Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 56-58

ڕزگاری بۆ ئەوانەی دوورن

56 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«دادپەروەری بپارێزن و
    ڕاستودروستی ئەنجام بدەن،
چونکە بەم نزیکانە ڕزگاریم دێت و
    ڕاستودروستیم ئاشکرا دەبێت.
خۆزگە بەو مرۆڤەی ئەمە دەکات و
    بەو ئادەمیزادەی توند دەستی پێوە دەگرێت،
ئەوەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزێت و
    دەستی دەپارێزێت لە کردنی هەموو خراپەیەک.»

با ئەو بیانییەی خۆی داوەتە پاڵ یەزدان نەڵێت:
    «یەزدان بە تەواوی جیام دەکاتەوە لە گەلەکەی.»
با خەساویش نەڵێت:
    «ئەوەتا من تەنها دارێکی وشکم.»

چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەو خەساوانەی ڕۆژەکانی شەممەم دەپارێزن،
    ئەوە هەڵدەبژێرن کە دڵم پێی خۆشە و
    دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە،
لەناو پەرستگای خۆم و دیوارەکانی
    یادەوەری و ناویان پێدەدەم،
    لە کوڕان و لە کچان باشترن بۆیان.
ناوێکی هەتاهەتاییان پێدەدەم
    کە نابڕدرێتەوە.
ئەو بیانییانەش کە خۆیان داوەتە پاڵ یەزدان
    بۆ پەرستنی و
بۆ خۆشویستنی ناوی یەزدان
    هەتا بۆی ببن بە بەندە،
هەموو ئەوانەی ڕۆژی شەممە لە گڵاوبوون دەپارێزن و
    دەستیان بە پەیمانەکەمەوە گرتووە
دەیانهێنمە کێوی پیرۆزم،
    لە ماڵی نوێژم دڵخۆشیان دەکەم.
قوربانی سووتاندن و سەربڕاویان
    مایەی ڕەزامەندین لەسەر قوربانگاکەم،
چونکە ماڵەکەم بە ماڵی نوێژ ناودەبردرێت
    بۆ هەموو گەلان.»
یەزدانی باڵادەست،
    ئەوەی دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە، دەفەرموێت:
«زیاتر کۆدەکەمەوە
    لەگەڵ ئەوانەی کە کۆمکردوونەتەوە.»

خودا بەدکاران تاوانبار دەکات

ئەی هەموو گیانلەبەرانی دەشتودەر،
    ئەی هەموو گیانلەبەرانی دارستان، وەرن، بخۆن!
10 ئێشکگرەکانی گەل هەموو کوێرن،
    نەزانن.
هەموو سەگی لاڵن،
    ناتوانن بوەڕن.
خەونبین و پاڵکەوتوون،
    حەزیان لە خەوە.
11 سەگەکان چاو برسین،
    تێربوون نازانن.
ئەوان شوانن و تێناگەن،
    هەموو ملی ڕێی خۆیان گرت،
    هەریەکە و بۆ قازانج لەلای خۆیەوە.
12 دەڵێن: «وەرن شەراب دەهێنم!
    با مەی بنۆشین!
بەیانیش وەک ئەمڕۆ دەبێت،
    بەڵکو زۆر باشتریش.»

57 ڕاستودروستان لەناودەچن،
    کەسیش لە دڵی خۆیدا بیر لەمە ناکاتەوە.
خودا خۆشەویستانی بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە،
    بەڵام کەس تێناگات
کە ڕاستودروست بۆ لای خۆی دەگەڕێنێتەوە
    بۆ ئەوەی لە خراپە ڕزگاریان بکات.
ئەوەی ڕێگای ڕاستی گرتووەتەبەر
    دێتە ناو ئاشتییەوە،
    لەناو تابووتەکانیان دەحەسێنەوە.

«بەڵام ئێوە، ئەی کوڕانی ژنە بەخت خوێنەرەکە،
    توخمی داوێنپیسە لەشفرۆشەکان، وەرنە پێشەوە!
گاڵتە بە کێ دەکەن؟
    لە کێ دەم دەکەنەوە و
    زمان درێژ دەکەن؟
ئەی ئێوە کوڕانی یاخیبوون و
    توخمی درۆ نین؟
ئێوە لەنێو دار بەڕووەکان،
    لەژێر هەموو دارێکی سەوزدا جۆش دەستێنن،
ئەوانەی منداڵان لە شیوەکان و
    لەژێر کەلەبەرەکانی تاوێرەکاندا دەکەنە قوربانی.
بەشت ئەو بتانەیە کە لەنێو بەردە لووسەکانی شیوەکانن،
    ئەوان، ئەوان تیروپشکی تۆن.
هەروەها بۆ ئەوان شەرابی پێشکەشکراو و
    پێشکەشکراوی دانەوێڵەت پێشکەش کرد.
    ئایا لەبەر ئەمە پاشگەز ببمەوە؟
جێگای نوستنت لەسەر کێوێکی بەرز و بڵند داناوە،
    بۆ ئەوێ سەرکەوتیت تاوەکو قوربانی سەرببڕیت.
لە پشت دەرگا و چوارچێوەکەی
    هێمای بتەکەتت داناوە.
پشتت لە من کرد و خۆتت ڕووت کردەوە،
    سەرکەوتیتە سەر جێگای خەوی خۆت و فراوانت کرد.
پەیمانت لەگەڵ بتەکاندا بەست،
    حەزت بە داوێنپیسی لەگەڵیان کرد،
    ناموسی ئەوانت بینی.
بە زەیتەوە چوویتە لای مۆلەخ[a] و
    بۆنوبەرامی خۆتت زیاد کرد.
نێردراوەکانت بۆ دوور نارد،
    شۆڕ بوویتەوە هەتا جیهانی مردووان!
10 درێژی گەشتەکانت ماندووی کردیت،
    کەچی نەتگوت: ”ئەمە بێ ئومێدییە.“
هێزێکی نوێت دۆزییەوە
    لەبەر ئەوە شەکەت نەبوویت.

11 «لە کێ ترسایت و تۆقیت
    وا ناپاکیت لەگەڵ کردم،
منت لە دڵت نەهێشتەوە و
    لەبیرت کردم؟
ئایا لەبەر ئەوەی من ماوەیەکی زۆرە بێدەنگم
    لە من نەترسایت؟
12 من ڕاستودروستی و کردەوەکانت دەخەمە ڕوو،
    کە هیچ سوودیان بۆت نییە.
13 کاتێک هاوار دەکەیت،
    بتە کۆکراوەکانت با فریات بکەون!
بای گێژەڵوکە هەموویان هەڵدەگرێت،
    تەنانەت شنەبا دەیانبات.
بەڵام ئەوەی پەنای داوەتە پاڵ من
    دەبێت بە میراتگری خاکەکە،
    کێوی پیرۆزم دەبێت بە موڵکی.»

ژیاندنەوەی دڵشکێنراوەکان

14 یەزدان دەفەرموێت:

«ڕێگاکە بنیاد بنێنەوە، بنیادی بنێنەوە و ئامادەی بکەن!
    کۆسپ لە ڕێگای گەلەکەم هەڵبگرن.»
15 چونکە خودای بەرز و بڵند کە بە نەمری نیشتەجێیە،
    ناوی پیرۆزە، ئەمە دەفەرموێت:
«لە جێی بەرز و پیرۆز نیشتەجێم،
    هەروەها لەگەڵ ئەوانەدام
کە دڵشکێنراون و بێفیزن،
    بۆ ئەوەی بێفیز و دڵشکێنراوەکان بژیێنمەوە.
16 هەتاسەر کێشمەکێش ناکەم و
    هەتا کۆتایی تووڕە نابم،
چونکە ڕۆح لەبەردەمم گرژ دەبێت،
    هەناسەی مرۆڤ کە من دروستم کردووە.
17 لەبەر تاوانی چاوچنۆکییەکەی تووڕە بووم،
    لێم دا، لە تووڕەییدا ڕوخساری خۆمم شاردەوە،
    بەڵام هەر بە ڕێگای دڵی خۆی بەردەوام بوو لە یاخیبوون.
18 ڕێگاکانی ئەوم بینی بەڵام چاکی دەکەمەوە،
    ڕێنمایی دەکەم و دڵی خۆی و شیوەنگێڕەکانیشی دەدەمەوە،
19     وا دەکەم بەرهەمی لێوەکانیان سوپاسگوزاری بێت.
ئاشتی! ئاشتی بۆ دوور و بۆ نزیک،
    چاکیشی دەکەمەوە،»
            یەزدان دەفەرموێت.
20 بەڵام بەدکاران وەک دەریای هەڵچوون
    کە ناتوانێت ئارام بێتەوە،
    ئاوەکانی لیتە و قوڕاو فڕێدەدات.
21 خودام دەفەرموێت: «ئاشتی بۆ بەدکاران نییە.»

ڕۆژووگرتنی ڕاستەقینە

58 «پڕ بە گەرووت هاوار بکە و مەیگەڕێنەوە،
    وەک کەڕەنا دەنگت بەرز بکەوە!
یاخیبوونەکەی گەلەکەم بە خۆیان ڕابگەیەنە،
    گوناهەکانی بنەماڵەی یاقوبیش بە خۆیان.
ڕۆژ بە ڕۆژ داوای من دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ زانینی ڕێگاکانم،
وەک نەتەوەیەک ڕاستودروستی ئەنجام دابێت و
    حوکمەکانی خودای خۆیان پشتگوێ نەخستبێت.
داوای حوکمەکانی ڕاستودروستیم لێ دەکەن و
    خۆیان وا دەردەخەن کە بە پەرۆشن بۆ نزیکبوونەوە لە خودا.
دەڵێن: ”بۆچی بەڕۆژوو بووین و سەیرت نەکردین،
    خۆمان زەلیل کرد و پێت نەزانین؟“

«وا لە ڕۆژی بەڕۆژوبوونتان خۆشی دەبینن و
    هەموو کرێکارەکانتان دەچەوسێننەوە.
وا سەرئەنجامی ڕوژووگرتنتان دەبێتە شەڕ و ناکۆکی،
    بە خراپە مست لە یەکتری دەوەشێنن.
ئەمڕۆ بەڕۆژوو نابن
    بۆ ئەوەی لە ئاسمان دەنگتان ببیسترێت.
ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووەیە کە من دەمەوێت؟
    مرۆڤ تەنها ڕۆژێک گیانی خۆی زەلیل دەکات،
وەک زەل سەری دادەنەوێنێت و
    لەسەر گوش و خۆڵەمێش ڕادەکشێت؟
ئایا ئەمە ناو دەنێیت ڕۆژوو،
یان ڕۆژێکی پەسەند لەلای یەزدان؟

«ئایا ئەمە ئەو ڕۆژووە نییە کە من دەمەوێت،
کۆتی ستەمکاری بکرێتەوە و
    گرێیەکانی نیر شل بکرێنەوە،
چەوساوەکان بەڕەڵا بکرێن و
    هەموو نیرێک بشکێنن؟
ئایا ئەوە نییە کە نانی خۆت بۆ برسی لەت بکەیت و
    هەژارە بێ لانەکان ببەیتە ماڵەوە،
کە ڕووتێکت بینی پۆشتەی بکەیت و
    خۆت لە خزمەکانی خۆت نەشاریتەوە؟
ئەوسا ڕووناکیت وەک بەیان پڕشنگ دەداتەوە،
    تەندروستیت بە خێرایی چرۆ دەکات،
ڕاستودروستیت لەپێشتەوە دەڕوات و
    شکۆمەندی یەزدانیش پاشڕەو و پارێزەری تۆیە.
ئەوسا هاوار دەکەیت و یەزدان وەڵام دەداتەوە،
    هاواری فریاکەوتن دەکەیت، ئەویش پێت دەفەرموێت: ئەوەتام.

«ئەگەر بەرگی ستەم لە خۆت داماڵیت و
    واز لە قسەی بەد و تاوانبارکردنی خەڵکی بهێنێت،
10 هەروەها ئەگەر خۆت بۆ برسی ماندوو بکەیت و
    پێداویستی زەلیل دابین بکەیت،
ئاوا ڕووناکیت لەناو تاریکی دەدرەوشێتەوە و
    تاریکی ئەنگوستەچاوت وەک نیوەڕۆ دەبێت.
11 یەزدان هەمیشە ڕێنماییت دەکات و
    لە خاکی ڕووتەندا گیانت تێر دەکات و
    جەستەت بەهێز دەکات.
وەک باخچەیەکی تێر ئاوت لێدێت،
    کانییەک کە ئاوی لێ نەبڕێت.
12 گەلی تۆ کەلاوە داڕووخاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە،
    بناغەکان هەڵدەستێننەوە، کە لە نەوەکانی پێشووەوەیە،
ئینجا ناوت لێ دەنێن، ”بنیادنەرەوەی شوورا“ و
    ”ئاوەدانکەرەوەی کۆڵانەکان“.

13 «ئەگەر بە پێیەکانت ڕۆژی شەممەت نەشکاند،
    لە ڕۆژی پیرۆزم بە ئارەزووی خۆت نەکەیت،
ئەگەر ڕۆژی شەممە بە ڕۆژی خۆشی دابنێیت و
    ڕۆژی پیرۆزی یەزدان، ڕێزدارە،
ئەگەر ڕێزی لێ بگریت بەوەی ڕێگای خۆت ئەنجام نەدەیت و
    بەدوای خۆشی خۆتەوە نەبیت و قسەکانی خۆت نەکەیت،
14 ئەوسا خۆشی لە یەزدان دەبینیت و
    سواری بەرزاییەکانی زەویت دەکەم و
    میراتەکەی یاقوبی باوکت دەرخوارد دەدەم.»
            یەزدان بە دەمی خۆی فەرمووی.

دووەم سالۆنیکی 2

مرۆڤی سەرپێچی

ئیتر خوشکان و برایان، دەربارەی هاتنەوەی عیسای مەسیحی گەورەمان و کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، داواتان لێ دەکەین خێرا بیرتان نەهەژێت و نەترسن لەوەی کە دەڵێن ڕۆژی یەزدان هاتووە، بە پشتبەستن بە بینینی ڕۆحی، پەیامی زارەکی، یان بە نامەیەک کە دەڵێن گوایە لە ئێمەوەیە. بە هیچ شێوەیەک کەس هەڵتاننەخەڵەتێنێ چونکە ئەو ڕۆژە نایێت ئەگەر پێشتر هەڵگەڕانەوە[a] نەیێت و مرۆڤی سەرپێچی[b] دەرنەکەوێت، کوڕی وێران[c]، ئەوەی بەرهەڵستی دەکات و بەسەر هەموو ئەوەی پێی دەگوترێ خودا یان پەرستراو خۆی بەرز دەکاتەوە، تەنانەت لە پەرستگای خودا دادەنیشێت و خۆی بە خودا دەردەخات.

ئایا لە یادتان نییە کە لەلاتان بووم ئەمانەم پێ دەگوتن؟ ئێستاش دەزانن چی بەربەستە، تاکو لە کاتی خۆیدا ئاشکرا بکرێت. نهێنی سەرپێچی ئێستا کار دەکات، تەنها تاکو بەربەست لەنێواندا لادەچێت[d]. ئەوسا سەرپێچیکار[e] ئاشکرا دەکرێت، ئەوەی عیسای خاوەن شکۆ بە هەناسەی دەمی لەناوی دەبات و بە دەرکەوتنی هاتنەوەی کۆتایی پێ دەهێنێت. هاتنەوەی سەرپێچیکار پەیوەستە بە کارەکانی شەیتانەوە. ئەو هەموو جۆرە پەرجوو و نیشانە و کارێکی سەیری درۆیین بەکاردەهێنێت، 10 هەروەها بۆ چەواشەکردنی لەناوچووان هەموو بەدکارییەک بەکاردەهێنێت، چونکە خۆشەویستی ڕاستییان ڕەتکردەوە، ئەوەی ڕزگاریان دەکات. 11 لەبەر ئەم هۆیە خودا چەواشەی بەهێزیان بۆ دەنێرێت، تاکو باوەڕ بە درۆ بکەن، 12 تاکو هەموو ئەوانەی باوەڕ بە ڕاستی ناکەن و حەزیان لە ناڕەواییە، تاوانبار بکرێن.

13 بەڵام ئەی خوشک و برایانی خۆشەویستی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئێمە دەبێت هەردەم لەبەر ئێوە سوپاسی خودا بکەین، چونکە خودا ئێوەی بە یەکەمین بەرهەم هەڵبژاردووە بۆ ڕزگاری بە پیرۆزکردنتان لەلایەن ڕۆحی پیرۆزەوە و باوەڕکردنی ڕاستی. 14 بۆ ئەمەش خودا لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەکەی ئێمەوە بانگی کردن، بۆ دەستکەوتنی شکۆی عیسای مەسیحی گەورەمان. 15 کەواتە خوشکان و برایان، چەسپاو بن و دەست بگرن بەو نەریتەی لە ئێمەوە فێربوون، چ بە وشە بێت یان بە نامە.

16 با عیسای مەسیحی گەورەمان خۆی لەگەڵ خودای باوکمان، ئەوەی خۆشیویستین و دڵنەوایی هەتاهەتایی و هیوایەکی باشی بە نیعمەت پێداین، 17 ورەتان بەرز بکاتەوە و لە هەموو کردار و قسەیەکی چاک بتانچەسپێنێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.