Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ז (زاین)
49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
چونکە هیوات پێم داوە.
50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
دڵنەواییم هاتەوە.
53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
لە ماڵی ئاوارەییم.
55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
56 ئەم نەریتە بۆ من بوو:
ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
36 «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: 37 ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم. 38 ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 39 یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان. 40 پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن. 41 پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
42 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: هەروەک هەموو ئەم خراپە گەورانەم بەسەر ئەم گەلەدا هێنا، ئاواش من هەموو ئەو چاکەیەیان بەسەردا دەهێنم کە بەڵێنم پێیان دا. 43 جا کێڵگە دەکڕدرێتەوە لەم خاکەی کە دەڵێن: ”وێرانە، نە مرۆڤ و نە ئاژەڵی تێدا نییە، دراوەتە دەست بابلییەکان.“ 44 بە شایەتی چەند شایەتێک بە زیو کێڵگە دەکڕن، گرێبەست لە کاغەزێک دەنووسن و مۆری دەکەن، لە خاکی بنیامین و دەوروبەری ئۆرشەلیم، لە شارۆچکەکانی یەهودا، لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان، لە زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب، چونکە من ڕاپێچکراوەکانیان دەگەڕێنمەوە.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
ئاگادارکردنەوەی دەوڵەمەندەکان
5 وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. 2 سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، 3 زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. 4 ئەوەتا کرێی ئەو کرێکارانەتان نەداوە کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. 5 لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. 6 بێتاوانتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەیان نەدەکرد.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.