Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 94

94 ئەی یەزدان، خودای تۆڵە،
    ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.
ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە،
    سزای لووتبەرزەکان بدەوە.
ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران،
    هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟

بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت،
    شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.
ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن،
    میراتی تۆ دەچەوسێننەوە دەکەن.
بێوەژن و نامۆ دەکوژن،
    هەتیو سەردەبڕن.
دەڵێن: «یەزدان نابینێت،
    خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»

ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن!
    ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟
ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟
    ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟
10 ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟
    ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟
11 یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت،
    کە پووچە.

12 ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت،
    لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت.
13 لە ڕۆژی بەد ئارامی بکەیتەوە،
    تاوەکو گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت.
14 چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ،
    میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.
15 چونکە دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە،
    هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.

16 کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟
    کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟
17 یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو
    گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.
18 کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،»
    ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.
19 کە خەم لە ناخم زۆر بێت،
    دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

20 ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت،
    ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟
21 لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە،
    خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.
22 بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا،
    خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.
23 ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و
    لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات.
    یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.

یەرمیا 14:1-10

وشکەساڵی و برسیێتی و شمشێر

14 ئەمە فەرمایشتی یەزدانە بۆ یەرمیا سەبارەت بە وشکەساڵییەکە:

«یەهودا شیوەن دەگێڕێت و
    شارەکانی دادەڕزێن،
بۆ خاکەکە ماتەم دەگێڕن،
    هاواری ئۆرشەلیمیش بەرزبووەوە.
گەورەکان خزمەتکارەکانی خۆیان بۆ ئاو نارد،
    هاتنە سەر ئەمباراوەکان،
    بەڵام ئاویان نەدۆزییەوە.
بە گۆزەی بەتاڵەوە گەڕانەوە،
    شەرمەزار و ڕیسوا بوون،
    سەری خۆیان شۆڕکرد.
لەبەر ئەوەی خاکەکە شەقار شەقار بووە،
    چونکە باران لە زەوییەکە نەباری،
جوتیاران شەرمەزاربوون،
    سەری خۆیان شۆڕکرد.
تەنانەت مامزیش لە کێڵگەدا
    بەچکەی بوو و وازی لێی هێنا،
    چونکە گیا نەبوو.
کەرەکێوییەکان لەسەر گردۆڵکەکان ڕاوەستان،
    وەک چەقەڵ بایان هەڵمژی،
چاویان شل بوو،
    چونکە گیاوگۆڵ نییە.»

لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانمان شایەتیمان لەسەر دەدەن،
    ئەی یەزدان، لەبەر خاتری ناوی خۆت شتێک بکە،
چونکە هەڵگەڕانەوەکانمان زۆر بوون،
    دەرهەق بە تۆ گوناهمان کرد.
ئەی هیوای ئیسرائیل،
    ئەی ڕزگارکەرەکەی کاتی تەنگانە،
بۆچی لە خاکەکە وەک نامۆ دەبیت،
    وەک ڕێبوارێک بۆ تەنها شەوێک بمێنێتەوە؟
بۆچی وەک پیاوێکی حەپەساو دەبیت،
    وەک پاڵەوانێک توانای ڕزگارکردنی نەبێت؟
ئەی یەزدان، تۆ لەناوەڕاستمانی و
    ئێمە ناوی تۆ هەڵدەگرین،
    بەجێمان مەهێڵە!

10 یەزدان ئاوا بەم گەلە دەفەرموێت:

«بەڕاستی حەزیان لە گەڕان کرد،
    خۆیان لێ نەپاراست.
جا یەزدانیش پەسەندی نەکردن،
    ئێستا تاوانەکانیان بەبیر خۆی دەهێنێتەوە و
    لەسەر گوناهەکانیان سزایان دەدات.»

یەرمیا 14:17-22

17 «ئەم قسەیەیان پێ دەڵێیت:

«”با چاوەکانم فرمێسک بڕێژن
    بە شەو و بە ڕۆژ بەبێ وەستان،
چونکە گەلەکەم، کچە پاکیزەکەم،
    برینێکی ترسناکی هەیە،
    لێدانێکی جەرگبڕ.
18 ئەگەر بچمە دەرەوە بۆ کێڵگە،
    بە شمشێر کوژراوان دەبینم.
ئەگەر بێمە ناو شار،
    نەخۆشەکانی قاتوقڕی دەبینم،
چونکە پێغەمبەر و کاهینیش
    بەناو زەوییەکدا دەگەڕێن و نازانن چی دەکەن.“»

19 «ئایا بە تەواوی یەهودات ڕەتکردووەتەوە؟
    ئایا بێزت لە سییۆن دەبێتەوە؟
بۆچی وا تووشی بەڵات کردین
    کە چاکبوونەوەمان نەبێت؟
چاوەڕێی ئاشتی بووین،
    بەڵام چاکە نەهات،
هەروەها کاتی چاکبوونەوە،
    بەڵام ئەوەتا ترس.
20 ئەی یەزدان، دان دەنێین بە یاخیبوونی خۆمان و
    تاوانی باوباپیرانمان،
    گوناهمان دەرهەق بە تۆ کرد.
21 لە پێناوی ناوی خۆت، ڕەتمان مەکەوە،
    تەختی شکۆی خۆت ڕیسوا مەکە،
پەیمانەکەی خۆت لەگەڵ ئێمە بەبیر بێتەوە،
    مەیشکێنە.
22 ئایا لەناو بتە پووچەکانی نەتەوەکان هەیە باران ببارێنێت؟
    یان ئایا ئاسمان خۆی ڕەهێڵ دەبارێنێت؟
ئەی تۆ یەزدانی پەروەردگارمان نیت؟
    جا هیوامان بە تۆیە،
    چونکە تۆ ئەوەی کە هەموو ئەمانەت کردووە.»

لۆقا 22:31-33

لاوازی باوەڕی پەترۆس

31 «شیمۆن، شیمۆن، شەیتان داوای کردوون تاکو تاقیتان بکاتەوە، وەک گەنم لە بێژنگتان بدات. 32 بەڵام من نوێژم بۆ کردیت تاکو باوەڕت لەدەست نەدەیت. تۆش کە دەگەڕێیتەوە برایانت بەهێز بکە.»

33 ئەویش پێی گوت: «گەورەم، من ئامادەم لەگەڵ تۆدا بۆ زیندان و بۆ مردنیش بچم.»

لۆقا 22:54-62

نکۆڵی پەترۆس لە عیسا

54 ئیتر گرتییان، بردییان و هێنایانە ماڵی سەرۆک کاهین. پەترۆسیش دووربەدوور دوای کەوت. 55 هەندێک کەس لە ناوەڕاستی حەوشەکەدا ئاگریان کردبووەوە و پێکەوە دانیشتبوون، پەترۆسیش لەگەڵیان دانیشتبوو. 56 کارەکەرێک ئەوی بینی لەبەر ڕووناکی دانیشتووە، تێیڕووانی و گوتی: «ئەمەش لەگەڵی بوو.»

57 بەڵام نکۆڵیی کرد و گوتی: «نەخێر خانم، نایناسم.»

58 دوای کەمێک، یەکێکی دیکە بینی، گوتی: «تۆش لەوانیت.» بەڵام پەترۆس گوتی: «نەخێر کاکە، من لەوان نیم.»

59 دوای نزیکەی کاتژمێرێک، یەکێکی دیکە مکوڕ بوو، گوتی: «بەڕاستی ئەمەش لەگەڵی بوو، چونکە ئەمەش جەلیلییە.»

60 بەڵام پەترۆس گوتی: «کاکە، نازانم چی دەڵێیت.» هەر لەو کاتەدا کە قسەی دەکرد، کەڵەشێر خوێندی. 61 مەسیحی خاوەن شکۆش ئاوڕی دایەوە و سەیری پەترۆسی کرد، ئینجا پەترۆس قسەکەی مەسیحی بیرکەوتەوە کە پێی فەرموو: «ئەمڕۆ پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، تۆ سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» 62 ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.