Old/New Testament
15 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «تەنانەت ئەگەر موسا و ساموئێلیش لەبەردەمم ڕاوەستن داکۆکیتان لێ بکەن، دڵم ناچێتە سەر ئەم گەلە. لەبەرچاوی من دەریانبکە! با بڕۆن! 2 جا کاتێک پێت دەڵێن: ”بۆ کوێ بچین؟“ تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئەوانەی بۆ مردنن، بۆ مردن،
ئەوانەی بۆ شمشێرن، بۆ شمشێر،
ئەوانەی بۆ برسیێتین، بۆ برسیێتی،
ئەوانەی بۆ ڕاپێچن، بۆ ڕاپێچ.“»
3 یەزدان دەفەرموێت: «چوار جۆریان بەسەرەوە دادەنێم، شمشێر بۆ کوشتن، سەگەکان بۆ ڕاکێشان، باڵندە و ئاژەڵە کێوییەکانیش بۆ خواردن و لەناوبردن. 4 هەموو شانشینەکانی زەوی لێتان دەتۆقن، لەسەر ئەوەی مەنەشەی کوڕی حەزقیای پاشای یەهودا لە ئۆرشەلیم کردی.»
5 «ئەی ئۆرشەلیم، کێ دڵی پێت دەسووتێت؟
کێ بۆت خەمبار دەبێت؟
کێ ئاوڕدەداتەوە بۆ ئەوەی لە سەلامەتیت بپرسێت؟
6 تۆ وازت لە من هێنا،
لێم یاخی دەبی،
لەبەر ئەوە دەست درێژدەکەمە سەرت و لەناوت دەبەم،
لە لێبوردنت بێزار بووم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
7 «بە شەن شەنیان دەکەم،
لە دەروازەی شارەکانی خاکەکە.
جەرگسووتاوم کرد، گەلی خۆمم لەناوبرد،
ڕەفتاری خۆیان نەگۆڕی.
8 بێوەژنەکانیان زۆر زیاتر دەکەم،
زیاتر لە لمی دەریا.
لە نیوەڕۆدا وێرانکەری بۆ دەهێنم
بۆ سەر دایکی گەنجان.
لەناکاو
ترس و تۆقاندنی بەسەردا دەدەم.
9 دایکی حەوت منداڵ سیس بوو،
گیانی سپارد.
هێشتا ڕۆژ بوو خۆری ئاوابوو،
شەرمەزار و ڕیسوا بوو.
پاشماوەکەشیان دەدەمە بەر شمشێر
لە بەرچاوی دوژمنانیان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 قوڕبەسەرم دایکە، چونکە منت بوو،
پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە!
نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ،
کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن.
11 یەزدان فەرمووی:
«بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم،
بێگومان وا دەکەم دوژمن
لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە!»
12 «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت،
ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟
13 «سامان و گەنجینەکانت
دەکەم بە تاڵانی، بەبێ نرخ،
لەبەر هەموو گوناهەکانت،
لە سەراپای خاکەکەت.
14 دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت،
لە خاکێک نەتناسیبێت،
چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە
وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.»
15 «ئەی یەزدان، تۆ دەزانیت،
بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە،
تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم.
وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم،
بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت.
16 کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات، خواردم
بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم،
چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە،
ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار.
17 قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم،
لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم.
بە تەنها دانیشتم، چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو،
پڕت کردم لە تووڕەیی.
18 بۆچی ژانم کۆتایی نایەت،
برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟
ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم،
وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟»
19 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەگەر تۆبە بکەیت، دەتگەڕێنمەوە لای خۆم
تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت.
ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت، نەک بێبەها،
دەتکەمە وتەبێژی خۆم.
با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ،
بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان.
20 دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە،
شوورایەکی بڕۆنزی پتەو،
لەگەڵت دەجەنگن
بەڵام دەرەقەتت نایەن،
چونکە من لەگەڵتدام،
بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و
لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»
ڕۆژی لێقەومان
16 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: 2 «ژن مەهێنە و لەم شوێنەدا کوڕ و کچت نەبێت.» 3 چونکە یەزدان سەبارەت بەو کوڕ و کچانەی لەم شوێنەدا لەدایک بوون و سەبارەت بە دایکانیان کە ئەوانیان بووە و سەبارەت بە باوکانیان کە لەم خاکەدا ئەوانیان خستووەتەوە ئەمە دەفەرموێت: 4 «بە نەخۆشی کوشندە دەمرن، شینیان بۆ ناگێڕدرێت و نانێژرێن، بەڵکو دەبن بە زبڵ لەسەر ڕووی خاکەکە. ئەوانە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن، تەرمیان دەبێتە خۆراکی باڵندە ئاژەڵی کێوی.»
5 یەزدان ئەمەش دەفەرموێت: «مەچۆ بۆ ماڵی پرسەگێڕ و مەڕۆ بۆ شینگێڕان و سەرەخۆشییان لێ مەکە، چونکە ئاشتی خۆم، خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەییم لەم گەلە داماڵیوە. 6 گەورە و بچووک لەم خاکە دەمرن، نانێژرێن و شینیان بۆ ناگێڕدرێت و کەس لە خەمی ئەوان لە خۆی نادات و قژی ناڕنێتەوە. 7 لە ماتەم کەس شیوەغەریبەیان بۆ نابات بۆ ئەوەی سەرەخۆشییان لێ بکات، سەبارەت بە نەریتی مردوو کەس جامی سەرەخۆشی پێشکەش ناکات، تەنانەت لەبەر دایک و باوکیشیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
8 «هەروەها مەچووە ماڵێک داوەتی هەبێت، بۆ ئەوەی لەگەڵیان دابنیشیت و بخۆیت و بخۆیتەوە، 9 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من لەم شوێنەدا و لە سەردەمی ئێوە و لەبەرچاوی ئێوە دەنگی شادی و دەنگی خۆشی و دەنگی زاوا و دەنگی بووک ڕادەگرم.
10 «جا کاتێک هەموو ئەم قسانەت بەم گەلە ڕاگەیاند لێت دەپرسن: ”بۆچی یەزدان هەموو ئەم بەڵا گەورەیەی سەبارەت بە ئێمە فەرمووە؟ تاوانمان چییە و گوناهمان چییە کە دەرهەق بە یەزدانی پەروەردگارمان ئەنجاممان داوە؟“ 11 تۆش پێیان دەڵێیت، یەزدان دەفەرموێت: ”لەسەر ئەوەی باوباپیرانتان وازیان لە من هێنا، دوای خوداکانی دیکە کەوتن و ئەوانیان پەرست و کڕنۆشیان بۆ بردن. وازیان لە من هێنا و گوێڕایەڵی فێرکردنەکانی من نەبوون. 12 ئێوەش لە باوباپیرانتان زیاتر خراپەتان کرد، ئەوەتا هەریەکە بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆی کەوتووە، لە جیاتی ئەوەی گوێڕایەڵی من بن. 13 لەبەر ئەوە لەم خاکە فڕێتاندەدەمە دەرەوە بۆ خاکێک کە نە ئێوە و نە باوباپیرانتان نەتانناسیوە. لەوێ بە شەو و ڕۆژ خوداکانی دیکە دەپەرستن، چونکە من لەگەڵتان میهرەبان نابم.“»
14 هەروەها یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە سەردەمێک دێت، چیتر ناڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا،“ 15 بەڵکو دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو، ئەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە خاکی باکوورەوە دەرهێنا و هەروەها لە هەموو ئەو خاکانەی بۆ ئەوێ دەریکردن.“ چونکە دەیانگەڕێنمەوە بۆ خاکەکەیان، ئەوەی دام بە باوباپیرانیان.»
16 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام ئێستا دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ماسیگران، جا وەک ماسی دەیانگرن. پاش ئەمە دەنێرم بەدوای زۆرێک لە ڕاوچییان و لەسەر هەموو کێوێک و هەموو گردێک و لە کون و کەلەبەری بەردەکان ڕاویان دەکەن، 17 چونکە چاوم لە هەموو ڕێگاکانیانە، ڕێگاکانیان لەبەردەم من شاردراوە نین و تاوانەکەیان لەبەرچاوم بزر نەبووە. 18 دوو ئەوەندە سزایان دەدەم لەسەر تاوان و گوناهەکانیان، لەسەر ئەوەی خاکی منیان بە کەلاکی بتەکانیان گڵاو کردووە و میراتەکەی منیان پڕکردووە لە قێزەونەکانیان.»
19 ئەی یەزدان، ئەی هێز و قەڵای من،
ئەی پەناگای من لە ڕۆژی تەنگانە،
نەتەوەکان لەوپەڕی زەوییەوە
بۆ لای تۆ دێن و دەڵێن:
«باوباپیرانمان تەنها خوداوەندی درۆیینیان بە میرات بۆ مایەوە،
بتی پووچی بێ کەڵک.
20 ئایا مرۆڤ بە خۆی خوداوەند دروستدەکات؟
بەڵێ، بەڵام خودا نین!»
21 «لەبەر ئەوە ئەوەتا پێیان دەناسێنم،
ئەم جارە دەسەڵات و هێزی خۆمیان
پێ دەناسێنم.
ئینجا ئەوان دەزانن
کە ناوم یەزدانە.
17 «گوناهەکانی یەهودا بە قەڵەمی ئاسن نووسراوە،
بە نووکی ئەڵماس هەڵکۆڵراوە،
لەسەر پەڕەی دڵیان و
لەسەر قۆچی قوربانگاکانیان.
2 تەنانەت منداڵەکانیشیان ئەوانەیان بەبیر دێتەوە،
قوربانگا و ستوونە ئەشێراکانیان[a]
کە لەلای دارە سەوزەکان و
لەسەر کێوە بەرزەکان بوون.
3 چیاکەی خۆم لە دەشتودەر و
سامان و هەموو گەنجینەکانی تۆ
دەکەم بە تاڵانی،
لەگەڵ نزرگەکانی سەر بەرزاییەکانت،
چونکە لەنێو خاکەکەت گوناهت کرد.
4 بەخۆت دەستبەردار دەبیت لەو میراتەی
کە بە تۆم بەخشی،
دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت
لە خاکێک کە نەتناسیبێت،
چونکە ئاگرتان بەردایە تووڕەییم
هەتاهەتایە گڕدەگرێت.»
5 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی پشت بە ئادەمیزاد دەبەستێت،
متمانەی بە هێزی مرۆڤانە هەیە و
دڵی لەسەر یەزدان لادەبات.
6 وەک بنچکێک لە بیابان دەبێت،
چاکە نابینێت کاتێک دێت،
لە گەرمەسێر نیشتەجێ دەبێت لە چۆڵەوانی،
لە زەوییەکی خوێیین کە کەسی تێدا ناژیێت.
7 «بەڵام بەرەکەتدارە ئەو کەسەی پشت بە یەزدان دەبەستێت و
متمانەی پێی هەیە.
8 وەک دارێک دەبێت، شەتڵکراو لەدەم ئاو،
لەدەم جۆگە ڕەگ دادەکوتێت،
لە گەرما ناترسێت،
گەڵاکانی سەوزن،
گوێ بە وشکەساڵی نادات،
لە بەروبووم دان ناوەستێت.»
9 دڵ لە هەموو شتێک فریودەرترە و
دەرمانی نییە،
کێ دەیناسێت؟
10 «من یەزدانم، دڵ دەپشکنم،
دەروون تاقی دەکەمەوە،
بۆ ئەوەی هەریەکە بەگوێرەی ڕەفتارەکەی پێی بدەم،
بەگوێرەی شایستەیی کردارەکانی.»
11 وەک کەوێک کڕکەوتبێت بەسەر ئەو هێلکانەی خۆی نەیکردبێت،
دەوڵەمەندێک بە ناڕەوایی دەوڵەمەند بووبێت،
لە نیوەی تەمەنی وازی لێ دەهێنێت،
لە کۆتاییشدا دەبێتە گێل.
12 تەختی شکۆمەندییە، هەر لە سەرەتاوە بەرزە،
شوێنی پیرۆزگاکەمان.
13 ئەی یەزدان، هیوای ئیسرائیل!
هەموو ئەوانەی وازت لێ دێنن، شەرمەزار دەبن،
ئەوانەی لە تۆ لادەدەن، لەسەر خۆڵ دەنووسرێن،[b]
چونکە وازیان لە یەزدان هێنا،
لە کانی ئاوی ژیان.
14 ئەی یەزدان، چاکم بکەرەوە، چاک دەبمەوە،
ڕزگارم بکە، ڕزگار دەبم،
چونکە ستایشی من هەر بۆ تۆیە.
15 ئەوەتا ناحەزانم پێم دەڵێن:
«کوا فەرمایشتی یەزدان؟
با ئێستا بێتە دی!»
16 منیش هەرگیز لەوە لام نەدا شوان بم لەلای تۆ،
تۆ دەزانیت کە خوازیاری ڕۆژی کوشندە نەبووم.
چی لە دەمم هاتووەتە دەرەوە لەبەردەمی خۆت بووە.
17 ئەی یەزدان، مەمتۆقێنە،
تۆ پەناگای منی لە ڕۆژی لەناوچوون.
18 با ڕاونەرانم شەرمەزار بن
بەڵام من شەرمەزار نەبم،
با ئەوان بتۆقن
بەڵام من نەتۆقم.
ڕۆژی لەناوچوونیان بەسەردا بهێنە،
دوو ئەوەندە وردوخاشیان بکە.
تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە
19 یەزدان ئاوای پێ فەرمووم: «بڕۆ و لەلای دەروازەی نەوەی گەل بوەستە، ئەوەی پاشاکانی یەهودا پێیدا دێنە ژوورەوە و دەچنە دەرەوە، هەروەها لە هەموو دەروازەکانی دیکەی ئۆرشەلیم بوەستە. 20 پێیان بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی پاشاکانی یەهودا و هەموو یەهودا و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم، ئەوانەی لەم دەروازانەوە دێنە ژوورەوە. 21 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئاگاداری خۆتان بن و لە ڕۆژی شەممەدا هیچ بارێک هەڵمەگرن و بەناو دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا بیهێننە ژوورەوە. 22 هیچ بارێکیش لە ڕۆژی شەممەدا لە ماڵەکانتانەوە مەهێننە دەرەوە و هیچ کارێک مەکەن، ڕۆژی شەممە تەرخان بکەن، وەک ئەوەی فەرمانم بە باوباپیرانتان کرد. 23 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان پێی نەدا و کەللەڕەقییان کرد، نەیانبیست و تەمبێ نەبوون. 24 بەڵام ئەگەر بە تەواوی گوێم لێ بگرن، لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەهێننە ناو دەروازەکانی ئەم شارە و ڕۆژی شەممەتان تەرخان کرد، بۆ ئەوەی هیچ کارێکی تێدا نەکەن، 25 ئەوا پاشایانی سەر تەختی داود لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە دەروازەکانی ئەم شارەدا دێنە ژوورەوە، لەگەڵ پیاوە گەورەکان بە سواری گالیسکە و ئەسپەوە، لەگەڵ پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم دێن، ئەم شارەش هەتاهەتایە ئاوەدان دەبێت. 26 ئینجا لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە خاکی بنیامین، لە زوورگەکانی[c] خۆرئاوا، لە ناوچە شاخاوییەکان و لە نەقەبەوە دێن. قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو، پێشکەشکراوی دانەوێڵە، بخوور و قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدانەوە. 27 خۆ ئەگەر گوێ لە من نەگرن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە، بەردەوام بوون لەوەی بە بارەوە بێنە ناو دەروازەکانی ئۆرشەلیم، ئەوا من ئاگرێکی نەکوژاوە بەردەدەمە دەروازەکانی ئۆرشەلیم کە قەڵاکانی لەناودەبات.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
بەشداری ئازار بکە
2 بۆیە کوڕی خۆم، تۆ بەهێز بە بەو نیعمەتەی کە لە عیسای مەسیحدایە. 2 ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن. 3 بەشداری ئازار بکە وەک سەربازێکی چاک بۆ عیسای مەسیح. 4 سەربازێک خۆی بە کاروباری ڕۆژگارەوە خەریک ناکات تاکو فەرماندەکەی ڕازی بکات. 5 ئەگەر یەکێک پێشبڕکێ بکات، خەڵات ناکرێت ئەگەر شوێن یاسای پێشبڕکێکە نەکەوێت. 6 جوتیاری ڕەنجدەر دەبێ یەکەم بێت لە بەشداری بەرهەم. 7 بیربکەوە لەوەی دەیڵێم، مەسیحی خاوەن شکۆ پێت دەدات لە هەموو شتێک تێبگەیت.
8 یادی عیسای مەسیح بکە، هەستاوەی نێو مردووان، لە نەوەی داودە، بەگوێرەی پەیامی ئینجیلەکەم، 9 ئەوەی کە لە پێناویدا ئازار دەچێژم تاکو کۆتکردن وەک خراپەکار، بەڵام وشەی خودا کۆت ناکرێت. 10 بۆیە بەرگەی هەموو شتێک دەگرم، لەبەر ئەوانەی خودا هەڵیبژاردن، تاکو ئەوانیش ئەو ڕزگارییە بەدەستبهێنن کە بەهۆی عیسای مەسیحەوەیە، لەگەڵ شکۆی هەتاهەتایی.
11 ئەم وشەیە ڕاستە:
«ئەگەر لەگەڵیدا مردبین،
لەگەڵیشی دەژین،
12 ئەگەر دانبەخۆدا بگرین،
لەگەڵیدا پاشایەتی دەکەین.
ئەگەر نکۆڵی لێ بکەین،
ئەویش نکۆڵیمان لێدەکات.
13 ئەگەر دڵسۆز نەبین،
ئەو هەر بە دڵسۆزی دەمێنێتەوە،
چونکە ناتوانێت نکۆڵی لە خۆی بکات.»
کارگەری وشەی ڕاست
14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە. 16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە[a] تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،][b] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»
20 بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین. 21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز[c] و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.
22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت. 25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.