Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، گۆرانییەک، زەبوورێک.
66 ئەی سەراپای زەوی، بە شادمانییەوە هاوار بۆ خودا بکەن!
2 بە شکۆمەندی ناوی ئەو گۆرانی بڵێن،
ستایشی شکۆدار بکەن!
3 بە خودا بڵێن: «کردەوەکانت چەند سامناکن!
هێزت ئەوەندە گەورەیە،
دوژمنانت ملکەچیت بۆ دەنوێنن.
4 سەراپای زەوی کڕنۆشت بۆ دەبەن،
گۆرانی ستایشت بۆ دەڵێن،
گۆرانی ستایش بۆ ناوی تۆ دەڵێن.»[a]
5 وەرن کردارەکانی خودا ببینن،
کارە سامناکەکەی لە پێناوی ئادەمیزاد!
6 دەریای گۆڕی بۆ وشکانی،
ئەوان بە پێیان لە ڕووبار پەڕینەوە.
با بە ئەو شادمان بین.
7 بە توانای خۆی هەتاهەتایە فەرمانڕەوایەتی دەکات،
چاوەکانی چاودێری نەتەوەکان دەکەن،
با یاخییەکان خۆیان بەرامبەری هەڵنەکێشن.
8 ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
9 کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
ڕاپێچکردنی گەلی خودا بۆ ماوەی حەفتا ساڵ
25 ئەو پەیامەی لە ساڵی چوارەمی یەهۆیاقیمی کوڕی یۆشیای پاشای یەهودا، کە دەکاتە ساڵی یەکەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا بۆ یەرمیا هات. 2 ئەوەی یەرمیای پێغەمبەر سەبارەت بە هەموو گەلی یەهودا و بۆ هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم ڕایگەیاند: 3 «لە ساڵی سێزدەیەمینی یۆشیای کوڕی ئامۆنی پاشای یەهوداوە هەتا ئەمڕۆ، ئەم بیست و سێ ساڵە، فەرمایشتی یەزدانم بۆ دەهات و منیش بەردەوام قسەم لەگەڵ کردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت.
4 «یەزدانیش بەردەوام هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆی بۆ ناردن، بەڵام ئێوە گوێتان نەگرت و گرنگیتان پێنەدا. 5 پێیان گوتن: ”لە ڕەفتارە ناشیرین و کردەوە خراپەکانتان بگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی نیشتەجێ بن لەسەر ئەو خاکەی کە یەزدان داویەتییە ئێوە و باوباپیرانتان، لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە. 6 شوێنی خوداوەندەکانی دیکە مەکەون بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن. بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم مەکەن و منیش سزاتان نادەم.“»
7 یەزدان دەفەرموێت: «بەڵام گوێتان لێم نەگرت، بۆ ئەوەی بە دروستکراوەکانی دەستتان پەستم بکەن، بەخۆتان سزاتان بۆ سەر خۆتان هێنا.»
8 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی ئێوە گوێتان لە قسەی من نەگرت، 9 ئەوەتا دەنێرم و هەموو خێڵەکانی باکوور کۆدەکەمەوە، هەروەها نەبوخودنەسری خزمەتکارم، پاشای بابل، جا دەیانهێنمە سەر ئەم خاکە و سەر دانیشتووانەکەی و سەر هەموو ئەو نەتەوانەی دەوروبەری. بە تەواوی قڕیان دەکەم[a]، دەیانکەمە پەند و تانە و تەشەر و وێرانییەکی هەتاهەتایی. 10 دەنگی بەزم و شادی، دەنگی بووک و زاوا، دەنگی دەستاڕ و ڕووناکی چرایان ناهێڵم. 11 هەموو ئەم خاکە دەبێتە وێرانەیەکی چۆڵ، ئەم نەتەوانەش حەفتا ساڵ خزمەتی پاشای بابل دەکەن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
12 یەزدان دەفەرموێت: «کە حەفتا ساڵەکە تەواو بوو، سزای پاشای بابل و ئەو نەتەوەیە دەدەم، لەسەر تاوانەکانیان، سزای خاکی بابلییەکانیش دەدەم و دەیکەمە چۆڵەوانییەکی هەتاهەتایی. 13 هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە، ئەوەی یەرمیا سەبارەت بە هەموو ئەم نەتەوانە پێشبینیی کرد، هەموو ئاگادارکردنەوەیەکی تێدا هاتووە کە سەبارەت بەو خاکە فەرموومە پەیڕەوی دەکەم، 14 چونکە ئەوانیش دەبنە کۆیلەی زۆر نەتەوە و پاشای گەورە، بەگوێرەی کردەوە و کارەکانی خۆیان سزایان دەدەمەوە.»
سپاردە چاکەکە بپارێزە
13 بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە. 14 سپاردە[a] چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
15 ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس. 16 با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە. 17 بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە. 18 با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.