Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
10 ئەی یەزدان، بۆچی لە دوورەوە وەستاویت؟
بۆچی لە کاتی تەنگانە خۆت دەشاریتەوە؟
2 بەدکاران لە لووتبەرزییان ڕاوی هەژار دەکەن،
گرفتاری ئەو پیلانەیان دەکەن کە بۆیان دادەنێن.
3 چونکە کەسی بەدکار شانازی بە ئارەزووە خراپەکانی دڵییەوە دەکات،
داوای بەرەکەت بۆ چاوبرسی دەکات و کفر بە یەزدان دەکات.
4 بەدکار لە لووتبەرزی خۆی باکی بە یەزدان نییە،
هەموو بیرکردنەوەی ئەوەیە کە: «خودا نییە.»
5 هەمیشە ڕێگاکانی سەرکەوتووە،
لە حوکمەکانی خودا ناگات،
ناحەزەکانی خۆی بە هیچ دەزانێت.
6 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «هیچ شتێک ناملەقێنێت،
هەموو کاتێک دڵخۆش دەبم و هەرگیز تووشی بەڵا نابم.»
7 دەمی پڕە لە نەفرەت و درۆ و هەڕەشە،
بەڵا و گوناه لەبن زمانیەتی.
8 لە نزیکی گوندەکان بۆسە دادەنێت،
خۆی دەشارێتەوە بۆ کوشتنی بێتاوانان.
9 وەک شێر خۆی مات دەکات،
خۆی مات دەکات بۆ گرتنی بەستەزمانان،
بەستەزمانان گرفتاری ئەو داوە دەکات کە بۆی ناونەتەوە و ڕاپێچیان دەکات.
10 نێچیرەکانی وردوخاش دەکات، دەڕووخێن،
دەکەونە ژێر هێزی ئەوەوە.
11 لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا ئاگای لێ نییە،
چاوی خۆی نوقاندووە و هەرگیز نامبینێت.»
12 ئەی یەزدان، ڕاپەڕە! ئەی خودایە، دەستت بەرز بکەرەوە،
ستەملێکراوان لەبیر مەکە.
13 چۆن دەبێت کەسی بەدکار کفر بە خودا بکات؟
بۆچی لە دڵی خۆیدا بڵێت: «خودا لێم ناپێچێتەوە؟»
14 بەڵام تۆ ئەی خودایە، ئازار و تەنگانە دەبینیت،
لێت دیارە و کاردانەوەت هەیە،
ستەملێکراوان خۆیان داوەتە دەستی تۆ،
تۆش هەمیشە یارمەتیدەری هەتیوانیت.
15 بازووی بەدکاران و خراپەکاران بشکێنە،
تەنانەت لەسەر ئەو خراپانەش لێیان بپێچەوە کە نابینرێن.
16 یەزدان پاشایە هەتاهەتایە،
نەتەوەکان لە خاکەکەی لەناودەچن.
17 ئەی یەزدان، تۆ گوێ لە داواکاری ستەملێکراوان دەگریت،
دڵیان دەچەسپێنی و گوێیان لێ دەگریت،
18 بۆ پارێزگاری لە هەتیوان و زۆرلێکراوان،
تاکو لەمەولا مرۆڤی سەر زەوی نەیان ترسێنێت.
پشتبەستن بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر
7 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات: 2 «لەناو دەروازەی ماڵی یەزدان بوەستە و لەوێ ئەم پەیامە ڕابگەیەنە و بڵێ:
«”گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن، ئەی هەموو گەلی یەهودا، ئەوانەی لەم دەرگایە بۆ کڕنۆش بردن بۆ یەزدان دێنە ژوورەوە. 3 یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ڕێگا و کردەوەکانتان چاک بکەنەوە و منیش لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم. 4 پشت بەم قسە هەڵخەڵەتێنەرە مەبەستن، بڵێن: ’ئەمە پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە، پەرستگای یەزدانە!‘ 5 چونکە ئەگەر بە تەواوی ڕێگا و کردەوەکانی خۆتان چاککردەوە، ئەگەر لەنێو خۆتان بە تەواوی دادپەروەری پەیڕەو بکەن، 6 ئەگەر ستەم لە نامۆ و هەتیو و بێوەژن نەکەن، لەم شوێنەدا خوێنی بێتاوان نەڕێژن، ئەگەر دوای خوداکانی دیکە نەکەون کە بۆ خراپەی خۆتانە، 7 ئەوا من لەم شوێنەدا نیشتەجێتان دەکەم، لەو خاکەی لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە بە باوباپیرانتانم داوە. 8 بەڵام ئێوە پشتتان بە قسەی هەڵخەڵەتێنەر بەستووە کە بێ سوودە.
9 «”ئایا وا دەزانن دەتوانن بدزن، بکوژن، داوێنپیسی بکەن، سوێند بە درۆ بخۆن، بخوور بۆ بەعل بسووتێنن و دوای خوداکانی دیکە بکەون کە نایانناسن، 10 ئینجا بێن و لەبەردەمم لەم ماڵە بوەستن کە ناوی منی هەڵگرتووە و بڵێن: ’ئێمە پارێزراوین.‘ ئایا پارێزراون بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە ئەنجامدانی ئەم هەموو کارە قێزەونانە؟ 11 ئایا ئەم ماڵەی ناوی منی هەڵگرتووە، لەبەرچاوی ئێوە بووە بە ئەشکەوتی دزان؟ ئەوەتا خۆم بینیومە.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 «یەزدان دەفەرموێت: ”ئێستا بڕۆنە شوێنەکەم کە لە شیلۆیە، ئەوەی سەرەتا ناوی خۆمم لەوێ نیشتەجێ کرد، ببینن لەبەر خراپەی ئیسرائیلی گەلی خۆم چیم لێکردووە. 13 ئێستاش لەبەر ئەوەی ئێوە ئەم کردەوانەتان کردووە، من پێش وەخت چەند جارێک قسەم لەگەڵتان کرد، بەڵام گوێتان نەگرت. بانگم کردن، بەڵام وەڵامتان نەدایەوە. 14 لەبەر ئەوە، چیم بە شیلۆم کرد،[a] ئاوا بەو پەرستگایە دەکەم کە ناوی منی هەڵگرتووە کە ئێوە پشتتان پێی بەستووە، ئەو شوێنەی دامە ئێوە و باوباپیرانتان. 15 لەبەردەمم دەرتاندەکەم، وەک چۆن براکانتانم دەرکرد، هەموو نەوەی ئەفرایم.“
ئاگادارکردنەوە لە دژی بێباوەڕی
7 لەبەر ئەوە، وەک ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
8 دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا،
لە ڕۆژانی تاقیکردنەوە لە بیابان.
9 لەوێ باوباپیرانتان ئەزموونیان کردم و تاقییان کردمەوە[a]،
هەرچەندە بۆ ماوەی چل ساڵ کردارەکانی منیان بینی.
10 لەبەر ئەوە لەو نەوەیە تووڕە بووم،
فەرمووم: «دڵیان هەر بەرەو گومڕایی دەڕوات و
ڕێگای منیان نەناسی.»
11 بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][b]
12 خوشکان، برایان، ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک یەکێکتان دڵێکی خراپ و بێباوەڕی هەبێت کە لە خودای زیندوو هەڵبگەڕێتەوە. 13 بەڵکو هەموو ڕۆژێک یەکتری هانبدەن، ئەوەندەی پێی دەگوترێ [ئەمڕۆ،][c] تاکو کەستان بە فێڵی گوناه دڵی ڕەق نەبێت. 14 بووینەتە هاوبەشی مەسیح، ئەگەر تاکو کۆتایی دەستبگرین بەو متمانەیەی لە سەرەتاوە هەمانە. 15 وەک چۆن گوتراوە:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن وەک لە یاخیبوونەکە ڕوویدا.][d]
16 جا کێن ئەوانەی بیستیان و یاخیبوون؟ ئایا هەموو ئەوانە نەبوون کە لە میسر بە ڕابەرایەتی موسا هاتنە دەرەوە؟ 17 خودا بۆ ماوەی چل ساڵ لە کێ تووڕە بوو؟ ئایا لەوانە نەبوو کە گوناهیان کرد و لە بیاباندا تەرمەکانیان کەوت؟ 18 خودا سوێندی لە کێ خوارد کە ناچێتە حەسانەوەکەی؟ ئایا لەوانە نەبوو کە یاخیبوون؟ 19 هەر بۆیە دەبینین لەبەر بێباوەڕی نەیانتوانی بچنە ژوورەوە.
بەڵێنی حەسانەوەی خودایی
4 بۆیە کە بەڵێنی چوونە ناو شوێنی حەسانەوەی خودا هەر ماوە، دەبێ بترسین نەوەک یەکێکتان ئەو بەڵێنەی بەرنەکەوێت. 2 هەرچەندە ئێمەش وەک ئەوان مزگێنیمان درایێ، بەڵام ئەو پەیامەی ئەوان بیستوویانە سوودی بۆیان نەبوو، چونکە ئەوانەی ئەو پەیامەیان بیست لە دڵیانەوە بە باوەڕ وەریان نەگرت. 3 ئێمەی باوەڕدار دەچینە ناو حەسانەوەی خودا، هەروەک خۆی فەرموویەتی:
[بۆیە لە تووڕەییمدا سوێندم خوارد:
«نایەنە ناو حەسانەوەی من.»][e]
هەرچەندە کارەکان لە دامەزراندنی جیهانەوە تەواو بوون. 4 لە شوێنێکدا دەربارەی ڕۆژی حەوتەمی هەفتە فەرموویەتی: [ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەمدا لە هەموو کارەکانی پشووی دا.][f] 5 دیسان لەمەشدا: [نایەنە ناو حەسانەوەی من.]
6 ئەوانەی پێشتر مزگێنییان درایێ نەیانتوانی بچنە شوێنی حەسانەوەی خودا، چونکە یاخیبوون. ئیتر شتێکی ڕوونە کە شوێنی حەسانەوەی خودا چاوەڕێی کەسانی دیکە دەکات. 7 دیسان خودا ڕۆژێکی دیاری کرد، ناوی ئەو ڕۆژەشی نا «ئەمڕۆ»، کاتێک لەدوای ماوەیەکی زۆر لە ڕێگەی داودی پێغەمبەرەوە قسەی کرد، هەروەک پێشتر باسمان کرد:
[ئەمڕۆ، کاتێک گوێتان لە فەرمایشتی ئەو دەبێت،
دڵی خۆتان ڕەق مەکەن.][g]
8 لەبەر ئەوەی ئەگەر یەشوع ئەوانی بحەساندبایەوە، ئەوا پاش ئەوە خودا باسی ڕۆژێکی دیکەی نەدەکرد. 9 کەواتە حەسانەوەی ڕۆژی حەوتەم بۆ گەلی خودا ماوە، 10 چونکە ئەوەی بچێتە ناو حەسانەوەی خودا لە کارەکانیشی پشوو دەدات، وەک خوداش لە کارەکانی پشووی دا. 11 بۆیە با تێبکۆشین تاکو بچینە ناو ئەو حەسانەوەیە، بۆ ئەوەی هیچ کەسێک دیسان دوای هەمان پەندی یاخیبوون نەکەوێت و لەناونەچێت،
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.