Old/New Testament
یارمەتیدەری ئیسرائیل
41 «ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن!
با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە!
با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن،
با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.
2 «کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە،
ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟
نەتەوەکانی دەداتە پێشی،
پاشایان ژێردەستەی دەکات.
بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات،
بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.
3 ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت،
بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.
4 کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە،
لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟
من یەزدانم،
لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»
5 دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن،
هەر چوار لای زەوی دەلەرزن،
نزیک بوونەوە و دێن،
6 هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات،
بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»
7 دارتاش زێڕنگەر هاندەدات،
ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات
ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت،
بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.»
بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.
8 «بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم،
ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە،
توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،
9 ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت،
لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و
بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“
تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.
10 مەترسە، چونکە لەگەڵتدام،
مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم.
بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم،
بە دەستە ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.
11 «ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن
هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن،
وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن
ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.
12 بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە
ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت.
ئەوانەی لە دژت دەجەنگن
وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،
13 چونکە من یەزدانم، خودای تۆ،
ئەوەی دەستە ڕاستی گرتوویت،
ئەوەی پێت دەڵێت،
مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.
14 مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
ئەی ئیسرائیلی بچووک،
من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
15 «ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
تیژی نوێی دداندار.
چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
16 شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.
17 «کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
18 ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
19 داری ئورز و ئەکاسیا[a] و مۆرد[b] و زەیتوون
لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
لە بیابان دادەنێم،
20 بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
سەرنج بدەن و تێبگەن
کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»
21 یەزدان دەفەرموێت: «بەرگری لە خۆتان بکەن.»
پاشای یاقوب دەفەرموێت: «بەڵگەکانتان بخەنە بەردەستم.
22 بتەکانتان بهێنن و با پێمان ڕابگەیەنن
ئەوەی ڕوودەدات.
ئەوانەی ڕابردوو چین، پێمان ڕابگەیەنن،
با مێشکمان بخەینە سەری و
بزانین کۆتاییەکەیان چییە.
یان داهاتوومان پێ بڵێن،
23 ئەوانەی لە داهاتوودا دێن، ڕایبگەیەنن
بۆ ئەوەی بزانین ئێوە خوداوەندەکانن،
هەرچی بێت بیکەن، چاکە یان خراپە،
هەتا پێکەوە سەرسام بین و ببینین.
24 بەڵام ئێوە هیچن و
کارەکانتان لە هیچ کەمترن،
قێزەون ئێوە هەڵدەبژێرێت.
25 «لە باکوورەوە هەڵمستاند و هات.
لە ڕۆژهەڵاتەوە بە ناوی منەوە نزا دەکات،
بەسەر پارێزگارەکاندا دێت وەک بەسەر قوڕدا،
وەک گۆزەکەر قوڕ بشێلێت.
26 کێ لە سەرەتاوە ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بزانین،
پێش وەخت، هەتا بڵێین: ”ڕاستودروستە؟“
بێگومان ڕاگەیەنەر نییە،
بێگومان بەگوێدادەر نییە،
بێگومان گوێگری وشەکانتان نییە.
27 سەرەتا بە سییۆن: ”ئەوەتا ئەوان!“
بە ئۆرشەلیمیش مزگێنیدەرم دا.
28 بینیم کەس نییە،
ئەمانە ڕاوێژکاریان تێدا نییە
هەتا پرسیاریان لێ بکەم و بە وشەیەک وەڵام بدەنەوە.
29 تەماشا بکە، هەموو هەڵخەڵەتێنەرن!
کارەکانیان هیچ نین،
بتە داتاشراوەکانیان بە وێنەی بایە و پووچن.
بەندەی یەزدان
42 «ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی پشتیوانی دەکەم،
هەڵبژاردەکەم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
دادپەروەری بۆ نەتەوەکان بەرپا دەکات.
2 هاوار ناکات و دەنگی بەرز ناکاتەوە و
لە شەقامدا نابیسترێت.
3 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە.
بە ڕاستییەوە دادپەروەری دەردەخات.
4 نە ماندوو دەبێت و نە وردوخاش دەبێت
تاکو ئەوەی لەسەر زەوی دادپەروەری بەرقەرار دەکات.
دوورگەکان هیوایان بە فێرکردنەکانی ئەو دەبێت.»
5 خودای پەروەردگار، بەدیهێنەری ئاسمان و لێککەرەوەی،
ڕاخەری زەوی و ئەوەی لێی بەرهەم دێت،
هەناسەی داوە بەو گەلەی لەسەریەتی،
ڕۆحیش بەوانەی هاتوچۆی تێدا دەکەن،
ئەمە دەفەرموێت:
6 «من یەزدانم، بە ڕاستودروستی بانگم کردیت،
جا دەستت دەگرم و دەتپارێزم،
دەتکەمە پەیمان بۆ گەل و ڕووناکی بۆ نەتەوەکان.
7 بۆ ئەوەی چاوی نابیناکان بکەیتەوە،
بۆ ئەوەی دیلەکان لە زیندان دەربهێنیت،
لە بەندیخانەش دانیشتووان لە تاریکی.
8 «من یەزدانم، ئەمەیە ناوم و
شکۆمەندی خۆم نادەمە کەسی دیکە و
ستایشم نادەمە بتە تاشراوەکان.
9 ببینن، ئەوەی لە ڕابردوو گوترا هاتە دی،
ئێستاش شتی نوێتان پێ ڕادەگەیەنم،
پێش ئەوەی سەر دەربێنێت
من پێتانی دەڵێم.»
گۆرانی ستایش بۆ یەزدان
10 ئەی ئەوانەی دادەبەزنە ناو دەریا و هەموو ئەوانەی تێیدان،
دوورگەکان و دانیشتووانەکانیان،
گۆرانییەکی نوێ بۆ یەزدان بڵێن،
ستایشیشی لەوپەڕی زەوییەوە.
11 با چۆڵەوانی و شارۆچکەکانی دەنگ بەرز بکەنەوە،
گوندەکانی نشینگەی قێدار.
با دانیشتووانی سەلەع هاواری خۆشی بکەن،
لە ترۆپکی چیاکانەوە هاوار بکەن.
12 با شکۆمەندی بە یەزدان بدەن،
لە دوورگەکان ستایشی ڕابگەیەنن.
13 یەزدان وەک پاڵەوان دێتە دەرەوە،
وەک جەنگاوەر دڵگەرمی دەهەژێت،
هاوار دەکات و نەعرەتەی جەنگ دەکێشێت،
بەسەر دوژمنانیدا سەردەکەوێت.
14 «زۆر دەمێکە کپ بووم،
بێدەنگ بووم و دانم بە خۆمدا گرت.
بەڵام ئێستا وەک ژنێک کە منداڵی ببێت دەقیژێنم،
هەناسە دەدەم و هەناسە هەڵدەکێشم پێکەوە.
15 چیا و گردەکان تێکدەدەم،
هەموو گیاوگوڵیان وشک دەکەم.
ڕووبار دەکەمە دوورگە و
گۆلاوەکان وشک دەکەم.
16 نابیناکان بە ڕێگایەکدا دەبەم شارەزای نەبن،
بە ڕێچکەیەکدا هاتوچۆیان پێ دەکەم کە نایزانن،
تاریکی لەبەردەمیاندا دەکەم بە ڕووناکی،
ڕێگا خوارەکانیش بە ڕاستە ڕێ.
ئەم شتانە دەکەم و
بەجێیان ناهێڵم.
17 بەڵام ئەوانەی پشت بە بتی داڕێژراو دەبەستن،
ئەوانەی بە پەیکەری داتاشراو دەڵێن، ”ئێوە خوداوەندی ئێمەن،“
بەرەو دواوە دەگەڕێنەوە و بە تەواوی شەرمەزار دەبن.
ئیسرائیلی کوێر و کەڕ
18 «ئەی کەڕەکان گوێ بگرن!
ئەی کوێرەکان سەیر بکەن بۆ ئەوەی ببینن!
19 کێ کوێرە تەنها بەندەکەم[c] نەبێت،
یان کەڕە وەک نێردراوەکەم کە دەینێرم؟
کێ کوێرە وەک ئەوەی تەواوە و
کوێرە وەک بەندەی یەزدان؟
20 زۆرت بینیوە و سەرنجت نەداوە،
گوێیەکانت کراونەتەوە و نەتبیستووە.»
21 یەزدان دڵخۆشە لە پێناوی ڕاستودروستی خۆی،
فێرکردنەکانی خۆی بە گەورە دادەنێت و ڕێزی لێ دەگرێت.
22 بەڵام ئەو گەلێکی تاڵانکراو و ڕووتکراوەیە
هەموو کەوتوونەتە چاڵەوە،
لە بەندیخانەکان خۆیان شاردووەتەوە،
بوون بە تاڵانی و کەس فریایان نەکەوت،
ڕووتکرانەوە و کەس نەبوو بڵێت، «دەست بگێڕەوە!»
23 کێ لە ئێوە گوێ لەمە دەگرێت
گوێ شل دەکات و هەتا کۆتایی دەبیستێت؟
24 کێ یاقوبی دایە دەست ڕووتکردنەوە و
ئیسرائیلیش بۆ تاڵانکاران؟
ئایا یەزدان نییە
کە گوناهمان دەرهەقی کرد و
نەیانویست ڕێگاکانی بگرنەبەر و
گوێیان لە فێرکردنەکانی نەگرت؟
25 ئیتر گڕی تووڕەیی خۆی بەسەردا ڕشتن،
بە جەنگێکی سەخت،
لە هەموو لایەکەوە گڕی تێبەردان، بەڵام پێیان نەزانی،
سووتاندنی، بەڵام نەچووە مێشکیانەوە.
1 لە پۆڵس و سیلا[a] و تیمۆساوسەوە،
بۆ کڵێسای سالۆنیکییەکان کە لەگەڵ خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆدا بوونەتە یەک:
با نیعمەت[b] و ئاشتیتان لەگەڵ بێت.
سوپاس بۆ باوەڕداران
2 هەموو کات لە پێناوی هەر یەکێکتاندا سوپاسی خودا دەکەین و بێ بڕانەوە لە نوێژەکانمان یادتان دەکەین، 3 بەردەوام لەبەردەم خودای باوکماندا ئەو کارانەتان بەبیر دەهێنینەوە کە بەرهەمی باوەڕتانە، هەروەها ئەو ڕەنجەتان کە لە خۆشەویستییەوەیە و ئەو دانبەخۆداگرتنەشتان کە سەرچاوە دەگرێت لە هیواتان بە عیسای مەسیحی گەورەمان.
4 ئەی خوشکان و برایان، خۆشەویستانی خودا، دەزانین کە خودا ئێوەی هەڵبژاردووە، 5 چونکە تەنها بە قسە پەیامی ئینجیلمان بۆ نەهێنان، بەڵکو بە هێز و بە ڕۆحی پیرۆز و بە دڵنیایی تەواوە، وەک دەزانن لە پێناوی ئێوە لەنێوانتاندا چ جۆرە کەسێک بووین. 6 ئێوەش لاسایی ئێمە و مەسیحی خاوەن شکۆتان کردەوە، لە تەنگانەیەکی گەورەدا بە خۆشی ڕۆحی پیرۆز پێشوازیتان لە پەیامەکە کرد، 7 تاکو بوونە نموونە بۆ هەموو باوەڕداران لە مەکدۆنیا و ئەخایا. 8 پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای ئێوەوە بڵاو کرایەوە، نەک تەنها لە مەکدۆنیا و ئەخایا، بەڵکو ناوبانگی باوەڕتان بە خودا لە هەموو شوێنێکدا بڵاو بووەتەوە. لەبەر ئەوە پێویستمان بەوە نییە شتێک بڵێین، 9 چونکە خۆیان باسمان دەکەن کە پێشوازیتان لە ئێمە چۆن بووە و چۆن لە بتپەرستییەوە گەڕاونەتەوە بۆ لای خودا، تاکو خودای زیندوو و ڕاست بپەرستن و 10 چاوەڕێی کوڕەکەی بکەن لە ئاسمان، ئەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە، مەبەست لە عیسایە، ئەوەی لە تووڕەیی داهاتووی خودا دەربازمان دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.