Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
شینەکانی یەرمیا 3:19-26

19 دێتەوە بیرم، ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانیم،
    وەک ژەهر و زەقنەبووت بوون.
20 بە باشی بەبیرم دێتەوە،
    لە ناخەوە ڕۆحم خەمبارە.
21 بەڵام ئەوە دەهێنمەوە یادم و
    لەبەر ئەوە هیوام هەیە:

22 بەهۆی خۆشەویستی نەگۆڕی یەزدانە کە لەناونەچووین،
    چونکە بەزەییەکەی تەواو نابێت.
23 ئەوانەت هەموو بەیانییەک نوێن؛
    دڵسۆزییەکەت چەند گەورەیە.
24 بە خۆم دەڵێم: «یەزدان بەشی منە،
    لەبەر ئەوە هیوام بەوە.»

25 یەزدان چاکە بۆ ئەوانەی هیوایان بەو هەیە،
    بۆ ئەو کەسەی داوای ئەو دەکات.
26 باشە بۆ کەسێک بە بێدەنگی چاوەڕێ بکات
    بۆ هاتنی ڕزگاریی یەزدان.

شینەکانی یەرمیا 1:7-15

لە ڕۆژانی زەلیلی و سەرگەردانی،
    ئۆرشەلیم هەموو خۆشییەکانی خۆی بەبیر هاتەوە،
    کە لە دێرزەمانەوە بوون.
کاتێک گەلەکەی کەوتنە دەستی دوژمن،
    کەس نەبوو بە هانایەوە بێت.
دوژمنان تەماشایان کرد،
    بە ڕووخانەکەی پێکەنین.

ئۆرشەلیم بە تەواوی گوناهی کرد
    لەبەر ئەوە گڵاو بوو.
هەموو ئەوانەی ڕێزیان لێی دەگرت سووکایەتی پێ دەکەن،
    چونکە ڕووتی ئەویان بینی.
ئەویش دەناڵێنێت
    بەرەو دواوە ڕوو وەردەگێڕێت.

گڵاوییەکەی بە دامێنییەوە بوو،
    بیری لە چارەنووسی خۆی نەکردەوە.
کەوتنەکەی سامناک بوو،
    کەس نەبوو دڵنەوایی بکات.
«ئەی یەزدان، تەماشای زەلیلیم بکە،
    چونکە دوژمن سەرکەوت.»

10 دوژمن دەستی درێژکردووە
    بۆ سەر هەموو گەنجینەکانی،
نەتەوەکانی بینی
    هاتنە ناو پیرۆزگاکەیەوە،
ئەوانەی تۆ فەرمانت دا
    نەیێنە ناو کۆمەڵەکەی تۆوە.

11 سەراپای خەڵکەکەی دەناڵێنن و
    بەدوای ناندا دەگەڕێن،
گەنجینەکانی خۆیان بە خواردن دەدەن
    بۆ ئەوەی گیانیان بەبەردا بێتەوە.
«ئەی یەزدان، تەماشا بکە و ببینە،
    چونکە سووک بووم.»

12 «ئایا هیچ بۆ ئێوە نییە، ئەی هەموو ڕێبوارەکان؟
    تەماشای دەوروبەر بکەن و ببینن.
هیچ ئازارێک هەیە وەک ئازارەکەی من،
    ئەوەی کە تووشی منی کرد،
ئەوەی کە یەزدان بەسەری هێنام،
    لە ڕۆژی جۆشانی تووڕەییەکەی.

13 «لە سەرەوە ئاگری نارد،
    بۆ ناو ئێسکەکانم دایبەزاند،
تۆڕی بۆ قاچەکانم دانایەوە
    منی بەرەو پاش گەڕاندەوە.
منی وێران کرد،
    داهێزراو بە درێژایی ڕۆژ.

14 «گوناهەکانم وەک نیر[a] خرانە سەرم،
    بە دەستەکانی ئەو هۆنرانەوە.
گوناهەکانم خرانە سەر ملم و
    خودا هێزی لێ بڕیم.
پەروەردگار منی ڕادەستی کەسانێک کرد
    کە ناتوانم بەرەنگاریان ببمەوە.

15 «پەروەردگار هەموو پاڵەوانەکانی ڕەتکردەوە
    کە لەناو مندا بوون.
لەشکرێکی لە دژی من بانگکرد
    بۆ تێکشکاندنی گەنجەکانم.
پەروەردگار یەهودای کچە پاکیزەی
    لەناو گوشەر پڵیشاندەوە.

مەتا 20:29-34

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

29 کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 30 ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

31 جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»

32 عیسا ڕاوەستا، بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»

33 وەڵامیان دایەوە: «دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە، گەورەم.»

34 عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ ڕۆشنایی هاتەوە چاویان و دوای کەوتن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.