Old/New Testament
لقەکە لە بنەماڵەی یەسا
11 چڵێک لە بنەداری یەسا دەردەچێت،
لقێکی نوێ لە ڕەگەکەیەوە دەڕوێت.
2 ڕۆحی یەزدان لەسەری دەنیشێتەوە،
ڕۆحی دانایی و تێگەیشتن،
ڕۆحی ڕاوێژ و ئازایەتی،
ڕۆحی زانین و لەخواترسی،
3 بە لەخواترسی شادمان دەبێت.
بەگوێرەی بینینی چاوی خۆی دادوەری ناکات،
بەگوێرەی بیستنی گوێی خۆی بڕیار نادات،
4 بەڵکو بە ڕاستودروستی دادوەری بۆ هەژاران دەکات و
بە ڕاستی بڕیار بۆ نەدارانی جیهان دەدات.
بە داردەستی دەمی لە زەوی دەدات،
بە بای لێوەکانی بەدکاران دەکوژێت.
5 ڕاستودروستی دەبێتە پشتێن و
دڵسۆزیش دەبێتە کەمەربەند بە ناوقەدیەوە.
6 گورگ لەگەڵ بەرخ نیشتەجێ دەبێت،
پڵنگ لەگەڵ کارەبزن پاڵ دەداتەوە،
گوێرەکە و بەچکە شێر و دابەستە پێکەوەن و
منداڵێکی بچووک بەڕێوەیان دەبات.
7 مانگا و ورچ پێکەوە دەلەوەڕێن،
بێچووەکانیان پێکەوە پاڵ دەدەنەوە،
شێر وەکو گا کا دەخوات.
8 کۆرپەی شیرەخۆرە لەسەر کونی ماری کۆبرا یاری دەکات،
لەشیربڕاوە دەست دەباتە ناو کونی مارەوە.
9 خراپە و گەندەڵی ناکەن لە هەموو کێوی پیرۆزم،
چونکە زەوی پڕ دەبێت لە ناسینی یەزدان
هەروەک ئاو دەریا دادەپۆشێت.
10 لەو ڕۆژەدا ڕەگەکەی یەسا کە چەقاوە وەک ئاڵای گەلان، نەتەوەکان داوای ئەو دەکەن و شوێنی حەوانەوەی شکۆدار دەبێت. 11 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار دووبارە دەستی درێژ دەکاتەوە بۆ کڕینەوەی پاشماوەی گەلەکەی خۆی، ئەوەی ماوەتەوە لە ئاشور، لە پاشایەتی باکووری میسر و پاشایەتی باشووری میسر، لە کوش[a]، ئیلام، بابل، حەمات و لە دوورگەکانی دەریا.
12 ئاڵایەک بۆ نەتەوەکان بەرز دەکاتەوە و
دوورخراوەکانی ئیسرائیل کۆدەکاتەوە،
پەرتەوازەکانی یەهودا خڕدەکاتەوە
لە هەر چوار لای زەوییەوە.
13 بەغیلی ئەفرایم نامێنێت و
هەراسانی یەهوداش دەبڕدرێتەوە،
ئەفرایم بەغیلی بە یەهودا نابات و
یەهوداش ئەفرایم هەراسان ناکات.
14 پێکەوە ڕووەو دەریا بەلای زوورگەکان پەلاماری فەلەستییەکان دەدەن و
خەڵکی ڕۆژهەڵات تاڵان دەکەن.
ئەدۆم و مۆئاب ژێردەستەیان دەبن،
عەمۆنییەکانیش گوێڕایەڵیان دەبن.
15 یەزدان کەنداوی دەریای میسر
تێکوپێک دەدات،
بە بایە سووتێنەرەکەی
دەستی ڕادەوەشێنێت بەسەر فوراتدا،
لێی دەدات و دەیکاتە حەوت جۆگە
بە پێڵاوەوە بەناویدا دەڕۆن.
16 دەبێت بە ڕێگا بۆ پاشماوەی گەلەکەی
ئەوانەی لە ئاشور دەمێننەوە
وەک ئەوەی بۆ ئیسرائیل بوو
لەو ڕۆژەی لە خاکی میسرەوە هاتنە دەرەوە.
گۆرانی ستایش
12 لەو ڕۆژەدا دەڵێیت:
«ئەی یەزدان، ستایشت دەکەم،
هەرچەندە لێم تووڕە بوویت،
بەڵام تووڕەییەکەت لە من دامرکایەوە و دڵت دامەوە.
2 ئەوەتا خودای ڕزگاریی من،
دڵنیا دەبم و ناترسم،
چونکە یەزدانی پەروەردگار هێز و سروودی منە و
ئەو بوو بە ڕزگاریم.»
3 بە شادییەوە ئاو دەکێشنەوە
لە کانییەکانی ڕزگاری.
4 لەو ڕۆژەدا دەڵێن:
«ستایشی یەزدان بکەن، ناوی ڕابگەیەنن،
وا بکەن کردارەکانی لەنێو گەلاندا زانراو بێت،
باسی ئەوە بکەن کە ناوی بەرز بووەتەوە.
5 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن،
چونکە کاری شکۆمەندانەی کردووە،
با ئەمە لە هەموو جیهاندا زانراو بێت.
6 ئەی نیشتەجێی سییۆن دەنگ بەرز بکەرەوە و هاوار بکە!
چونکە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل لەنێوتاندا مەزنە.»
سروشێک سەبارەت بە بابل
13 سروشێک[b] سەبارەت بە بابل ئەوەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی:
2 لەسەر کێوێکی ڕووت ئاڵایەک هەڵبکەن،
دەنگیان لێ بەرز بکەنەوە،
دەست ڕابشەکێنن با بێنە ژوورەوە
بۆ ناو دەرگای میران.
3 من فەرمانم بە تەرخانکراوەکانم کرد،
هەروەها بانگی پاڵەوانەکانی خۆمم کرد لەبەر تووڕەییم،
ئەو پاڵەوانانەی دڵخۆشن بە سەرکەوتنم.
4 گوێ بگرن، دەنگی هەراوهۆریا لە چیاکان دێت،
وەک دەنگی خەڵکی ئێجگار زۆر!
گوێ بگرن، دەنگی هاتوهەرای شانشینەکان دێت،
وەک دەنگی نەتەوەکان کۆبوونەتەوە!
یەزدانی سوپاسالار
سوپایان لێ پێکدەهێنێت بۆ جەنگ!
5 لە خاکێکی دوورەوە دێن،
لەوپەڕی ئاسمانەوە دێن،
یەزدان و چەکەکانی تووڕەیی،
بۆ تێکوپێکدانی سەراپای زەوی.
6 واوەیلا بکەن، چونکە ڕۆژی یەزدان[c] نزیک بووەتەوە،
وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.
7 لەبەر ئەوە هەموو دەستەکان شل دەبن،
هەموو دڵێکی مرۆڤ دەتوێتەوە.
8 ڕادەچڵەکێن،
ئازار و ژان دەیانگرێت،
وەک منداڵبوو دەتلێنەوە.
پیاو واقی وڕدەمێنێت لە هاوڕێکەی،
ڕوویان وەک ڕووی گڕی ئاگرە.
9 ئەوەتا ڕۆژی یەزدان دێت،
سەختە، توندوتیژ و تووڕەیی بە جۆشە،
بۆ ئەوەی زەوی وێران بکات و
گوناهبارانی لێ ببڕێتەوە.
10 چونکە ئەستێرەکانی ئاسمان و کەلووەکانی
ڕووناکییان دەرناخەن،
خۆر لە کاتی هەڵاتنی تاریک دادێت،
مانگیش ڕووناکییەکەی نادرەوشێتەوە.
11 سزای جیهان دەدەم لەسەر خراپەکەی،
بەدکارانیش لەسەر تاوانەکانیان،
کۆتایی دەهێنم بە فیزی لووتبەرزان و
سەری بێ ویژدانەکان شۆڕ دەکەم.
12 مرۆڤ لە زێڕی بێگەرد دەگمەنتر دەکەم و
ئادەمیزادیش لە زێڕی ئۆفیر.
13 لەبەر ئەوە ئاسمان دەهەژێنم و
زەویش لە شوێنی خۆی دەلەرزێت،
لەبەر تووڕەیی یەزدانی سوپاسالار و
لە ڕۆژی هەڵچوونی تووڕەییەکەی.
14 وەک مامزی ڕاونراو دەبێت و
وەک ڕانە مەڕ کەس نەبێت کۆی بکاتەوە،
هەرکەسە ڕوو لە گەلەکەی خۆی دەکات و
هەرکەسە بەرەو خاکەکەی خۆی هەڵدێت.
15 ئەوەی بدۆزرێتەوە دەدرێتە بەر خەنجەر و
ئەوەی بگیرێت بە شمشێر دەکوژرێت.
16 منداڵەکانیان لەبەرچاویان پارچەپارچە دەکرێن و
ماڵیان تاڵان دەکرێت و ژنەکانیان زەوت دەکرێن.
17 ئەوەتا من مادەکان لە دژیان هەڵدەستێنم،
ئەوانەی گوێ بە زیو نادەن و
کەیفیان بە زێڕ نایەت.
18 کەوانەکانیان لاوان تێکدەشکێنن،
بەزەییان بە کۆرپەکاندا نایەتەوە،
دڵیان بە منداڵان ناسووتێت.
19 بابلی شکۆمەندی شانشینەکان و
جوانی شانازی کلدانییەکان
وەک سەدۆم و عەمۆرا دەبێت،
کە لەلایەن خوداوە سەرەوژێر کرابێت.
20 هەتاهەتایە ئاوەدان ناکرێتەوە و
نەوە دوای نەوە کەس تێیدا نیشتەجێ نابێت،
عەرەب لەوێ دەوار هەڵنادات،
شوانەکان لەوێ مێگەل مۆڵ نادەن.
21 بەڵام لەوێ دڕندە بیابانییەکان ڕادەکشێن،
چەقەڵ خانووەکانی پڕ دەکەن؛
کوندەپەپوو لەوێ نیشتەجێ دەبێت،
تەگە لەوێ سەما دەکەن.
22 کەمتیار لەناو قەڵاکانی بابل دەلوورێنێت،
چەقەڵیش لەناو کۆشکەکانی.
کاتەکەی نزیکە بۆ هاتن،
ڕۆژگاری درێژە ناکێشێت.
یەک جەستە و یەک ڕۆح
4 منی بەندکراو لە پێناوی مەسیحی خاوەن شکۆ لێتان دەپاڕێمەوە بە شێوەیەک بژین شایانی ئەم بانگەوازە بێت کە پێی بانگکراون. 2 بەوپەڕی بێفیزی و دڵنەرمی و ئارامگرتنەوە، بە خۆشەویستی بەرگەی یەکتری بگرن. 3 تێکۆشەر بن بۆ پاراستنی یەکێتی ڕۆحی پیرۆز بە پشتێنی ئاشتی. 4 هەروەک یەک جەستە و یەک ڕۆح هەیە، بۆ یەک هیوای بانگەوازەکەتان کە بانگکران، 5 یەک مەسیحی خاوەن شکۆ، یەک باوەڕ، یەک لەئاوهەڵکێشان، 6 یەک خودا، باوکی هەمووانە، گەورەی هەمووانە، لەناو ناخی هەموواندا کار دەکات و لەنێو هەموواندایە.
7 بەڵام بەگوێرەی پێوانەی بەخشینی مەسیح نیعمەت بە هەر یەکێکمان دراوە، 8 بۆیە دەفەرموێ:
[کاتێک ئەو بەرزبووەوە بۆ بەرزایی،
دیلێکی زۆری لەگەڵ خۆی برد،
دیاری بە خەڵکی بەخشی.][a]
9 مەبەست لە «بەرزبووەوە» چییە، جگە لەوەی کە دابەزیوەتە نزمترین شوێنی زەوی؟ 10 ئەوەی دابەزی هەر خۆی بەرزبووەوە بۆ سەر هەموو ئاسمان، تاکو هەمووی پڕ بکاتەوە. 11 ئیتر مەسیح بە هەندێکی دا ببنە نێردراو، هەندێک پێغەمبەر، هەندێک مزگێنیدەر، هەندێک شوان و مامۆستا، 12 بۆ ئامادەکردنی گەلی پیرۆزی خۆی بۆ کاری خزمەت، بۆ بنیادنانی جەستەی مەسیح، 13 هەتا هەموومان بگەین بە یەکێتی باوەڕ و ناسینی کوڕی خودا، ببینە مرۆڤێکی پێگەیشتوو، بگەینە ئەندازەی تەواوی پڕیێتی مەسیح.
14 بۆ ئەوەی لەمەولا ساوا نەبین، شێواو و هەڵگیراو بە هەموو بایەکی فێرکردن، بە فێڵی خەڵکی، بە مەکر بەرەو چەواشەی تەڵەکەبازی. 15 بەڵکو لە خۆشەویستیدا ڕاستگۆ بین، با لە هەموو شتێکدا گەشە بکەین، لەناو ئەوەی سەرە، واتە مەسیح. 16 بەهۆی مەسیحەوە هەموو کڵێسا لە خۆشەویستیدا گەشە دەکات و خۆی بنیاد دەنێت، وەک چۆن ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ تێک هەڵکێشراون و بە جومگەکان بەیەکەوە بەستراونەتەوە، هاوکاری یەکتری دەکەن.
ژیانی نوێ بە مەسیح
17 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم و بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێداگریش لەسەر ئەمە دەکەم، کە ئیتر وەک نەتەوەکان مەژین، ئەوانەی کە بیریان پووچە، 18 کە مێشکیان تاریکە، لەبەر ئەو نەزانییەی تێیاندایە و لەبەر دڵڕەقییان لە ژیانی خودا دابڕاون. 19 ئەوانەی هەستیان نەماوە خۆیان داوەتە دەست بەڕەڵایی، بۆ ئەوەی بە چاوچنۆکییەوە هەموو کارێکی گڵاو بکەن.
20 بەڵام ئێوە بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون، 21 کە سەبارەت بەو بیستووتانە و بەگوێرەی ئەو ڕاستییەی کە لە عیسایە فێرکراون. 22 فێرکراون شێوازی ژیانی پێشووتان کە مرۆڤە کۆنەکەیە، دابکەنن، چونکە بە ئارەزووە هەڵخەڵەتێنەرەکانی گەندەڵ بووە، 23 هەروەها شێوازی بیرکردنەوەتان نوێ بکەنەوە، 24 مرۆڤی نوێ لەبەر بکەن، ئەوەی خودا وەکو خۆی بەدیهێناوە لە ڕاستودروستی و پیرۆزیی ڕاستەقینە.
25 بۆیە واز لە درۆ بهێنن، با هەریەکە ڕاستگۆ بێ لەگەڵ نزیکەکەی، چونکە ئەندامی یەک جەستەین. 26 [کاتێک تووڕە دەبن، گوناه مەکەن.][b] مەهێڵن ڕۆژئاوا بێت بەسەر تووڕەییتاندا، 27 دەرفەت بۆ شەیتان مەڕەخسێنن. 28 دز ئیتر با دزی نەکات، بەڵکو با ڕەنج بدات و بە دەستی خۆی ئیشێکی پاک بکات، تاکو هەیبێت بداتە ئەوەی پێویستی پێیەتی.
29 وشەی خراپ لە دەمتان دەرنەچێت، بەڵکو هەرچییەکی باشە بۆ بنیادنان، بەگوێرەی پێویستی، تاکو نیعمەت بداتە گوێگران. 30 ڕۆحی پیرۆزی خودا خەمبار مەکەن، ئەوەی بۆ ڕۆژی ڕزگاری[c] پێی مۆرکران. 31 هەموو تاڵی و تووڕەیی و توندی و هاوارکردن و بوختان و هەموو دڵڕەشییەک فڕێبدەن. 32 لەگەڵ یەکتری نەرمونیان و بە بەزەیی بن، لە یەکتری خۆشبن، هەروەک چۆن خودا بەهۆی یەکبوونتان لەگەڵ مەسیحدا لێتان خۆشبوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.