Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
137 لەدەم ڕووبارەکانی بابل، لەوێ دانیشتین،
هەروەها گریاین کە سییۆنمان بیر کەوتەوە.
2 بە شۆڕەبییەکانی ناوەڕاستی
قیسارەکانی خۆمان هەڵواسی،
3 چونکە لەوێ ڕاپێچکەرانمان داوای گۆرانییان لێکردین،
چەوسێنەرانمان داوایان کرد دڵخۆشیان بکەین:
«گۆرانییەکمان بۆ بڵێن لە گۆرانییەکانی سییۆن.»
4 چۆن گۆرانی یەزدان بڵێین
لە خاکێکی بێگانە؟
5 ئەی ئۆرشەلیم، ئەگەر لەبیرت بکەم،
با دەستە ڕاستەم بەهرەکەی لەبیر بکات.
6 با زمانم بە مەڵاشوومەوە بنووسێت، ئەگەر یادت نەکەم،
ئەگەر ئۆرشەلیم لە سەرووی هەموو خۆشییەکم دانەنێم.
7 ئەی یەزدان، ئەو ڕۆژەی ئۆرشەلیم کەوت[a] نەوەی ئەدۆمت لەبیر بێت،
کاتێک گوتیان: «تەختی بکەن، هەتا بناغە تەختی بکەن!»
8 ئەی دانیشتووانی بابل[b] کە چارەنووستان لەناوچوونە،
دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی تۆڵەتان لێ دەستێنێتەوە،
وەک ئەو خراپەی هی ئێمەتان دایەوە!
9 دەستی خۆش بێت ئەو کەسەی منداڵەکانتان دەگرێت و
بە تاشەبەردیاندا دەدات!
5 ئەی یەزدان، بەبیرت بێتەوە چیمان بەسەرهات،
تەماشا بکە و ڕیسواییەکەمان ببینە.
2 میراتەکەمان بۆ نامۆکان بوو،
ماڵمان بۆ بێگانە.
3 هەتیو و بێ باوک بوون،
دایکانمان وەک بێوەژنن.
4 دەبێ ئەو ئاوە بکڕین کە دەیخۆینەوە
دارەکانمان بە نرخ بۆمان دێت.
5 ئەوانەی ڕاومان دەنێن زۆر نزیک بوونەوە،
ماندوو دەبین و حەوانەوەمان نییە.
6 دەستمان لە میسری و ئاشورییەکان پانکردەوە
بۆ بەدەستهێنانی نانی پێویست.
7 باوکانمان گوناهیان کرد، نەمان،
ئێمەش سزاکەیان وەردەگرین.
8 کۆیلەکان فەرمانڕەوایەتیمان دەکەن،
کەس نییە لە دەستیان ڕزگارمان بکات.
9 بەهۆی شمشێر لە چۆڵەوانی ژیانمان لە مەترسیدایە
هەتا بژێوی پەیدا دەکەین.
10 پێستمان وەک تەنوور سووتاوە،
لەبەر برسیێتی برژاوین.
11 لە سییۆن دەستدرێژییان کردە سەر ژنان،
پاکیزەکانیش لە شارۆچکەکانی یەهودا.
12 میران بە دەستیانەوە هەڵدەواسرێن،
ڕێز لە پیران ناگیرێت.
13 لاوانیان دەهاڕدرێن،
منداڵان لەژێر بارەداردا بەلادادێن.
14 پیران دەستیان لە دەروازە هەڵدەگرن،
لاوانیش وازیان لە گۆرانی هێنا.
15 خۆشی دڵمان نەما،
شاییمان بوو بە شیوەن.
16 تاجی سەرمان کەوت.
قوڕبەسەرمان، چونکە گوناهمان کرد!
17 لەبەر ئەم شتانە دڵمان داهێزرا،
لەبەر ئەم ڕووداوانە بەرچاومان تاریک بوو،
18 لەبەر کێوی سییۆن، وێران بوو،
چەقەڵ هاتوچۆی تێدا دەکەن.
19 ئەی یەزدان، تۆ بۆ هەتاهەتایە حوکم دەکەیت،
تەختی تۆ نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.
20 بۆچی بەردەوام لەبیرمان دەکەیت؟
بۆچی کاتێکی درێژ بەجێمان دەهێڵیت؟
21 ئەی یەزدان، بمانگەڕێنەوە بۆ لای خۆت، هەتا بگەڕێینەوە،
وەک جاران ڕۆژانمان نوێ بکەرەوە،
22 یان تۆ زۆر لێمان تووڕە بوویت و
بە تەواوی ئێمەت ڕەتکردووەتەوە؟
دار هەنجیری بێ بەر
12 بۆ بەیانی کە بێتعەنیایان بەجێهێشت، عیسا برسی بوو. 13 لە دوورەوە دار هەنجیرێکی بینی گەڵای کردبوو، ڕووی تێکرد تاکو شتێکی پێوە ببینێت. گەیشتە لای و لە گەڵا زیاتر هیچی پێوە نەبینی، چونکە وەرزی هەنجیر نەبوو. 14 ئینجا پێی فەرموو: «ئیتر هەرگیز کەس لە بەرت ناخوات.» قوتابییەکانیشی گوێیان لێبوو.
دەربارەی هێزی باوەڕ
20 بەیانی بەوێدا تێدەپەڕین، دار هەنجیرەکەیان بینی لە ڕەگەوە وشک بووە. 21 پەترۆس بیری کەوتەوە و گوتی: «ڕابی، سەیر بکە! دار هەنجیرەکەی نەفرەتت لێکرد، وشک بووە!»
22 عیسا وەڵامی دایەوە: «باوەڕتان بە خودا هەبێت. 23 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی بەم کێوە بڵێت ”هەڵبکەنرێ و بکەوە ناو دەریاوە،“ لە دڵدا گومان نەکات، بەڵکو باوەڕ بکات ئەوەی دەیڵێت دەبێت، ئەوا بۆی دەبێت. 24 لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو ئەوەی داوای دەکەن و نوێژی بۆ دەکەن، باوەڕ بکەن کە وەرتانگرتووە، بۆتان دەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.