Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 30-31

قوڕبەسەر نەتەوەی کەللەڕەق

30 یەزدان دەفەرموێت:
    «قوڕبەسەر کوڕانی کەللەڕەق،
پلانێک جێبەجێ دەکەن کە هی من نییە،
    داڕێژراوێک دادەڕێژن کە لە ڕۆحی منەوە نییە
    بۆ ئەوەی گوناه لەسەر گوناه زیاد بکەن.
دەڕۆن هەتا بەرەو میسر شۆڕ بنەوە
    بێ ئەوەی پرس بە من بکەن،
هەتا پەنا بدەنە پاڵ قەڵای فیرعەون،
    لە سایەی میسر پەناگیر بن.
بەڵام قەڵای فیرعەون بۆتان دەبێت بە ڕیسوایی و
    پەناگیریشتان لە سایەی میسر بە شەرمەزاری.
هەرچەندە میرەکانی وا لە چۆعەنن،
    نێردراوەکانی گەیشتنە شاری حانێس،
بەڵام هەموو شەرمەزار دەبن
    لە گەلێک کە بێ سوودە بۆیان،
بۆ یارمەتیدان نییە و بۆ سوود بەخشین نییە،
    چونکە بۆ ڕیسوایی و بۆ شورەییە.»

سروشێک سەبارەت بە ئاژەڵەکانی نەقەب:

لە خاکی تەنگانە و ناخۆشیدا،
    ئەوەی شێرە مێ و شێری لێوە دێت،
    مار و ماری ژەهراوی باڵدار،
سامانەکانیان لەسەر شانی گوێدرێژ بار دەکەن،
    لەسەر پشتی وشتریش گەنجینەکانیان
بۆ لای گەلێک کە سوود نابەخشن،
    چونکە پووچ و بەفیڕۆدانە یارمەتییەکەی میسر.
لەبەر ئەوە ناوم لەمە نا:
    «ڕەهەڤ ئەوەی هیچ ناکات».

ئێستا وەرە لەلایان لەسەر تەختەیەک بینووسە و
    لە تۆمارێک نەخشی بکە،
هەتا بۆ ڕۆژگاری داهاتوو ببێت بە
    شایەتێک بۆ هەتاهەتایە.
چونکە گەلێکی یاخین، کوڕانی درۆزنن،
    ئەو کوڕانەی نەیانویست گوێ لە فێرکردنی یەزدان بگرن.
10 بە پێشبینیکەر دەڵێن:
    «پێشبینی مەکە!»
بەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت دەڵێن:
    «پەیامی ڕاستمان پێ ڕامەگەیەنە!
قسەی لووسمان بۆ بکە،
    خەونی تەفرەدەر ببینە!
11 لە ڕێگا لابدەن،
    ڕێچکە بەر بدەن،
خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل
    لە ئێمە دووربخەنەوە!»

12 لەبەر ئەوە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:

«ئەم پەیامەتان ڕەتکردەوە و
    متمانەتان بە زۆرداری و خواروخێچی کرد و
    پشتتان پێیان بەست،
13 لەبەر ئەوە ئەم تاوانەتان وەک
    دیوارێکی ناڕێک و بەرز درزی تێکەوتبێت،
    ئەوەی لەناکاو و دەستبەجێ دادەڕووخێت.
14 وەک شکانی گۆزەی گۆزەکەران دەشکێت
    بێ بەزەییانە وردوخاش دەکرێت،
لەناو پارچە وردوخاشکراوەکانی
    پارچەیەک نابێت بۆ هەڵگرتنی ئاگر لە ئاگردانەوە
    یان بۆ ئاو دەرهێنان لە ئەمباراوەوە.»

15 یەزدانی باڵادەست، پیرۆزەکەی ئیسرائیل وا دەفەرموێت:

«بە تۆبەکردن و ئارامگرتن ڕزگارتان دەبێت،
    پاڵەوانیتان لە هێمنی و لە دڵنیاییتان دەبێت،
    بەڵام نەتانویست،
16 گوتتان: ”وا نا، بەڵکو بە ئەسپ هەڵدێین،“
    لەبەر ئەوە هەڵدێن!
گوتتان: ”سواری ئەسپی خێرا دەبین،“
    لەبەر ئەوە ڕاونەرانتان خێرا دەکەن!
17 لە ڕووی نەڕەی یەک کەس
    هەزار کەس هەڵدێت،
لە ڕووی نەڕەی پێنج کەس
    هەمووتان هەڵدێن،
هەتا وەک دار ئاڵا لەسەر لووتکەی چیا و
    وەک بەیداخ بەسەر گردەوە دەمێننەوە.»

18 بەڵام یەزدان چاوەڕێی ئەوە دەکات هەتا لەگەڵتان میهرەبان بێت،
    لەبەر ئەوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی بەزەیی پێتاندا بێتەوە،
چونکە یەزدان خودای دادپەروەرییە.
    خۆزگە بەوانەی چاوەڕێی دەکەن!

19 ئەی گەل کە لە سییۆن لە ئۆرشەلیم نیشتەجێن، ئێوە ئیتر ناگریێن. بە تەواوی میهرەبان دەبێت لەگەڵتان، لەگەڵ دەنگی هاوارتان کە گوێی لێ دەبێت، بە دەنگتانەوە دێت. 20 هەرچەندە پەروەردگار نانی تەنگانە و ئاوی ناخۆشیتان دەداتێ، بەڵام ئیتر مامۆستاکانتان ناخرێنە پەنای چاوەکانتان، مامۆستاکانتان دەبینن. 21 کاتێک بەلای ڕاست یان چەپدا لادەدەن، گوێیەکانتان دەنگێک دەبیستێت لە دواتانەوە دەڵێت: «ئەمە ڕێگاکەیە پێیدا بڕۆن.» 22 پەیکەرە داتاشراوە بە زیو ڕووکەشکراوەکانتان و بتە لەقاڵبدراوە بە زێڕ ڕووکەشکراوەکانتان بە گڵاو دادەنێن. وەک پەڕۆی پیسی ئافرەت فڕێیدەدەن، پێی دەڵێن: «بڕۆ دەرەوە!»

23 ئینجا بارانی تۆوەکەت دەداتێ کە زەوییەکەی پێ تۆو دەکەیت، نانی بەروبوومی زەوییەکە چەور و قەڵەو دەبێت. لەو ڕۆژەدا مەڕوماڵاتەکەت لە لەوەڕگایەکی پانوبەریندا دەلەوەڕێن. 24 گاجووت و نێرەکەرەکانت کە لە زەوییەکەت کار دەکەن ئالیکی پاککراو دەخۆن کە بە شەن و بێڵ شەن کرابێت. 25 جا لەسەر هەموو کێوێکی بڵند و لەسەر هەموو تەپۆڵکەیەکی بەرز ڕووبار و جۆگەی ئاو دەبێت لە ڕۆژی کوشتارە مەزنەکە، کاتێک قوللەکان دەکەون. 26 جا ڕووناکی مانگ وەک ڕووناکی خۆر دەبێت، ڕووناکی خۆریش حەوت ئەوەندە دەبێت وەک ڕووناکی حەوت ڕۆژ لەو ڕۆژەی یەزدان شکاوی گەلەکەی دەگرێتەوە و جێی لێدانەکانی تیمار دەکات.

27 ئەوەتا ناوی یەزدان لە دوورەوە هات،
    تووڕەییەکەی گڕی گرتووە و بارەکەی قورسە.
لێوەکانی پڕن لە هەڵچوون و
    زمانی وەک ئاگرێکی لووشدەرە.
28 هەناسەی وەک ڕووبارێکی هەستاوە
    دەگات بە گەردن،
بۆ لەبێژنگدانی نەتەوەکان
    بە بێژنگی لەناوچوون و
    لغاوی گومڕابوونیش لەدەم گەلانە.
29 گۆرانییەکتان بۆ دەبێت
    وەک شەوی تەرخانکردنی جەژن،
خۆشی دڵیش
    وەک ئەوەی بەدەم بلوێرەوە بڕوات
هەتا بێت بۆ کێوی یەزدان،
    بۆ تاشەبەردەکەی ئیسرائیل.
30 یەزدان وا دەکات دەنگی مەزنی ببیسترێت و
    دابەزینی بازووی ببینرێت
بە هەڵچوونی تووڕەیی و گڕی ئاگری لووشدەر،
    بە ڕەشەبا و لێزمەی باران و تەرزەوە.
31 چونکە ئاشور لە دەنگی یەزدان لەرز دەیگرێت،
    بە داردەست لێدەدات.
32 جا هەموو لێدانێکی گۆچانی دادوەری،
    ئەوەی یەزدان بەسەریدا دەهێنێت،
بە دەف و قیسارەوە دەبێت و
    بە ڕاوەشاندنی دەستی کە دەجەنگێت.
33 چونکە چاڵی تۆفەت[a] لەمێژە ڕێکخراوە،
    بۆ پاشا ئامادە کراوە،
قووڵە، بەرینە،
    کەڵەکە کراوەکەی ئاگرە و داری زۆرە.
هەناسەی یەزدان
    وەک ڕووباری گۆگردە
    گڕی تێبەردەدات.

قوڕبەسەر ئەوانەی پشت بە میسر دەبەستن

31 قوڕبەسەر ئەوانەی دادەبەزن بۆ میسر بۆ یارمەتی،
    پشت بە ئەسپ دەبەستن،
متمانە بە زۆری گالیسکە و
    هێزی لە ڕادەبەدەری سوارەکانیان دەکەن،
بەڵام پشتیان بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل نەبەست و
    داوای یەزدانیان نەکرد.
ئەویش هەروەها دانایە و کارەسات دەهێنێت،
    لە وشەی خۆی با ناداتەوە.
هەڵدەستێتە سەر ماڵی خراپەکاران و
    بۆ سەر یارمەتیدەری ستەمکاران.
بەڵام میسرییەکان مرۆڤن نەک خودا،
    ئەسپەکانیان جەستەیین نەک ڕۆح.
کاتێک یەزدان دەستی درێژ دەکات،
    یارمەتیدەر ساتمە دەکات و
    یارمەتیدراو دەکەوێت،
    هەموو پێکەوە لەناودەچن.

ئێستا یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:

«وەک شێر و بەچکە شێر دەنەڕێنێت
    بەسەر نێچیرەکەیەوە،
ئەوەی کۆمەڵە شوان
    هاواری لێ دەکەن،
لە دەنگیان ناترسێت و
    لە هاتوهەرایان ناشڵەژێت،
ئاواش یەزدانی سوپاسالار دادەبەزێت
    بۆ شەڕکردن لەسەر کێوی سییۆن و لەسەر گردەکانی.
وەک باڵندە فڕیوەکان،
    ئاوا یەزدانی سوپاسالار پارێزگاری لە ئۆرشەلیم دەکات،
پارێزگاری دەکات و فریادەکەوێت،
    بەسەریدا تێدەپەڕێت[b] و دەربازی دەکات.»

بگەڕێنەوە لای ئەوەی نەوەی ئیسرائیل بە قووڵی لێی هەڵگەڕانەوە، چونکە لەو ڕۆژەدا هەرکەسە و بتە زێڕ و زیوەکانتان ڕەت دەکەنەوە، ئەوەی دەستە گوناهبارەکانتان دروستی کردن.

«ئاشور دەکەوێت، بەڵام بە شمشێری مرۆڤ نا،
    شمشێری ئادەمیزاد نییە کە دەیخوات.
جا لە ڕووی شمشێر هەڵدێت و
    گەنجەکانی بۆ بێگاری دەبن.
قەڵاکەیان لە ترسان دەکەوێت،
    میرەکانیشی لە ئاڵا دەترسن،»
یەزدان دەفەرموێت،
    ئەوەی ئاگری هەیە لە سییۆن و
    تەنووری هەیە لە ئۆرشەلیم.

فیلیپی 4

بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن

بۆیە خوشکان و برایانم، ئەی ئەوانەی خۆشمدەوێن و پەرۆشتانم، ئێوە خۆشی و تاجی منن، خۆشەویستانم بەو شێوەیە کە نووسیومە، بە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بچەسپێن.

لە ئەوۆدیا و سینتخی دەپاڕێمەوە کە بە یەکبوونیان لەگەڵ مەسیح هاوبیر بن. بەڵێ تۆش ئەی هاوڕێی دڵسۆزم، داوات لێ دەکەم یارمەتییان بدەیت، چونکە هەردووکیان لە ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیلدا شانبەشانی من تێکۆشاون، لەگەڵ کلیمنتۆس و هاوکارانی دیکەم کە ناویان لە پەڕتووکی ژیانە.

هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن! با هەموو خەڵک بە ڕووخۆشیتان بزانێت. هاتنەوەی عیسای خاوەن شکۆ نزیکە. نیگەران مەبن، بەڵکو با لە هەموو شتێکدا داواکاریتان بە نوێژ و پاڕانەوە و سوپاسگوزارییەوە لەلای خودا زانراو بێت. ئاشتی خوداش، ئەوەی بەرزترە لە هەموو تێگەیشتنێک، دڵ و بیرتان بە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا دەپارێزێت.[a]

لە کۆتاییدا خوشکان و برایان، بیر لە هەموو ئەو شتانە بکەنەوە کە ڕاست و ڕێزدارن، دادپەروەر و پاکن، خۆشەویست و ناوبانگ باشن، ڕەوشت بەرز و شایانی ستایشن. چی لە مندا فێربوون و وەرتانگرت و بیستتان و بینیتان، ئەوە جێبەجێ بکەن. خودای ئاشتیش لەگەڵتان دەبێت.

سوپاس بۆ بەخشینتان

10 زۆر دڵشاد بووم بە مەسیحی خاوەن شکۆ، وا ئێستا دیسان بایەخم پێدەدەن، بە دڵنیاییەوە پێشتریش بایەختان پێم دەدا، بەڵام دەرفەتی ئەوەتان نەبوو کە دەریبخەن. 11 من ئەمە ناڵێم لەبەر ئەوەی پێویستم بە یارمەتییە، چونکە فێربووم لە هەر دۆخێکدا بم خۆبژێو بم. 12 دەزانم نەبوونی چییە و دەزانم هەبوونیش چییە، لە هەر شتێک و لە هەموو شتێکدا فێری نهێنی ئەوە بووم لە هەبوونی و نەبوونیدا ئاسوودە بم. 13 دەتوانم هەموو ئەم شتانە بکەم لە ڕێگەی مەسیحەوە کە بەهێزم دەکات.

14 لەگەڵ ئەوەشدا چاکتان کرد کە بەشداری تەنگانەتان کردم. 15 ئەی فیلیپییەکان، ئێوەش دەزانن، لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی پەیامی ئینجیل لەنێو ئێوە، کاتێک لە مەکدۆنیا ڕۆیشتم، هیچ کڵێسایەک لە بابەتی وەرگرتن و پێداندا هاوکارییان نەکردووم، ئێوە نەبێت. 16 تەنانەت ئەو کاتەی لە شاری سالۆنیکی بووم، چەند جارێک هاوکاریتان کردم کاتێک پێویستم بە یارمەتی بوو. 17 نەک لەبەر ئەوەی حەزم لە بەخشین بێت بەڵکو حەزم لەو بەرهەمەیە کە لەلای خودا بۆتان تۆمار بکرێت. 18 ئێستا هەموو شتێکم هەیە، زیاتر لە پێویست. ئەو شتانەی ئەپەفرۆدیتۆس لەلای ئێوە هێنای وەرمگرت و تێربووم، بۆنێکی خۆشە، قوربانییەکی قبوڵکراوە، دڵی خودا خۆش دەکات. 19 خودای من هەموو پێداویستییەکانتان دابین دەکات بەپێی دەوڵەمەندی ئەو شکۆیەی لە عیسای مەسیحدا هەیەتی. 20 ئێستاش شکۆمەندی بۆ خودای باوکمان هەتاهەتایە. ئامین.

سڵاوی کۆتایی

21 بە ناوی عیسای مەسیح سڵاو لە هەموو گەلی خودا بکەن. ئەو خوشک و برایانەی لەگەڵمدان سڵاوتان لێدەکەن. 22 هەموو گەلی خودا کە لێرەن سڵاوتان لێدەکەن، بە تایبەتی ئەوانەی لە خانەوادەی قەیسەرن.

23 با نیعمەتی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحتان بێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.