Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
«وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
2 چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
تیر دەخەنە بەر کەوان،
بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
3 کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»
4 یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
5 یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
6 پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.
7 لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
حەزی لە دادپەروەرییە،
کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.
کێوی یەزدان
2 ئەو شتەی ئیشایای کوڕی ئامۆچ بینی سەبارەت بە یەهودا و ئۆرشەلیم:
2 لە ڕۆژانی کۆتاییدا،
کێوی پەرستگای یەزدان
لەسەر لووتکەی چیاکان جێگیر دەبێت،
بەسەر گردەکانەوە بەرز دەبێتەوە و
هەموو نەتەوەکان بە لێشاو بەرەو لای ئەو دەچن.
3 زۆرێک لە گەلان بەڕێ دەکەون و دەڵێن:
«وەرن با بەرەو کێوی یەزدان سەربکەوین،
بۆ ماڵەکەی خودای یاقوب.
فێری ڕێگاکانی خۆیمان دەکات،
بۆ ئەوەی بە ڕێچکەی ئەودا بڕۆین.»
فێرکردن لە سییۆنەوە دەردەچێت،
پەیامی یەزدانیش لە ئۆرشەلیمەوە.
4 لەنێو نەتەوەکان دادوەری دەکات،
ناوبژی بۆ چەندین گەل دەکات.
شمشێرەکانیان دەکوتنەوە و دەیکەنە گاسن،
ڕمەکانیشیان دەکەنە داس.
هیچ نەتەوەیەک شمشێر لە نەتەوەیەکی دیکە هەڵناکێشێت،
چیتر فێری جەنگ نابن.
باوەڕی باپیرانمان
11 باوەڕ دڵنیاییە بەوەی هیوامان پێیەتی، بێگومانییە لەوەی نایبینین، 2 چونکە بەم باوەڕە پێشینان پەسەند کراون.
3 بە باوەڕ تێدەگەین کە گەردوون بە فەرمایشتی خودا بەدیهێنراوە، تەنانەت ئەوەی دەیبینین لەو شتانەی کە بینراوە نەهاتووەتە کایەوە.
4 بە باوەڕ هابیل قوربانییەکی باشتری لەوەی قایین پێشکەشی خودا کرد[a]. بە باوەڕ شایەتی بۆ درا کە ڕاستودروستە کاتێک خودا شایەتی بۆ قوربانییەکەی دا. هەرچەندە هابیل مرد بەڵام هێشتا بە باوەڕ قسە دەکات.
5 بە باوەڕ حەنۆخ بەرزکرایەوە لای خودا تاکو مردن نەبینێ، ئیتر لەسەر زەوی نەما، چونکە خودا بردی بۆ لای خۆی[b]. پێش بردنیشی شایەتی وەرگرت کە خودای ڕازی کردووە. 6 بەبێ باوەڕ مەحاڵە ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنرێت، چونکە ئەوەی لەو نزیک بێتەوە، دەبێ باوەڕی بە بوونی ئەو هەبێت و پاداشتی ئەوانەش دەداتەوە کە بە پەرۆشەوە ڕوویان لەو دەکەن.
7 بە باوەڕ نوح، کاتێک لەلایەن خوداوە سەبارەت بەوەی کە هێشتا نەبینرابوو ئاگادار کرایەوە، ئاگادارکردنەوەکەی خستە دڵییەوە و کەشتییەکی بنیاد نا بۆ ڕزگارکردنی ماڵەکەی.[c] بەم شێوەیە، بە باوەڕ جیهانی حوکم دا و بوو بە میراتگری ئەو ڕاستودروستییەی کە بەگوێرەی باوەڕ بوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.