Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 107:1-9

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
    گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

زەبوورەکان 107:43

43 کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
    لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

هۆشەع 9

سزای ئیسرائیل

ئەی ئیسرائیل، وەک گەلان
    دڵخۆش و شاد مەبە،
چونکە ناپاکیت لە خودای خۆت کرد،
    حەزت لە کرێی لەشفرۆشی کرد
    لەسەر هەموو جۆخینەکان[a].
جۆخین و گوشەرەکانیان بەشیان ناکات،
    شەرابی نوێش بەشیان ناکات.
لە خاکی یەزدان نیشتەجێ نابن،
    بەڵکو ئەفرایم بۆ میسر دەگەڕێتەوە و
    لە ئاشوردا خواردنی گڵاو دەخۆن.
شەرابی پێشکەشکراو بۆ یەزدان ناڕژێنن و
    قوربانییەکانیان دڵی خۆش ناکەن.
ئەو قوربانییانە بۆ ئەوان وەک نانی ماتەمە و
    هەرکەسێک لێی بخوات گڵاو دەبێت.
نانەکەیان بۆ خۆیانە و
    ناچێتە ناو ماڵی یەزدانەوە.

لە ڕۆژی دیاریکراودا چی دەکەن،
    لە ڕۆژی جەژنی یەزدان؟
چونکە ئەوەتا ئەوەی لە وێرانی هەڵدێت،
    میسر کۆیان دەکاتەوە و
    مەمفیس لە گۆڕیان دەنێت.
دڕکوداڵ گەنجینە زیوەکانیان بە میرات دەگرێت و
    وشترالووک لە ماڵەکەیاندا دەبێت.
ڕۆژانی لێپرسینەوە بەڕێوەن،
    ڕۆژانی سزا بەڕێوەن.
    با ئیسرائیل ئەمە بزانێت.
لەبەر زۆری تاوانەکەت و
    زۆری کێشمەکێشت،
پێغەمبەر بە گێل سەیر دەکەیت و
    مرۆڤی ڕۆحیش بە شێت.
پێغەمبەرەکە لەگەڵ خوداکەم چاودێری ئەفرایمە،
    بەڵام لە هەموو ڕێڕەوەکانی تەڵەیان نایەوە،
    کێشمەکێشیش لە ماڵی خوداکەیەتی.
ئەوان نوقوم بوون،
    وەک ڕۆژانی گیڤعا گەندەڵ بوون،
خودا تاوانەکەیان دەهێنێتەوە بیری خۆی و
    لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.

10 «ئیسرائیلم دۆزییەوە
    وەک ترێ لە چۆڵەوانی،
لە سەرەتادا باوباپیرانتانم بینی
    وەک نۆبەرەی بەری دار هەنجیرێک.
بەڵام ئەوان هاتن بۆ بەعل‌پەعۆر و
    خۆیان بۆ خوداوەندی شەرمەزاری تەرخان کرد،
    ئەوان وەک ئەو خوداوەندەی کە خۆشیان دەویست قێزەون بوون.
11 ئەفرایمیش شکۆمەندییەکەی وەک باڵندە دەفڕێت،
    نە لەدایکبوون و نە سکپڕی و نە دروستبوونی کۆرپەلە.
12 تەنانەت ئەگەر منداڵەکانیشیان پەروەردە بکەن،
    جەرگسووتاویان دەکەم بۆ ئەوەی هیچ مرۆڤێک نەبێت.
قوڕبەسەریان
    کاتێک پشتیان تێدەکەم.
13 ئەفرایم دەبینم، وەک شاری سورە
لە لەوەڕگا ڕواوە،
بەڵام ئەفرایم منداڵەکانی
    بۆ بکوژ دەهێنێتە دەرەوە.»

14 ئەی یەزدان، بیاندەرێ،
    چییان پێدەدەیت؟
منداڵدانێکی لەباربردە و
    دوو مەمکی وشک.

15 «لەبەر هەموو خراپەکانیان لە گلگال
    من لەوێدا قێزم لێیان بووەوە.
لەبەر کردەوە خراپەکانیان
    لە ماڵی خۆم دەریاندەکەم.
ئیتر خۆشم ناوێن،
هەموو میرەکانیان یاخین.
16 ئەفرایم هەڵپڕووکاوە،
    ڕەگیان وشک بوو،
    بەر ناگرن.
ئەگەر منداڵیشیان ببێت،
    منداڵە خۆشەویستەکانی سکیان دەمرێنم.»

17 خوداکەم ڕەتیان دەکاتەوە،
    چونکە گوێیان لێی نەگرت،
    لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا وێڵ دەبن.

ئەفەسۆس 4:17-24

ژیانی نوێ بە مەسیح

17 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم و بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێداگریش لەسەر ئەمە دەکەم، کە ئیتر وەک نەتەوەکان مەژین، ئەوانەی کە بیریان پووچە، 18 کە مێشکیان تاریکە، لەبەر ئەو نەزانییەی تێیاندایە و لەبەر دڵڕەقییان لە ژیانی خودا دابڕاون. 19 ئەوانەی هەستیان نەماوە خۆیان داوەتە دەست بەڕەڵایی، بۆ ئەوەی بە چاوچنۆکییەوە هەموو کارێکی گڵاو بکەن.

20 بەڵام ئێوە بەم شێوەیە فێری مەسیح نەبوون، 21 کە سەبارەت بەو بیستووتانە و بەگوێرەی ئەو ڕاستییەی کە لە عیسایە فێرکراون. 22 فێرکراون شێوازی ژیانی پێشووتان کە مرۆڤە کۆنەکەیە، دابکەنن، چونکە بە ئارەزووە هەڵخەڵەتێنەرەکانی گەندەڵ بووە، 23 هەروەها شێوازی بیرکردنەوەتان نوێ بکەنەوە، 24 مرۆڤی نوێ لەبەر بکەن، ئەوەی خودا وەکو خۆی بەدیهێناوە لە ڕاستودروستی و پیرۆزیی ڕاستەقینە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.