Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 63-65

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.

63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
    گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
    لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
    هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
    لێوەکانم ستایشت دەکەن.
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
    بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
    بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
    بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
گیانم بە تۆوە بەندە،
    دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
    بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
    دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
    هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
    چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داودە.

64 ئەی خودایە، گوێ لە دەنگی سکاڵام بگرە،
    ژیانم لە مەترسی دوژمنانم بپارێزە.

لە پیلانی بەدکاران بمشارەوە،
    لە کۆمەڵی خراپەکاران.
کە زمانی خۆیان وەک شمشێر تیژ کردووە،
    قسە تاڵەکانیان وەک تیری هاوێژراوە،
هەتا لە بۆسەکانیانەوە کەسی بێ کەموکوڕی پێ بپێکن،
    لەناکاو دەیپێکن و ناترسن.

بۆ کاری خراپە یەکتری هاندەدەن،
    دەربارەی شاردنەوەی داوەکانیان دەدوێن،
    دەڵێن: «کێ دەمانبینێ؟»
تەگبیر بۆ تاوان دەکەن،
    دەڵێن: «پیلانێکی تەواومان داڕشت!»
    بێگومان دڵ و دەروونی مرۆڤ قووڵە.

بەڵام خودا تیریان تێدەگرێت،
    لەناکاو برینداریان دەکات.
زمان درێژییان دەبێتە هۆی کەوتنیان،
    هەرکەسێک کە دەیانبینێت سەری بادەدات.
هەموو ئادەمیزاد دەترسن،
    کاری خودا ڕادەگەیەنن و
    بیردەکەنەوە لەوەی کە کردی.

10 با ڕاستودروستان بە یەزدان دڵخۆش بن و
    پەنا ببەنە بەر ئەو،
    با هەموو دڵڕاستان ستایشی بکەن!

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.

65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
    نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
    هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
    تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
    نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
    لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.

بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
    ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
    دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
    بە توانا چەکدارت کردووە،
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
    هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
    هەروەها ئاژاوەی گەلان.
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
    لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
    گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
    زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
    دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
    چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
    تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
    بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
    ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
    ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
    دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
    لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

ڕۆما 6

ئازادبوون لە گوناه

باشە چی بڵێین؟ ئایا لە گوناه بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟ نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟ ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش لە نوێیەتی ژیاندا بژین.

ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.

بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، دەزانین مەسیح کە لەنێو مردوواندا هەستێنرایەوە، نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. 10 ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.

11 ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بۆ خودا زیندوو لە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا. 12 کەواتە مەهێڵن گوناه حوکمڕانی لەشی لەناوچووتان بکات، تاکو گوێڕایەڵی ئارەزووەکانی بن. 13 ئەندامانتان وەک ئامێری ناڕەوایی بۆ گوناه پێشکەش مەکەن، بەڵکو خۆتان پێشکەشی خودا بکەن، وەک زیندووی نێو مردووان و ئەندامانتان وەک ئامێری ڕاستودروستی بۆ خودا. 14 چیتر گوناه دەسەڵاتی بەسەرتاندا نابێت، چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین، بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتدان.

کۆیلەکانی چاکە

15 کەواتە چی؟ ئایا گوناه بکەین چونکە لەژێر سایەی تەوراتدا نین بەڵکو لەژێر سایەی نیعمەتداین؟ نەخێر! 16 ئایا نازانن کاتێک خۆتان وەک کۆیلە ملکەچی کەسێک دەکەن، دەبنە کۆیلەی ئەوەی ملکەچن بۆی، جا بۆ گوناه کە بەرەو مردنە یان بۆ گوێڕایەڵی کە بەرەو ڕاستودروستییە؟ 17 بەڵام سوپاس بۆ خودا لەگەڵ ئەوەی کۆیلەی گوناه بوون، لە دڵەوە ملکەچی ئەو شێوە فێرکردنە بوون کە پێتان سپێردرا. 18 ئێوە لە گوناه ئازاد کران و بوونە بەندەی ڕاستودروستی.

19 لەبەر لاوازی جەستەتان وەک مرۆڤێکی سادە دەدوێم. ئیتر چۆن لەپێشدا ئەندامانی لەشتان وەک کۆیلەی گڵاوی و خراپە بۆ خراپە پێشکەش کرد، ئێستاش ئەندامانتان وەک بەندەی ڕاستودروستی بۆ پیرۆزی پێشکەش بکەن، 20 چونکە کاتێک کۆیلەی گوناه بوون، سەبارەت بە ڕاستودروستی ئازاد بوون. 21 ئەو کاتە چ بەرهەمێکتان هەبوو لەو شتانەی ئێستا لە بەرامبەریان هەست بە تەریق بوونەوە دەکەن؟ چونکە دەرئەنجامی ئەو شتانە مردنە. 22 بەڵام ئێستا کە لە گوناه ئازاد کراون و بوونە بەندەی خودا، بەرهەمتان بۆ پیرۆزی هەیە و دەرئەنجامەکەی ژیانی هەتاهەتاییە، 23 چونکە کرێی گوناه مردنە، بەڵام دیاری خودا ژیانی هەتاهەتاییە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.