Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 59-61

گوناه، دانپێدانان و کڕینەوە

59 بێگومان یەزدان بێ دەسەڵات نییە بۆ ڕزگارکردن،
    گوێشی گران نییە بۆ بیستن،
بەڵکو تاوانەکانتان بوون بە بەربەست
    لەنێوان ئێوە و خوداتان،
گوناهەکانتان بەم جۆرەی کرد ڕووی خودای لێ شاردنەوە
    تاکو گوێتان لێ نەگرێت.
لەبەر ئەوەی لەپی دەستتان بە خوێن گڵاو بوو و
    پەنجەکانیشتان بە تاوان،
لێوەکانتان بە درۆ دوان و
    زمانیشتان ناڕەوایی دەگوتەوە.
کەس نییە بە ڕاستودروستی بچێتە دادگا و
    کەس نییە بە ڕاستگۆیی سکاڵا بکات.
پشت بە شتی پووچ دەبەستن و بە درۆ دەدوێن.
    بە ئاژاوە دووگیان دەبن و خراپەیان لێ دەبێت.
هێلکەی ماریان هەڵهێنا،
    تۆڕی جاڵجاڵۆکە دەچنن.
ئەوەی هێلکەیان دەخوات دەمرێت،
    ئەوانەش کە دەشکێن مار هەڵدێنن.
تەونەکانیان نابێتە بەرگ و
    خۆیان بە کردارەکانیان ناپۆشن،
کردارەکانیان کرداری خراپەن و
    کردەوەی دەستیان ستەمە.
پێیەکانیان بەرەو خراپە ڕادەکەن،
    پەلە دەکەن بۆ ڕشتنی خوێنی بێتاوان.
بیرکردنەوەیان بیرکردنەوەی خراپەیە،
    وێرانی و تێکشکاندن لە ڕێگاکانیان هەیە.
ڕێگای ئاشتی پێنازانن،
    دادپەروەری نییە لە ڕێچکەکانیان.
ڕێڕەوەکانی خۆیان خوار کرد،
    هەموو ئەو کەسانەی پێیدا دەڕۆن ئاشتی نازانن.

لەبەر ئەمە دادپەروەری لێمان دوورکەوتەوە و
    ڕاستودروستی پێمان ناگات.
چاوەڕێی ڕووناکی دەکەین و ئەوەتا تاریکی دێت،
    بە هیواین ڕۆشنایی بێت،
    بەڵام بە تاریکی ئەنگوستەچاودا دەڕۆین.
10 وەک کوێر دەست لە دیوار دەدەین،
    وەک یەکێک دوو چاوی نەبێت دەست دەکوتین.
لە نیوەڕۆدا هەروەک کاتی تاریک و ڕوونی پەل دەکوتین،
    لەنێو چالاکەکان وەک مردوو واین.
11 هەموومان وەک ورچ دەباڕێنین،
    وەک کۆتر دەگمێنین،
چاوەڕێی دادپەروەری دەکەین و نییە،
    بە هیوای ڕزگارین،
    بەڵام لێمان دوور دەکەوێتەوە.

12 بێگومان یاخیبوونەکانمان لە بەرامبەر تۆدا زۆر بوون،
    گوناهەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن.
یاخیبوونەکانمان پێمانەوە لکاون،
    دان بە تاوانەکانی خۆماندا دەنێین:
13 یاخیبوون و ناپاکی لە دژی یەزدان،
    لادان لە ڕێگای خودای خۆمان،
هاندان بۆ ستەم و هەڵگەڕانەوە،
    دروستکردنی درۆ لە دڵەوە و بە ساختە قسەکردن.
14 دادپەروەری هەڵدەدرێتە دواوە و
    ڕاستودروستی پشتگوێ دەخرێت.
ڕاستی لە گۆڕەپانی شاردا کەوتوو و
    ڕاستگۆیی ڕێگا نادرێت بێتە ژوورەوە.
15 ڕاستی ون بووە و
    ئەوەی لە خراپە لادەدات دەبێت بە نێچیر.

یەزدان بینی و لەبەرچاوی خراپ بوو
    کە دادپەروەری نەبوو.
16 بینی کەس نەبوو،
    سەرسام بوو کە ناوبژیوان نەبوو.
بە هێزی بازووی خۆی ڕزگاری کردین،
    ڕاستودروستی خۆی پاڵپشتی کرد.
17 ڕاستودروستی وەک سپەر[a] لەبەرکرد و
    کڵاوی ئاسنینی ڕزگاریش لەسەری،
بەرگی تۆڵەسەندنەوەی لەبەرکرد،
    دڵگەرمیشی وەک کەوا لە خۆی پێچا.
18 بەگوێرەی کردەوەکان لە ناحەزانی تووڕە دەبێت،
    سزای ڕەوای دوژمنانی دەدات،
    بە تەواوی سزای دوورگەکانیش دەدات.
19 خەڵکی ڕۆژئاوا لە ناوی یەزدان دەترسن،
    خەڵکی ڕۆژهەڵات لە شکۆمەندییەکەی،
چونکە یەزدان وەک لافاو دێت،
    بە هەناسەی خۆی پاڵی پێوە دەنێت.

20 «ئەوەی دەمانکڕێتەوە دێت بۆ سییۆن،
    بۆ لای ئەوانەی نەوەی یاقوب کە لە گوناهەکانیان تۆبەیان کرد.»
            ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.

21 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان: ڕۆحم لەگەڵتدایە و وتەکانی خۆمم خستووەتە دەمی تۆوە، نە لە دەمی خۆت و نە لە دەمی نەوەت و نە لە دەمی نەوەی دوای نەوەت نابڕێنەوە، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە،»

            یەزدان دەفەرموێت.

شکۆمەندی سییۆن

60 «ئەی ئۆرشەلیم هەستە! پڕشنگ بدەوە، چونکە ڕووناکییت هات،
    شکۆمەندی یەزدانیش بەسەرتدا گزنگی داوە.
ئەوەتا تاریکی زەوی داپۆشیوە و
    هەوری تاریش نەتەوەکان.
بەڵام یەزدان بەسەر تۆدا گزنگ دەدات،
    شکۆمەندییەکەشی بەسەرتەوە دەبینرێت.
نەتەوەکان بەرەو ڕووناکی تۆ دێن،
    پاشاکانیش بەرەو گزنگی ڕووناکییت.

«چاو هەڵبڕە بۆ دەوروبەری خۆت و تەماشا بکە!
    هەموو کۆبوونەوە و بۆ لای تۆ هاتن،
کوڕەکانت لە دوورەوە دێن و
    کچەکانیشت لە ئامێز دەگرن.
ئینجا تەماشا دەکەیت و ڕووناکییت لێ دەبارێت،
    لە خۆشیدا دڵت دادەخورپێت،
چونکە سامانی دەریا بۆ تۆ دەگوازرێتەوە،
    دەوڵەمەندی نەتەوەکان بۆ لای تۆ دێت.
ڕەوە وشتر زەویت دادەپۆشێت،
    وشترەکانی میدیان و عێفا.
هەموو لە شەباوە دێن،
    زێڕ و بخووریان بارکردووە،
    ستایشی یەزدان ڕادەگەیەنن.
هەموو مەڕی قێدار بۆ تۆ کۆدەکرێتەوە،
    بەرانەکانی نەبایۆت لەژێر دەستتدان،
بە پەسەندییەوە سەردەخرێنە سەر قوربانگاکەم و
    پەرستگای شکۆمەندیم شکۆمەند دەکەم.

«ئەوانە کێن وەک هەور دەفڕن و
    وەک کۆتر بەرەو ماڵەکانیان؟
بێگومان دوورگەکان چاوەڕوانی منن،
    هەروەها کەشتییەکانی تەرشیش لەپێشەوەن
بۆ هێنانی کوڕەکانت لە دوورەوە،
    زێڕ و زیوەکانیشیان لەگەڵیاندایە
بۆ ناوی یەزدانی پەروەردگارت،
    خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
    کە شکۆداری کردیت.

10 «نەوەی بێگانە شووراکانت بنیاد دەنێنەوە،
    پاشاکانیان خزمەتت دەکەن.
هەرچەندە لە کاتی تووڕەییمدا لێم دایت،
    بەڵام لە کاتی ڕەزامەندیمدا بەزەییم پێتدا هاتەوە.
11 دەروازەکانت هەمیشە واڵا دەبن،
    شەو و ڕۆژ داناخرێن
بۆ هێنانی سامانی نەتەوەکان بۆت و
    پاشاکانیشیان بە پێش دەدرێن.
12 چونکە ئەو نەتەوە و شانشینەی خزمەتت نەکات لەناودەچێت و
بە تەواوی وێران دەبێت.

13 «شانازی لوبنان بۆ تۆ دێت،
    داری سنەوبەر، کاژ و سەروو پێکەوە،
بۆ ڕازاندنەوەی جێی پیرۆزگاکەم و
    شوێنی پێیەکانم شکۆدار دەکەم.
14 کوڕی ئەوانەی تۆیان زەلیل کرد بە کڕنۆشەوە دێن بۆ لات،
    هەموو ئەوانەی سووکایەتییان پێ دەکردیت کڕنۆش بۆ بنی پێت دەبەن و
پێت دەڵێن: شاری یەزدان،
    سییۆنی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.

15 «لە جێی ئەوەی بەجێماو و ڕق لێبوو و
    بێ ڕێبوار بیت،
دەتکەمە شانازی هەتاهەتایی،
    شادی نەوە دوای نەوە.
16 گەنجینەی نەتەوەکان دەبەن و
    سامانی شاهانە دەگرن.
جا دەزانیت کە منی یەزدان، ڕزگارکەری تۆم،
    ئەوەی تۆ دەکڕێتەوە توانادارەکەی یاقوبە.
17 لە جیاتی بڕۆنز زێڕ و
    لە جیاتی ئاسنیش زیو دەهێنم،
لە جیاتی داریش بڕۆنز و
    لە جیاتی بەردیش ئاسن دەهێنم.
سەلامەتی دەکەمە سەرپەرشتیارت و
    ڕاستودروستی دەکەمە سەرکارت.
18 ئیتر نە ستەم لە خاکەکەتدا دەبیسترێت
    نە وێرانی و شکانیش لە سنوورەکانت،
بەڵکو شووراکانت ناو لێ دەنێیت: ”ڕزگاری“ و
    دەروازەکانیشت ”ستایش“.
19 ئیتر خۆر بۆت نابێتە ڕووناکی ڕۆژ،
    درەوشانەوەی مانگیش نابێتە سەرچاوەی ڕووناکی تۆ،
بەڵکو یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
    خوداشت بۆ شکۆمەندیت.
20 لەمەودوا خۆری تۆ ئاوا نابێت،
    مانگی تۆ کەم ناکات،
چونکە یەزدان بۆت دەبێت بە ڕووناکی هەتاهەتایی،
    ڕۆژانی ماتەمینیت تەواو دەبێت.
21 لەو کاتەدا گەلەکەت هەمووی ڕاستودروست دەبن،
    زەویش بۆ هەتاهەتایە موڵکی خۆیان دەبێت.
ئەوەی من ناشتوومن نەمامن،
    دەستکردی منن بۆ شکۆمەندبوونم.
22 بچووک دەبێت بە هەزار و
    بچووکترین بە نەتەوەیەکی مەزن.
من یەزدانم،
    لە کاتی خۆیدا پەلەی پێ دەکەم.»

ساڵی ڕەزامەندی یەزدان

61 ڕۆحی یەزدانی باڵادەست بەهێزم دەکات،
    چونکە یەزدان دەستنیشانی کردووم
    بۆ مژدەدان بە هەژاران.
منی ناردووە بۆ تیمارکردنی دڵشکاوەکان،
    بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچکراوەکان و
    ئازادکردنی دیلەکان،
بۆ ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندی یەزدان و
    ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی خودامان،
بۆ دڵنەواییکردنی هەموو پرسەدارەکان.
    ناردوومی بۆ ئەوەی بە پرسەدارەکانی سییۆن ببەخشم
تاجێکی جوان لەسەرمە لە جێی قوڕ[b]،
    زەیتی دڵخۆشی لە جێی پرسە،
هەروەها بەرگی ستایش لە جێی ڕۆحی ورەبەردان.
    جا پێیان دەگوترێت دار بەڕووی ڕاستودروستی،
    نەمامی یەزدان بۆ دەرخستنی شکۆمەندییەکەی.

کەلاوە کۆنەکان بنیاد دەنێنەوە و
    وێرانکراوەکانی پێشتر هەڵدەستێننەوە.
شارە خاپوورەکان نۆژەن دەکەنەوە
    کە لە چەرخەکانی پێشووەوە وێران کرابوون.
بێگانە دێنە خزمەت و شوانایەتی مێگەلەکانت دەکەن و
    کوڕانی نامۆکان دەبنە جوتیار و ڕەزەوانتان.
ئێوەش ناوتان لێ دەنرێت، کاهینەکانی یەزدان،
    پێتان دەگوترێت، خزمەتکارەکانی خودامان.
سامانی نەتەوەکان دەخۆن و
    شانازی بەسەر شکۆمەندی ئەوانەوە دەکەن.

گەلەکەم لە جێی ڕیسوایی، دوو ئەوەندە میراتی وەردەگرن،
    لە جێی شەرمەزاربوون، بە بەشی خۆیان دڵخۆش دەبن.
ئیتر لە خاکەکەیان دوو هێندە میرات وەردەگرن،
    خۆشی هەتاهەتاییان بۆ دەبێت.

«چونکە من کە یەزدانم، دادپەروەریم خۆشدەوێت،
    ڕقم لە دزی و بەدکارییە پێکەوە.
بە دڵسۆزییەوە پاداشتی خۆیان دەدەمێ و
    پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم.
توخمیان لەنێو نەتەوەکان دەناسرێن و
    وەچەشیان لەنێو گەلاندا.
هەموو ئەوانەی دەیانبینن دانی پێدا دەنێن
    کە ئەوان گەلێکن یەزدان بەرەکەتداری کردوون.»

10 بە شادی دڵشاد دەبم بە یەزدان،
    گیانم بە خودای خۆم شادمان دەبێت،
چونکە بەرگی ڕزگاری لەبەرکردم،
    کەوای ڕاستودروستی بەسەر شانمدا دا،
وەک زاوایەک کە سەری خۆی لەسەر شێوەی کاهین بڕازێنێتەوە
    یان بووکێک بە خشڵ خۆی جوان بکات.
11 چونکە وەک زەوی کە چەکەرەی ڕووەکی خۆی دەردەخات و
    وەک باخچە کە چێنراوەکانی دەڕوێنێت،
ئاواش یەزدانی باڵادەست ڕاستودروستی و ستایش
    لەبەردەم هەموو نەتەوەکان دەڕوێنێت.

دووەم سالۆنیکی 3

داوای نوێژکردن

لە کۆتاییدا ئەی خوشکان و برایانم، نوێژمان بۆ بکەن، تاکو پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە خێرایی بڵاوبێتەوە و شکۆدار بێت، هەروەک ئەوەی لەلای ئێوە ڕوویدا، هەروەها تاکو لە کەسانی بەد و خراپ ڕزگارمان بکات، چونکە هەمووان باوەڕیان نییە. بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ دڵسۆزە، ئەوەی دەتانچەسپێنێت و لە شەیتان دەتانپارێزێت. بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە متمانەمان بە ئێوە هەیە کە ئەوەی ڕامانسپاردوون دەیکەن و بەردەوام دەبن لەسەری. با عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ خۆشەویستی خودا و دانبەخۆداگرتنی خۆی بخاتە دڵتانەوە.

ئاگاداری بۆ تەمبەڵەکان

ئێستاش خوشکان، برایان، بە ناوی عیسای مەسیحی گەورەمان ڕاتاندەسپێرین، لە هەر خوشک یان برایەک دوور بکەونەوە کە بە تەمبەڵی ژیان بەڕێ دەکات و بەگوێرەی ئەو نەریتە نییە کە لە ئێمە وەریگرتووە. ئێوە خۆتان دەزانن کە دەبێت چۆن لاسایی ئێمە بکەنەوە، چونکە کاتێک لەلاتان بووین تەمبەڵ نەبووین، بەخۆڕایی نانی کەسمان نەخواردووە، بەڵکو شەو و ڕۆژ بە ڕەنج و ماندووبوون کارمان کردووە، تاکو نەبینە بار بۆ کەستان. ئەمەش نەک لەبەر ئەوەی مافمان[a] نییە، بەڵکو بۆ ئەوەی خۆمان بکەین بە نموونە بۆ ئێوە تاکو لاساییمان بکەنەوە. 10 تەنانەت کاتێک لەلاتان بووین ئەم ڕاسپاردەیەمان پێدان: «ئەوەی حەز نەکات کار بکات، با نەخوات.»

11 ئێمە بیستوومانە هەندێکتان بە تەمبەڵی دەژین و کار ناکەن و خۆیان لە کاروباری کەسانی دیکەدا هەڵدەقورتێنن. 12 بە ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە ئامۆژگاری و فەرمان بەو کەسانە دەکەین کە بە هێمنی کار بکەن و نانی خۆیان بخۆن. 13 خوشک و برایان، ئێوەش واز لە چاکەکاری مەهێنن و بەردەوام بن.

14 ئەگەر کەسێک گوێڕایەڵی ئەو ڕاسپاردانە نەبوو کە لەم نامەیەدا هاتووە، دیاری بکەن و تێکەڵی مەبن تاکو شەرمەزار بێت. 15 بە دوژمنی دامەنێن، بەڵکو وەک برایەک ئاگاداری بکەنەوە.

سڵاوی کۆتایی

16 با مەسیحی خاوەن ئاشتی خۆی لە هەموو کات و دۆخێکدا ئاشتیتان بداتێ. با مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ هەمووتان بێت.

17 من پۆڵسم و بە دەستخەتی خۆم ئەم سڵاوە دەنووسم. ئەمەش نیشانەیەکی ڕاستیی هەموو نامەکانی منە، من بەم شێوەیە نامە دەنووسم. 18 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان لەگەڵ هەمووتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.