Old/New Testament
حوکمدان لەسەر پاشا خراپەکارەکان
22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «دابەزە بۆ کۆشکی پاشای یەهودا و لەوێ ئەو پەیامە ڕابگەیەنە، 2 بڵێ: ”ئەی پاشای یەهودا، ئەوەی لەسەر تەختی داود دانیشتووی، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە؛ تۆ و خزمەتکارەکانت و گەلەکەت، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. 3 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ’ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو بکەن. تاڵانکراو لە دەستی زۆردار دەرباز بکەن. نامۆ و هەتیو و بێوەژن مەچەوسێننەوە، ستەم مەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان مەڕێژن.‘ 4 چونکە ئەگەر بە گرنگییەوە ئەم فەرمانە پەیڕەو بکەن، ئەوا ئەو پاشایانەی لەسەر تەختی داود دانیشتوون لە دەروازەکانی ئەم کۆشکەوە دێنە ژوورەوە، بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە لەگەڵ خزمەتکاران و گەلەکەی. 5 بەڵام ئەگەر گوێ لەم فەرمانە نەگرن، سوێند بە گیانی خۆم دەخۆم، کە ئەم کۆشکە وێران دەبێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
6 یەزدان سەبارەت بە کۆشکی پاشای یەهودا ئەمەش دەفەرموێت:
«هەرچەندە تۆ بۆ من وەک گلعادی،
وەک لووتکەی لوبنانی،
بەڵام وەک چۆڵەوانیت لێ دەکەم،
وەک شاری بێ دانیشتووان.
7 تێکدەرانت بۆ تەرخان دەکەم،
هەریەکە و بە ئامێرەکەیەوە،
جا باشترین داری ئورزت دەبڕنەوە و
فڕێیدەدەنە ناو ئاگرەوە.
8 «خەڵکی زۆر نەتەوە بە کەناری ئەم شارەدا تێدەپەڕن و لە یەکتری دەپرسن: ”لەسەر چی یەزدان وای لەم شارە گەورەیە کرد؟“ 9 جا دەڵێن: ”لەسەر ئەوەی وازیان لە پەیمانی یەزدانی پەروەردگاریان هێنا و خوداوەندەکانی دیکەیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن.“»
10 بۆ پاشا مردووەکە[a] مەگریێن و شینی بۆ مەگێڕن،
بەڵکو بەکوڵ بگریێن بۆ ئەوەی بە دیل دەبردرێت،
چونکە جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە
بۆ ئەوەی ئەو خاکە ببینێت کە لێی لەدایک بووە.
11 چونکە سەبارەت بە شەلومی[b] کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، ئەوەی لە جێی باوکی بوو بە پاشا، ئەوەی لەم شوێنە ڕۆیشت، یەزدان دەفەرموێت: «جارێکی دیکە ناگەڕێیتەوە ئێرە، 12 بەڵکو لەو شوێنەی ڕاپێچیان کردووە بۆی هەر لەوێ دەمرێت، جارێکی دیکە ئەم خاکە نابینێتەوە.»
13 «قوڕبەسەر ئەوەی کۆشکەکەی بە ناڕەوایی بنیاد دەنێت و
ژوورەکانی سەرەوەشی بە ستەمکاری،
ئەوەی بە بەبێ کرێ کار بە هاوڵاتییان دەکات،
هەقی ماندووبوونەکەیان ناداتێ.
14 دەڵێت: ”کۆشکێکی فراوان بۆ خۆم بنیاد دەنێم،
ژوورەکانی سەرەوەی پانوبەرین.“
پەنجەرەی گەورەی بۆ دەکاتەوە،
دیوارەکانی بە تەختەی دار ئورز دادەپۆشێت،
بە ڕەنگی سوور بۆیاخی دەکات.
15 «ئایا ئەوە دەتکاتە پاشا،
کە دار ئورزی زۆرت هەبێت؟
ئایا باوکت نەیخوارد و نەیخواردەوە؟
ڕاستودروستی و دادپەروەری پەیڕەو کرد،
جا سەرکەوتوو بوو.
16 بە تەواوی پاڵپشتی لە مافی هەژار و نەدار کرد،
جا سەرکەوتوو بوو.
ئایا ئەمە واتای ئەوە نییە من دەناسێت؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
17 «بەڵام چاو و دڵی تۆ تەنها
لەسەر دەستکەوتی ناڕەوایە،
لەسەر ڕشتنی خوێنی بێتاوانە،
لەسەر ستەم و دەستدرێژییە.»
18 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهوداوە ئەمە دەفەرموێت:
«بۆی نالاوێننەوە،
”براڕۆ! خوشکەڕۆ!“
بۆی نالاوێننەوە،
”گەورەڕۆ! شکۆی ڕۆ!“
19 بەڵکو وەک گوێدرێژ دەنێژرێت،
ڕادەکێشرێت و فڕێدەدرێت
دوور لە دەروازەکانی ئۆرشەلیم.»
20 «ئەی ئۆرشەلیم، بڕۆ سەر لوبنان و هاوار بکە،
با لە باشان دەنگت ببیسترێت،
لە عەڤاریمەوە هاوار بکە،
چونکە هەموو هاوپەیمانەکانت وردوخاش کران.
21 لە ئاسوودەییت ئاگادارم کردیتەوە،
بەڵام گوتت: ”گوێ ناگرم.“
لە گەنجییەوە لەمە لێڕاهاتوویت،
کە گوێڕایەڵی من نابیت.
22 هەموو شوانەکانت[c] با بەڕێوەیان دەبات و
هاوپەیمانەکانت ڕاپێچ دەکرێن،
ئەوسا ڕیسوا و شەرمەزار دەبیت
لەبەر هەموو خراپەکانت.
23 ئەی نیشتەجێی ”لوبنان“[d]،
ئەی ئەوەی لەناو دار ئورزەکان هێلانەت کردووە،
چەند دەناڵێنیت کە ژان دەتگرێت،
وەک ژنێک کە منداڵی دەبێت!»
24 یەزدان دەفەرموێت: «بە گیانی خۆم، ئەی یەهۆیاکینی کوڕی یەهۆیاقیمی پاشای یەهودا، تەنانەت ئەگەر ئەنگوستیلەیەک بیت لە دەستی ڕاستم، لە پەنجەی خۆمت دەکەمەوە و 25 دەتدەمە دەستی ئەوانەی دەیانەوێ لەناوت ببەن، دەستی ئەوانەی تۆ لێیان دەترسیت، نەبوخودنەسری پاشای بابل و بابلییەکان. 26 خۆت و دایکت، ئەوەی تۆی بووە فڕێتاندەدەمە سەر خاکێکی دیکە، کە لەوێ لەدایک نەبوونە، جا لەوێ دەمرن. 27 هەرگیز ناگەڕێنەوە ئەو خاکەی بۆی پەرۆشن.»
28 ئایا ئەم پیاوە، یەهۆیاکین، قاپێکی ڕیسوا و شکاوە؟
ئایا شتێکە کەس نایەوێت؟
بۆچی خۆی و نەوەکانی فڕێدران،
تێهەڵدرانە خاکێک کە نایناسن؟
29 ئەی خاک! ئەی خاک! ئەی خاک!
گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە!
30 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەم پیاوە بە وەجاخکوێر بنووسن،
پیاوێک کە لە ماوەی ژیانی خۆی سەرکەوتوو نابێت،
کەس لە نەوەی ئەو سەرکەوتوو نابێت،
کەسیان لەسەر تەختی داود دانانیشن و
جارێکی دیکە فەرمانڕەوایەتی یەهودا ناکەن.»
لقە ڕاستودروستەکە
23 یەزدان دەفەرموێت: «قوڕبەسەر ئەو شوانانەی مەڕی مێگەلەکەم دەفەوتێنن و پەرتوبڵاوی دەکەنەوە!» 2 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل لەبارەی ئەو شوانانەی کە شوانایەتی گەلەکەی من دەکەن، ئەمە دەفەرموێت: «ئێوە مەڕەکانی منتان پەرتوبڵاوکردەوە و دەرتانکرد و گرنگیتان پێنەدا، لەبەر ئەوە منیش لەسەر خراپی کردەوەکانتان سزاتان دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 3 «بەڵام من پاشماوەی مێگەلەکەی خۆم لە هەموو ئەو خاکانە کۆدەکەمەوە کە دەرمکردن بۆی، دەیانگەڕێنمەوە بۆ لەوەڕگاکانیان و زاوزێ دەکەن و زۆر دەبن. 4 ئینجا شوانیان بۆ دادەنێم و شوانەتییان دەکەن، ئیتر ناترسن و ناتۆقن و ون نابن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
5 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
لقێکی ڕاستودروست لە داودەوە هەڵدەستێنم،
پاشایەک بە دانایی پاشایەتی دەکات،
ڕاستودروستی و دادپەروەری لە زەویدا پەیڕەو دەکات.
6 لە سەردەمی ئەودا یەهودا ڕزگاری دەبێت و
ئیسرائیل بە ئاسوودەیی نیشتەجێ دەبێت.
ئەو ناوەی کە پێی دەناسرێت:
”یەزدان ڕاستودروستیمانە.“»
7 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ 8 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی ڕەچەڵەکی بنەماڵەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و لە هەموو ئەو خاکانەوە بۆ ئەوێ دەریکردن.“ ئەوانیش لەسەر خاکەکەی خۆیان نیشتەجێ دەبن.»
پێغەمبەرە درۆزنەکان
9 سەبارەت بە پێغەمبەرەکان:
دڵم لە ناخمدا وردوخاش بووە،
هەموو ئێسکەکانم دەلەرزن.
من وەک کەسێکی سەرخۆشم لێهات،
وەک پیاوێک شەراب بەسەریدا زاڵ بووبێت،
لەبەر یەزدان و
لەبەر فەرموودە پیرۆزەکانی.
10 چونکە خاکەکە پڕ بووە لە داوێنپیسان،
خاکەکە لەبەر نەفرەت دەناڵێنێت،
لەوەڕگاکانی چۆڵەوانی وشک بوون.
پێغەمبەران لەسەر ڕێڕەوی خراپە دەڕۆن و
دەسەڵاتیان بۆ ستەم بەکاردەهێنن.
11 «پێغەمبەر و کاهین هەردووکیان گڵاوبوون،
تەنانەت لە پەرستگاکەشم خراپەی ئەوانم بەرچاوکەوت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «لەبەر ئەوە ڕێگاکانیان خلیسکە بۆیان،
بۆ ناو تاریکی دەردەکرێن و
لەوێ دەخزێن،
چونکە بەڵایان بەسەردا دەهێنم
لە ساڵی سزادانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لەنێو پێغەمبەرەکانی سامیرەدا
قێزەونییەکەم بینی،
بەهۆی بەعلەوە پێشبینی دەکەن و
ئیسرائیلی گەلی من گومڕا دەکەن.
14 لەنێو پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمیش
ئەوەی بینیم موچڕکە بە لەشدا دەهێنێت:
داوێنپیسی و ڕێی درۆیان گرتووەتەبەر،
خراپەکاران هاندەدەن
بۆ ئەوەی کەس لە خراپەکەی نەگەڕێتەوە.
ئەوان بۆ من وەک سەدۆمیان لێهاتووە،
خەڵکی ئۆرشەلیمیش وەک عەمۆرا.»
15 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار سەبارەت بە پێغەمبەرەکان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من زەقنەبووتیان دەرخوارد دەدەم و
ئاوی ژەهراوییان پێ دەنۆشم،
چونکە لەلای پێغەمبەرەکانی ئۆرشەلیمەوە
گڵاوی بۆ هەموو زەوی بڵاو بووەوە.»
16 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«گوێ لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە مەگرن کە پێشبینیتان بۆ دەکەن،
چونکە ئەوان تەفرەتان دەدەن.
لە خەیاڵی بیری خۆیانەوە دەدوێن،
نەک لەسەر زمانی یەزدانەوە.
17 ئەوانەی سووکایەتی بە من دەکەن، دەڵێن،
”یەزدان دەفەرموێت، ئاشتیتان بۆ دەبێت.“
هەروەها هەموو ئەوانەی بەدوای کەللەڕەقی خۆیان کەوتوون، دەڵێن،
”خراپەتان بەسەرنایەت.“
18 بەڵام کامیان لە ئەنجومەنی یەزدان[e] ڕاوەستا و
بینی و گوێی لە فەرموودەکانی بوو؟
کامیان فەرموودەکانی بیست و گوێی لێ گرت؟
19 ئەوەتا ڕەشەبای یەزدان
لە تووڕەییدا هەڵدەچێت،
گەردەلوولێکی ڕاماڵە
لەسەر سەری بەدکاران هەڵدەکات.
20 تووڕەیی یەزدان دانامرکێتەوە
هەتا نیازەکانی دڵی خۆی
بە تەواوی جێبەجێ نەکات.
لە داهاتوودا
بە ڕوونی تێی دەگەن.
21 من ئەو پێغەمبەرانەم نەنارد،
بە پەلە پەیامیان ڕاگەیاند،
من قسەم لەگەڵیان نەکرد،
کەچی خۆیان پێشبینییان کرد.
22 بەڵام ئەگەر لە ئەنجومەنی مندا بووەستابان،
فەرموودەکانی منیان بە گەلەکەم ڕادەگەیاند و
لە ڕێگا خراپەکانیان و
لە خراپەی کردەوەکانیان دەیانگێڕانەوە.
23 «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
لە دوورەوە خودا نیم؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
من نەیبینم؟
ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
25 «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“ 26 هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟ 27 بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو. 28 با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە. 31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ 32 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پەیام و پێغەمبەرایەتی درۆزن
33 «کاتێک ئەم گەلە یان پێغەمبەر یان کاهینێک لێت دەپرسێت: ”سروشی یەزدان چییە؟“ پێیان بڵێ: ”سروشی چی؟ یەزدان دەفەرموێت: من لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە.“ 34 هەرکەسێک، پێغەمبەر یان کاهین یان لە گەل، ئەگەر وا بڵێت: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ خۆی و ماڵەکەی سزا دەدەم. 35 ئاوا بە یەکتری دەڵێن، هەریەکە بە برادەرەکەی و هەریەکە بە براکەی: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 36 بەڵام چیتر باسی ”سروشی یەزدان“ ناکەن، چونکە هەرکەسە و قسەکەی خۆی دەبێت بە سروشەکەی، ئێوە دەستکاری فەرموودەکانی خودای زیندووتان کرد، فەرموودەکانی خودامان، یەزدانی سوپاسالار. 37 ئاوا بە هەر پێغەمبەرێک دەڵێیت: ”وەڵامی یەزدان چی بوو؟ یەزدان چی فەرموو؟“ 38 هەرچەندە وا بڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی ئەم قسەیە دەکەن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ هەرچەندە من بۆم ناردوون کە وا نەڵێن: ”ئەمە سروشی یەزدانە،“ 39 لەبەر ئەوە بە تەواوی لەبەردەمی خۆم هەڵتاندەگرم و لە کۆڵ خۆمتان دەکەمەوە، خۆتان و ئەم شارەش کە بە خۆتان و باوباپیرانتانم داوە. 40 ڕیسواییەکی هەتاهەتایی و سەرشۆڕییەکی هەتاهەتاییتان لەسەر دادەنێم کە هەرگیز لەیاد نەچێت.»
1 لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، 2 بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. 3 لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.
4 بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان:
با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.
ڕاسپاردەی دانانی پیران
5 لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[b] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت، 6 پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. 7 لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 8 بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. 9 دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
دژایەتی مامۆستا درۆزنەکان
10 لەبەر ئەمەیە کە وا دەڵێم چونکە خەڵکی یاخی زۆرن، فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت. 11 دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە. 12 یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.» 13 ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕدا دروست بن و 14 سەرنج مەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە. 15 بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. 16 بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن، گوێڕایەڵ نین، بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.