Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 65

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود، گۆرانییەک.

65 ئەی خودایە، ستایشکردن لە سییۆن شایانی تۆیە،
    نەزرەکانمان بۆ تۆ بەجێدەهێنین.
ئەی ئەوەی گوێت لە نوێژ دەبێت،
    هەموو کەس بۆ لای تۆ دێت.
کاتێک گوناه بەسەرماندا زاڵ بوو،
    تۆ کەفارەتی یاخیبوونەکانی ئێمەت کرد.
خۆزگە بەوانە دەخوازرێ کە هەڵیاندەبژێریت و
    نزیکیان دەکەیتەوە بۆ ئەوەی لە حەوشەی ماڵەکەت بژین!
تێر بووین لە چاکی ماڵەکەت،
    لە پەرستگای پیرۆزی تۆ.

بە سامناکی ڕاستودروستی وەڵاممان دەدەیتەوە،
    ئەی خودای ڕزگارکەرمان،
ئەی ئەوەی دانیشتووانی سەراپای زەوی و
    دەریا دوورەکان پشتت پێ دەبەستن،
کە بە هێزی خۆت چیاکانت دامەزراندووە،
    بە توانا چەکدارت کردووە،
کە هەڵچوونی دەریاکان هێمن دەکەیتەوە،
    هەڵچوونی شەپۆلەکانیان،
    هەروەها ئاژاوەی گەلان.
ئەوانەی لەوپەڕی جیهان دەژین، لە نیشانەکانی تۆ دەترسن.
    لە شوێنی دەرکەوتنی بەرەبەیان و ئاوابوونی ئێواران،
    گۆرانی شادمانییان پێ دەڵێیت.

بایەخ بە زەوی دەدەیت و ئاوی دەدەیت،
    زۆر بەپیت و فەڕی دەکەیت،
جۆگەکانی خودا پڕ ئاون،
    دەغڵودانیان ئامادە دەکەیت،
    چونکە بەم شێوەیە ڕێکت خستووە.
10 هێڵی جووتەکانی تێر ئاو دەکەیت و
    تەخت و ڕێکیان دەکەیت،
بە لێزمەی باران پاراوی دەکەیت و
    بەروبوومیان بەرەکەتدار دەکەیت.
11 بە چاکەی خۆت تاج دەخەیتە سەر ساڵ و
    ڕێڕەوەکانت چەوری لێ دەچۆڕێت.
12 لەوەڕگاکانی دەشتودەر پڕ دەبن،
    ناوقەدی گردەکان بە شادی دەبەستییەوە.
13 مێرگەکان بە ڕانە مەڕ و مێگەل دادەپۆشرێن،
    دەغڵودان دەبن بە کەوای دۆڵەکان،
    لە شادمانیدا هاوار دەکەن و گۆرانی دەڵێن.

یۆئێل 2:1-11

سوپای کوللە

لە سییۆن فوو بە کەڕەنادا بکەن،
    لەسەر کێوی پیرۆزم هاوار بکەن بۆ ئاگادارکردنەوە.

با هەموو دانیشتووانی خاکەکە بلەرزن،
    چونکە ڕۆژی یەزدان دێت و نزیکە.
ڕۆژی تاریکی و ئەنگوستەچاوە،
    ڕۆژی هەور و تەمی چڕە.
وەک کازێوە باڵی بەسەر چیاکاندا دەکێشێت،
    سوپایەکی گەورە و بەهێز دێت،
لە دێرزەمانەوە هاوشێوەی نەبووە،
    لە نەوەی داهاتووش شتی وا نابێتەوە.

لەپێشیانەوە ئاگر دەخوات و
    لەپشتیشیانەوە گڕ دەسووتێنێت.
لەپێشیانەوە خاک وەک باخچەی عەدەنە،
    لەپشتیشیانەوە چۆڵەوانییەکی وێرانە،
    هیچ لێیان دەرباز نابێت.
دیمەنیان وەک دیمەنی ئەسپە،
    وەک سوار غار دەدەن.
وەک دەنگی گالیسکە
    لەسەر لووتکەی چیاکان باز دەدەن،
وەک دەنگی گڕی ئاگرە کە پوشوپەڵاش هەڵدەلووشێت،
    وەک سوپایەکی بەهێزی ڕیزبەستووە بۆ جەنگ.

لەبەردەم ئەوان، گەلان سڵ دەکەنەوە،
    هەموو دەموچاوێک ڕەنگی هەڵدەبزڕکێت.
وەک پاڵەوان هێرش دەبەن،
    وەک جەنگاوەر بە شووراکاندا هەڵدەگەڕێن.
هەموویان لەسەر یەک هێڵ دەڕۆن و
    لە ڕێچکەی خۆیان لانادەن.
تەنگ بە یەکتری هەڵناچنن و
    هەریەکەیان بە ڕیزی خۆیدا دەڕوات،
بە سەنگەرەکاندا ڕەت دەبن،
    بەبێ ئەوەی ڕیزەکانیان بشکێنن.
بەناو شارەکەدا غار دەدەن،
    بەسەر شووراکاندا ڕادەکەن،
سەردەکەونە سەر ماڵەکان،
    وەک دز بەناو پەنجەرەکاندا دێنە ژوورەوە.

10 لەبەردەمیان زەوی دەلەرزێت،
    ئاسمان دەهەژێت،
خۆر و مانگ تاریک دەبن و
    ئەستێرەکان تروسکایی خۆیان ڕادەگرن.
11 یەزدان دەنگی بەرز دەکاتەوە
    لەپێش سوپاکەیەوە،
سەربازەکانی زۆر زۆرن،
    ئەوانەی فەرمانەکەی بەجێدەهێنن بە هێزن.
ڕۆژی یەزدان گەورەیە،
    زۆر سامناکە.
    کێ خۆی لەبەری دەگرێت؟

دووەم تیمۆساوس 3:10-15

لەسەر باوەڕت بمێنەوە

10 بەڵام تۆ، فێرکردن و شێوازی ژیان، ئامانج و باوەڕ، ئارامگرتن و خۆشەویستی و دانبەخۆداگرتن، 11 چەوسانەوە و ئازاری منت زانی، ئەوەی لە ئەنتاکیا و کۆنیا و لیسترا بەسەرم هات، بەرگەی چ چەوسانەوەیەکم گرت، مەسیحی باڵادەستیش لە هەموویان دەربازی کردم. 12 هەموو ئەوانەی دەیانەوێ بە لەخواترسییەوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیح بژین، دەچەوسێنرێنەوە، 13 بەڵام خراپەکار و فێڵبازان بەرەو خراپتر دەڕۆن، چەواشەکار و چەواشەکراو. 14 بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت، 15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.