Old/New Testament
سروشێک سەبارەت بە شاری سور
23 سروشێک سەبارەت بە سور:
واوەیلا بکەن ئەی کەشتییەکانی تەرشیش!
چونکە سور کاول کراوە،
نە خانوو نە بەندەری بە ئێوەی نەماوە،
لە خاکی قوبرسەوە پێیان ڕاگەیەنرا.
2 بحەپەسێن دانیشتووانی دوورگەکە و
بازرگانانی سەیدا،
ئەوانەی دەریا دەبڕن، پڕیان کردوویت.
3 دانەوێڵەی شیحۆر
لەسەر ئاوە زۆرەکان دەهات،
داهاتی ئەو دروێنەی ڕووباری نیلە،
جا سور بوو بە بازاڕی نەتەوەکان.
4 شەرمەزار بە ئەی سەیدا! چونکە دەریا گوتی،
قەڵای دەریا گوتی:
«نە ژانم گرت و نە منداڵم بوو،
نە گەنجم گەورە کرد و نە کچی عازەبم پێگەیاند.»
5 کاتێک هەواڵ بە میسر دەگات،
بە هەواڵی سور ژان دەیانگرێت.
6 بپەڕنەوە بۆ تەرشیش،
واوەیلا بکەن، ئەی دانیشتووانی دوورگەکە!
7 ئایا ئەمە شاری خۆشییە بۆتان،
ئەوەی دێرینی لە دێرزەمانەوەیە،
ئەوەی پێیەکانی بەرەو دووری دەبەن
بۆ ئاوارە بوون؟
8 کێ ئەم پلانەی لە دژی سوری تاج لەسەر داڕشت،
ئەوەی میران بازرگانەکانی ئەون،
فرۆشیارەکانی بەناوبانگەکانی زەوین؟
9 یەزدانی سوپاسالار پلانی داڕشتووە
بۆ گڵاوکردنی شانازی هەموو شکۆمەندییەک،
بۆ نزمکرنەوەی هەموو بەناوبانگەکانی زەوی.
10 ئەی دانیشتووانی تەرشیش،
زەوییەکەتان وەک کەناری نیل بکێڵن،
ئیتر بەندەر نەما.
11 یەزدان دەستی بەسەر دەریادا درێژکرد و
شانشینەکان تۆقین.
لە دژی فینیکیا فەرمانی دا
بۆ کاولبوونی قەڵاکانی.
12 فەرمووی: «جارێکی دی شانازی ناکەیت،
ئەی سەیدای کچە پاکیزە[a]، ئێستا پێشێل کراویت!
«هەستە بەرەو قوبرس بپەڕەوە،
لەوێش حەوانەوەت نابێت.»
13 ئەوەتا خاکی بابلییەکان،
گەلێکی لێیە کە بە هیچ دانانرێت!
ئاشور کردییە شوێنی دڕندە بیابانییەکان[b].
قوللەکانیان[c] دروستکرد،
قەڵاکانیان ڕووخاند،
کردیان بە کاولگە.
14 ئەی کەشتییەکانی تەرشیش واوەیلا بکەن،
چونکە قەڵاکانتان کاول بوون.
15 لەو ڕۆژەدا ئەوە دەبێت، سور حەفتا ساڵ لەبیر دەکرێت، بەقەد ڕۆژگاری پاشایەک. پاش حەفتا ساڵەکە وەک گۆرانی ژنە لەشفرۆشێک بۆ سور دەبێت:
16 «دەست بدە قیسارە و بەناو شاردا بسووڕێوە
ئەی ژنە لەشفرۆشی لەبیرکراو!
باش مۆسیقا بژەنە و زۆر گۆرانی بڵێ
بۆ ئەوەی لەیاد نەکرێیت.»
17 جا پاش حەفتا ساڵەکە، یەزدان سور بەسەردەکاتەوە و سور دەگەڕێتەوە سەر کرێ وەرگرتنی و لەگەڵ هەموو شانشینەکانی جیهان لەسەر ڕووی زەوی لەشفرۆشی دەکات. 18 بەڵام بازرگانییەکەی و کرێ وەرگرتنەکەی تەرخانکراو دەبێت بۆ یەزدان. هەڵناگیرێت و لە گەنجینە ناکرێت، بەڵکو بازرگانییەکەی بۆ ئەوانە دەبێت کە لەبەردەم یەزدانن، بۆ ئەوەی بخۆن و تێر بن و جلی گرانبەها بپۆشن.
یەزدان زەوی وێران دەکات
24 ئەوەتا یەزدان زەوی چۆڵ دەکات،
بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
2 کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
گەورە وەک کۆیلەکەی،
خانم وەک کەنیزەکەی،
کڕیار وەک فرۆشیار،
بەخشەر وەک وەرگر،
قەرزدەر وەک قەرزار.
3 زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.
4 زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
جیهان داهێزرا و سیس بوو،
گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
5 زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
فەرزەکانیان پێشێل کرد و
پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
6 لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
دانیشتووانەکەی سزادران.
لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
خەڵکێکی کەم مایەوە.
7 شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
8 دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
9 بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
10 شاری وێران تێکشکاوە،
هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
11 لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
دوورخرایەوە شادی زەوی.
12 ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
لێدانی دەروازەش کاولییە.
13 چونکە ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
لەنێو گەلان،
وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.
14 ئەوان دەنگ هەڵدەبڕن، هوتافی خۆشی دەکێشن،
بۆ شکۆی یەزدان لە ڕۆژئاواوە هاوار دەکەن.
15 لەبەر ئەوە لە ڕۆژهەڵات یەزدان شکۆدار بکەن،
لە دوورگەکانی دەریاشەوە
ناوی یەزدان، پەروەردگاری ئیسرائیل.
16 لەوپەڕی زەوییەوە گوێمان لە گۆرانییەک بوو:
«شکۆمەندی بۆ خودای ڕاستودروست!»
جا گوتم: «فەوتام! فەوتام!
قوڕبەسەرم!
ناپاکان ناپاکییان کرد!
ناپاکان ناپاکییان لە ناپاکی کرد!»
17 ترس و چاڵ و تەڵە
بەسەرتەوەیە ئەی دانیشتووی زەوی.
18 ئەوەی لە دەنگی ترسەکە هەڵدێت
دەکەوێتە چاڵەکەوە و
ئەوەی لەناو چاڵەکە بێتە دەرەوە
بە تەڵەکەوە دەبێت.
بەربەستی جۆگەکان لە ئاسمانەوە کرانەوە و
بناغەکانی زەوی هەژان.
19 زەوی بە شکان دەشکێت،
زەوی بە وردوخاشبوون وردوخاش دەبێت،
زەوی بە لەقین دەلەقێت.
20 زەوی وەک سەرخۆش بە لادا دێت،
جۆلانە دەکات وەک کەپر.
یاخیبوونەکەی لەسەری قورسە،
دەکەوێت و جارێکی دیکە هەڵناستێتەوە.
21 لەو ڕۆژەدا یەزدان
سزای هێزەکان دەدات لە ئاسمان و
لەسەر زەوی سزای پاشایانی دەدات.
22 بە کۆمەڵ کۆیان دەکەنەوە
وەک دیل لە بەندیخانە و
لە گرتووخانە توند دەکرێن و
دوای ماوەیەکی درێژ سزا دەدرێن.
23 مانگ ڕیسوا دەبێت و خۆر شەرمەزار دەبێت،
چونکە یەزدانی سوپاسالار حوکمڕانی دەکات
لە کێوی سییۆن و لە ئۆرشەلیم،
شکۆمەندیش لەبەردەم پیرانی ئەوە.
ستایش بۆ یەزدان
25 ئەی یەزدان، تۆ خودای منیت!
بە گەورەت دەزانم، ستایشی ناوت دەکەم،
چونکە تۆ کاری سەرسوڕهێنەرت کردووە،
پلانەکانت لە دێرزەمانەوەن،
بە دڵسۆزی چەسپاون.
2 چونکە شارت کاول کرد و
شارۆچکەی قەڵابەندت وێران کرد،
قەڵای بێگانەکان وەک شار نامێنێتەوە،
بۆ هەتاهەتایە بنیاد نانرێتەوە.
3 لەبەر ئەوە گەلی بەهێز ڕێزت لێ دەگرن،
شارۆچکەی نەتەوە بێ ویژدانەکان لێت دەترسن.
4 چونکە بوویت بە پەناگای هەژار،
پەناگای نەدار لە کاتی تەنگانە،
چەتر لە لێزمەی باران و
سێبەر لە گەرما،
چونکە هەڵچوونی بێ ویژدانەکان
لێزمەی بارانە بەسەر دیوارەوە،
5 وەک گەرمایە لە خاکی وشکدا.
هاتوهەرای بێگانەکان کپ دەکرێت
وەک گەرما بە سێبەری هەور
گۆرانی بێ ویژدانەکان زەلیل دەکرێت.
6 یەزدانی سوپاسالار بۆ هەموو گەلان
لەم کێوە خوانی دابەستەکان ساز دەکات،
خوانی شەرابی سادە و دابەستە پڕ لە مۆخەکان
مەی سادەی پاڵاوتە.
7 لەم کێوەدا لووشی دەدات
پەچەی سەر مردوو،
پەچە بەسەر هەموو گەلانەوە،
هەروەها ئەو سەرپۆشەی بەسەر هەموو نەتەوەکاندا پۆشراوە،
8 مردن لووشدەدات بۆ هەتاهەتایە.
یەزدانی باڵادەست سڕییەوە
فرمێسک لەسەر هەموو ڕووەکان،
ڕیسوایی گەلەکەی دادەماڵێت
لە هەموو زەویدا،
چونکە یەزدان فەرمووی.
9 لەو ڕۆژەدا دەگوترێت:
«ئەوەتا ئەمە خودامانە،
چاوەڕێمان دەکرد، ڕزگاری کردین.
ئەمە یەزدانە، چاوەڕێمان کرد،
شاد دەبین و دڵشاد دەبین بە ڕزگارییەکەی.»
10 چونکە دەستی یەزدان ئەم کێوە دەپارێزێت،
بەڵام مۆئاب لە جێی خۆی پێپەست دەکرێت
وەک پێپەستکردنی کا بە ئاوی تەپاڵە.
11 جا مۆئاب لە ناوەڕاستیدا دەستی بڵاو دەکاتەوە
وەک چۆن مەلەوان بۆ مەلەکردن بڵاوی دەکاتەوە.
خودا لووتبەرزییەکەی دادەگرێت
لەگەڵ فرتوفێڵەکانی دەستی.
12 قەڵابەندی بەرزی شووراکانت دەچەمێنێتەوە،
دایدەگرێت دەینووسێنێت بە زەوییەوە، هەتا خۆڵ.
1 لە پۆڵس و تیمۆساوسی بەندەکانی عیسای مەسیحەوە،
بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا لە شاری فیلیپی کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، لەگەڵ چاودێران و خزمەتکاران:
2 با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمان و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆوە لەگەڵتان بێت.
سوپاسی خودا و پاڕانەوە
3 سوپاسی خودا دەکەم هەر کاتێک یادتان بکەم، 4 هەمیشە لە هەموو پاڕانەوەکانم بە خۆشییەوە بۆ هەمووتان داوا دەکەم، 5 چونکە لە یەکەم ڕۆژەوە هەتا ئێستا بەشداریتان لە خزمەتی ئینجیلدا کردووە. 6 لەمەشدا دڵنیام، خودا کە لە ئێوەدا ئەم ئیشە چاکەی دەستپێکردووە، هەتا ڕۆژی عیسای مەسیح تەواوی دەکات.
7 کەواتە ئەمە ڕاستە سەبارەت بە هەمووتان ئەم هەستەم هەبێت، چونکە ئێوە لە دڵی مندان. ئەگەر بە کۆت و زنجیرەوە بم، یاخود لە کاتێکدا بەرگری لە پەیامی ئینجیل و چەسپاندنی دەکەم، هەمووتان لە نیعمەت لەگەڵم بەشدارن. 8 خودا شایەتمە چەندە بە پەرۆشم بۆ هەمووتان بە سۆزی عیسای مەسیح.
9 لە خودا دەپاڕێمەوە کە خۆشەویستیتان بە زانیاری و ئەوپەڕی تێگەیشتنەوە زیاتر و زیاتر بکات، 10 تاکو باشترین شت جیا بکەنەوە، بۆ ئەوەی لە ڕۆژی مەسیح پاک و بێ گلەیی بن، 11 تاکو پڕببن لە بەرهەمی ڕاستودروستی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە بۆ شکۆ و ستایشی خودا.
لەلای من، ژیان مەسیحە
12 خوشکان، برایان، ئێستا دەمەوێ بزانن ئەوەی بەسەرم هات پەیامی ئینجیلی زیاتر بەرەو پێش برد، 13 تەنانەت هەموو پاسەوانانی کۆشکی ئیمپڕاتۆر و هەموو لایەک بۆیان دەرکەوت کە من لە پێناوی مەسیحدا کۆت و بەند کراوم. 14 مەسیحی باڵادەست بەهۆی کۆت و بەندی منەوە وای لە زۆربەی خوشک و برایان کردووە پشت بە ئەو ببەستن، تاکو بتوانن بوێرانەتر و بە چاونەترسییەوە پەیامەکەی ڕابگەیەنن.
15 بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش. 16 ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان. 17 ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن. 18 ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی بێت، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەمەش دڵشادم.
بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم، 19 چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم[b]. 20 بە پەرۆشەوە چاوەڕوانم و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵام ورەبەرز دەبم بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن، 21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج. 22 بەڵام ئەگەر ژیانم لە جەستە بەردەوام بێت، خەریکی خزمەتێک دەبم کە بەرهەمی هەبێت. چی هەڵبژێرم؟ نازانم! 23 لە دوو لاوە فشارم لەسەرە، حەز دەکەم ئەم ژیانە بەجێبهێڵم و لەگەڵ مەسیح بژیم، ئەمەش زۆر باشترە، 24 بەڵام مانەوەم بە جەستە بۆ ئێوە پێویستترە. 25 لەمە دڵنیام، دەزانم لە ژیاندا دەمێنم و لەگەڵ هەمووتان بەردەوام دەبم، بۆ بەرەوپێشچوون و خۆشیتان لە باوەڕ، 26 تاکو بەهۆی هاتنەوەی من بۆ لاتان شانازیتان بە عیسای مەسیح لە ڕێگەی منەوە زیاد بکات.
27 تەنها بە شێوەیەک بژین کە شایستەی پەیامی ئینجیلی مەسیح بێت، تاکو کاتێک بێم و بتانبینم یان لەلاتان نەبم و هەواڵتان ببیستم، کە لە یەک ڕۆحدا چەسپاون و بە یەک دڵ تێدەکۆشن لە پێناوی ئەو باوەڕەی کە لەسەر بناغەی پەیامی ئینجیلە، 28 لە هیچ شتێکی ڕکابەرەکانتان ناترسن. ئەمە بەڵگەیە بۆ لەناوچوونیان، بەڵام ڕزگارییە بۆ ئێوە، ئەمەش لە خوداوەیە، 29 چونکە خودا لەبەر مەسیح تەنها باوەڕهێنان بە ئەوی پێ نەبەخشیون، بەڵکو ئازار چێژتنیش لە پێناوی ئەو، 30 لەبەر ئەوەی هەمان تێکۆشانتان هەیە، ئەوەی لە منتان بینیوە و ئێستا لە منی دەبیستن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.