Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 39-40

نێردراوانی بابل

39 لەو کاتەدا مەرۆدەخ بەلەدانی کوڕی بەلەدانی پاشای بابل نامە و دیاری بۆ حەزقیا نارد، چونکە بیستی کە نەخۆش کەوتووە و چاک بووەتەوە. جا حەزقیا دڵخۆش بوو بە هاتنیان و هەموو ماڵ و سامانەکەی پیشان دان، لە زێڕ و زیو و بۆن و زەیتی چاک و جبەخانەکەی و ئەو شتانەی کە لە گەنجینەکانی بوون. هیچ شتێک لە کۆشکەکەی و لە شانشینەکەی نەمایەوە کە حەزقیا پیشانیان نەدات.

ئینجا ئیشایا پێغەمبەر هاتە لای حەزقیای پاشا و لێی پرسی: «ئەو پیاوانە چییان گوت و لەکوێوە هاتوونەتە لات؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «لە خاکێکی دوورەوە، لە بابلەوە هاتوون.»

ئیشایا لێی پرسی: «چییان لە کۆشکەکەت بینی؟»

حەزقیاش وەڵامی دایەوە: «هەموو شتەکانی ناو کۆشکەکەمیان بینی، لە گەنجینەکانم هیچ نەمایەوە کە پیشانیان نەدەم.»

ئینجا ئیشایا بە حەزقیای گوت: «گوێ لە پەیامی یەزدانی سوپاسالار بگرە، یەزدان دەفەرموێت: بێگومان سەردەمێک دێت هەموو ئەوەی لە کۆشکەکەتدایە و هەموو ئەوەی باوباپیرانت هەتا ئەمڕۆ پاشەکەوتیان کردووە بۆ بابل بار دەکرێن، هیچ شتێک بەجێناهێڵدرێت. لە نەوەکانیشت، ئەوانەی لە تۆ دەبن، ئەوانەی بۆت لەدایک دەبن، لێیان دەبردرێت و لە کۆشکی پاشای بابل دەبنە کاربەدەستی خەسێنراو.»

حەزقیا وەڵامی ئیشایای دایەوە و گوتی: «ئەو پەیامەی یەزدان کە بە منت دا، پەیامێکی باشە.» چونکە لەبیری خۆیدا گوتی[a]: «واتە ئاشتی و ئاسوودەیی لە ماوەی پاشایەتی خۆمدا دەبێت.»

حەسانەوە بۆ گەلی خودا

40 دڵنەوایی گەلەکەم بکەن، دڵنەواییان بکەن،
    خوداتان دەفەرموێت،
بە دڵنەرمی لەگەڵ ئۆرشەلیم بدوێن،
    پێی ڕابگەیەنن
کە ڕەنجکێشانەکەی تەواو بووە،
    کە تاوانەکەی بەخشراوە،
چونکە بە دەستی یەزدان
    لەسەر گوناهەکانی دووقاتی وەرگرتەوە.

کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
«لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
    لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
    هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
خوار ڕاست دەبێتەوە،
    هەورازیش دەبێت بە دەشت،
شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
    هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
            چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»

دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
    منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»

«هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
    هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
    بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
    بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»

ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
    بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
    بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
    بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
    «ئەوەتا خوداتان!»
10 ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
    بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
    خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
11 وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
    بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
    بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.

12 کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و
    بە بست ئاسمان؟
کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟
    کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و
    گردەکانیش بە تەرازوو؟
13 کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە
    یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
14 یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند،
    ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟
کێ زانینی فێرکرد و
    ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟

15 ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و
    بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن.
    ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
16 داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و
    ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
17 هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی،
    لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.

18 جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن،
    چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
19 پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت،
    زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات،
    زنجیری زیویش زیوگەر.
20 دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک
    دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت.
داوای وەستایەکی شارەزا دەکات
    بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.

21 ئایا نازانن؟
    ئایا نابیستن؟
ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
    ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
22 ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
    دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
    وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
23 ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
    حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
24 هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
    قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
    ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.

25 خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
    من هاوتای کێم؟
26 چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
    ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
    ناو لە هەموویان دەنێت؟
لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
    هیچ کامیان ون نابێت.

27 «ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
    ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
    دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
28 ئایا نەتزانی،
    یان نەتبیست؟
یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
    بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
    کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
29 توانا بە ماندوو دەدات و
    بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
30 گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
    لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
31 بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
    هێزیان نوێ دەبێتەوە،
وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
    ڕادەکەن و شەکەت نابن،
    دەڕۆن و ماندوو نابن.

کۆلۆسی 4

ئەی گەورەکان، لەگەڵ کۆیلەکان دادپەروەر و یەکسان بن، بزانن ئێوەش گەورەتان هەیە لە ئاسمان.

هاندان بۆ نوێژکردن

پەیوەست بن بە نوێژکردنەوە، بە سوپاسەوە ئێشکی لێ بگرن. بۆ ئێمەش نوێژ بکەن کە خودا دەرگایەکمان بۆ بکاتەوە بۆ پەیامەکە، بۆ ئەوەی نهێنی مەسیح ڕابگەیەنین، لەبەر ئەمەش گیراوم، تاکو ئاشکرای بکەم وەک پێویستە بدوێم. بە دانایی لەگەڵ ئەوانەی دەرەوە ڕەفتار بکەن، کات بقۆزنەوە. قسەتان هەردەم پڕبێت لە نیعمەت، بە خوێ سوێر کرابێت، تاکو بزانن چۆن پێویستە وەڵامی هەرکەسێک بدەنەوە.

سڵاوی کۆتایی

تیخیکۆس هەموو هەواڵێکی منتان دەداتێ، برایەکی خۆشەویست و خزمەتکارێکی دڵسۆز و هاوکاری ئێمەیە لە خزمەتکردنی مەسیحی باڵادەستدا. بە تایبەتی بۆ ئەمە ناردمە لاتان، تاکو هەواڵی ئێمە بزانن و ورەتان بەرز بکاتەوە، لەگەڵ ئۆنسیمۆسی برای خۆشەویست و دڵسۆز، ئەوەی لە خۆتانە، ئەوان هەواڵی هەموو شتێکی ئێرەتان دەدەنێ.

10 ئەریستارخۆسی هاوڕێی بەندیێتیم سڵاوتان لێدەکات، مەرقۆسی ئامۆزای بەرناباسیش. دەربارەی ئەو ڕاسپاردەتان وەرگرتووە. ئەگەر هاتە لاتان پێشوازیی لێ بکەن. 11 هەروەها عیسا کە بە یوستۆس ناودەبردرێت، ئەویش سڵاوی بۆتان هەیە. تەنها ئەمانە لەنێوان هاوکارانم بۆ شانشینی خودا لە جولەکەکانن[a]، ئەوانەی بوونە هاندەرم. 12 ئەپەفراسی بەندەی عیسای مەسیح، ئەویش لە خۆتانە و سڵاوتان لێدەکات، هەردەم لە نوێژەکانیدا لە پێناوتاندا تێدەکۆشێت، تاکو لە تەواویدا بچەسپێن و تەواو دڵنیا بن لە هەموو خواستی خودا. 13 شایەتیی بۆ دەدەم کە زۆر ماندوو دەبێت بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شارەکانی لاودیکییان و هیراپۆلیسن. 14 لۆقای پزیشکی خۆشەویست و دیماس سڵاوتان لێدەکەن. 15 سڵاو بکەن لە خوشکان و برایانی لاودیکییا و نیمفاس[b] و ئەو کڵێسایەی لە ماڵەکەیەتی.

16 کاتێک ئەم نامەیەتان بۆ خوێنرایەوە، وابکەن لە کڵێسای لاودیکییەکانیش بخوێنرێتەوە، ئەوەی هی لاودیکییاشە ئێوە بیخوێننەوە.

17 بە ئەرخیپۆس بڵێن: «سەیری ئەو خزمەتە بکە کە لە مەسیحی باڵادەستەوە وەرتگرتووە، تاکو تەواوی بکەیت.»

18 من پۆڵسم، سڵاوەکە دەستخەتی خۆمە. یادی کۆتەکانم بکەن. نیعمەت لەگەڵتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.