەرانی درۆزنم پوکاندەوە،
    فاڵگرەوەم گێل کرد.
دانام گەڕاندەوە دواوە،
    زانینەکەی ئەوانم کردە نەزانی.
26 وشەی خزمەتکارەکەی بەجێدەهێنێت،
    پلانی نێردراوەکانی تەواو دەکات،
سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ”ئاوەدان دەبێتەوە،“
    بە شارۆچکەکانی یەهوداش: ”بنیاد دەنرێنەوە،“
    سەبارەت بە کەلاوەکانیش: ”نۆژەنیان دەکەمەوە،“
27 بە دەریا دەڵێت: ”وشک بە،
    منیش ڕووبارەکانت وشک دەکەم،“
28 سەبارەت بە کۆرش[c] دەڵێت: ”ئەو شوانی منە،
    هەموو ئەوەی دڵم پێی خۆشە دەیهێنێتە دی.
    کۆرشیش سەبارەت بە ئۆرشەلیم دەڵێت: ’با بنیاد بنرێتەوە،‘
    بە پەرستگاش دەڵێت: ’با دابمەزرێتەوە.‘“»

یەکەم سالۆنیکی 2

خزمەتکردنی پۆڵس

ئەی خوشکان و برایان، خۆتان دەزانن هاتنمان بۆ لاتان بێ سوود نەبوو، بەڵکو وەک دەزانن پێشتر لە فیلیپی ئازارمان چێژت و سووکایەتیمان پێ کرا، بەڵام بە پشتیوانی خودا سەرەڕای دژایەتییەکی زۆر، ئازایانە باسی مزگێنی خودامان بۆ کردن. مەبەستی ئێمە لە هاندانتان چەواشەکردن و بەڕەڵایی و خەڵەتاندن نییە، بەڵکو هەروەک چۆن لەلایەن خوداوە پەسەند کرابین کە متمانەی مزگێنیمان بدرێتێ، بە هەمان شێوە دەدوێین، ئەمەش بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خەڵک نییە، بەڵکو ڕەزامەندی خودا، کە دڵمان تاقی دەکاتەوە. خودا شایەتە، نە زمانلووسیتان بۆ دەکەین و نە لەبەر چاوچنۆکییە، وەک دەزانن، چاوەڕوانی ستایش و پێداهەڵدانی خەڵک نەبووین، نە لە ئێوە و نە لە کەسانی دیکەش.

وەک نێردراوانی مەسیح دەمانتوانی بارگرانی بین لەسەرتان، بەڵام نەرمونیان بووین لەگەڵتاندا، وەک دایکێک شیر بداتە منداڵەکانی. بە ڕادەیەک ئێوەمان خۆشویست کە ئامادەبووین نەک تەنها مزگێنی خودا بەڵکو خۆشمان لەگەڵتاندا بەش بکەین، چونکە ئێوە لەلای ئێمە زۆر ئازیز بوون. خوشکان و برایان، دڵنیام ڕەنج و ماندووبوونی ئێمەتان لە یادە، شەو و ڕۆژ کارمان دەکرد، تاکو بەسەر کەستانەوە نەبینە بار، کاتێک مزگێنی خودامان بۆ ڕاگەیاندن.

10 ئێوە و خوداش شایەتن کە لەنێو ئێوەی باوەڕداردا چۆن بە پیرۆزی و ڕاستودروستی و بێ گلەیی ڕەفتارمان کردووە. 11 هەروەک دەزانن کە ئێمە لەگەڵ هەریەک لە ئێوە وەکو باوکێک هەڵسوکەوتمان کرد، وەک چۆن باوکێک لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا هەڵسوکەوت دەکات، 12 هانمان دەدان و ورەمان بەرز دەکردنەوە و لێتان دەپاڕاینەوە، بە شێوەیەک بژین شایانی خودا بێت، ئەوەی بۆ شانشین و شکۆی خۆی بانگتان دەکات.

13 لەبەر ئەمە بێ بڕانەوە سوپاسی خودا دەکەین، چونکە پەیامی خوداتان وەک پەیامی مرۆڤ لە ئێمە وەرنەگرت، بەڵکو وەک بەڕاستی وشەی خودا بێت، لە ڕاستیشدا هەر بەو جۆرەیە، ئەوەی لەناو ئێوەی باوەڕداریشدا کار دەکات. 14 ئەی خوشکان و برایان، ئێوە بوون بە لاساییکەرەوەی کڵێساکانی خودا لە یەهودیا، واتە ئەوانەی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا بوونەتە یەک، چونکە ئێوە بە دەستی هاوڵاتییەکانی خۆتان هەمان ئەو ئازارانەتان کێشا کە باوەڕدارانی یەهودیا بە دەستی جولەکەکان کێشایان، 15 ئەوانەی عیسای خاوەن شکۆ و پێغەمبەرانیان کوشت و ئێمەیان چەوساندەوە. خودا ڕازی ناکەن و لە دژی هەموو خەڵکن، 16 ڕێگامان لێ دەگرن لەوەی بۆ نەتەوەکان بدوێین تاکو ڕزگاربن، بەمەش کاسەی گوناهەکانیان سەرڕێژ دەکەن. بەڵام لە کۆتاییدا تووڕەیی خودا هاتووەتە سەریان.

17 بەڵام ئەی خوشکان و برایان، ئێمە بۆ ماوەیەکی کورت لێتان دوور کەوتینەوە، بە چاو نەک بە دڵ، زۆر شەیدا و پەرۆشی بینینتان بووین. 18 ویستمان بێینە لاتان، لە ڕاستیدا خۆم وەک پۆڵس چەند جارێک هەوڵم دا، بەڵام شەیتان ڕێی لێگرتین. 19 هیوا و خۆشی و تاجی شانازیمان لەبەردەم عیسای خاوەن شکۆمان چییە لە کاتی هاتنیدا؟ ئایا ئێوە نین؟ 20 ئێوە شکۆ و خۆشیمانن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.