Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 11

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

11 من پەنا دەبەمە بەر یەزدان،
    ئیتر چۆن پێم دەڵێن:
    «وەک باڵدار بەرەو چیاکانت هەڵفرە.
چونکە ئەوەتا بەدکاران کەوان ڕادەکێشن و
    تیر دەخەنە بەر کەوان،
    بۆ ئەوەی لە تاریکییەوە دڵڕاستان بپێکن.
کاتێک بنچینەکان بڕووخێن،
    کەسی ڕاستودروست چی دەکات؟»

یەزدان لە پەرستگای پیرۆزی خۆیەتی،
    تەختی یەزدان لە ئاسمانە،
تەماشای کوڕانی مرۆڤ دەکات و
    چاوەکانی تاقییان دەکاتەوە.
یەزدان کەسی ڕاستودروست تاقی دەکاتەوە،
    بەڵام لە دڵەوە ڕقی لە خراپەکار و خۆشەویستانی توندوتیژییە.
پشکۆی ئاگر و گۆگرد بەسەر بەدکارەکاندا دەبارێنێت،
    گڕەی بای سووتێنەر بەشیانە.

لەبەر ئەوەی یەزدان ڕاستودروستە و
    حەزی لە دادپەروەرییە،
    کەسی سەرڕاست تەماشای ڕووی خۆی دەکات.

ئیشایا 24:1-13

یەزدان زەوی وێران دەکات

24 ئەوەتا یەزدان زەوی چۆڵ دەکات،
    بەتاڵی دەکات و ڕووی وەردەگێڕێت،
    دانیشتووانەکەی پەرت دەکات.
کاهین وەک خەڵکی سادەی لێدێت،
    گەورە وەک کۆیلەکەی،
    خانم وەک کەنیزەکەی،
    کڕیار وەک فرۆشیار،
    بەخشەر وەک وەرگر،
    قەرزدەر وەک قەرزار.
زەوی بە چۆڵکردن چۆڵ دەکرێت و
    بە تاڵان تاڵان دەکرێت،
            یەزدان ئەم بڕیارەی فەرموو.

زەوی شیوەن دەکات و سیس بوو،
    جیهان داهێزرا و سیس بوو،
    گەورەترین خەڵکانی زەوی لەشیان داهێزرا.
زەوی لەژێر دانیشتووانەکەی گڵاو بوو،
    چونکە سەرپێچی فێرکردنەکانیان کرد،
فەرزەکانیان پێشێل کرد و
    پەیمانی هەتاهەتاییان شکاند.
لەبەر ئەوە زەوی نەفرەتی خوارد و
    دانیشتووانەکەی سزادران.
لەبەر ئەوە دانیشتووانی زەوی سووتان و
    خەڵکێکی کەم مایەوە.
شەرابی نوێ شیوەن دەکات و ڕەزەمێو سیس بوو،
    هەموو دڵخۆشەکان ئاخ هەڵدەکێشن.
دەفی دەنگ خۆش کپ بوو،
    هاتوهەرای شادمانەکان بڕایەوە،
    قیسارەی دەنگ خۆش کپ بوو.
بە دەم گۆرانییەوە شەراب ناخۆنەوە،
    مەی بۆ نۆشەرەکەی تاڵ دەبێت.
10 شاری وێران تێکشکاوە،
    هەموو ماڵێک دادەخرێت، چوونە ژوورەوە نییە.
11 لە شەقامەکان هاوارە بۆ شەراب
    خۆرئاوا بوو بەسەر هەموو خۆشییەک،
    دوورخرایەوە شادی زەوی.
12 ئەوەی لە شار دەمێنێتەوە وێرانەیە و
    لێدانی دەروازەش کاولییە.
13 چونکە ئاوا دەبێت لەناوەندی زەوی
    لەنێو گەلان،
وەک داتەکاندنی دار زەیتوون،
    وەک کۆکردنەوەی هێشوو کە ڕنین تەواو دەبێت.

عیبرانییەکان 11:17-28

17 بە باوەڕ ئیبراهیم ئیسحاقی کوڕی وەک قوربانی پێشکەش کرد، کاتێک خودا ئیبراهیمی تاقی کردەوە. ئەوەی بە بەڵێن لە خودا وەریگرت ئامادە بوو کوڕە تاقانەکەی بکاتە قوربانی، 18 هەرچەندە خودا سەبارەت بەو فەرمووبووی: [لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت.][a] 19 ئیبراهیم دڵنیابوو لەوەی کە خودا دەتوانێت ئیسحاق لەدوای مردنی زیندوو بکاتەوە. بە واتایەکی دیکە، خودا ئەوی بە شێوەیەکی نموونەیی لەنێو مردووان هەستاندەوە.

20 بە باوەڕ ئیسحاق[b] داوای بەرەکەتی خودای بۆ داهاتووی یاقوب و عیسۆ کرد.

21 بە باوەڕ یاقوب لە سەرەمەرگیدا داوای بەرەکەتی بۆ هەریەکە لە کوڕەکانی یوسف کرد و خۆی بەسەر دەسکی گۆچانەکەیدا دا و ستایشی خودای کرد[c].

22 بە باوەڕ یوسف لە سەرەمەرگیدا باسی چوونەدەرەوەی نەوەی ئیسرائیلی لە میسر کرد و لەبارەی گواستنەوەی ڕوفاتەکەی وەسیەتی بۆ کردن[d].

23 بە باوەڕ کاتێک موسا[e] لەدایک بوو، سێ مانگ دایک و باوکی شاردییانەوە، چونکە بینییان منداڵەکە جوانە، لە فەرمانی پاشا نەترسان.

24 بە باوەڕ کاتێک موسا گەورە بوو، نەیویست بە کچەزای فیرعەون بناسرێت. 25 بەلایەوە باشتر بوو لەگەڵ گەلی خودا سووکایەتیی پێ بکرێت، لەوەی لەزەتێکی کاتیی لە گوناهدا هەبێت. 26 موسا ئەو ڕیسواییەی لە پێناوی مەسیحدا چێژتی بە سامانێکی گەورەتری دانا لە گەنجینەی میسر، چونکە چاوی لەوە بوو کە خودا پاداشتی بداتەوە. 27 بە باوەڕ میسری بەجێهێشت و لە تووڕەیی پاشا نەترسا. دانی بەخۆیدا گرت وەک ئەوە ببینێ کە نەبینراوە. 28 بە باوەڕ پەسخەی کرد و خوێنەکەی پرژاند، نەوەک لەناوبەری نۆبەرە[f] دەستیان لێ بدات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.