Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 34-36

دادوەری لە دژی نەتەوەکان

34 ئەی نەتەوەکان نزیک بنەوە هەتا گوێ بگرن،
    ئەی نەتەوەکان گوێ شل بکەن!
با زەوی و هەرچی تێیدایە گوێ بگرێت،
    جیهان و هەموو بەرهەمەکانی،
چونکە تووڕەیی یەزدان لەسەر هەموو نەتەوەکانە،
    هەڵچوونی لەسەر هەموو سوپاکانیانە.
بە تەواوی قڕی کردوون[a]،
    بەدەستەوەی داون بۆ سەربڕین.
کوژراوەکانیان فڕێدەدرێن،
    تەرمەکانیان بۆنی بۆگەن دەردەکات و
    چیاکان لەناو خوێنی ئەوان دەتوێنەوە.
خۆر و مانگ و ئەستێرەکان دەتوێنەوە،
    ئاسمان وەک تۆمارێک دەپێچرێتەوە.
هەموو ئەستێرەکان هەڵدەوەرن،
    وەک هەڵوەرینی گەڵای مێو،
    وەک وەرینی هەنجیر لە دارەکەی.

شمشێری من لە ئاسمان تێر ئاو بووە،
    وا دادەبەزێتە سەر ئەدۆم و
    بەسەر گەلێک بە نەفرەتم کردووە بۆ حوکم بەسەردادان.
یەزدان شمشێرێکی هەیە خوێنی لێ دەتکێت،
    قەڵەو بووە بە پیو[b]،
بە خوێنی بەرخ و تەگە،
    بە پیوی گورچیلەی بەرانەکان،
چونکە یەزدان قوربانی سەربڕاوی هەیە لە بۆزرا و
    سەربڕینێکی گەورەی هەیە لە خاکی ئەدۆم.
گای کێوی لەگەڵیان دەکەون،
    گوێرەکەکان لەگەڵ کەڵەگاکان،
زەوییان بە خوێن ئاو دەدرێت،
    خۆڵیان بە پیو قەڵەو دەبێت.

چونکە یەزدان ڕۆژی تۆڵەسەندنەوەی هەیە،
    ساڵی سزادان لەبەر کێشەکەی سییۆن.
جا ڕووبارەکانی ئەدۆم دەبن بە قیڕ و
    خۆڵەکەی بە گۆگرد،
    زەوییەکەی دەبێت بە قیڕی داگیرساو!
10 شەو و ڕۆژ ناکوژێتەوە،
    دووکەڵی بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە.
نەوە دوای نەوە کاول دەبێت،
    بۆ هەتاهەتایە کەس پێیدا تێناپەڕێت.
11 کوندەپەپووی بیابان و بایەقووش داگیری دەکەن،
    کوندەپەپووی گەورە و قەلەڕەش تێیدا نیشتەجێ دەبن.
بەسەر ئەدۆمدا خودا گوریسی پێوانە بۆ خاپوور بوون و
    شاووڵی چۆڵبوون درێژ دەکات.
12 خانەدانەکانی هیچیان لەوێ نابێت کە بە شانشینێک دادەنرێن،
    هەموو میرەکانی لەناودەچن.
13 دڕک لە کۆشکەکانی شین دەبێت،
    چقڵ و وشترالووک لە قەڵاکانی.
دەبێت بە مۆڵگای چەقەڵ و
    لانەی کوندەپەپوو.
14 دڕندە بیابانییەکان و کەمتیار پێکدەگەن،
    تەگە[c] بانگی هاوەڵەکانیان دەکەن،
شەو لەوێ ئارام دەگرێت و
    جێی حەوانەوە بۆ خۆی دەدۆزێتەوە.
15 لەوێ کوندەپەپوو هێلانە دەکات و هێلکە دەکات،
    کڕ دەکەوێت و لەژێر سێبەری باڵەکانی هەڵیدەهێنێت.
لەوێ شاهین و شمقاڕ کۆدەبنەوە،
    هەریەکە و لەگەڵ تاکەکەی.

16 تۆمارەکەی یەزدان بپشکنن و بخوێننەوە:

یەکێک لەمانە کەم نابێتەوە،
    هیچ مێینەیەک نێرەکەی خۆی ون ناکات،
چونکە دەمی ئەو فەرمانی داوە،
    ڕۆحی ئەو کۆیان دەکاتەوە.
17 ئەو تیروپشکی بۆ کرد،
    دەستی ئەو بە پەت بۆی بەش کرد.
بۆ هەتاهەتایە داگیری دەکەن،
    نەوە دوای نەوە تێیدا نیشتەجێ دەبن.

خۆشحاڵی ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە

35 چۆڵەوانی و خاکی وشک شادمان دەبن،
    بیابان دەگەشێتەوە و چرۆ دەکات،
وەک گوڵاڵە سوورە، بە تەواوی چرۆ دەکات و
    تەواو دەگەشێتەوە و هاواری خۆشی دەکات!
شکۆی لوبنانی پێدەدرێت،
    شەوکەتی کارمەل و شارۆن،
ئەوان شکۆی یەزدان و
    شەوکەتی خودامان دەبینن.

دەستە شلەکان توند بکەن و
    ئەژنۆ لەرزۆکەکان بچەسپێنن.
بەوانە بڵێن کە دڵەکوتێیانە:
    «خۆتان توند بکەن، مەترسن!
ئەوەتا خوداتان،
    بە تۆڵەسەندنەوە دێت،
سزای خوداتان.
    ئەو دێت و ڕزگارتان دەکات.»

ئەوسا چاوی کوێر دەبینێت و
    گوێی کەڕ دەکرێتەوە.
ئەوسا شەل وەک ئاسک باز دەدات و
    زمانی لاڵ هاواری خۆشی دەکات،
چونکە لە چۆڵەوانی ئاو تەقییەوە و
    ڕووباریش لە بیابان.
سەراب دەبێتە گۆم و
    خاکی تینوو بە کانیاو.
لە لانەی چەقەڵەکان لە مۆڵگەکەیان
    قامیش و زەلی لێ سەوز دەبێت.

لەوێ ڕێڕەوێک و ڕێگایەک دەبێت،
    ڕێگای پیرۆزی پێ دەگوترێت.
گڵاو پێیدا تێناپەڕێت،
    بەڵکو بۆ ئەوانەیە
کە بە چاکە پێیدا دەڕۆن،
    گێلەکان پێدا ناڕۆن.
شێر لەوێ نابێت،
    جانەوەری دڕندە بۆ ئەوێ سەرناکەوێت،
    لەوێ بەرچاو ناکەون.
بەڵکو ئەوانەی کڕاونەتەوە پێیدا دەڕۆن،
10     ئەوانەی یەزدان کڕیونیەتیەوە دەگەڕێنەوە.
بە هاواری خۆشی بۆ سییۆن دێن و
    شادی هەتاهەتایی بەسەر سەریانەوە.
شادی و خۆشی پێیان دەگات و
    ناخۆشی و ئاخ هەڵکێشان هەڵدێن.

سەنحێریب هەڕەشە لە ئۆرشەلیم دەکات

36 لە ساڵی چواردەیەمی حەزقیا پاشا، سەنحێریبی پاشای ئاشور هێرشی کردە سەر هەموو شارە قەڵابەندەکانی یەهودا و داگیری کردن. ئیتر پاشای ئاشور لە لاخیشەوە فەرماندەی ناوچەکەی بە سوپایەکی گەورەوە بۆ حەزقیای پاشا نارد لە ئۆرشەلیم. کاتێک لەلای ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە ڕاوەستا کە لەسەر ڕێگای شوێنی جلشۆرینەکەیە، ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیا سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی[d] و یۆئاحی تۆمارکار کوڕی ئاساف چوونە دەرەوە بۆ لای.

فەرماندەی ناوچەکە پێی گوتن: «بە حەزقیا بڵێن:

«”پاشای گەورە، پاشای ئاشور دەڵێت: تۆ پشتت بە چی بەستووە؟ تۆ دەڵێیت کە پلان و هێزت هەیە بۆ جەنگ، بەڵام ئەوە قسەی پووچە. ئێستاش پشتت بە کێ بەستووە تاکو لێم یاخی بیت؟ وا پشتت بە پاڵپشتی ئەو قامیشە شکاوەی میسر بەستووە، ئەوەی کە هەرکەسێک خۆی بەسەردا بچەمێنێتەوە لەپی دەستی بریندار دەبێت و کونی دەکات! فیرعەونی پاشای میسر ئاوایە بۆ هەموو ئەوانەی پشتی پێ دەبەستن. ئەگەر پێشم بڵێیت: ’پشتمان بە یەزدانی پەروەردگارمان بەستووە.‘ ئایا ئەوە ئەو نەبوو کە حەزقیا نزرگەکانی سەر بەرزایی و قوربانگاکانی تێکدا و بە یەهودا و ئۆرشەلیمی گوت: ’لەبەردەم ئەم قوربانگایە کڕنۆش دەبەن‘؟

«”ئێستاش گرەو لەگەڵ پاشای ئاشوری گەورەم بکە، من دوو هەزار ئەسپت دەدەمێ، ئەگەر تۆ بتوانیت بۆ خۆت سوار لەسەریان دابنێیت! ئیتر چۆن دەتوانیت تاکە ئەفسەرێک لە خزمەتکارە بچووکەکانی گەورەکەم بگەڕێنیتەوە، تەنانەت ئەگەر پشت بە میسریش ببەستیت بۆ گالیسکە و سوار؟ 10 ئێستاش ئایا من بەبێ یەزدان هێرشم کردووەتە سەر ئەم خاکە هەتا وێرانی بکەم؟ یەزدان پێی فەرمووم: بەسەر ئەو خاکەدا بدە و وێرانی بکە.“»

11 ئینجا ئەلیاقیم و شەڤنا و یۆئاح بە فەرماندەی ناوچەکەیان گوت: «تکایە لەگەڵ خزمەتکارەکانت بە زمانی ئارامی قسە بکە، چونکە لێی تێدەگەین، بە عیبری قسەمان لەگەڵ مەکە لەبەرچاوی خەڵکەکەی سەر شووراکە.»

12 فەرماندەکەش گوتی: «ئایا گەورەم تەنها بۆ لای گەورەکەت و تۆی ناردووین هەتا ئەم قسانە بکەین؟ ئایا بۆ لای ئەو پیاوانەی سەر شووراکەی نەناردووین، بۆ ئەوەی پیسایی خۆیان بخۆن و میزی خۆیان بخۆنەوە لەگەڵتان؟»

13 ئینجا فەرماندەکە وەستا و بە دەنگێکی بەرز بە زمانی عیبری هاواری کرد و گوتی: «گوێ لە قسەی پاشای گەورە بگرن، پاشای ئاشور! 14 پاشا ئاوا دەڵێت: مەهێڵن حەزقیا فریوتان بدات، چونکە ناتوانێت ڕزگارتان بکات. 15 مەهێڵن حەزقیا واتان لێ بکات پشت بە یەزدان ببەستن و بڵێت: ”بێگومان یەزدان فریامان دەکەوێت و ئەم شارە ناداتە دەست پاشای ئاشور.“

16 «گوێ لە حەزقیا مەگرن، چونکە پاشای ئاشور دەڵێت، ڕازی بن بە ملکەچبوون بۆ من، وەرنە دەرەوە بۆ لام، با هەرکەسە لە مێوەکەی خۆی و لە دار هەنجیرەکەی خۆی بخوات و ئاو لە ئەمباراوەکەی خۆی بخواتەوە. 17 هەتا ئەو کاتەی دێم و دەتانبەمە خاکێکی وەک خاکەکەی خۆتان، خاکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ، خاکی نان و ڕەزەمێو.

18 «با حەزقیا فریوتان نەدات کە دەڵێت: ”یەزدان ڕزگارمان دەکات.“ ئایا خوداوەندی هیچ نەتەوەیەک توانی خاکەکەی خۆی لە دەست پاشای ئاشور ڕزگار بکات؟ 19 کوان خوداوەندەکانی حەمات و ئەرپاد؟ کوان خوداوەندەکانی سفەرڤەیم؟ ئایا فریای سامیرە کەوتن لە دەستم؟ 20 کام لە هەموو خوداوەندەکانی ئەو خاکانە توانی خاکەکەی خۆی لە دەستی من ڕزگار بکات؟ ئیتر چۆن یەزدان فریای ئۆرشەلیم دەکەوێت لە دەستی من؟»

21 بەڵام گەل بێدەنگ بوون و بە یەک وشەش وەڵامیان نەدایەوە، چونکە پاشا فەرمانی کردبوو: «وەڵامی نەدەنەوە.»

22 ئینجا ئەلیاقیمی کوڕی حیلقیای سەرپەرشتیاری کۆشک و شەڤنای خامەی نهێنی و یۆئاحی کوڕی ئاسافی تۆمارکار هاتنە لای حەزقیا و جلەکانیان دادڕی بوو، قسەکانی فەرماندەی ناوچەکەیان پێی ڕاگەیاند.

کۆلۆسی 2

دەمەوێ بزانن چ خەباتێک دەکەم بۆ ئێوە و ئەوانەی لە شاری لاودیکییان و هەموو ئەوانەی ڕووبەڕوو منیان نەبینیوە، تاکو ورەیان بەرزبێتەوە و لە خۆشەویستیدا یەکبگرن بۆ ئەوپەڕی دەوڵەمەندی لە تێگەیشتنی تەواو، تاکو نهێنی خودا بناسین، واتە مەسیح، لە ئەودا هەموو گەنجینەی دانایی و زانیاری شاردراوەتەوە. ئەمە دەڵێم تاکو کەس بە قسەی لووس چەواشەتان نەکات. هەرچەندە بە جەستە لەلاتان نیم، بەڵام بە ڕۆح لەگەڵتانم، دڵشادم کاتێک ڕێکی و چەسپاوی باوەڕتان بە مەسیح دەبینم.

تەواوەتی مەسیح

ئیتر هەروەک چۆن عیسای مەسیحتان بە گەورەی خۆتان وەرگرتووە، بە یەکبوون لەگەڵ ئەو بەردەوام بن لە ژیان، لە ئەودا ڕەگ دابکوتن و خۆتان بنیاد بنێن. وەک فێربوون چەسپاو بن لە باوەڕدا، هەروەها با دڵتان پڕ لە سوپاسگوزاری بێت.

ئاگاداربن کەس بە فەلسەفەی پووچ و هەڵخەڵەتێنەر دیلتان نەکات، کە پشت بە نەریتی خەڵک و بنەما بنەڕەتییەکانی جیهان دەبەستێت، نەک بە مەسیح.

خودا بە هەموو پڕیی خۆی لە جەستەی مەسیحدا نیشتەجێ بووە، 10 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە. 11 هەروەها بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا ئێوە خەتەنەیەک کراون کە بە دەستی مرۆڤ ناکرێت. پێشتر تەواوی سروشتە گوناهبارەکەتان لەلایەن جەستەوە بەڕێوەدەبردرا، بەڵام کاتێک ئێوە لەلایەن مەسیحەوە خەتەنە کران[a]، سروشتە گوناهبارەکە داماڵرا. 12 لە کاتی لە ئاو هەڵکێشانتان لەگەڵ ئەودا نێژران، لەگەڵ ئەویش هەستانەوە بەهۆی باوەڕتان بە توانای خودا، کە لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە.

13 ئێوەش کە بەهۆی گوناه و خەتەنە نەکردنی جەستەتان مردبوون، خودا لەگەڵ مەسیحدا زیندووی کردنەوە، لە هەموو گوناهەکانمان خۆشبوو. 14 ئەو تۆمارەی سڕییەوە[b] کە لە ئەرکەکاندا لەسەرمان بوو، لە دژی ئێمە بوو، لەم نێوەندە هەڵیگرت و بە خاچەوە بزمارکوتی کرد. 15 سەرۆکەکان و دەسەڵاتدارانی چەککرد و بە ئاشکرا کردنییە پەند، لە خاچدا بەسەریاندا زاڵبوو.

16 بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات. 17 ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. 18 مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. 19 ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.

20 ئەگەر سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: 21 «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟ 22 ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون. 23 بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو[c] و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.