Old/New Testament
یەرمیا و پەشحوری کاهین
20 کاتێک پەشحوری کوڕی ئیمێری کاهین لێپرسراوی پەرستگای یەزدان گوێی لە یەرمیا بوو پێشبینی ئەو شتانەی دەکرد، 2 لە یەرمیای پێغەمبەری دا و لەو کۆتەی کرد کە لەلای دەروازەی بنیامینی سەرەوەیە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدانە. 3 بۆ بەیانی پەشحور یەرمیای لە کۆتەکە دەرهێنا، یەرمیاش پێی گوت: «یەزدان تۆ بە پەشحور ناو نابات، بەڵکو مەگۆر میسەڤیڤ[a]، 4 چونکە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا دەتکەمە ترس و تۆقین بۆ خۆت و بۆ هەموو دۆستانت، بە چاوی خۆت دەبینی کە بە شمشێری دوژمنەکانیان دەکوژرێن. هەموو یەهوداش دەدەمە دەست پاشای بابل، بۆ بابل ڕاپێچیان دەکات یان دەیانداتە بەر شمشێر. 5 هەموو سامانی ئەم شارە، هەموو بەرهەم و هەموو شتە بەنرخەکانی و هەموو گەنجینەکانی پاشاکانی یەهودا دەدەمە دەست دوژمنەکانیان. جا تاڵانیان دەکەن و دەستی بەسەردا دەگرن و دەیانبەنە بابل. 6 تۆش ئەی پەشحور، لەگەڵ هەموو ئەندامانی ماڵەکەت بۆ بابل ڕاپێچ دەکرێن، لەوێ دەمرن و لەوێ دەنێژرێن، تۆ و هەموو دۆستانت کە بە درۆ پێشبینیت بۆیان کردبوو.“»
سکاڵانامەی یەرمیا
7 ئەی یەزدان، فریوتدام و فریودرام،
تۆ لە من بەتواناتری و دەرەقەتم هاتی.
بە درێژایی ڕۆژ پێم پێدەکەنن،
هەموو گاڵتەم پێ دەکەن.
8 چونکە هەر کاتێک بدوێم هاوار دەکەم،
جاڕی توندوتیژی و وێرانی دەدەم،
چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕیسوایی بۆ هێنام،
گاڵتە پێکردن بە درێژایی ڕۆژ.
9 بەڵام ئەگەر گوتم: «باسی ناکەم،
ئیتر بە ناوی ئەوەوە نادوێم،»
جا وشەکەی لە دڵمدا بوو بە ئاگرێکی داگیرساو،
پەنگخواردوو لەناو ئێسقانەکانم،
بێزاربووم لە دامرکاندنەوەی و
نەمتوانی بێدەنگ بم.
10 چونکە گوێم لە چپەچپی زۆر کەس بووە:
«لە هەموو لایەکەوە ترس و تۆقین هەیە!
خەبەری لێ بدەن! با خەبەری لێ بدەین!»
هەموو هاوڕێیەکانم
چاوەڕێی شکستی من دەکەن، دەڵێن:
«بەڵکو فریوبخوات،
ئینجا دەرەقەتی دێین و
تۆڵەی خۆمانی لێ دەکەینەوە.»
11 بەڵام یەزدان وەک پاڵەوانێکی بە توانا لەگەڵمدایە،
لەبەر ئەوە ئەوانەی دەمچەوسێننەوە دەکەون و دەرەقەتم نایەن،
سەرناکەون و بە تەواوی ڕیسوا دەبن،
شەرمەزارییەکەیان هەرگیز لەبیر ناکرێت.
12 ئەی یەزدانی سوپاسالار، ئەوەی ڕاستودروست تاقی دەکەیتەوە و
ناخ و دڵ دەپشکنیت،
با تۆڵەسەندنەوەت لەوان ببینم،
چونکە کێشەی خۆمم بە تۆ سپارد.
13 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن!
ستایشی یەزدان بکەن!
چونکە هەژار ڕزگار دەکات
لە دەستی بەدکاران.
14 نەفرەت لێکراوە ئەو ڕۆژەی تێیدا لەدایک بووم!
با بەرەکەتدار نەبێت ئەو ڕۆژەی دایکم منی بوو!
15 نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی مژدەی دایە باوکم،
زۆر دڵخۆشی کرد و گوتی:
«کوڕێکت بوو!»
16 با ئەو کەسە وەک ئەو شارۆچکانەی لێ بێت
کە یەزدان بەبێ پەشیمانبوونەوە سەرەوژێری کرد.
با بەیانییان دەنگی هاوار ببیستێت،
نەعرەتە کێشانی جەنگیش لە کاتی نیوەڕۆ،
17 چونکە لەناو سکی دایکمەوە نەیکوشتم،
جا دایکم دەبوو بە گۆڕم و
سکی هەمیشە هەر پڕ دەبوو.
18 بۆچی لە سکی دایکم هاتمە دەرەوە؟
ئایا بۆ بینینی ماندووبوون و خەم؟
ئایا بۆ کۆتایی هاتنی ڕۆژگارم بە ڕیسوایی؟
خودا داوای سدقیا ڕەت دەکاتەوە
21 ئەو پەیامەی لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، کاتێک سدقیای پاشا پەشحوری کوڕی مەلکیا و سەفەنیای کوڕی مەعسێیاهوی کاهینی ناردە لای و گوتی: 2 «تکایە لە پێناوی ئێمە داوا لە یەزدان بکە، چونکە نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشمان دەکاتە سەر، بەڵکو یەزدان وەک ڕابردوو کاری سەرسوڕهێنەرمان لەگەڵ دەکات هەتا نەبوخودنەسر لەلای ئێمە بکشێتەوە.»
3 بەڵام یەرمیا وەڵامی دانەوە: «بە سدقیا بڵێن، 4 ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەو چەکانەی لە دەستتانە کە لەگەڵ پاشای بابل و بابلییەکان شەڕی پێ دەکەن کە لە دەرەوەی شوورای شارەکان گەمارۆیان داون، من خەریکم ئەو چەکانە لە دژتان بەکاردەهێنم، لە ناوەڕاستی شار کۆیان دەکەمەوە. 5 من خۆم بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز، بە تووڕەیی و هەڵچوونێکی بە جۆشی گەورەوە لە دژتان دەجەنگم. 6 دانیشتووانی ئەو شارە دەکوژم، مرۆڤ و ئاژەڵ پێکەوە، بە دەردێکی گەورەوە دەمرن. 7 پاش ئەمەش، سدقیای پاشای یەهودا و خزمەتکارەکانی و ئەوەی لەم گەلە لە شارەکەدا ماونەتەوە، لەدوای دەرد و شمشێر و قاتوقڕییەکە، دەیاندەمە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل و دوژمنەکانیان و ئەوانەی دەیانەوێت لەناویان ببەن. ئەوانیش دەیاندەنە بەر شمشێر و لەگەڵیان میهرەبان نابن و دڵیان پێیان ناسووتێت و بەزەییان پێیاندا نایەتەوە.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
8 «بەم گەلەش دەڵێیت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ئێستا من ڕێگای ژیان و ڕێگای مردنتان لەپێش دادەنێم. 9 ئەوەی لەم شارەدا بمێنێتەوە بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچێت، ئەوەش دەچێتە دەرەوە و ڕوو لە بابلییەکان بکات، ئەوانەی گەمارۆیان داون، دەژیێت و ژیانی خۆی دەرباز دەکات. 10 لەبەر ئەوەی مکوڕم لەسەر ئەوەی خراپە بەسەر ئەو شارە بهێنم نەک باشە. دەدرێتە دەست پاشای بابل و بە ئاگر دەیسووتێنێت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
11 «بە بنەماڵەی پاشای یەهودا بڵێ: ”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. 12 ئەی بنەماڵەی داود، یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”هەموو بەیانییەک بە دادپەروەری حوکم بدەن،
تاڵانکراو لە دەستی زۆردار ڕزگار بکەن،
نەوەک تووڕەییم وەک ئاگر بتەقێتەوە،
لەبەر ئەو خراپانەی کردووتانە،
جا بسووتێنێت و کەس نەبێت بکوژێنێتەوە.
13 ئەی ئۆرشەلیم، ئەوەی نیشتەجێی لەسەر دۆڵەکە،
بەسەر دەشتی بەردەڵانی بەرز،
ئەوەتا من لە دژی تۆم.
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئێوە دەڵێن: ’کێ بەسەرماندا دەدات؟
کێ دێتە ناو نشینگەکانمانەوە؟‘
14 بەڵام من سزای شایستەی کردارەکانتان دەدەم،
ئاگر بەردەدەمە دارستانەکەی و
هەموو دەوروبەرەکەی دەخوات.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
وشەی خودا ڕابگەیەنە
4 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم: 2 وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، سەرزەنشت بکە، ڕابخوڕە، ورە بەرز بکەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و فێرکردنەوە، 3 چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە قدیلکەی[a] گوێیان بکاتەوە. 4 بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن. 5 بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.
6 سەبارەت بە من، وا وەک شەرابی پێشکەشکراو دەڕژێم[b] و کاتی کۆچکردنم هاتووە. 7 تێکۆشانێکی باش تێکۆشاوم، پێشبڕکێکەم تەواو کرد، باوەڕم پاراست. 8 ئێستا تاجی ڕاستودروستیم بۆ دانراوە، ئەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ کە دادوەری ڕاستودروستە لەو ڕۆژەدا دەمداتێ، تەنها بۆ من نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەشە کە پەرۆشی دەرکەوتنین.
دوا ڕاسپاردە
9 کۆشش بکە زوو بێیتە لام، 10 چونکە دیماس بەجێی هێشتم، ئەم جیهانەی خۆشویست و چوو بۆ سالۆنیکی، کریسکینیش بۆ گەلاتیا و تیتۆس بۆ دەلماتیا. 11 بە تەنها لۆقام لەلایە. مەرقۆس لەگەڵ خۆت بهێنە، چونکە بۆ من سوودبەخشە بۆ خزمەتکردن. 12 تیخیکۆسم ناردووە بۆ ئەفەسۆس. 13 کاتێک هاتیت، ئەو کەوایەی لە ترۆیاس لەلای کارپۆس بەجێم هێشت، لەگەڵ خۆتی بهێنە، تۆمارەکانیش[c] بە تایبەت دەستنووسەکان.
14 ئەسکەندەری مسگەر زۆر خراپەی لەگەڵ کردم، مەسیحی خاوەن شکۆ تۆڵەی لێدەکاتەوە لەسەر کردارەکانی. 15 خۆتی لێ بپارێزە، چونکە زۆر بەرهەڵستی پەیامەکەمانی کرد.
16 لە بەرگری یەکەمم کەس لەگەڵم نەهات، بەڵکو هەموو بەجێیان هێشتم. لەسەریان هەژمارد نەکرێت. 17 بەڵام مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵم وەستا و بەهێزی کردم، تاکو بە منەوە جاڕدانەکە بە تەواوی بدرێت، تاکو هەموو گەلان ببیستن. ئیتر لە دەمی شێر دەرباز بووم. 18 مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو خراپەیەکی دادێت دەربازم دەکات و ڕزگارم دەکات بۆ شانشینە ئاسمانییەکەی. با هەتاهەتایە مەسیح شکۆدار بێت! ئامین.
19 سڵاو لە پریسکیلا و ئەکیلا و خێزانی ئۆنیسیفۆرۆس بکە. 20 ئەراستۆس لە کۆرنسۆس مایەوە، بەڵام تروفیمۆس بە نەخۆشی لە میلیتۆس بەجێم هێشت. 21 کۆشش بکە پێش زستان بێی. یۆبۆلۆس و پودیس و لینۆس و کڵاودیا و هەموو خوشکان و برایان سڵاوت لێدەکەن.
22 مەسیحی خاوەن شکۆ لەگەڵ ڕۆحت بێت. با نیعمەتتان لەگەڵ بێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.