Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 28-29

قوڕبەسەری بۆ ئەفرایم

28 قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن!
    قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت،
کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە.
    قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە.
    وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر،
وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ،
    بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
پێشێل دەکرێت
    تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
دەبێت بە گوڵی سیس بوو
    جوانی شکۆمەندییەکەی،
ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە،
    وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین،
ئەوەی دەیبینێت
    هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.

لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار
    دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و
تاجی شکۆمەندی
    بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری
    بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و
پاڵەوانیێتی
    بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.

ئەمانیش بە شەراب گێژن و
    بە مەی گومڕا بن:
کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن،
    بە شەراب قووتدەدرێن،
بە مەی گومڕان،
    کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن،
    کوێرانە حوکم دەدەن.
چونکە هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و
    هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.

دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟
    پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟
بۆ لەشیربڕاوەکان،
    یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
10 وەک گغە گغ بۆ گغە گغ،
    بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،[a]
    کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»

11 کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ
    قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
12 بۆ ئەوانەی پێی گوتن:
    «ئەمە حەسانەوەیە،
با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.»
    بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
13 جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە:
    گغە گغ بۆ گغە گغ،
    بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،
    کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.
بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و
    بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.

14 ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
    ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمە!
15 چونکە گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و
    پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە،
کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت
    لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە،
چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و
    لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»

16 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
    کە دەبێتە سەنگی مەحەک،
گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە[b] بۆ بناغەیەکی پتەو،
    ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
17 دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و
    بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم،
جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و
    پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
18 پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و
    پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت.
کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت،
    ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
19 هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات،
    چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت
    بە شەو و بە ڕۆژ.»

بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە
    دەبێتە مایەی تۆقاندن.
20 چونکە دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و
    لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
21 چونکە یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا،
    هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش
بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە!
    بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
22 ئێستا گالتەجاڕ مەبن،
    نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت،
چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.

23 گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن،
    گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
24 ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت،
    هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
25 ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد،
    تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و
گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و
    جۆ لە شوێنی نیشانکراو،
    گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
26 جا بە دادوەری ڕێنمایی دەکات،
    خودای خۆی فێری دەکات.

27 چونکە کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت،
    چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت،
بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و
    زیرەش بە گۆچان.
28 دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت،
    هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت،
چەرخەی عەرەبانەکەی و
    ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
29 هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون،
    ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.

قوڕبەسەر شارەکەی داود

29 قوڕبەسەر ئەریێل، ئەریێل[c]
    ئەو شارەی داود تێیدا مایەوە!
ساڵ لەدوای ساڵ زیاد بکەن،
    با جەژنەکان بسوڕێنەوە.
منیش تەنگ بە ئەریێل هەڵدەچنم،
    جا دەبێت بە گریان و شیوەن و
    بۆ من وەک ئاگردانی قوربانگای[d] لێدێت،
وەک بازنە دەورت دەدەم،
    بە قەڵا تەنگت پێهەڵدەچنم و
    سەنگەر بە چواردەورتدا لێ دەدەم.
جا نزم دەبیتەوە و لە زەوییەوە دەدوێیت،
    قسەکەت لەناو خۆڵ دەچەمێتەوە،
دەنگت وەک تارمایی دەبێت لە زەوییەوە،
    قسەکەت لەناو خۆڵ چرپەی دێت.

ئاپۆرەی دوژمنانت وەک تۆزی کوتراو دەبن و
    ئاپۆرەی زۆرداران وەک پووشی با بردوو دەبێت.
لە ساتێکدا لەپڕ ئەوە دەبێت،
    لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە سزا دەدرێت
بە هەورەتریشقە و بوومەلەرزە و دەنگێکی گەورەوە،
    بە زریان و ڕەشەبا و گڕی ئاگری سووتێنەرەوە.
وەک خەون و زیندەخەوی شەوانی لێدێت،
    ئاپۆرەی هەموو نەتەوەیە لەشکرکێشەکانی سەر ئەریێل،
هەموو لەشکرکێشەکانی سەری و سەر قەڵاکانی
    لەگەڵ تەنگ پێ هەڵچنانی.
وەک ئەوەی برسی خەون ببینێت و ئەوەتا دەخوات
    بەڵام کە هەڵدەستێت ورگی بەتاڵە،
وەک ئەوەی تینوو خەون ببینێت و ئەوەتا دەخواتەوە
    بەڵام کە هەڵدەستێت شەکەتە و گیانی ئارەزوو دەکات،
ئاوایان لێدێت ئاپۆرەی هەموو ئەو نەتەوانەی
    لەشکرکێشییان کردووە بۆ سەر کێوی سییۆن.

بحەپەسێن و سەرسام بن!
    خۆتان کوێر بکەن و کوێربن!
بەبێ شەراب ئێوە مەستن،
    بەبێ مەی ئێوە بە لارەلار دەڕۆن.
10 چونکە یەزدان ڕۆحی خەوی قووڵی بەسەر ئێوەدا ڕشتووە،
    بەم شێوەیە یەزدان چاوەکانی ئێوەی نوقاندووە کە پێغەمبەرەکانن،
    هەروەها یەزدان سەری ئێوەی پێشبینیکەری داپۆشیوە.

11 جا تەواوی ئەم پەیامەی کە بە بینینێک ئاشکرا کراوە تەنها بۆ ئێوە وەک وشەکانی تۆمارێکی مۆرکراوی لێهاتووە، ئەوەی دەیدەنە کەسێکی خوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «ناتوانم، چونکە مۆر کراوە.» 12 یان ئەگەر تۆمارەکە دەدەنە کەسێکی نەخوێندەوار و دەڵێن: «تکایە ئەمە بخوێنەوە.» ئەویش دەڵێت: «خوێندەواریم نییە.»

13 جا پەروەردگار دەفەرموێت:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە بە دەم نزیک بووەوە و
    بە لێوەکانی ڕێزی لێ گرتم،
    بەڵام دڵی لێم دوورە،
پەرستنیان بۆ من
    تەنها فێرکردن و ڕاسپاردەی خەڵکە.
14 لەبەر ئەوە ئەوەتا من جارێکی دیکە
    کاری سەیر و سەمەرە بەم گەلە دەکەم،
دانایی داناکانی لەناودەبەم و
    تێگەیشتنی تێگەیشتووانی ون دەبێت.»
15 قوڕبەسەر ئەوانەی دەچنە قووڵاییەوە
    بۆ ئەوەی پیلانەکانیان لە یەزدان بشارنەوە،
کارەکانیان لە تاریکی دەبێت و
    دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟ کێ دەمانناسێت؟»
16 ئای لە هاڵاوگێڕیتان،
    ئایا گۆزەکەر و قوڕ دەکرێن بە یەک
تاکو دروستکراو بە دروستکەرەکەی بڵێت:
    «ئەو دروستی نەکردم»؟
یان گۆزەکە بە گۆزەکەر بڵێت:
    «تێناگات»؟

17 ئایا لە ساتێکی کەمدا لوبنان ناگۆڕێت بۆ باخ و
    باخیش بە دارستان دانانرێت؟
18 جا لەو ڕۆژەدا کەڕەکان گوێیان لە وشەکانی تۆمارەکە دەبێت و
    لە ئەنگوستەچاو و لە تاریکیدا
    چاوی نابیناکان دەبینن.
19 زەلیلەکان دڵخۆشییان بە یەزدان زیاتر دەبێت،
    نەدارانی خەڵکیش بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دڵشاد دەبن.
20 چونکە زۆردار لەناوچوو و
    گاڵتەجاڕ نەما و
    هەموو ئێشکگرانی خراپەکاری بڕانەوە.
21 ئەوانەی بە وشەیەک مرۆڤ گوناهبار دەکەن و
    لە دادگا داو بۆ دادوەر دەنێنەوە و
    بە شتی پووچ دادپەروەری خوار دەکەن.

22 لەبەر ئەوە یەزدان ئەوەی ئیبراهیمی کڕییەوە، ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب دەفەرموێت:

«ئێستا یاقوب شەرمەزار نابێت و
    ئێستا ڕوو زەرد نابێت.
23 کاتێک منداڵەکانی دەستکردەکانی دەستم
    لەنێویاندا دەبینن،
وەک ناوێکی پیرۆز ڕێز لە ناوەکەم دەگرن،
    دان بە پیرۆزی پیرۆزەکەی یاقوبدا[e] دەنێن،
    لە خودای ئیسرائیل دەترسن.
24 ئەوانەی لە ناوەڕۆکەوە گومڕا بوون تێگەیشتن بەدەستدەهێنن و
    بۆڵەبۆڵکەران فێربوون وەردەگرن.»

فیلیپی 3

بێتاوان بوون بەهۆی باوەڕ

لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان، دڵشاد بن بە مەسیحی خاوەن شکۆ! نووسینەوەی هەمان ئەم شتانە ماندووم ناکات، بەڵکو بۆ پاراستنی[a] ئێوەیە.

چاوببڕنە سەگەکان، چاوببڕنە بەدکاران، چاوببڕنە جەستەبڕەکان[b]. لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین[c]، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین. هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم.

ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆی هەیە پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم: کۆرپەی هەشت ڕۆژ بووم کە خەتەنە کراوم، لە ڕەگەزی ئیسرائیل، تیرەی بنیامین، عیبرانی کوڕی عیبرانی. بەگوێرەی تەورات فەریسی بووم، بەگوێرەی دڵگەرمی چەوسێنەری کڵێسا بووم، بەگوێرەی ئەم ڕاستودروستییە کە بەپێی شەریعەتە، بێ گلەیی بووم.

بەڵام ئەوەی بۆ من قازانج بوو، لە پێناوی مەسیحدا ئەمانە بە زیان دەزانم. لەمەش زیاتر هەموو شتێک بە زیان دەزانم لەبەر بەرزی بەهای ناسینی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ. لە پێناوی ئەودا هەموو شتێکم لە دەست دا و هەموو ئەو شتانەم بە زبڵ دانا، بۆ ئەوەی مەسیح بەدەستبهێنم و وەک کەسێک کە لەگەڵ مەسیحدا بووبێتە هەژمارد بکرێم، نەک بە ڕاستودروستی خۆم کە لە شەریعەتەوەیە، بەڵکو لە ڕێگەی باوەڕەوە بە مەسیح، ئەو ڕاستودروستییەی کە لە خوداوەیە و پشت بە باوەڕ دەبەستێت. 10 ئامانجم ئەوەیە مەسیح بناسم و هێزی هەستانەوەکەی بزانم و هاوبەشی ئازاری بم، وەک ئەو بم لە مردنی، 11 تاوەکو بگەمە هەستانەوەی نێو مردووان.

کۆشش کردن بەدوای ئامانج

12 من ناڵێم پێشوەخت هەموو ئەمەم بەدەستهێناوە یان گەیشتوومەتە ئامانج، بەڵکو کۆشش دەکەم ئەوە بەدەستبهێنم کە عیسای مەسیح لە پێناویدا منی بەدەستهێنا. 13 خوشکان، برایان، من وا دانانێم کە بەدەستم هێناوە، بەڵام شتێک دەکەم: ڕابردوو لەبیر دەکەم و بەرەو داهاتوو بەوپەڕی کۆششەوە هەنگاو دەنێم، 14 بەرەو ئامانج تێدەکۆشم تاکو ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنم کە خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بانگهێشتی کردووم بۆ ئاسمان.

15 با هەموو ئەوانەمان کە لە ڕووی ڕۆحییەوە پێگەیشتووین، ئاوا بیر بکەینەوە، ئەگەر بیرتان لە شتێکی جیاوازیش کردەوە، خودا ئەمەشتان بۆ ئاشکرا دەکات. 16 با دەست بەوەوە بگرین کە بەدەستمان هێناوە.

17 ئەی خوشک و برایانم، پێکەوە لاسایی من بکەنەوە و بڕواننە ئەوانەی ئاوا دەژین، بەگوێرەی ئەم نموونەیەی ئێمە پێمان دان. 18 زۆرم پێ گوتن، ئێستاش بە گریانەوە دەڵێم، زۆر کەس بە شێوەیەک دەژین، دوژمنی خاچی مەسیحن، 19 ئەوانە کۆتاییان لەناوچوونە، خودایان سکیانە و شانازی بە شەرمەزاربوونیانەوە دەکەن، بیر لە شتی دنیایی دەکەنەوە. 20 بەڵام ئێمە هاوڵاتی ئاسمانین، بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکەین ڕزگارکەر لەوێ بێتەوە، عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ، 21 ئەوەی لەشی کەساسمان بۆ وێنەی لەشی شکۆداری خۆی دەگۆڕێت، بەگوێرەی کارکردنی هێزی خۆی کە دەتوانێت هەموو شتێک ملکەچی خۆی بکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.