Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ئاساف.
79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
2 تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
3 لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
کەس نەبوو بیاننێژێت.
4 بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.
5 ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
6 تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
7 چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
نیشتیمانیان خاپوور کردووە.
8 گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
9 ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
لە پێناوی ناوی خۆت.
8 «یەزدان دەفەرموێت: ”لەو کاتەدا، ئێسکی پاشا و پیاوە گەورەکانی یەهودا، ئێسکی کاهین و پێغەمبەران، ئێسکی دانیشتووانی ئۆرشەلیم لە گۆڕەکانیان دەردەهێنن. 2 بۆ خۆر و مانگ و هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان دەریدەخەن، ئەوانەی خۆشیان ویستن و ئەوانەی پەرستنیان و دوایان کەوتن و ڕاوێژیان پێ کردن و کڕنۆشیان بۆ بردن. کۆناکرێنەوە و نانێژرێن، بەڵکو دەبنە زبڵ بەسەر ڕووی خاکەکەوە. 3 هەموو ئەوانەی لەم نەتەوە بەدکارە ماونەتەوە، لە هەر شوێنێک کە دەرمکردن بۆی، مردنیان پێ لە ژیان چاکتر دەبێت. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.“
گوناه و سزا
4 «پێیان بڵێ: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«”ئایا کەسێک بکەوێت هەڵناستێتەوە؟
یان کەسێک هەڵبگەڕێتەوە، ناگەڕێتەوە؟
5 بۆچی ئەم گەلە هەڵگەڕایەوە؟
بۆچی خەڵکی ئۆرشەلیم بە بەردەوامی هەڵدەگەڕێنەوە؟
دەستیان بە فرتوفێڵ گرتووە،
ڕەتیانکردەوە بگەڕێنەوە.
6 بە ئاگاییەوە گوێم شل کرد،
بەڵام ڕاستی ناڵێن.
کەس نییە لە خراپەی خۆی پەشیمان بێتەوە و
بڵێت: ’چیم کرد؟‘
هەریەکە و گەڕاوەتەوە سەر ڕێڕەوەکەی خۆی،
وەک ئەسپێکی بە تاو بۆ ناو جەنگ.
7 تەنانەت لەقلەق لە ئاسمان
کاتی خۆی دەزانێت،
کۆتر و پەڕەسێلکە و ڕیشۆڵەش
کاتی هاتنی خۆیان ڕەچاو دەکەن،
بەڵام گەلەکەی من نازانن
یەزدان داوای چییان لێ دەکات.
8 «”ئێوە چۆن دەڵێن: ’ئێمە داناین،
چونکە فێرکردنی یەزدانمان لەلایە،‘
لە کاتێکدا پێنووسی درۆی مامۆستایانی تەورات
بۆ درۆ دەستبەکار بوو؟
9 داناکان ڕیسوا دەبن،
دەتۆقن و پێوە دەبن.
ئەوەتا فەرمایشتی یەزدانیان ڕەتکردەوە،
ئیتر چ داناییەکیان هەیە؟
10 لەبەر ئەوە ژنەکانیان دەدەمە خەڵکی دیکە،
کێڵگەکانیان بەوانەی میراتگریانن،
چونکە لە بچووکەوە هەتا گەورە
هەموو پەرۆشی قازانجن،
لە پێغەمبەرەوە هەتا کاهین
هەموو ساختە دەکەن.
11 برینی گەلەکەم بە سووکیەوە چاک دەکەنەوە و
دەڵێن، ’ئاشتی، ئاشتی!‘
بەڵام ئاشتی نییە.
12 ئایا شەرمەزار بوون کاتێک کاری قێزەونیان کرد؟
نەخێر! شەرمەزار نەبوون،
هەروەها نەیانزانی شەرمەزاری چییە.
لەبەر ئەوە دەکەونە ناو کوژراوان،
لە کاتی سزادانیان تێکدەشکێن.“»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
13 یەزدان دەفەرموێت: «”دروێنەکەیان لێ دەبەم،
نە ترێ بە مێوەوە دەمێنێت،
نە هەنجیر بە دار هەنجیرەوە،
گەڵاکانیش سیس دەبن.
ئەوەی دەیاندەمێ لەلایان نامێنێت.“»
سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر
31 ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ 32 ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ 33 کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. 34 کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستە ڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. 35 کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ 36 وەک نووسراوە:
[لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.][a]
37 بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشی ویستووین، 38 چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39 نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە بۆمان دێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.