Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ז (زاین)
49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
چونکە هیوات پێم داوە.
50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
دڵنەواییم هاتەوە.
53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
لە ماڵی ئاوارەییم.
55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
56 ئەم نەریتە بۆ من بوو:
ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.
بەڵێنی گەڕانەوە
33 یەرمیا کە هێشتا لە حەوشەی پاسەوانەکان بەند کرابوو، دووبارە فەرمایشتی یەزدانی بۆ هاتەوە: 2 «یەزدانی دروستکەری زەوی کە شێوەی کێشاوە هەتا بیچەسپێنێت، ناوی یەزدانە، ئەمە دەفەرموێت: 3 ”بانگم بکە، وەڵامت دەدەمەوە و شتە مەزنەکانت پێ ڕادەگەیەنم، شتە پەی پێ نەبراوەکان کە نایانزانیت.“ 4 چونکە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بە خانووەکانی ئەم شارە و کۆشکەکانی پاشاکانی یەهودا، ئەوانەی تێکدران بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەتەرێز و شمشێر 5 لە جەنگی دژی بابلییەکان، یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”پڕ بکرێن لە لاشەی ئەو کەسانەی بە تووڕەیی و بە جۆشی خۆم لێم دان، ئەوانەی لەبەر هەموو خراپەکانی ئەوان ڕووی خۆم لەم شارە وەرگێڕا.
6 «”لەگەڵ ئەوەشدا من تەندروستی و چاکبوونەوەی بۆ دێنم، گەلەکەم چاک دەکەمەوە، ئاشتی و ئارامییەکی فراوانیان بۆ فەراهەم دەکەم. 7 یەهودا و ئیسرائیل لە ڕاپێچکراوی دەهێنمەوە و وەک پێشوویان بنیادیان دەنێمەوە. 8 پاکیان دەکەمەوە لە هەموو گوناهەکانیان کە لە دژی من کردوویانە، لە هەموو گوناه و یاخیبوونەکانیان خۆشدەبم کە لە دژی من کردوویانە. 9 جا ئەم شارە بۆم دەبێتە ناوبانگ و شادی، ستایشکردن و شانازی، لەلای هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی کە ئەم هەموو چاکەیە دەبیستنەوە من بۆی دەکەم. جا دەترسن و لەرز دەیانگرێت، لەبەر هەموو ئەو چاکەیە و هەموو ئەو ئاشتییەی کە من بۆی فەراهەم دەکەم.“
10 «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”سەبارەت بەم شوێنەی ئێوە دەڵێن، ’وێرانە، بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە.‘ بەڵام شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم وێرانن، بێ مرۆڤ و بێ دانیشتووان و بێ ئاژەڵن، 11 دەنگی شادی و دەنگی خۆشی دەبیسترێت، دەنگی زاوا و دەنگی بووک، دەنگی ئەوانەی قوربانی سوپاسگوزاری دەهێننە ناو ماڵی یەزدان، کە دەڵێن:
«”’ستایشی یەزدانی سوپاسالار بکەن،
چونکە یەزدان چاکە،
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.‘
یەزدان دەفەرموێت، ڕاپێچکراوی خاکەکە دەگەڕێنمەوە و وەک پێشتریان لێدەکەمەوە.“
12 «یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: ”لەم شوێنە وێرانەدا کە بێ مرۆڤ و بێ ئاژەڵە، جارێکی دیکە لە هەموو شارۆچکەکانی جێی شەوینی شوانەکان و مانەوەی مەڕەکانی لێ دەبێت. 13 لە شارۆچکەکانی ناوچە شاخاوییەکان و زوورگەکانی خۆرئاوا و نەقەب و خاکی بنیامین، دەوروبەری ئۆرشەلیم و شارۆچکەکانی یەهودا، جارێکی دیکە مەڕ بەژێر دەستی ئەوەدا تێدەپەڕێت کە دەیانژمێرێت.[a]“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.»
گەنجە دەوڵەمەندەکە
16 ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتاییم هەبێت؟»
17 عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»
18 پێی گوت: «کامیان؟»
عیساش فەرمووی: «[مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، 19 ڕێزی دایک و باوکت بگرە،][a] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][b]»
20 گەنجەکەش پێی گوت: «ئەمانەم هەمووی کردووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»
21 عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ سامانەکانت بفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»
22 بەڵام گەنجەکە کە ئەم وشەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.