Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 58

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.

58 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
    ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
    هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.

بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
    لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
ژەهریان وەک ژەهری مارە،
    وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
    هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.

ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
    ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
    با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
    وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.

پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
    چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
    پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:
    «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
    بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»

یەرمیا 2:23-37

23 «ئیتر چۆن دەڵێیت: ”گڵاو نەبووم،
    دوای بەعلەکان نەکەوتووم؟“
تەماشای ڕێگاکەی خۆت بکە لە دۆڵەکە،
    بزانە چیت کردووە.
    تۆ وەک وشترە سووکەکەی کە لە ڕۆیشتندا بەلادادێی،
24 وەک کەرەکێوییەکەی کە بە چۆڵەوانی فێری،
    لەتاو هەوەسی با هەڵدەمژێت،
    لە کاتی بەتەڵەب هاتنی کێ دەیگێڕێتەوە؟
هەموو ئەوانەی داوای دەکەن
    بەبێ ماندووبوون لە کاتی زاوزێ دەیدۆزنەوە.
25 ئەوەندە مەگەڕێ تاوەکو ئەوەی پێیەکانت ڕووت بێتەوە و
    گەرووت وشک بێت.
بەڵام گوتت: ”بێهوودەیە!
    نا! چونکە خوداوەندە بێگانەکانم خۆشویستووە،
    دوای ئەوان دەکەوم.“

26 «وەک شەرمەزاری دز کە دەگیرێت،
    ئاوا بنەماڵەی ئیسرائیل شەرمەزاربوون،
خۆیان و پاشا و میر و
    کاهین و پێغەمبەرەکانیان.
27 هەریەکەیان بە دار دەڵێت: ”تۆ باوکمی منیت“ و
    بە بەرد: ”تۆ منت بووە.“
پشتیان تێ کردم
    نەک ڕوو،
بەڵام لە کاتی بەڵایاندا دەڵێن:
    ”هەستە و ڕزگارمان بکە!“
28 ئیتر کوا خوداوەندەکانت کە بۆ خۆت دروستت کردن؟
    با هەستن، ئەگەر لە کاتی بەڵادا دەتوانن ڕزگارت بکەن!
ئەی یەهودا،
    خوداوەندەکانت بەقەد ژمارەی شارۆچکەکانتن.»

29 یەزدان دەفەرموێت: «بۆچی سکاڵام لێ دەکەن؟
    هەمووتان لێم یاخی بوون،
30 بەخۆڕایی سزای منداڵەکانتانم دا،
    تەمبێکردنیان وەرنەگرت،
شمشێرەکانتان پێغەمبەرەکانتانی خوارد،
    وەک شێرێکی لەناوبەر.

31 «ئەی نەوە، ئێوە ئاگاداری فەرمایشتی یەزدان بن:

«ئایا بۆ ئیسرائیل بووم بە چۆڵەوانی،
    یان خاکی تاریک و تنۆک؟
بۆچی گەلەکەم دەڵێن: ”بەڕەڵا بووین،
    ئیتر بۆ لات نایەینەوە؟“
32 ئایا کچ خشڵی خۆی لەبیر دەکات،
    یان بووک جلی بووکێنی؟
بەڵام گەلەکەی خۆم ڕۆژانێکی بێشومار
    منیان لەبیر کرد.
33 تۆ چەند لێزانیت لە گەڕانەوەی دوای خۆشەویستی!
تەنانەت سۆزانییەکانیشت فێری ڕێگای خۆت کرد.
34 هەروەها بە جلەکانت دەبینیرێت،
    خوێنی گیانی نەدارە بێتاوانەکان،
هەرچەندە ئەوانت لە کاتی دیواربڕیندا نەگرت.
    بەڵام لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە
35 دەڵێیت: ”من بێتاوانم،
    خودا لە من تووڕە نییە.“
بەڵام دادگاییت دەکەم،
    چونکە گوتت: ”گوناهم نەکرد.“
36 بۆچی زۆر دەگەڕێیت
    بۆ گۆڕینی ڕێگاکانت؟
هەروەها لە میسریش شەرمەزار دەبیت،
    وەک چۆن لە ئاشور شەرمەزار بوویت.
37 هەروەها میسر بەجێدەهێڵیت و
    وەک دیل دەستەکانت بەسەر سەرتەوە[a] دەبن،
چونکە ئەوانەی تۆ پشتیان پێ دەبەستیت یەزدان ڕەتیکردنەوە،
    بەوان سەرکەوتوو نابیت.»

عیبرانییەکان 13:7-21

ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.

مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات[a]، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین. 10 ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.[b]

11 سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلەشەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن[c]. 12 لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. 13 کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا[d] بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. 14 لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.

15 لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانی ئێمەیە بۆ خودا. 16 هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

17 گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە شەوارەتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.

18 نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت. 19 زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.

20 با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان، 21 بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.