Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
129 «لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!»
با ئێستا ئیسرائیل بڵێت:
2 «لە گەنجییەتم زۆر هەراسانیان کردم!
بەڵام بەسەرمدا زاڵ نەبوون.
3 جوتیارەکان جووتیان لەسەر پشتم کرد و
هێڵی جووتەکانیان درێژکردەوە.»
4 بەڵام یەزدان ڕاستودروستە،
پەتی بەدکارانی پچڕاند.
5 ڕیسوا بن و ببەزن،
هەموو ئەوانەی ڕقیان لە سییۆنە.
6 بە دەردی گیای سەربان بچن،
پێش ئەوەی گەشە بکات وشک دەبێت،
7 ئەوەی نە دەستی دروێنەکەر پڕ دەکات و
نە باوەشی گیشەکەر[a].
8 با ئەوانەی بەلایانەوە تێدەپەڕن پێیان نەڵێن:
«بەرەکەتی یەزدانتان لێ بێت!
بە ناوی یەزدان داوای بەرەکەتتان بۆ دەکەین!»
پەیامێک سەبارەت بە بابل
50 ئەمە ئەو فەرمایشتەیە کە یەزدان سەبارەت بە بابل و خاکی بابلییەکان لە ڕێگەی یەرمیای پێغەمبەرەوە فەرمووی:
2 «لەنێو نەتەوەکان جاڕبدەن و ڕایبگەیەنن،
ئاڵا بەرز بکەنەوە و ڕابگەیەنن،
هیچ مەشارنەوە، بڵێن،
”بابل دەگیرێت،
بێل[a] شەرمەزار دەبێت،
مەرۆداخ[b] وردوخاش دەبێت.
پەیکەرەکانی شەرمەزار و
بتەکانی وردوخاش دەبن!“
3 نەتەوەیەک لە باکوورەوە دێتە سەری،
خاکەکەی وێران دەکات،
ئاوەدانی تێدا نابێت،
لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ هەڵدێن.»
4 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانە و لەو سەردەمە،
نەوەی ئیسرائیل و نەوەی یەهودا پێکەوە دێن،
بەدەم ڕێگاوە دەگریێن و ڕوو لە یەزدان دەکەن، خودای خۆیان.
5 پرسیاری ڕێگای سییۆن دەکەن و
ڕووی تێ دەکەن.
دێنەوە و بە پەیمانێکی هەتاهەتایی کە لەبیر نەکرێت،
دەچنە پاڵ یەزدانی خۆیان.
6 «گەلەکەم مەڕی ونبوو بوون،
شوانەکانیان گومڕایان کردن،
وێڵی ناو چیاکانیان کردن.
لەنێو چیا و گردەکان دەگەڕان،
جێی حەوانەوەی خۆیان لەبیر کرد.
7 هەموو ئەوانەی تووشیان دەبوون لووشیان دەدان،
دوژمنانیان گوتیان: ”ئێمە تاوانبار نین،
لەبەر ئەوەی گوناهیان لە دژی یەزدان کرد،
کە شوێنی حەوانەوەی ڕاستەقینەیانە،
لە دژی یەزدان کە ئومێدی باوباپیرانیانە.“
17 «ئیسرائیل مێگەلێکی پەرتەوازەیە،
شێرەکان ڕاویان ناوە.
سەرەتا پاشای ئاشور لووشی دا،
ئینجا ئەمەی دوایی،
نەبوخودنەسری پاشای بابل،
ئێسکەکانی هاڕی.»
18 لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت:
«من پاشای بابل و خاکەکەی سزا دەدەم،
وەک چۆن پاشای ئاشورم سزا دا.
19 بەڵام ئیسرائیل دەگەڕێنمەوە ناو پاوانەکەی خۆی،
جا لە کارمەل و باشان دەلەوەڕێت،
لە شاخەکانی ئەفرایم و گلعادیش
تێر دەخوات.»
20 یەزدان دەفەرموێت:
«لەو ڕۆژانەدا و لەو سەردەمەدا،
بەدوای تاوانی ئیسرائیلدا دەگەڕێن،
بەڵام نییەتی،
هەروەها بەدوای گوناهی یەهودا دەگەڕێن،
بەڵام هیچ نادۆزنەوە،
چونکە ئەوانەی کە دەیانهێڵمەوە لێیان خۆشدەبم.»
نوێژی عیسا لە کێوی زەیتوون
39 پاشان عیسا وەک جاران چوو بۆ کێوی زەیتوون، قوتابییەکانیش دوای کەوتن. 40 کاتێک گەیشتە شوێنەکە، پێی فەرموون: «نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.» 41 ئینجا نزیکەی بەردهاوێژێک لێیان دوورکەوتەوە، چۆکی دادا و نوێژی دەکرد. 42 فەرمووی: «باوکە، ئەگەر دەتەوێت ئەم جامەم لەسەر لاببە، بەڵام نەک بە خواستی من، بەڵکو بە خواستی خۆت بێت.» 43 فریشتەیەکیش لە ئاسمانەوە بۆی دەرکەوت بەهێزی دەکرد. 44 کە لە ململانێدا بوو، زۆر بە گوڕتر نوێژی دەکرد و ئارەقەکەی وەک دڵۆپی خوێنی لێهات دەکەوتە سەر زەوی.
45 ئینجا لە نوێژەکە هەستا و هاتە لای قوتابییەکان، بینی لە خەمان خەویان لێ کەوتووە. 46 پێی فەرموون: «بۆچی خەوتوون؟ هەستن، نوێژ بکەن تاکو نەکەونە تاقیکردنەوە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.