Old/New Testament
3 «ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و
ژنەکەی لەلای بڕوات و بۆ پیاوێکی دیکە بێت،
ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟
ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟
بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،
ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
2 «چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!
بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟
وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی
لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.
بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت
خاکەکەت گڵاو کرد.
3 جا لێزمە باران ڕاوەستا و
بەهارە بارانیش نەبوو،
کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو،
شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.
4 ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم،
”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!
5 ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟
ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“
بەم شێوەیە قسەت کرد،
بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»
ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە
6 لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی[a] کرد. 7 بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی. 8 تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد. 9 لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد. 10 لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای خوشکی ناپاکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە. 12 بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ:
«یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە،
ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم،
چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە.
13 تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی،
چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و
خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە
لەژێر هەموو دارێکی سەوز.
ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
14 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم[b]، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن. 15 شوانتان بۆ دادەنێم بە دڵی خۆم بێت، بە زانین و وریاییەوە بتانلەوەڕێنن.» 16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژانەدا، کە لە خاکەکە زۆر دەبن و بەروبوومتان دەبێت، ئیتر ناڵێن: ”سندوقی پەیمانی یەزدان.“ بە مێشکیاندا نایەت و بەبیریان نایەتەوە، بەسەری ناکەنەوە و جارێکی دیکە دروستناکرێتەوە. 17 لەو کاتەدا بە ئۆرشەلیم دەڵێن، ”تەختی یەزدان“ و هەموو نەتەوەکان لە ئۆرشەلیم کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ڕێز لە ناوی یەزدان بگرن. ئیتر بەدوای کەللەڕەقییە خراپەکەیان ناکەون. 18 لەو ڕۆژانەدا بنەماڵەی یەهودا لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل دەڕۆن، بەیەکەوە لە خاکی باکوورەوە دێن بۆ ئەو خاکەی کە کردمە میرات بۆ باوباپیرانتان.»
19 «بەڵام من، یەزدانم، دەفەرمووم:
«”چەند دەمەوێ وەک کوڕانی خۆمتان دابنێم و
زەوییەکی ئارەزووبەخشتان بدەمێ،
جوانترین میراتی نەتەوەکان!“
وامدەزانی ئێوە بە ”باوکە“ بانگم دەکەن و
لە شوێنکەوتنی من لانادەن.
20 بەڵام وەک چۆن ژن ناپاکی لە هاوسەری خۆی دەکات،
ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئاوا ناپاکیتان لێکردم،»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 دەنگێک لە گردۆڵکەکانەوە دەبیسترێت،
گریان و پاڕانەوەکانی نەوەی ئیسرائیلە،
چونکە ڕێگاکانی خۆیان خوارکردووە و
یەزدانی پەروەردگاریان لەبیر کردووە.
22 «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە،
هەڵگەڕانەوەکانتان چاک دەکەمەوە.»
«بەڵێ، دەگەڕێنەوە لات،
چونکە تۆ یەزدانیت، خودای ئێمەیت.
23 بێگومان بتپەرستی بە غەڵبەغەڵبەوە لەسەر چیا و گردەکان خۆهەڵخەڵەتاندنە،
بێگومان بە یەزدانی پەروەردگارمان ئیسرائیل ڕزگار دەبێت.
24 لە هەرزەکاریمانەوە بەعلی خوداوەندی شەرمەزاری
ڕەنجی باوباپیرانی ئێمەی خواردووە،
لە مەڕ و مانگا و
کوڕ و کچ.
25 با لەناو شورەیی خۆمان ڕابکشێین،
با شەرمەزاریمان دامانبپۆشێت،
چونکە ئێمە و باوباپیرانمان گوناهمان کرد
لە دژی یەزدانی پەروەردگارمان،
لە هەرزەکاریمانەوە هەتا ئەمڕۆش،
گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارمان نەبووین.»
4 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ئیسرائیل، ئەگەر گەڕایتەوە،
بگەڕێوە لای من.
ئەگەر بتە قێزەونەکانت لەبەردەمم لابدەی،
گومڕا نابیت،
2 ئەگەر بە ڕاستی و دادپەروەری و ڕاستودروستییەوە
سوێند بخۆیت: ”بە یەزدانی زیندوو،“
ئەوسا نەتەوەکان بەو بەرەکەتدار دەبن و
شانازی بەوەوە دەکەن.»
3 یەزدان ئەمە بە پیاوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەفەرموێت:
«زەوی بەیارتان بکێڵن و
لەناو دڕکوداڵدا مەچێنن.
4 ئەی پیاوانی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم،
خۆتان بۆ یەزدان خەتەنە[c] بکەن،
دڵتان خەتەنە بکەن،
نەوەک تووڕەییم بجۆشێت و وەک ئاگر بسووتێنێت،
لەبەر خراپی کردەوەکانتان،
بسووتێنێت و کەس ناتوانێت بیکوژێنێتەوە.»
بەڵایەک لە باکوورەوە
5 «لە یەهودا ڕایبگەیەنن، لە ئۆرشەلیم دەنگتان ببیسترێت، بڵێن:
”لە خاکەکە فوو بە کەڕەنادا بکەن!“
بە دەنگی بەرز بانگەواز بکەن و بڵێن: ”کۆببنەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان!“
6 ئاڵا بەرز بکەنەوە بۆ چوونە سییۆن!
خۆتان بدەنە پەنا! ڕامەوەستن!
چونکە من لە باکوورەوە بەڵا دەهێنم،
تێکشکانێکی گەورە.»
7 شێر لە لانەکەیەوە هاتە دەرەوە،
تێکشکێنەری نەتەوەکان بەڕێکەوت.
لە شوێنەکەی خۆی هاتە دەرەوە
بۆ ئەوەی خاکەکەت وێران بکات.
شارۆچکەکانت کاول دەبن
بێ ئاوەدانی دەبن.
8 لەبەر ئەمە جلوبەرگی گوش[d] لەبەر بکەن،
لە خۆتان بدەن و واوەیلا بکەن،
چونکە گڕی تووڕەیی یەزدان
هێشتا دانەمرکاوەتەوە.
9 یەزدان دەفەرموێت: «جا ئەوە دەبێت لەو ڕۆژەدا،
پاشا و پیاوە گەورەکان جەرگبڕاو دەبن،
کاهینەکان دەحەپەسێن و
پێغەمبەرەکان واقیان وڕدەمێنێت.»
10 جا گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست، بێگومان ئەم گەلە و ئۆرشەلیمت بە تەواوی فریودا، فەرمووت: ”ئاشتیتان بۆ دەبێت،“ کەچی شمشێر گەیشتە گیانمان.»
11 لەو کاتەدا بەم گەلە و بە ئۆرشەلیم دەگوترێت: «بای سووتێنەر لە گردۆڵکەکانی چۆڵەوانییەوە بەرەو گەلەکەم هەڵدەکات، نە بۆ شەن و نە بۆ جیاکردنەوە، 12 بایەکی لەوە بەگوڕترە، لە منەوە دێت. ئێستاش من حوکمی خۆم بەسەریاندا ڕادەگەیەنم.»
13 تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
14 ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لەناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
15 دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
16 «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
17 لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
چونکە لە من یاخی بوون.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «ڕەفتار و کردەوەکانت
ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
چەند تاڵە!
چونکە گەیشتە دڵت.»
19 ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
20 کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
21 هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟
22 «گەلەکەم گێلە و
من ناناسێت.
ئەوان کوڕی دەبەنگن،
ئەوان تێنەگەیشتوون،
ئەوان دانان بۆ کاری خراپە،
بەڵام نازانن چۆن چاکە بکەن.»
23 تەماشای زەویم کرد،
بێ شێوە و بەتاڵ بوو،
بەرەو ئاسمانیش،
ڕووناکییەکەی نەمابوو.
24 تەماشای چیاکانم کرد دەهەژان،
هەموو گردەکانیش لەق بوون.
25 تەماشام کرد، هیچ کەسێک دیار نەبوو،
باڵندەکانی ئاسمانیش هەموو هەڵاتوون،
26 تەماشام کرد، باخەکان چۆڵەوانین و
هەموو شارۆچکەکانی کاول بوون
لەبەردەم یەزدان، لە ڕووی گڕی تووڕەییەکەی.
27 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:
«هەموو زەوی وێران دەبێت،
بەڵام بە تەواوی کۆتایی پێ ناهێنم.
28 لەبەر ئەمە زەوی شیوەن دەگێڕێت،
ئاسمانیش لە سەرەوە تاریک دادێت،
لەبەر ئەوەی من قسەم کرد و پاشگەز نەبوومەوە،
بڕیارم دا و بڕیارەکەم ناگۆڕم.»
29 لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.
30 تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
ئەوان داوای گیانت دەکەن.
31 هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[e] هەنسک دەدات،
دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»
کەس ڕاستودروست نییە
5 «بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،
ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،
لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.
ئەگەر یەکێکتان بینییەوە
دادپەروەری بکات و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،
ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
2 هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“
هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»
3 ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟
لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،
تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.
ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،
تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
4 بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،
نەزان بوون،
چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و
نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
5 کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و
قسەیان لەگەڵ دەکەم،
بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و
دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»
بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،
بەندیان پساند.
6 لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،
گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،
پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،
تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،
چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،
هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.
7 «چۆن لەمە لێت خۆشدەبم؟
کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و
سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.
کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،
پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
8 بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،
هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
9 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،
بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.
لقەکانی لێ بکەنەوە،
چونکە هی یەزدان نین.
11 بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا
بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،
گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!
بەڵامان بەسەرنایەت،
شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
13 پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،
وشەکە لەواندا نییە،
ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»
14 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:
«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،
ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،
ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
15 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،
نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،
نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،
لە قسەکردنیان تێناگەن.
16 تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،
هەموو پاڵەوانن.
17 دروێنە و نانت دەخوات،
کوڕ و کچت دەخوات،
مەڕ و مانگات دەخوات،
مێو و هەنجیرت دەخوات.
شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،
بە شمشێر دەفەوتێنێت.»
18 یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم. 19 جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.[f]“
20 «ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و
با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
21 ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،
ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،
گوێتان هەیە و نابیستن:
22 ئایا لە من ناترسن؟»
هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟
من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،
بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.
شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،
هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
23 بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،
لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
24 لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،
”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،
لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
25 تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،
گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
26 «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،
وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،
تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
27 وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،
ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،
لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
28 قەڵەو و تێر بوون.
هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،
پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،
بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
29 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 «تۆقین و سەرسوڕماویێک
لە خاکەکەدا ڕوویدا:
31 پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،
کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،
گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.
بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟
فێرکارانی دووڕوو و درۆزن
4 ڕۆح بە ڕاشکاوی دەفەرموێ، لە کۆتایی ڕۆژگاردا هەندێک لە باوەڕ هەڵدەگەڕێنەوە، شوێنی ڕۆحی چەواشە و فێرکردنەکانی ڕۆحە پیسەکان دەکەون، 2 لە دووڕوویی درۆزنان، ویژدانیان داخکراوە. 3 هاوسەرگیری قەدەغە[a] دەکەن، فەرمانی نەخواردن دەدەن لەو خۆراکەی کە خودا بەدییهێناوە بۆ ئەوەی بە سوپاسی باوەڕداران و ڕاستیناسان وەربگیردرێت. 4 هەموو بەدیهێنراوی خودا چاکە، ئەگەر شتێک بە سوپاسەوە وەرگیرا ڕەت ناکرێتەوە، 5 چونکە بە وشەی خودا و نوێژەوە پیرۆزکراوە.
خزمەتکاری باشی مەسیح
6 ئەگەر تۆ بەمانە ڕێنمایی خوشکان و برایان بکەیت، ئەوا دەبیتە خزمەتکارێکی باشی عیسای مەسیح، بە وشەکانی باوەڕ و فێرکردنی باش پەروەردە کرایت، ئەوەی شوێنی دەکەویت. 7 ئەفسانەی پووچ و هەقایەتی پیرێژنان ڕەت بکەوە، بەڵام مەشق بکە لەسەر لەخواترسی. 8 وەرزشی جەستەیی بۆ هەندێک شت سوودبەخشە، بەڵام لەخواترسی بۆ هەموو شتێک سوودبەخشە، چونکە بەڵێنی ژیانی ئێستا و داهاتووی تێدایە.
9 ئەم قسەیە ڕاستە و شایانی تەواو پەسەندکردنە. 10 بۆ ئەمە ڕەنج دەدەین و تێدەکۆشین، کە هیوامان بە خودای زیندووە، ئەوەی ڕزگارکەری هەموو خەڵکە، بە تایبەتیش باوەڕداران.
11 بەم شتانە ڕاسپێرە و فێر بکە. 12 با کەس سووکایەتی بە گەنجییەتیت نەکات، بەڵکو ببە نموونەی باوەڕداران لە قسە و ڕەفتاردا، لە خۆشەویستی و باوەڕ و پاکیتدا. 13 هەتا دێم بایەخ بە خوێندنەوەی گشتی نووسراوە پیرۆزەکان و وتاردان و فێرکردن بدە. 14 ئەو بەهرەیەی لە تۆدایە پشتگوێی مەخە، ئەوەی بە پێشبینی وەرتگرتووە کاتێک پیرانی کڵێسا دەستیان لەسەر دانایت.
15 بایەخ بەم شتانە بدە، هەموو توانای خۆتی تێدا بەکاربهێنە، تاکو پێشکەوتنت بۆ هەمووان دەربکەوێت. 16 ئاگاداری خۆت و فێرکردنت بە، لەسەری بەردەوام بە، چونکە ئەگەر ئەمەت کرد خۆت و گوێگرانیشت ڕزگار دەکەیت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.