Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی کوڕانی قۆرەح. گۆرانییەک.
87 خودا لە کێوی پیرۆز بناغەکانی شارەکەی دانا،
2 یەزدان دەروازەکانی سییۆنی
لە هەموو ماڵی یاقوب خۆشتر دەوێت.
3 ئەی شاری خودا،
بە شکۆمەندی باست کراوە:[a]
4 «ئەوانەی دەمناسن ناویان دەهێنمەوە یادم،
خەڵکی ڕاهەب[b] و بابل لەنێویاندان،
لەگەڵ فەلەستیە و سور و خەڵکی کوش،
سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت: ”ئەم کەسە لە سییۆن لەدایک بووە.“»
5 دەربارەی سییۆن دەگوترێ: «ئەمە و ئەوەی تێدا لەدایک بووە و
خودای هەرەبەرز خۆی دەیچەسپێنێت.»
6 یەزدان لە پەڕتووکی گەلاندا تۆماری دەکات:
«ئەمە لە سییۆن لەدایک بووە.»
7 سەماکەران گۆرانی دەڵێن:
«هەموو سەرچاوەکانم لە تۆوەیە.»
حوکمی نەتەوەکان
3 «لەو ڕۆژانەدا و لەو کاتەدا،
کاتێک ڕاپێچکراوەکانی یەهودا و ئۆرشەلیم دەگەڕێنمەوە،
2 هەموو نەتەوەکان خڕدەکەمەوە و
دەیانبەمە خوارەوە بۆ دۆڵی یەهۆشافات[a].
لەوێدا دادگاییان دەکەم،
لەسەر گەلەکەم و میراتەکەم، ئیسرائیل،
کە لەنێو نەتەوەکاندا پەرتوبڵاویان کردنەوە و
زەوییەکەی منیان دابەش کرد.
3 لەسەر گەلەکەم تیروپشکیان کرد،
منداڵیان بۆ لەشفرۆش فرۆشت،
کچیان بۆ شەراب فرۆشت
بۆ ئەوەی بیخۆنەوە.
4 «ئەی سور و سەیدا و هەموو ناوچەکانی فەلەستیە، ئیتر ئێوە چیتان لە دژی من هەیە؟ ئایا تۆڵەم لێ دەستێننەوە؟ جا ئەگەر تۆڵەم لێ بستێننەوە، بە پەلە و خێرا بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە، 5 چونکە ئێوە زێڕ و زیوەکەی منتان برد و گەنجینە باشەکانی منتان بردە ناو پەرستگاکانی خۆتان. 6 نەوەی یەهودا و نەوەی ئۆرشەلیمتان بە نەوەی یۆنانییەکان فرۆشت، تاکو لە نیشتیمانی خۆیان دووریان بخەنەوە.
7 «ببینن، من لەو شوێنەوە کە ئەوانتان پێی فرۆشتبوو هەڵیاندەستێنم، ئەوەی کردبووتان بەسەر خۆتانیدا دەهێنمەوە. 8 کوڕ و کچەکانتان دەفرۆشمە نەوەی یەهودا، ئەوانیش دەیانفرۆشنە سەبئییەکان، نەتەوەیەکی دوور.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن
12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، 13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کرد، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. 14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان. 15 با کەستان وەک بکوژێک یان دزێک یان بەدکارێک یاخود یەکێک دەست لە کاروباری خەڵک وەربدات ئازار نەچێژێ، 16 بەڵام ئەگەر وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن، شەرم مەکەن، بەڵکو ستایشی خودا بکەن کە ناوی مەسیحتان هەڵگرتووە، 17 چونکە کاتی دەستپێکردنی لێپرسینەوەیە لە گەلی خودا. ئەگەر دەستپێک لە ئێمەوە بێت، کۆتایی ئەوانە چی دەبێت کە گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیلی خودا نابن؟
18 [ئەگەر کەسی ڕاستودروست بە زەحمەت ڕزگاری ببێت،
ئەی چارەنووسی خراپەکار و گوناهبار چۆن دەبێت؟][a]
19 بۆیە ئەوانەی بەگوێرەی خواستی خودا ئازار دەدرێن، با خۆیان بدەنە دەست بەدیهێنەری دڵسۆز و بەردەوام بن لە چاکەکاری.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.