Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 17-19

سروشێک سەبارەت بە دیمەشق

17 سروشێک سەبارەت بە دیمەشق:

«بڕوانە، دیمەشق لەنێو شاران دەسڕێتەوە و
    دەبێتە تەپەیەکی ڕووخاو.
شارەکانی عەرۆعێر بەجێماون و
    بۆ مێگەلەکان دەبن،
تێدا ڕادەکشێن،
    کەس نییە بیانترسێنێت.
قەڵا لە ئەفرایم نامێنێت و
    پاشایەتیش لە دیمەشق.
پاشماوەی ئارام وەک
    شکۆمەندی نەوەی ئیسرائیلی لێ دێت،»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.

«لەو ڕۆژەدا شکۆمەندی یاقوب نزم دەبێتەوە،
    قەڵەوی گۆشتەکەی لاواز دەبێت.
وەک کۆکردنەوەی دەغڵی بەپێوە ڕاوەستاو دەبێت لەلایەن دروێنەکەرانەوە،
    بازووشی گوڵەگەنم دەدروێتەوە.
وەک هەڵگرتنەوەی گوڵەگەنم دەبێت
    لە دۆڵی ڕفایم.
وەک تەکاندنی دار زەیتوون
    کە پاشماوەی تێدا دەمێنێتەوە،
دوو یان سێ دەنک لەسەر چڵەکان،
    چوار یان پێنج لە لقە بەردارەکان.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، خودای ئیسرائیل.

لەو ڕۆژەدا مرۆڤ ئاوڕ لە دروستکەرەکەی دەداتەوە و
    چاوەکانیش بەرەو خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیلە.
ئاوڕ لە قوربانگاکان ناداتەوە
    کە دروستکراوی دەستی خۆین،
ئەوەی پەنجەکانی دروستی کردوون سەیریان ناکات،
    ستوونە ئەشێراکان[a] و قوربانگاکانی بخوور.

لەو ڕۆژەدا شارە قەڵابەندەکانی وەک کەلاوەی چۆڵکراوی ناو دارستانەکان و چڵەدارەکانی لێدێت کە لە ڕووی نەوەی ئیسرائیل چۆڵیان کردن، جا وێران دەبێت.

10 خودای ڕزگارکەری خۆتت لەبیر چوو،
    تاشەبەردەکەت، قەڵاکەت بەبیر نەهاتەوە.
لەبەر ئەوە ڕووەکی چاک دەچێنن
    بەڵام نەمامی نامۆ سەرهەڵدەدات.
11 ئەو ڕۆژەی دەیچێنیت، وای لێ دەکەیت نەمام بکات
    بۆ بەیانی وای لێ دەکەیت گوڵ بکات،
بەڵام دروێنە لە ڕۆژی نەخۆشی و ئازاری
    بێ چارەسەردا لەدەست دەچێت.

12 ئای لە هاژەهاژی خەڵکانێکی زۆر،
    وەک هاژەی دەریا کە دەهەژێت!
خوڕەی نەتەوەکان
    وەک خوڕەی ئاوی زۆر کە خوڕەی دێت!
13 نەتەوەکان کە خوڕەیان دێت وەک خوڕەی ئاوی زۆر،
    بەڵام تێیان ڕادەخوڕێت و بۆ دوور هەڵدێن،
وەک پووشی چیاکان لەبەردەم با ڕاو دەنرێت و
    وەک تەپوتۆز لەبەردەم ڕەشەبا.
14 دەمەو ئێوارە تۆقینێکی لەناکاوە!
    بەرەبەیانێکی زوو نامێنن!
ئەمە بەشی تاڵانکارانمانە،
    بەختی ڕاوڕووتکارانمانە.

قوڕبەسەری کوش

18 قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان،
    ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت،
    بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان.

بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان،
بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە،
    بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
    ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.

ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و
    نیشتەجێبووانی زەوی،
کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە،
    ببینن و
کە کەڕەنا لێدرا،
    گوێ بگرن.
چونکە یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
    «هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم
وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا،
    وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
چونکە پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و
    کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو،
چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و
    لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و
    بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی،
بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و
    هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.

لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت،

لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە،
    گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
    ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە زەوییەکەی،

بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.

سروشێک سەبارەت بە میسر

19 سروشێک سەبارەت بە میسر:

ئەوەتا یەزدان بەسەر هەورێکی خێراوە
    بەرەو میسر دێت.
بتەکانی میسر لە ڕووی ئەودا دەلەرزن،
    دڵی میسریش لە ناخیدا دەتوێتەوە.

«میسرییەکان لە دژی میسرییەکان هاندەدەم،
    هەرکەسە لە دژی برای خۆی شەڕ دەکات،
    هەرکەسە لە دژی هاوڕێی خۆی،
    شار لە دژی شار و
    شانشین لە دژی شانشین.
میسر ڕۆحی تێدا نامێنێت،
    ڕاوێژەکەی هەڵدەلووشم،
داوا لە بتەکان و لە نوشتەکەران دەکەن،
    لە نێوانگرەکان و لە ڕۆح ئامادەکاران.
میسرییەکان ڕادەستی گەورەیەکی دڵڕەق دەکەم و
    پاشایەکی توندوتیژ فەرمانڕەوایەتییان دەکات،»
    یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار دەفەرموێت.

ئاوی نیل وشک دەبێت،
    ڕووبارەکەش کاول دەبێت و وشک دەبێت.
نۆکەندەکان بۆن دەکەن،
    لقەکانی نیل کز دەبن و کاول دەبن.
قامیش و زەل بۆگەن دەبن،
    سەوزایی لەسەر نیل،
    لە ڕێژگەی[b] ڕووبارەکە.
هەموو ئەوەی لەسەر نیل چانراوە
    وشک دەبێت، هەڵدەوەرێت و نامێنێت.
ماسیگرەکان ئاخ هەڵدەکێشن و شین دەگێڕن،
    هەموو ئەوانەی قولاپ هەڵدەدەنە[c] ناو نیلەوە،
ئەوانەی تۆڕ لەسەر ڕووی ئاوەکان بڵاو دەکەنەوە
    ورەیان نامێنێت.
کارگەران لە کەتانی ئامادەکراو بێ ئومێد دەبن،
    جۆڵاکانیش ڕوو زەرد دەبن.
10 جۆڵاکانی میسر وردوخاش دەبن و
    هەموو کرێکارەکانی خەمبار دەبن.

11 بێگومان میرەکانی چۆعەن گێلن:
    دانا ڕاوێژکارەکانی فیرعەون ڕاوێژەکانیان ئاژەڵانەیە.
چۆن بە فیرعەون دەڵێن:
    «کوڕی دانایانم من،
    کوڕی[d] پاشا دێرینەکان»؟

12 کەواتە کوا داناکانت؟
    با پێت بڵێن و با بزانن،
یەزدانی سوپاسالار
    پلانی چی داناوە لە دژی میسر.
13 میرانی چۆعەن گێل بوون،
    میرانی مەمفیس چەواشە کران،
پیاوماقوڵانی هۆزەکانی
    میسریان گومڕا کرد.
14 یەزدان ڕۆحی گێژبوونی تێدا تێکەڵ کردووە،
    میسریان گومڕا کرد لە هەموو کردارەکانی
    وەک گومڕاکردنی سەرخۆش لەناو ڕشانەوەکەی.
15 هیچ کارێک نابێت لە میسر
    کە سەر یان کلک، دار خورما یان زەل، بیکات.

16 لەو ڕۆژەدا میسرییەکان وەک ژنیان لێدێت، لە ترسان دەلەرزن، کاتێک یەزدانی سوپاسالار دەستی لێیان بەرز دەکاتەوە. 17 میسرییەکان لە خاکی یەهودا دەتۆقن، هەموو ئەوەی بەبیری بێتەوە لە یەهودا دەترسێت، لەبەر ئەو پلانەی یەزدانی سوپاسالار لە دژی دایدەڕێژێت.

18 لەو ڕۆژەدا پێنج شار دەبێت لە خاکی میسردا کە بە زمانی کەنعانی بدوێن و بە یەزدانی سوپاسالار سوێند دەخۆن، یەکێکیان پێی دەگوترێت «شاری خۆر»[e].

19 لەو ڕۆژەدا، لە ناوەڕاست خاکی میسردا قوربانگایەک بۆ یەزدان دەبێت و ستوونێکیش لەسەر سنوورەکەی بۆ یەزدان. 20 جا دەبێتە نیشانە و شایەتی بۆ یەزدانی سوپاسالار لە خاکی میسردا، چونکە هاوار بۆ یەزدان دەکەن لە ڕووی زۆردار، ئەویش ڕزگارکەر و پارێزەریان بۆ دەنێرێت و دەربازیان دەکات. 21 ئینجا یەزدان لە میسر ناسراو دەبێت، لەو ڕۆژەدا میسرییەکان یەزدان دەناسن و بە قوربانی و پێشکەشکراوی دانەوێڵە دەیپەرستن و نەزر[f] بۆ یەزدان دەکەن و بەجێی دەهێنن. 22 یەزدان لە میسر دەدات، لێیان دەدات و چاکیشیان دەکاتەوە، دەگەڕێنەوە لای یەزدان و وەڵامیان دەداتەوە و چاکیان دەکاتەوە.

23 لەو ڕۆژەدا شاڕێگایەک لە میسرەوە بەرەو ئاشور دەبێت، جا ئاشورییەکان دێنە میسر و میسرییەکانیش دێنە ئاشور، میسر لەگەڵ ئاشور پێکەوە خزمەت دەکەن. 24 لەو ڕۆژەدا ئیسرائیل دەبێتە یەکێک لە سێیەکە، لەگەڵ میسر و ئاشور، دەبنە بەرەکەت لە خاکەکە. 25 ئەوەی یەزدانی سوپاسالار بەرەکەتداریان دەکات و دەفەرموێت: «بەرەکەتدار بێت میسری گەلی من و ئاشوری دەستکردی من و ئیسرائیلی میراتی من.»

ئەفەسۆس 5:17-33

17 بۆیە گێل مەبن، بەڵکو تێبگەن خواستی مەسیحی باڵادەست چییە. 18 بە شەراب سەرخۆش مەبن کە بەڕەڵایی تێدایە، بەڵکو پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز: 19 لەگەڵ یەکتری بە زەبوور و سروود و گۆرانی ڕۆحی بدوێن، لە دڵتانەوە گۆرانی و ستران بۆ یەزدان بڵێن، 20 هەموو کاتێک و بۆ هەموو شتێک بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان سوپاسی خودای باوک بکەن، 21 بە ترسی مەسیح ملکەچی یەکتری بن.

ژن و مێرد

22 ئەی ژنان، ملکەچی مێردەکانتان بن هەروەک چۆن ملکەچی مەسیحن، 23 وەک چۆن مەسیح سەری کڵێسایە کە جەستەی خۆیەتی و خۆی ڕزگارکەریەتی، ئاوا پیاو سەری ژنە. 24 بەڵکو چۆن کڵێسا ملکەچی مەسیحە، ژنانیش لە هەموو شتێک بۆ مێردەکانیان.

25 ئەی مێردەکان، ژنەکانتان خۆشبوێ، هەروەک مەسیحیش کڵێسای خۆشویست و لە پێناوی خۆی بەختکرد، 26 تاکو پیرۆزی بکات و بە شوشتنی بە ئاو لە ڕێگەی وشەوە پاکی بکاتەوە، 27 بۆ ئەوەی کڵێسایەکی شکۆدار بۆ خۆی ئامادە بکات، لەکە و لۆچ و هەر شتێکی ئاوای نەبێت، بەڵکو پیرۆز و بێ گلەیی بێت. 28 بە هەمان شێوە پێویستە پیاوان ژنەکانیان وەک جەستەی خۆیان خۆشبوێت، ئەوەی ژنی خۆی خۆشبوێت خۆی خۆشدەوێ. 29 کەس ڕقی لە جەستەی خۆی نابێتەوە، بەڵکو نانی دەدات و بەخێوی دەکات، هەروەک چۆن مەسیح بایەخ بە کڵێسا دەدات، 30 چونکە ئێمە ئەندامی جەستەی ئەوین. 31 [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][a] 32 ئەمە نهێنییەکی گەورەیە، بەڵام من باسی مەسیح و کڵێسا دەکەم. 33 ئێوەش با هەر یەکێکتان ژنەکەی وەک خۆی خۆشبوێ، ژنیش ڕێز لە مێردەکەی بگرێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.