Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
هۆشەع 11:1-11

خۆشەویستی خودا بۆ ئیسرائیل

11 «کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و
    لە میسرەوە بانگی کوڕەکەی خۆمم کرد.
بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،
    ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،
قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و
    بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.
من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،
    دەستم بە باڵیانەوە گرت،
    بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.
بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،
    بە بەستنی خۆشەویستی،
من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،
    چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.

«ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر؟
    بێگومان ئاشور دەبێتە پاشایان،
    چونکە ڕەتیان کردەوە تۆبە بکەن و بگەڕێنەوە لام؟
شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و
    شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،
    کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.
گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.
    تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،
    ئەو پایەبەرزیان ناکات.

«ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟
    ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟
چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟
    چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟
دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و
    هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.
گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و
    ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،
چونکە من خودام نەک مرۆڤ،
    من خودا پیرۆزەکەم، لەناوەڕاستی ئێوەدام،
    بە قینەوە نایەم.
10 لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،
    وەک شێرێک دەنەڕێنێت.
کاتێک دەنەڕێنێت،
    منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.
11 وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،
    وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.
ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»
        ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

زەبوورەکان 107:1-9

کۆکراوەی بەشی پێنجەم

زەبوورەکانی 107‏–150

107 ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

با ئەوانەی یەزدان کڕینیەوە بەسەرهاتی خۆیان بگێڕنەوە،
    ئەوانەی لە دەستی دوژمن کڕینیەوە،
لە وڵاتانەوە کۆی کردنەوە،
    لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە باکوور و باشوورەوە.

هەندێک گومڕابوون لە چۆڵەوانی، لە بیابان،
    ڕێگایان بۆ شاری نیشتەجێبوونیان نەدۆزییەوە.
برسی و تینوو بوون،
    گیانیان داهێزرا.
ئینجا لە تەنگانەیاندا هاواریان بۆ یەزدان کرد،
    ئەویش لە ناخۆشییەکانیان دەربازی کردن.
ڕابەرایەتی کردن بۆ ڕێگای ڕاست،
    بۆ ئەوەی بچن بۆ شاری نیشتەجێبوون.
با ئەوان ستایشی یەزدان بکەن بۆ خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی،
    بۆ کارە سەرسوڕهێنەرەکانی بۆ ئادەمیزاد،
چونکە گیانێکی تینووی تێرکرد،
    گیانێکی برسی پڕکرد لە چاکە.

زەبوورەکان 107:43

43 کێ دانایە، با سەرنج بداتە ئەمانە و
    لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی یەزدان تێبگات.

کۆلۆسی 3:1-11

باوەڕدار و مەسیح

لەبەر ئەوەی ئێوە لەگەڵ مەسیحدا هەستێنرانەوە، کەواتە بۆ ئەو شتانەی سەرەوە کۆشش بکەن، لەوێ مەسیح لە دەستەڕاستی خودا دانیشتووە. بایەخ بەو شتانەی سەرەوە بدەن، نەک ئەوانەی لەسەر زەوین، چونکە ئێوە مردن، ژیانیشتان لەگەڵ مەسیح لە خودادا شاردراوەتەوە. کاتێک مەسیح دەردەکەوێت کە ژیانتانە، ئەوسا ئێوەش لەگەڵیدا لە شکۆمەندیدا دەردەکەون.

کەواتە ئارەزووە دنیاییەکانتان بمرێنن: داوێنپیسی، گڵاوی، هەوەس، ئارەزووی بەد، چاوبرسیێتی کە جۆرێکە لە بتپەرستی، بەهۆیانەوە تووڕەیی خودا دێتە سەر یاخیبووان. ئێوەش جاران ئاوا هەڵسوکەوتتان دەکرد، کاتێک تێیاندا دەژیان. بەڵام ئێستا هەموو ئەوانە فڕێبدەن: هەڵچوون، تووڕەیی، قین، بوختان، قسەی ناشیرین لە زارتان. لەگەڵ یەکتری درۆ مەکەن، چونکە مرۆڤە کۆنەکە و کردەوەکانتان داکەندووە و 10 مرۆڤێکی نوێتان لەبەرکردووە، ئەوەی بەگوێرەی وێنەی بەدیهێنەرەکەی بە ناسینی نوێ بووەتەوە. 11 لەوێدا جولەکە و ناجولەکە نییە، خەتەنەکراو و خەتەنە نەکراو، بەربەری[a] و سکیسی[b]، کۆیلە و ئازاد نییە، بەڵکو مەسیح هەموو شتێکە و لە هەمووتاندایە.

لۆقا 12:13-21

نموونەی دەوڵەمەندی بێ مێشک

13 یەکێکی ناو خەڵکەکە پێی گوت: «مامۆستا، بە براکەم بفەرموو میراتم لەگەڵ بەش بکات.»

14 بەڵام ئەو پێی فەرموو: «کابرا، کێ منی کردووە بە دادوەر یان بەشکەر بەسەرتانەوە؟» 15 بە خەڵکەکەی فەرموو: «ئاگاداربن و خۆتان لە هەموو جۆرە چاوچنۆکییەک بپارێزن، چونکە ژیانی مرۆڤ بە زۆری سامانەکەی نییە.»

16 ئینجا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «مرۆڤێکی دەوڵەمەند، زەوییەکەی بەرهەمێکی زۆری دا. 17 لە دڵی خۆیدا گوتی: ”چی بکەم کە شوێنم نەبێ بەرهەمەکەمی لێ کۆبکەمەوە؟“

18 «جا گوتی: ”وا دەکەم، ئەمبارەکانم تێکدەدەم و گەورەتری دەکەم، لەوێدا هەموو دانەوێڵە و ماڵەکەم کۆدەکەمەوە. 19 بە خۆشم دەڵێم: ’ئەی گیانم، ئەوەتا ماڵێکی زۆرت هەڵگرتووە، بۆ چەندین ساڵ. بحەسێوە و بخۆ و بخۆوە و دڵشادبە.‘“

20 «بەڵام خودا پێی فەرموو: ”ئەی گێلە، هەر ئەمشەو گیانت دەردەچێت. باشە ئەوەی کۆت کردووەتەوە، بۆ کێ دەبێت؟“

21 «بە هەمان شێوە دەبێ ئەو کەسەی گەنجینە بۆ خۆی کۆدەکاتەوە بەڵام لەلای خودا دەوڵەمەند نییە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.