Old/New Testament
گەمارۆی ئۆرشەلیم
6 «ئەی نەوەی بنیامین،
لە ئۆرشەلیمەوە هەڵبێن!
لە تەقۆعە فوو بە کەڕەنادا بکەن!
لەسەر بێتهاکارەم ئاگر وەک نیشانە هەڵبکەن!
چونکە بەڵا و شکستێکی گەورە
لە باکوورەوە دەرکەوتووە.
2 من سییۆنی کچ[a] لەناو دەبەم،
کچە جوان و نازدارەکە.
3 شوانەکان بە مێگەلەکانیانەوە[b] بۆ لای ئەو دێن،
ڕەشماڵەکان لە دەوری هەڵدەدەن و
هەرکەسە لە بەشی خۆی دەلەوەڕێنێ.»
4 «جەنگێک لە دژی سییۆن ئامادە بکەن!
هەستن بە نیوەڕۆ هێرش ببەین!
بەڵام بە داخەوە، ڕۆژ ئاوا بوو،
سێبەرەکانی ئێوارە درێژبوونەوە.
5 کەواتە هەستن بە شەو هێرش ببەین،
قەڵاکانی وێران بکەین!»
6 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«دار ببڕنەوە و
مەتەرێز لە دەوری ئۆرشەلیمەوە دابڕێژن.
دەبێت ئەو شارە سزا بدرێت،
چونکە سەراپای پڕ ستەمە.
7 وەک کانییەک ئاوەکەی هەڵبقوڵێت،
ئاوا خراپییەکەی هەڵدەقوڵێت.
توندوتیژی و ڕفاندنی تێدا دەبیسترێت،
هەمیشە لەبەردەمم نەخۆشی و برینداری هەیە.
8 ئەی ئۆرشەلیم، ئاگاداربە،
نەوەک پشتم لە تۆ بکەم،
نەوەک بتکەمە خاکێکی وێران،
ئیتر کەسی تێدا نیشتەجێ نەبێ.»
9 یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«با پاشماوەی ئیسرائیل بە تەواوی بچنرێنەوە،
بە تەواوی وەک ڕەزەمێو،
با دەستت بەسەر لقەکاندا بگێڕیت،
وەک کەسێک ترێ دەچنێتەوە.»
10 بۆ کێ قسە بکەم؟ کێ ئاگادار بکەمەوە؟
کێ گوێم لێ دەگرێت؟
ئەوەتا گوێیان داخراوە
بۆ ئەوەی نەتوانن گوێ شل بکەن.
فەرمایشتی یەزدان بۆیان بووە بە ڕیسوایی،
دڵیان پێی خۆش نییە.
11 لەبەر ئەوە پڕبووم لە تووڕەیی یەزدان،
بێزاربووم لە دەستپێوەگرتنی.
«تووڕەییەکەی بەسەر منداڵی کۆڵانەکانیدا بڕێژە،
بەسەر تێکڕای کۆڕی گەنجان،
ژن لەگەڵ مێرد دەبردرێت،
پیر لەگەڵ بەساڵاچووان.
12 ماڵەکانیان بۆ خەڵکی دیکە دەبن،
کێڵگە و ژنەکانیان پێکەوە،
چونکە دەستم بۆ سەر دانیشتووانی خاکەکە
درێژ دەکەم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 «لە بچووکیان هەتا گەورەیان،
هەموویان پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین،
هەموو ساختە دەکەن.
14 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن: ”ئاشتی، ئاشتی!“
بەڵام ئاشتی نییە.
15 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
16 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«لەسەر ڕێگاکان بوەستن و تەماشا بکەن،
پرسیاری ڕێچکە کۆنەکان بکەن،
ڕێگا چاکەکە لەکوێیە، پێیدا بڕۆن،
حەسانەوە بۆ دەروونتان دەدۆزنەوە.
بەڵام گوتتان: ”پێیدا ناڕۆین.“
17 چاودێرم بەسەرتانەوە دانا، گوتم:
”گوێ بۆ دەنگی کەڕەنا شل بکەن!“
بەڵام گوتتان: ”گوێ شل ناکەین.“
18 لەبەر ئەوە ئەی نەتەوەکان، گوێ بگرن،
ئەی شایەتەکان، بزانن چییان بەسەردێت.
19 ئەی زەوی، گوێ بگرە:
ئەوەتا من بەڵا بەسەر ئەم گەلەدا دەهێنم،
بەروبوومی بیرکردنەوەکانیانە،
چونکە گوێیان بۆ وشەکانم شل نەکرد و
فێرکردنی منیان ڕەتکردەوە.
20 بەلامەوە گرنگ نییە، بخوور لە شەباوە بێت و
قامیشی بۆنخۆش لە خاکێکی دوورەوە؟
قوربانی سووتاندنەکانتان قبوڵ نین و
قوربانییە سەربڕدراوەکانتان لەلای من خۆش نین.»
21 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«من کۆسپ بۆ ئەم گەلە دادەنێم،
باوکان و کوڕان پێکەوە ساتمەی لێ دەکەن،
دراوسێ و هاوڕێ لەناودەچن.»
22 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا! سوپایەک لە خاکی باکوورەوە دێت،
نەتەوەیەکی مەزن لەوپەڕی زەوییەوە هەڵدەستێنرێت.
23 کەوان و ڕمیان بە دەستەوەیە،
دڵڕەقن و بەزەییان نییە،
دەنگیان وەک دەریا هاژەی دێت و
سواری ئەسپ دەبن،
وەک یەک پیاو ڕیز دەبەستن
بۆ هێرشکردنە سەر تۆ، ئەی سییۆنی کچ.»
24 هەواڵی ئەوانمان بیست،
ورەمان ڕووخا،
تووشی تەنگانە بووین،
تووشی ئازار بووین وەک ئازاری ژنی ژانگرتوو.
25 دەرمەچن بۆ کێڵگە!
بە ڕێگادا مەڕۆن!
چونکە دوژمن شمشێری پێیە،
لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە.
26 ئەی گەلەکەم، جلوبەرگی گوش بپۆشە،
خۆت لە خۆڵەمێش بگەوزێنە،
شینی تاقانەیەک بۆ خۆت بگێڕە، بە لاوانەوەیەکی تاڵ،
چونکە لەناکاو تێکدەر بەسەرماندا دەدات.
27 «ئەی یەرمیا، تۆم لەنێو گەلەکەم دانا،
وەک تاقیکەرەوە و سەنگی مەحەک،
بۆ ئەوەی ڕەفتاریان بزانیت و
تاقییان بکەیتەوە.
28 هەموو یاخی و کەللەڕەقن،
بە پەلەن بۆ بوختانکردن،
ئەوان بڕۆنز و ئاسنن،
هەموو تێکدەرن.
29 مووشەی دێت مووشەدەمە[c]
بۆ ئەوەی بە ئاگر قورقوشم بفەوتێنێت،
بەڵام بێهوودە زێڕنگەر بێگەردی دەکات،
بەدکاران بێگەرد نابن.
30 پێیان دەگوترێت زیوی ناپەسەند،
چونکە یەزدان پەسەندی نەکردوون.»
پشتبەستن بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر
7 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
«”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە. 3 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم. 4 پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘ 5 چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن، 6 ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە، 7 ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە. 8 بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
9 «”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، 10 ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ 11 ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە. 13 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێش وەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە. 14 لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد،[d] ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان. 15 لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
16 «تۆش نزا بۆ ئەم گەلە مەکە، لەبەر ئەوان نوێژ و نزا بەرز مەکەوە و لێم مەپاڕێوە، چونکە گوێت لێ ناگرم. 17 ئایا نابینیت لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم چی دەکەن؟ 18 منداڵ دەچنە داران، باوک ئاگر دەکەنەوە، ژن هەویر دەشێلن، بۆ ئەوەی کولێرە بۆ شاژنی[e] ئاسمان بکەن. شەرابی پێشکەشکراو بۆ خوداکانی دیکە دەڕێژن بۆ ئەوەی پەستم بکەن. 19 بەڵام ئایا ئەم پەستکردنە لە دژی منە؟ ئایا زیان بە خۆیان ناگەیەنن، بۆ شەرمەزاری ڕووی خۆیان؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا تووڕەیی و هەڵچوونی من بەسەر ئەم شوێنەدا هەڵدەڕژێت، بەسەر مرۆڤ و ئاژەڵ و درەختی کێڵگە و بەروبوومی زەوی، گڕ دەگرێت و ناکوژێتەوە.
21 «”یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: قوربانی سووتاندنەکانتان بخەنە سەر قوربانییە سەربڕدراوەکانتان و فەرموون گۆشت بخۆن، 22 چونکە کاتێک لە خاکی میسرەوە باوباپیرانی ئێوەم دەرهێنا لەگەڵیان دوام، تەنها سەبارەت بە قوربانی سووتاندن و سەربڕاو فەرمانم پێ نەکردن، 23 بەڵکو فەرمانی ئەم شتەم پێ کردن و فەرمووم: ’گوێم لێ بگرن، من دەبم بە خودای ئێوە و ئێوەش دەبن بە گەلی من، بە هەموو ئەو ڕێگایەدا دەڕۆن کە فەرمانتان پێ دەکەم بۆ ئەوەی بۆتان چاک بێت.‘ 24 بەڵام گوێیان نەگرت و گوێیان شل نەکرد، بەڵکو بە ڕاوێژ و کەللەڕەقییە خراپەکەی خۆیان ڕێگایان گرتەبەر، جا دواکەوتن و پێش نەکەوتن. 25 لەو ڕۆژەوە کە باوباپیرانتان خاکی میسریان بەجێهێشت هەتا ئەمڕۆ، من بەردەوام یەک لەدوای یەک بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردوون. 26 بەڵام گوێیان لێ نەگرتم و گوێیان شل نەکرد و کەللەڕەقییان کرد، لە باوباپیرانیان زیاتر خراپەیان کرد.“
27 «جا تۆش بە هەموو ئەم پەیامە لەگەڵیان دەدوێیت، گوێت لێ ناگرن، بانگیان دەکەیت، وەڵامت نادەنەوە. 28 لەبەر ئەوە پێیان دەڵێیت: ”ئەمە ئەو نەتەوەیەیە کە گوێیان لە یەزدانی پەروەردگاریان نەگرت و تەمبێ نەبوون، ڕاستی نەماوە، لە دەمیان بڕاوەتەوە. 29 قژت ببڕە و فڕێیبدە، لەسەر گردۆڵکەکان شیوەن بگێڕە، چونکە یەزدان ڕەتی کردووەتەوە و وازی لەم نەوەیە هێناوە کە تووڕەییەکەی لەسەریەتی.“
دۆڵی کوشتن
30 «یەزدان دەفەرموێت: ”نەوەی یەهودا لەبەرچاوم خراپەیان کردووە، بتە قێزەونەکانیان لەناو ئەو ماڵە دانا کە ناوی منی هەڵگرتووە، بەمە گڵاوییان کرد. 31 هەروەها نزرگەکانیان لەسەر بەرزاییەکانی تۆفەت بنیاد ناوە، ئەوەی لە دۆڵی بەنهینۆمە بۆ سووتاندنی کوڕەکانیان و کچەکانیان بە ئاگر کە من نە فەرمانم پێکردووە و نە بەخەیاڵمدا هاتبوو. 32 یەزدان دەفەرموێت: لەبەر ئەوە، ئاگاداربن! سەردەمێک دێت ئیتر پێی ناگوترێ تۆفەت یان دۆڵی بەنهینۆم، بەڵکو دۆڵی کوشتن، چونکە لە تۆفەت دەنێژرێن هەتا شوێنی نامێنێت. 33 تەرمی ئەم گەلە دەبێتە خۆراکی باڵندە و ئاژەڵی کێوی، کەسیش نییە بیانڕەوێنێتەوە. 34 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم ناهێڵم، چونکە خاکەکە وێران دەبێت.“
8 «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. 2 بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. 3 هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
گوناه و سزا
4 «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟
یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
5 بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟
بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟
دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،
ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
6 بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،
بەڵام ڕاستی ناڵێن.
کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و
بڵێت: ’چیم کرد؟‘
هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،
وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
7 تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان
کاتی خۆی دەزانێت،
کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش
کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،
بەڵام گەلەکەی من نازانن
یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
8 «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،
چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘
لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات
بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
9 داناکان ڕیسوا دەبن،
دەتۆقن و پێوە دەبن.
ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،
ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
10 لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،
کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،
چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە
هەموو پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین
هەموو ساختە دەکەن.
11 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
بەڵام ئاشتی نییە.
12 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،
نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،
نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،
گەڵاکانیش سیس دەبن.
ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
14 «ئێمە بۆچی دانیشتووین؟
با کۆببینەوە!
با هەڵبێین بۆ شارە قەڵابەندەکان و
لەوێ لەناوبچین!
یەزدانی پەروەردگارمان بڕیاری لەناوچوونی ئێمەی داوە،
ئاوی ژەهراویمان دەرخوارد دەدات،
لەبەر ئەوەی لە دژی یەزدان گوناهمان کرد.
15 چاوەڕێی ئاشتی بووین،
بەڵام چاکە نەبوو.
چاوەڕێی کاتی چاکبوونەوە بووین،
بەڵام ئەوەتا تۆقین.
16 پڕمەی ئەسپەکانی ئەو
لە دانەوە دەبیسترێت،
لە دەنگی حیلەی ئەسپە بەهێزەکانی
هەموو زەوی دەلەرزێت،
جا هاتن بۆ ئەوەی بخۆن،
زەوی و هەرچی تێیدایە،
شار و دانیشتووانەکەی.»
17 «ئاگاداربن، ماری ژەهراوی دەنێرمە سەرتان،
کە نوشتەیان لێ ناکرێت،
ئینجا پێتانەوە دەدەن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 ئەی خودایە، تۆ دڵنەوایی خەمی منیت،
دڵم دەردەدارە.
19 ئەوەتا دەنگی هانای گەلەکەم
لە خاکێکی دوورەوە دێت:
«ئایا یەزدان لە سییۆن نییە؟
یان پاشاکەی تێیدا نییە؟»
«بۆچی بە پەیکەرە داتاشراوەکانیان پەستیان کردم،
بە بتە هیچوپووچە بێگانەکان؟»[f]
20 «دروێنە تێپەڕی،
هاوین تەواو بوو،
ئێمەش ڕزگارمان نەبوو.»[g]
21 لەبەر وردوخاشبوونی گەلەکەم وردوخاش بووم،
خەمبارم، تۆقین دەستی بەسەردا گرتووم.
22 ئایا لە گلعاد هەتووان[h] نییە؟
ئایا پزیشک لەوێ نییە؟
ئیتر بۆچی برینی گەلەکەم
ساڕێژ نابێت؟
شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران
5 پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا، 2 پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.
دەربارەی بێوەژنان
3 ڕێز لەو بێوەژنانە[a] بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. 4 بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. 5 بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. 6 بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. 7 جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. 8 بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.
9 ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت، 10 بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.
11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە[b]. 13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە. 14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.
16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.
پیرانی کۆمەڵە
17 ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن[c]، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، 18 چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،][d] هەروەها: [کارگەر شایانی کرێی خۆیەتی.][e] 19 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. 20 ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.
21 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە، شتێک مەکە بە دەمارگیرییەوە.
22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ، بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.
23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو هەندێک شەراب بەکاربهێنە لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت.
24 هەندێک گوناهەکانیان ئاشکرایە، پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێک دوایان دەکەوێت. 25 بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.