Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.
65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
2 ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
3 کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
4 خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.
5 بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
6 کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
بە توانا چەکدارت کردووە،
7 کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
هەروەها ئاژاوەی گەلان.
8 ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.
9 بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.
1 پەیامی یەزدان کە بۆ یۆئێلی کوڕی پەتوئێل هات:
هێرشی کوللە
2 ئەی پیران، گوێ لەمە بگرن،
ئەی هەموو دانیشتووانی خاکەکە، گوێ شل بکەن.
ئایا ئەمە لە سەردەمی ئێوە
یان لە سەردەمی باوباپیرانتان ڕوویداوە؟
3 ئەمە بۆ کوڕەکانتان بگێڕنەوە،
کوڕەکانیشتان بۆ کوڕەکانیان،
کوڕەکانیشیان بۆ نەوەی دوای خۆیان.
4 ئەوەی لەبەر کوللەی قرتێنەر مایەوە
کوللەی گەورە لووشیان دا،
ئەوەی لەبەر کوللەی گەورە مایەوە
پێکوڕە لووشیان دا،
ئەوەش کە لەبەر پێکوڕە مایەوە
وردە کوللەی لووشیان دا.
5 ئەی سەرخۆشەکان، بەئاگا بێن و بگریێن!
ئەی هەموو ئەوانەی شەراب دەخۆنەوە،
واوەیلا بۆ شەرابی شیرین بکەن،
چونکە لە دەمتان بڕاوە.
6 نەتەوەیەک پەلاماری خاکەکەمی دا،
بەهێز و بێشومارە،
ددانەکانی ددانی نەڕە شێرە و
کەڵبەی شێرە مێی هەیە.
7 دار مێوەکەمی وێران کردووە و
دار هەنجیرەکەمی تێکشکاندووە،
توێکڵەکەی داتاشیوە و فڕێیداوە،
لقەکانی سپی بوونەوە.
8 شین بگێڕە وەک پاکیزەیەکی جلوبەرگی گوش[a] پۆشیو،
بۆ مێردی گەنجییەتی کە نەماوە.
9 پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
لە ماڵی یەزدان بڕایەوە،
کاهینەکان دەلاوێننەوە،
ئەوانەی خزمەتکاری یەزدانن.
10 کێڵگەکان وێران بوون،
خاک شیوەنی گێڕا،
چونکە دانەوێڵە فەوتا،
شەرابی نوێ نەما،
ڕۆن لە هیزە بڕا.
11 ئەی جوتیارەکان، نائومێد بن،
ڕەزەوانەکان، واوەیلا بکەن،
بۆ گەنم و جۆ،
چونکە دروێنەی کێڵگە لەناوچوو.
12 دار مێو وشک هەڵگەڕا و
دار هەنجیر سیس بوو،
دار هەنار و خورما و سێو،
هەموو درەختەکانی کێڵگە وشک هەڵگەڕان.
بە دڵنیاییەوە شادی و خۆشی بۆ گەل نەما.
بانگەوازی تۆبەکردن
13 ئەی کاهینەکان، گوش بپۆشن و بلاوێننەوە،
ئەی خزمەتکارانی قوربانگا، واوەیلا بکەن.
ئەی خزمەتکارانی خوداکەم،
وەرن و شەو بە بەرگی ماتەمەوە بمێننەوە،
چونکە پێشکەشکراوی دانەوێڵە و شەراب
لە ماڵی خوداتان ڕاگیراوە.
14 ڕۆژووگرتنێک ڕابگەیەنن،
بۆ کۆبوونەوەیەکی پیرۆز بانگیان بکەن،
پیران کۆبکەنەوە،
هەموو دانیشتووانی خاکەکەش
بێنە ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان،
هاوار بکەن بۆ یەزدان.
15 ئای بۆ ئەو ڕۆژە!
چونکە ڕۆژی یەزدان[b] نزیک بووەتەوە،
وەک وێرانبوون لەلایەن خودای هەرە بە تواناوە دێت.
16 ئایا لەبەرچاومان خواردن نەبڕاوە؟
ئایا لە ماڵی خودامان خۆشی و شادی ماوە؟
17 تۆوی دانەوێڵەکان
لەژێر باڕستی خاکدا ڕزین،
کۆگاکان چۆڵ کران،
ئەمبارەکان وێران کران،
چونکە دانەوێڵە وشک بوو.
18 ماڵاتەکان چۆن دەناڵێنن!
مێگەلەکان بەڕەڵا بوون،
چونکە لەوەڕگایان نییە،
تەنانەت ڕانە مەڕەکانیش ماندوون.
19 ئەی یەزدان، هاوار بۆ تۆ دەکەم،
چونکە ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خوارد،
گڕێک هەموو درەختەکانی کێڵگەی سووتاند.
20 تەنانەت ئاژەڵە کێوییەکانیش چاویان لە دەستی تۆیە،
چونکە جۆگەلە ئاوەکان وشکیان کردووە و
ئاگر لەوەڕگاکانی دەشتودەری خواردووە.
نیشانەکانی ڕۆژانی دوایی
3 ئەمە بزانە، لە ڕۆژانی کۆتاییدا کاتێکی تەنگانە دادێت، 2 چونکە خەڵکی خۆیان خۆشدەوێ، پارەیان خۆشدەوێ، لووتبەرزن، خۆهەڵکێشن، زمانپیسن، گوێڕایەڵی دایک و باوک نابن، سوپاسگوزار نین، گڵاون، 3 بێ خۆشەویستین، گەردن ئازاد ناکەن، بوختانکەرن، بەسەرخۆدا زاڵنەبوون، دڕندەن، حەز لە چاکە ناکەن، 4 ناپاکن، سەرەڕۆ و لەخۆبایین، زیاتر حەزیان لە چێژە نەک خۆشەویستی خودا، 5 ڕواڵەتی خواترسییان هەیە، بەڵام نکۆڵی لە هێزەکەی دەکەن. جا لەوانە دوور بکەونەوە.
6 ئەوانە لەو جۆرە کەسانەن کە بە ماڵاندا دەگەڕێن، ژنە لاوازەکان دەستەمۆ دەکەن، کە بە بارگرانی گوناهەوە شوێنی هەموو جۆرە هەوەسێک کەوتوون، 7 هەردەم فێر دەبن، بەڵام هەرگیز ناتوانن ڕاستی بناسن. 8 وەک یەنیس و یەمبریس[a] بەربەرەکانێی موسایان کرد، ئەوانەش بەربەرەکانێی ڕاستی دەکەن. ئەو پیاوانە مێشکیان گەندەڵ بووە و لەلایەن باوەڕەوە ڕەتکراونەتەوە. 9 بەڵام زیاتر پێش ناکەون، چونکە گێلایەتییان بۆ هەمووان دەردەکەوێت، وەک گێلایەتی ئەوانی لێهات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.