Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Old/New Testament

Each day includes a passage from both the Old Testament and New Testament.
Duration: 365 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
ئیشایا 65-66

دادوەری و ڕزگاری

65 «ئامادە بووم وەڵام بدەمەوە، بەڵام داوایان لێ نەکردم،
    ئامادە بووم بدۆزرێمەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان.
بە نەتەوەیەک کە بە ناوی منەوە نزا ناکەن،
    فەرمووم: ”ئەوەتام! ئەوەتام!“
بە درێژایی ڕۆژ دەستم
    بۆ گەلێکی کەللەڕەق ڕاگرت،
بە ڕێگایەکدا دەڕۆن باش نییە
    بەدوای بیرکردنەوەی خۆیان دەکەون.
گەلێک بەردەوام
    بەرەو ڕووم پەستم دەکەن،
یەکێک لەناو باخچەکان قوربانی سەردەبڕێت،
    لەسەر قوربانگا خشتەکان بخوور دەسووتێنێت،
ئەوەی لەنێو گۆڕەکان دادەنیشێت،
    لە گۆڕستانەکان شەو بەسەردەبات،
گۆشتی بەراز دەخوات و
    لەناو قاپوقاچاغەکەی گۆشتاوی گڵاو هەیە.
دەڵێت: ”لە شوێنی خۆت ڕابوەستە، لێم نزیک مەکەوە،
    چونکە من لە تۆ پیرۆزترم!“
ئەوانە دووکەڵن لە لووتی مندا،
    ئاگرێکن کە بە درێژایی ڕۆژ داگیرساوە.

«ئەوەتا لەبەردەمم نووسراوە:
    بێدەنگ نابم، بەڵکو بە تەواوی پاداشت دەدەمەوە،
    سزای خۆیان دەخەمە بەردەستیان،
لەبەر تاوانەکانتان و تاوانی باوباپیرانتان پێکەوە،»
    یەزدان دەفەرموێت.
«لەبەر ئەوەی ئەوانە لەسەر چیاکان قوربانییان سووتاند و
    لەسەر گردەکان سووکایەتییان بە من کرد،
کردەوەکانی پێشوویان دەپێومەوە و
    سزای خۆیان بەسەردا دەسەپێنم.»

یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«وەک ئەوەی لە هێشوودا شەرابی نوێ هەیە،
    جا دەگوترێت: ”مەیفەوتێنە،
    چونکە خێروبێری تێدایە،“
ئاوا دەکەم لە پێناوی بەندەکانم
    بۆ ئەوەی هەمووان نەفەوتێنم.
بەڵکو لە یاقوبەوە نەوەیەک دەردەکەم،
    لە یەهوداشەوە ئەوانەی دەبنە میراتگری چیاکانم.
جا چیاکان دەبن بە میراتی هەڵبژێردراوانم و
    بەندەکانم لەوێ نیشتەجێ دەبن.
10 جا شارۆن دەبێت بە لەوەڕگای مێگەل و
    دۆڵی عاخۆریش[a] بە مۆڵگای مانگا،
    بۆ گەلەکەم کە داوای منیان کردووە.

11 «بەڵام ئێوە کە وازتان لە یەزدان هێناوە و
    کێوی پیرۆزی منتان لەیاد کردووە،
خوانتان بۆ بتێک بە ناوی ”گەد“ خوداوەندی بەخت ئامادە کردووە و
    بۆ ”مەنی“ خوداوەندی چارەنووس شەرابی تێکەڵاوتان پڕکردووە،
12 چارەنووستان دەخەمە بەر شمشێر و
    هەموو بۆ سەربڕین بە چۆکدا دێن،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و وەڵامتان نەدایەوە،
    قسەم کرد و گوێتان نەگرت
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکاریتان کرد،
    ئەوەی من پێم ناخۆش بوو هەڵتانبژارد.»

13 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەندەکانم دەخۆن،
    بەڵام ئێوە برسی دەبن،
ئەوەتا بەندەکانم دەخۆنەوە،
    بەڵام ئێوە تینوو دەبن،
ئەوەتا بەندەکانم دڵخۆش دەبن،
    بەڵام ئێوە شەرمەزار دەبن.
14 ئەوەتا لە دڵخۆشیدا
    بەندەکانم گۆرانی دەڵێن،
بەڵام ئێوە لە دڵتەنگیدا دەقیژێنن و
    لەبەر دڵشکاندن شین دەگێڕن.
15 لە داهاتوودا هەڵبژێردراوانم ناوتان
    وەک نەفرەت بەکاردەهێنن و
یەزدانی باڵادەست دەتانکوژێت،
    بەڵام ناوێکی دیکە لە خزمەتکارەکانی خۆی دەنێت.
16 ئەوەی لە خاکەکەدا بۆ خۆی داوای بەرەکەت بکات،
    بە خودای ڕاستەقینەوە داوای بەرەکەت دەکات و
ئەوەی لە خاکەکەدا سوێند بخوات
    بە خودای ڕاستەقینە سوێند دەخوات،
چونکە تەنگانەکانی پێشوو لەبیر چوون و
    لەبەرچاوم شاردرانەوە.

ئاسمانی نوێ و زەوی نوێ

17 «بڕوانن، من لە داهاتوودا ئاسمانی نوێ و
    زەوی نوێ بەدی دەهێنم و
ئەوانەی پێشوو نە باس دەکرێن و
    نە بە مێشکدا دێنەوە.
18 بەڵکو ئێوە بۆ هەتاهەتایە دڵخۆش و شاد بن
    لەوەی من بەدی دەهێنم،
چونکە ئەوەتا من ئۆرشەلیمی شاد بەدی دەهێنم و
    دانیشتووانەکەی دڵخۆش دەبن.
19 بە ئۆرشەلیم دڵخۆش دەبم و
    بە گەلی خۆم شاد دەبم،
چیتر لەناویدا دەنگی گریان و هاوار نابیسترێت.

20 «چیتر لەوێ نە کۆرپەی تازە لەدایکبوو دەمرێت و
    نە پیری لە تەمەن تێر نەخواردوو،
چونکە ئەوەی لە تەمەنی سەد ساڵی بمرێت گەنجە و
    ئەوەی نەگات بە تەمەنی سەد ساڵی نەفرەت لێکراوە.
21 خانوو بنیاد دەنێن و نیشتەجێ دەبن،
    ڕەز دەڕوێنن و لە بەرەکەی دەخۆن.
22 خانوو بنیاد نانێن و یەکێکی دیکە تێیدا دانیشێت،
    ڕەز ناڕوێنن و یەکێکی دیکە بیخوات،
چونکە ڕۆژانی گەلەکەم
    وەک ڕۆژانی دار[b] دەبێت و
هەڵبژێردراوانم خۆشی دەبینن
    لە کردارەکانی دەستیان.
23 بەخۆڕایی ماندوو نابن و
    بۆ تۆقاندن منداڵیان نابێت،
چونکە ئەوان نەوەی بەرەکەتپێدراوی یەزدانن و
    وەچەکانیان لەگەڵیاندان.
24 جا بەر لەوەی نزا بکەن من وەڵام دەدەمەوە و
    هێشتا ئەوان قسە دەکەن من گوێم لێیان دەبێت.
25 گورگ و بەرخ پێکەوە دەلەوەڕێن،
    شێریش وەک مانگا گیا دەخوات،
    بەڵام نانی مار خۆڵە.
لە هەموو کێوی پیرۆزم
    نە زیان دەبەخشن و نە دەفەوتێنن،»
            یەزدان دەفەرموێت.

دادوەری و هیوا

66 یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئاسمان تەختی منە و
    زەویش تەختەپێمە.
کوا ئەو ماڵەی کە ئێوە بۆم بنیاد دەنێن و
    لەکوێیە شوێنی حەوانەوەم؟
ئایا هەموو ئەمانەش دەستی من دروستی نەکردن؟
    جا هەموو ئەمانە نەهاتنە دی؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

«من ڕوو لەمە دەکەم:
    لەوەی بێفیز و دڵشکێنراوە و
    لەبەر ڕێزی فەرمایشتەکەم دەلەرزێت.
بەڵام ئەوەی گا سەردەبڕێت
    بکوژی مرۆڤە،
ئەوەی بەرخ دەکاتە قوربانی سەربڕاو،
    وەک ئەوەیە ملی سەگ بشکێنێت[c]،
ئەوەی پێشکەشکراوی دانەوێڵە پێشکەش دەکات،
    خوێنی بەراز پێشکەش دەکات و
ئەوەی بخوور دەسووتێنێت،
    بت بەرەکەتدار دەکات.
هەروەها ئەوان ڕێگاکانی خۆیان هەڵبژارد و
    دڵیان بە قێزەونەکانیان خۆش بوو،
هەروەها منیش کارەساتەکانیان هەڵدەبژێرم و
    ترسەکانیان بەسەریاندا دەهێنم،
لەبەر ئەوەی بانگم کرد و کەس نەبوو وەڵام بداتەوە،
    قسەم کرد و گوێیان نەگرت،
بەڵکو لەبەرچاوم خراپەکارییان کرد،
    ئەوەی پێی دڵخۆش نەبووم هەڵیانبژارد.»

ئەی ئەوانەی لە ڕێزی وشەی یەزدان دەلەرزن،
    گوێ لە فەرمایشتی ئەو بگرن:
«براکانتان ئەوانەی ڕقیان لێتانە و
    لەبەر ناوی من دەریانکردن،
بە تەوسەوە گوتیان: ”با یەزدان شکۆمەند بێت و
    دڵخۆشی ئێوە ببینین!“
    بەڵام ئەوان شەرمەزار دەبن.
دەنگی هاتوهەرایە لە شارەوە،
    دەنگە لە پەرستگاوە!
ئەمە دەنگی یەزدانە
    سزای شایستەی دوژمنانی دەدات.

«پێش ئەوەی ژان بگرێت، منداڵی بوو،
    پێش ئەوەی ژانی بۆ بێت، کوڕێکی بوو.
کێ وەک ئەمەی بیستووە؟
    کێ وەک ئەمەی بینیوە؟
ئایا وڵاتێک لە یەک ڕۆژدا ژان دەیگرێت
    یان نەتەوەیەک بە یەک جار لە دایک دەبێت؟
بەڵام سییۆن ئەو ساتەی کە ژان دەگرێت
    چەندین منداڵی دەبێت.»
یەزدان دەفەرموێت: «ئایا من کە ژانی منداڵبوون دەهێنم،
    وا ناکەم منداڵ لەدایک ببێت؟
یان ئەگەر من وا دەکەم منداڵ ببێت،
    سکی دایک دادەخەم؟» خودای تۆ دەفەرموێت.
10 «ئەی هەموو خۆشەویستانی ئۆرشەلیم،
    لەگەڵی دڵخۆش بن و تێیدا شاد بن،
ئەی هەموو ئەوانەی شیوەنی بۆ دەگێڕن،
    بە تەواوی لەگەڵی دڵخۆش بن.
11 بۆ ئەوەی شیری مەمکی بمژن و
    تێر و ئارام بن
هەتا لە پڕی شکۆمەندییەکەی بخۆنەوە و
    چێژ ببینن.»

12 سەبارەت بەمەش یەزدان بەم جۆرە دەفەرموێت:

«ئەوەتا من ئاشتی بەسەردا دەشکێنمەوە وەک ڕووبار و
    شکۆمەندی نەتەوەکان وەک جۆگەیەکی ڕاماڵ،
جا ئێوە شیر دەدرێن و لە ئامێز دەگیرێن و
    لەسەر ئەژنۆکان ڕادەژەنرێن.
13 وەک یەکێک کە دایکی دڵنەوایی بکات،
    منیش ئاوا دڵنەواییتان دەکەم،
    بە ئۆرشەلیم دڵنەوایی دەکرێن.»

14 جا دەبینن و دڵتان خۆش دەبێت و
    جەستەتان وەک گیا نەشونما دەکات.
جا دەزانرێت کە یەزدان لەگەڵ خزمەتکارەکانی دەبێت،
    بەڵام لە دوژمنەکانی تووڕە دەبێت،
15 ئەوەتا یەزدان بە ئاگرەوە دێت،
    گالیسکەکانی وەک گەردەلوولن،
هەتا تووڕەییەکەی بە گڕەوە بگەڕێنێتەوە،
    سەرزەنشتەکەی بە بڵێسەی ئاگرەوە.
16 لەبەر ئەوەی یەزدان بە ئاگر و شمشێرەکەی
    حوکم بەسەر هەموو مرۆڤدا دەدات،
    ئەوانەی بە دەستی یەزدان دەکوژرێن زۆر دەبن.

17 «پێکەوە دەفەوتێن، ئەوانەی خۆیان تەرخان و پاک دەکەن بۆ چوونە ناو باخچەکان، شوێنی ئەو کەسە دەکەون کە لە لەناوەڕاستی ئەوانە، کە جرج و گۆشتی بەراز و شتی قێزەون دەخۆن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

18 «من کردەوەکانیان و بیروڕایان دەزانم، لەبەر ئەوە خەریکە دێم و هەموو نەتەوەکان و زمانەکان کۆدەکەمەوە، جا دێن و شکۆمەندی من دەبینن.»

19 یەزدان دەفەرموێت: «نیشانەیەکیان لەنێو دادەنێم و دەربازبووانیان لێ دەنێرم بۆ نەتەوەکان، بۆ تەرشیش و بۆ لای لیبییەکان و لوودییەکان، ئەوانەی تیرئەندازن، بۆ توبال، یۆنان و دوورگە دوورەکان، ئەوانەی هەواڵی منیان نەبیستووە و شکۆمەندی منیان نەبینیوە، جا شکۆمەندی من لەنێو نەتەوەکاندا ڕادەگەیەنن. 20 هەموو براکانتان لە هەموو نەتەوەکانەوە وەک پێشکەشکراو بۆ یەزدان لەسەر ئەسپ و بە گالیسکە و بە عەرەبانە و بە هێستر و وشتر بۆ کێوی پیرۆزم بۆ ئۆرشەلیم دەهێننەوە، وەک ئەوەی نەوەی ئیسرائیل پێشکەشکراوی دانەوێڵەیان لەناو دەفرێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم بۆ پەرستگای یەزدان بهێنن. 21 هەروەها هەندێک لەوان هەڵدەبژێرم بە کاهین و بە لێڤی.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

22 یەزدان دەفەرموێت: «بێگومان وەک ئەو ئاسمانە نوێیە و ئەو زەوییە نوێیە کە من دروستیان دەکەم لەبەردەممدا دەمێننەوە، ئاواش ناو و نەوەی ئێوە دەمێنێت. 23 لە سەرەمانگێکەوە بۆ سەرەمانگێک و لە شەممەیەکەوە بۆ شەممەیەک هەموو مرۆڤێک دێت بۆ ئەوەی لەبەردەمم کڕنۆش ببات،» یەزدان دەفەرموێت. 24 «دەچنە دەرەوە و لاشەی ئەو خەڵکانە دەبینن کە لە من یاخی بوون، چونکە کرمەکانیان نامرن و ئاگریان ناکوژێتەوە و بۆ هەمووان دەبن بە قێزەون.»

یەکەم تیمۆساوس 2

نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک

بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[a] لە کاتی گونجاو بوو. بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.

جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.

ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە[b] بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.

11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت[c]، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.