Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی ئاساف.
74 ئەی خودایە، بۆچی هەتاهەتایە ڕەتت کردینەوە؟
بۆچی تووڕەییت دووکەڵ دەکات بەسەر مەڕی لەوەڕگاکەتدا؟
2 کۆمەڵی خۆت لەبیر بێت، کە لە کۆنەوە بەدەستت هێناوە،
هۆزی میراتی خۆتت کڕییەوە،
ئەم کێوی سییۆنە کە تێیدا نیشتەجێ بوویت.
3 هەنگاو هەڵبڕە بەرەو وێرانگای هەمیشەیی،
هەموو ئەو وێرانکارییەی کە دوژمن بە پیرۆزگای کرد.
4 ناحەزەکانت لە ناوەڕاستی شوێنی چاوپێکەوتنی تۆدا نەڕاندیان،
ئاڵاکانیان وەک نیشانە چەقاند.
5 لەوانە دەچوون کە تەورەکانیان بەرزکردووەتەوە،
لەسەر داری دارستانەکان.
6 بە تەور و چەکوش تێکیان شکاند،
هەموو نەخشێنراوەکان.
7 ئاگریان لە پیرۆزگاکەت بەردا،
ئەو شوێنەی کە ناوی تۆی تێدا نیشتەجێیە گڵاویان کرد.
8 لە دڵی خۆیاندا گوتیان: «بە تەواوی بەسەریاندا زاڵ دەبین!»
هەموو نزرگەیەکی خودایان لەسەر زەوی سووتاند.
9 پەرجووەکانمان[a] نابینین و
هیچ پێغەمبەرێک نەماوە،
کەسیشمان نازانێت تاکو کەیە.
10 ئەی خودایە، هەتا کەی ناحەزان جنێو بدەن؟
ئایا دوژمن هەتاهەتایە بێزیان لە ناوی تۆ بێتەوە؟
11 بۆچی دەستت دەگەڕێنیتەوە؟
دەستی ڕاستت لە باخەڵت دەربهێنە و لەناویان ببە!
12 بەڵام خودایە، تۆ هەر لە ئەزەلەوە پاشای منی،
دروستکەری ڕزگاریت لەناوەڕاستی زەوی.
13 تۆ بە هێزی خۆت دەریات شەقکرد،
سەری ئەژدیهاکانی دەریات لەسەر ئاو پانکردەوە.
14 تۆ سەرەکانی لیڤیاتانت[b] وردوخاش کرد،
کردت بە خۆراکی دڕندە بیابانییەکان.
15 تۆ کانی و جۆگەکانت تەقاندەوە،
تۆ ڕووبارە هەمیشە ڕۆیشتووەکانت وشککرد.
16 ڕۆژ هی تۆیە و شەویش هی تۆیە،
تۆ ڕووناکی و خۆرت دامەزراند.
17 هەموو سنوورەکانی زەوی تۆ دیارت کردوون،
تۆ هاوین و زستانت داهێناوە.
18 ئەی یەزدان، ئەمەت لەبیر بێت، ناحەزان سووکایەتییان پێت کرد،
گەلێکی گێل بێزیان لە ناوی تۆ کردەوە.
19 گیانی کۆترەکەت[c] مەدە زیندەوەرەکان،
هەرگیز ژیانی گەلە چەوسێنراوەکەت لەبیر مەکە.
20 پەیمانی خۆت لەبیر بێت،
چونکە هەموو شوێنە تاریکەکانی زەوی بوونە لانەی توندوتیژی.
21 ڕێ مەدە کەسی تێکشکاو بە شەرمەزاری بگەڕێتەوە.
با هەژار و کڵۆڵان ستایشی ناوت بکەن.
22 ئەی خودایە، ڕاپەڕە، بەرگری لە مافی خۆت بکە!
لەبیرت بێت چۆن گێلەکان بە درێژایی ڕۆژ گاڵتەیان پێت دەکرد.
23 قسەی دژەکانت لەبیر مەکە،
ژاوەژاوی نەیارانت کە بەردەوام لە زیادبوونە.
ڕزگاریی ئیسرائیل
27 لەو ڕۆژەدا،
یەزدان بە شمشێرە
ڕەق و گەورە و بەهێزەکەی،
سزای لیڤیاتان دەدات کە مارە هەڵاتووەکەیە،
لیڤیاتان کە مارە پێچ خواردووەکەیە،
ئەژدیهاکەی ناو دەریاش دەکوژێت.
2 لەو ڕۆژەدا
«گۆرانی بۆ ڕەزەمێوی بەردار بڵێن:
3 من یەزدانم، چاودێری ئەوم،
هەموو ساتێک ئاوی دەدەم.
نەوەک بەسەریدا بدرێت
بە شەو و بە ڕۆژ چاودێری دەکەم.
4 هەڵچوونم نییە.
کێ دەتوانێ لە جەنگدا دڕکوداڵ بخاتە بەرپێم؟
من پێشێلی دەکەم و دەیسووتێنم،
پێکەوە گڕیان تێ بەردەدەم.
5 بەڵام ئەگەر پەنا بداتە پاڵ من
لەگەڵ من ئاشتی دەبەستێت،
ئاشتی لەگەڵ من دەبەستێت.»
6 لە داهاتوودا، یاقوب ڕەگ دادەکوتێت،
ئیسرائیل گوڵ دەکات و لق دەردەکات،
ڕووی جیهان پڕ بەروبووم دەکات.
7 ئایا یەزدان لێیدان
بەو شێوەیەی لەوانەی دا کە لێیان دەدان؟
یان ئەوەندەی لێ کوشتن
وەک لە بکوژانی ئەوانی کوشت؟
8 بە دوورخستنەوە و بە ڕاپێچکردن دژایەتی ئەوت کرد،
ڕایماڵی بە بای بەهێزی خۆی
لە ڕۆژێکی بای ڕۆژهەڵاتیدا.
9 لەبەر ئەوە بەمە کەفارەت بۆ تاوانی یاقوب دەکرێت،
ئەمەش هەموو بەروبوومی داماڵینی گوناهەکەیەتی
بەوەی هەموو بەردەکانی قوربانگاکە
وەک بەردی گەچی وردوخاشکراو لێ بکات،
نە ستوونە ئەشێراکان و نە قوربانگاکانی خۆر
بە پێوە نەمێنێت.
10 چونکە شاری قەڵابەند تەنهایە،
ماڵ چۆڵ و بەجێماوە وەک چۆڵەوانی،
لەوێ گوێرەکە دەلەوەڕێت و
لەوێ پاڵ دەداتەوە و
لقەکانی تێکدەدات.
11 کە وشک دەبێت پۆپکەکانی دەشکێن و
ژنان دێن ئاگریان تێبەر دەدەن،
چونکە گەلێکی تێگەیشتوو نییە،
لەبەر ئەوە دروستکەرەکەی بەزەیی پێیاندا نایەتەوە و
شێوەکێشەکەی لەگەڵیدا میهرەبان نابێت.
12 لەو ڕۆژەدا یەزدان دەیکوتێت لە ئاوەڕۆی فوراتەوە هەتا دۆڵی میسر، ئێوەش یەک بە یەک هەڵدەگیرێنەوە ئەی نەوەی ئیسرائیل. 13 لەو ڕۆژەدا فوو بە کەڕەنایەکی گەورەدا دەکرێت، جا ونبووەکان لە خاکی ئاشور و دوورخراوەکان بۆ خاکی میسر دێن و کڕنۆش بۆ یەزدان دەبەن لە کێوی پیرۆز لە ئۆرشەلیم.
عیسا پەرستگا پاک دەکاتەوە
45 کاتێک عیسا چووە ناو حەوشەکانی پەرستگا، دەستی بە دەرکردنی فرۆشیاران کرد. 46 پێی فەرموون: «نووسراوە: [ماڵەکەم ماڵی نوێژە،][a] کەچی ئێوە کردووتانە بە [ئەشکەوتی دزان!][b]»
47 ڕۆژانە لە پەرستگا خەڵکی فێردەکرد، کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات و ڕابەرانی گەل هەوڵیان دەدا بیکوژن. 48 بەڵام هیچیان بۆ ئەنجامدانی نەدەدۆزییەوە، چونکە هەموو گەل پەیوەستی گوێ لێگرتنی بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.