Old/New Testament
سکاڵانامەی یەرمیا
12 ئەی یەزدان، تۆ ڕاستودروستیت
کاتێک سکاڵای خۆم بۆ تۆ دەهێنم.
لەگەڵ ئەوەشدا سەبارەت بە حوکمەکانی تۆ دەدوێم:
بۆچی ڕێگای بەدکاران سەرکەوتووە؟
بۆچی هەموو ناپاکەکان ئاسوودەن؟
2 ئەوانت چاند و ڕەگیان داکوتا،
گەشەیان کرد و بەریان دا.
تۆ هەردەم لەسەر زاری ئەوانیت
بەڵام لە دڵیان دووریت.
3 بەڵام ئەی یەزدان، تۆ دەمناسیت،
دەمبینیت و لەلای خۆت دڵی من تاقی دەکەیتەوە.
وەک مەڕ بۆ سەربڕین جیایان بکەوە!
بۆ ڕۆژی کوشتن تەرخانیان بکە!
4 هەتا کەی زەوی بگریێ و
گیای هەموو کێڵگەکان وشک بێت؟
لەبەر خراپەی دانیشتووانەکەی
ئاژەڵ و باڵندە لەناوچوون،
چونکە گوتیان: «خودا کۆتایی ئێمە نابینێت.»
وەڵامی خودا
5 «ئەگەر لە ڕاکردن لەگەڵ پیادەکان ماندوو بیت،
ئەی چۆن پێشبڕکێ لەگەڵ ئەسپەکان دەکەیت؟
ئەگەر لەسەر خاکێکی سەلامەت ساتمە دەکەیت و دەکەویت،
ئەی لە دەوەنەکانی ڕووباری ئوردون چی دەکەیت؟
6 چونکە براکانت و بنەماڵەکەشت،
ئەوانیش ناپاکییان لەگەڵ کردیت،
ئەوانیش پڕ بەدەم بەدواتدا هاواریان کرد.
لێیان دڵنیا مەبە، هەرچەندە باسی چاکەشیان بۆ کردیت.
7 «واز لە ماڵی خۆم دەهێنم،
میراتی خۆم ڕەت دەکەمەوە،
ئەویندارەکەی خۆم
دەخەمە چنگی دوژمەنەکانیەوە.
8 میراتەکەم لێم دەبێتە
شێرێک لە دارستان،
بەسەرمدا دەنەڕێنێت،
لەبەر ئەوە دژایەتی دەکەم.
9 میراتەکەم مەلی گۆشتخۆری خاڵدارە،
مەلە گۆشتخۆرەکانی دیکە چواردەوریان داوە و هێرشیان کردووەتە سەری؟
بڕۆن هەموو ئاژەڵە کێوییەکان کۆبکەنەوە،
بیانهێنن بۆ خواردن.
10 زۆر شوان ڕەزەمێوەکەی من تێکدەدەن،
کێڵگەکەی من پێپەست دەکەن.
کێڵگە ئارەزووبەخشەکەی من
دەکەنە چۆڵەوانییەکی کاول.
11 دەیکەنە کاولگە،
کاولگە شیوەن بۆ من دەگێڕێت.
هەموو زەوی کاول دەبێت،
چونکە کەس نییە گرنگی پێبدات.
12 لەسەر هەموو گردۆڵکەکانی چۆڵەوانی
تاڵانکەران دێن،
چونکە شمشێری یەزدان
لەوپەڕی زەوییەوە هەتا ئەم پەڕی دەخوات،
ئاشتی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
13 گەنم دەچێنن و دڕک دەدورنەوە،
ماندوو دەبن و قازانج ناکەن.
ئیتر شەرمەزار دەبن لە بەروبوومەکەتان،
لە گڕی تووڕەیی یەزدان.»
14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لەناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم. 15 لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە. 16 لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن. 17 بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
پشتێنێکی کەتان
13 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» 2 منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.
3 ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 4 «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستاوە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات[a] و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» 5 منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.
6 دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» 7 منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.
8 ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 9 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
نموونەی گۆزەی شەراب
12 «جا ئەم فەرمایشتەیان پێ ڕابگەیەنە: ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت.“ جا پێت دەڵێن: ”بۆ ئێمە نازانین هەموو گۆزەیەکی شەراب پڕ شەراب دەبێت؟“ 13 تۆش پێیان دەڵێیت: ”یەزدان دەفەرموێت: ئەوەتا من هەموو دانیشتووانی ئەم خاکە پڕ دەکەم لە سەرخۆشی، ئەو پاشایانەی لە داودن، لەسەر تەختەکەی دانیشتوون، کاهین و پێغەمبەران و هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم. 14 بە یەکتری وردوخاش دەکەم، باوک و کوڕ پێکەوە، دڵم ناسووتێت و دەست ناپارێزم و بەزەییم نایەتەوە لە لەناوبردنیان.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
مەترسی ڕاپێچکراوان
15 گوێ بگرن و گوێ شل بکەن،
لووتبەرز مەبن،
چونکە یەزدان فەرموویەتی.
16 شکۆ بدەنە یەزدانی پەروەردگارتان
بەر لەوەی تاریکی دابێنێت،
بەر لەوەی پەل بکوتن
لەسەر چیا بەر لە تاریکایی شەو.
ئێوە خوازیاری ڕووناکین
بەڵام ئەو دەیکاتە سێبەری مەرگ،
دەیکاتە ئەنگوستەچاو.
17 بەڵام ئەگەر گوێ نەگرن،
بە نهێنی دەگریێم
لەبەر لووتبەرزیتان،
چاوەکانم بەکوڵ دەگریێن و
فرمێسک دەڕێژێت،
چونکە مێگەلی یەزدان ڕاپێچ کرا.
18 بە پاشا و بە شاژنی دایک بڵێ:
«لەسەر تەختەکان وەرنە خوارەوە،
چونکە تاجی شکۆمەندیتان
لەسەرتان دێتە خوارەوە.»
19 شارەکانی نەقەب دادەخرێن و
کەس نییە بیانکاتەوە.
هەموو یەهودا ڕاپێچ دەکرێ،
سەراپای ڕاپێچ دەکرێن.
20 چاوت هەڵبڕە[b] و
ئەوانە ببینە کە لە باکوورەوە دێن!
کوا ئەو مێگەلەی پێت درا،
ئەو مەڕانەی شانازیت پێوە دەکردن؟
21 چی دەڵێی کاتێک یەزدان ئەوانەت لەسەر دادەنێت
کە فێری هاوپەیمانیت کردن؟
ئایا ژان ناتگرێت
وەک ئەو ژنەی منداڵی دەبێت؟
22 ئەگەر لە دڵی خۆتدا بڵێی،
«بۆچی ئەمانەم بەسەرهات؟»
لەبەر زۆری تاوانت، دامێنت هەڵکرا
دەستدرێژییان کردە سەرت.
23 ئایا حەبەشی دەتوانێت پێستی خۆی بگۆڕێت،
یان پڵنگ بەڵەکەکانی؟
ئێوەش ناتوانن چاکە بکەن،
کە لە خراپە ڕاهاتوون!
24 «وەک پووش پەرتیان دەکەم
کە بای چۆڵەوانی هەڵیدەگرێت.»
25 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە بەختی تۆیە،
ئەو بەشەی لەلایەن منەوە پێتدراوە،
لەبەر ئەوەی منت لەبیر کرد و
پشتت بە خوداوەندی درۆیین بەست.
26 منیش دامێنت بەسەر ڕووتدا هەڵدەدەمەوە،
ئینجا دەستدریژیت دەکرێتە سەر!
27 داوێنپیسی و حیلاندنت،
بێڕوویی لەشفرۆشیت!
لەسەر گردەکان لە کێڵگە
قێزەونییەکانی تۆم بینی.
ئەی ئۆرشەلیم، قوڕبەسەرت!
هەتا کەی پاک نابیتەوە؟»
وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر
14 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:
2 «یەهودا شیوەن دەگێڕێت و
شارەکانی دادەڕزێن،
بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،
هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
3 گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،
هاتنە سەر ئەمباراوەکان،
بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.
بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،
شەرمەزار و ڕیسوا بوون،
سەری خۆیان شۆڕکرد.
4 لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،
چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،
جوتیاران شەرمەزاربوون،
سەری خۆیان شۆڕکرد.
5 تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا
بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،
چونکە گیا نەبوو.
6 کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،
وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،
چاویان شل بوو،
چونکە گیاوگۆڵ نییە.»
7 لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،
ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،
چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،
دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
8 ئەی هیوای ئیسرائیل،
ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،
بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،
وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
9 بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،
وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟
ئەی یەزدان، تۆ لەناوەڕاستمانی و
ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،
بەجێمان مەهێڵە!
10 یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:
«بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،
خۆیان لێ نەپاراست.
جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،
ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و
لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»
11 هەروەها یەزدان پێی فەرمووم: «نوێژ بۆ چاکەی ئەم گەلە مەکە. 12 هەرچەندە بەڕۆژووش بن گوێ لە هاواریان ناگرم، کاتێک قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش بکەن قبوڵی ناکەم، بەڵکو من بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد کۆتاییان پێ دەهێنم.»
13 منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، ئەوەتا پێغەمبەرەکان پێیان دەڵێن: ”تووشی شمشێر و قاتوقڕی نابن، بەڵکو لەم شوێنەدا ئاشتی چەسپاوتان دەدەمێ.“»
14 یەزدانیش پێی فەرمووم: «ئەو پێغەمبەرانە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن. من نەمناردوون و دەستنیشانم نەکردوون و قسەم لەگەڵ نەکردوون. ئەوان بە بینینی درۆ و فاڵگرتنەوە و پڕوپووچی و خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینیتان بۆ دەکەن.» 15 لەبەر ئەوە یەزدان لەبارەی ئەو پێغەمبەرانەوە دەفەرموێت: «بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن و منیش نەمناردوون، ئەوان دەڵێن: ”شمشێر و قاتوقڕی لەم خاکە نابێت.“ ئەو پێغەمبەرانە خۆیان بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن. 16 ئەو گەلەش کە ئەوان پێشبینی بۆ دەکەن، لەبەر قاتوقڕی و شمشێر لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم فڕێدەدرێن. کەسیش نییە بیاننێژێت، خۆیان و ژن و کوڕ و کچیان. خراپەی شایستەی خۆیان بەسەر سەریاندا دەڕێژم.»
17 «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:
«”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن
بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،
چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،
برینێکی ترسناکی هەیە،
لێدانێکی جەرگبڕ.
18 ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،
بە شمشێر کوژراوان دەبینم.
ئەگەر بێمە ناو شار،
نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،
چونکە پێغەمبەر و کاهینیش
بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»
19 «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟
ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟
بۆچی وا تووشی بەڵات کردین
کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟
چاوەڕێی ئاشتی بووین،
بەڵام چاکە نەهات،
هەروەها کاتی چاکبوونەوە،
بەڵام ئەوەتا ترس.
20 ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و
تاوانی باوباپیرانمان،
گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
21 لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،
تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،
پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،
مەیشکێنە.
22 ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟
یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟
ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟
جا هیوامان بە تۆیە،
چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»
1 لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،
2 بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:
با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
هاندان بۆ ئازار چێژتن
3 سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم، 4 کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی. 5 باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە لە تۆدایە، ئەوەی یەکەم جار لە لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکت نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە. 6 لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت، 7 چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
8 بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی گەورەمان و نە بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت، لەودا پشت بە هێزی خودا ببەستە. 9 خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە، 10 ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد، لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە. 11 بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام. 12 لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم[b] بکات هەتا ئەو ڕۆژە.
سپاردە چاکەکە بپارێزە
13 بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. 14 سپاردە[c] چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
15 ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. 16 با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە. 17 بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. 18 با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.