Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
מ (میم)
97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.
16 ئینجا پیاوە گەورەکان و هەموو گەل بە کاهین و پێغەمبەرەکانیان گوت: «ئەم پیاوە شایانی حوکمی مردنی نییە، چونکە بە ناوی یەزدانی پەروەردگارمانەوە قسەی لەگەڵ کردووین.»
17 ئینجا هەندێک لە پیرانی یەهودا[a] هەستان و بە هەموو کۆمەڵی خەڵکەکەیان گوت: 18 «میخای پێغەمبەر لە شاری مۆرەشەت لە سەردەمی حەزقیای پاشای یەهودا پێشبینیی کرد و بە هەموو گەلی یەهودای گوت: ”یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«”سییۆن وەک کێڵگە دەکێڵدرێت،
ئۆرشەلیم کاول دەبێت،
گردەکەی پەرستگاش دەبێتە دارستانێکی بێ کەڵک.“[b]
19 ئایا حەزقیای پاشای یەهودا یان کەسێکی دیکە لە یەهودا کوشتیان؟ ئایا لە یەزدان نەترسا و بەدوای ڕەزامەندی ئەوەوە نەبوو؟ ئایا یەزدان پاشگەز نەبووەوە لەو بەڵایەی فەرمووبووی بەسەریان دەهێنێت؟ وا بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆمان دەهێنین!»
20 هەروەها پیاوێکی دیکەش هەبوو بە ناوی یەزدانەوە پێشبینی دەکرد، ئوریای کوڕی شەمەعیا، خەڵکی قیریەت یەعاریم بوو. ئەویش لە دژی ئەو شارە و ئەو خاکە پەیامێکی ڕاگەیاند، وەک پەیامەکەی یەرمیا. 21 جا یەهۆیاقیمی پاشا و هەموو پاڵەوانەکانی و هەموو پیاوە گەورەکان گوێیان لە قسەکانی بوو، پاشا داوای کرد بیکوژن. بەڵام ئوریا ئەمەی بیست، لە ترسان بەرەو میسر هەڵات. 22 یەهۆیاقیمی پاشاش ئەلناتانی کوڕی عەکبۆری لەگەڵ چەند پیاوێک ناردە میسر. 23 ئوریایان لە میسر دەرهێنا و هێنایانە لای یەهۆیاقیمی پاشا، بە شمشێر لێیدا و تەرمەکەی فڕێدایە ناو گۆڕی خەڵکی ئاسایی.
24 جگە لەوەش، دەستی ئەحیقامی کوڕی شافان لە پشت یەرمیا بوو بۆ ئەوەی نەدرێتە دەست گەل و بیکوژن.
کارگەری وشەی ڕاست
14 ئەمانەیان بیربخەوە و لە شەڕەقسە ئاگاداریان بکەوە لەبەردەم خودا، چونکە سوودی نییە، بەڵکو بیسەران دەڕووخێنێت. 15 کۆشش بکە خۆت بسەلمێنی بۆ خودا، کارگەرێکی بێ شەرمەزاری، وشەی ڕاستی بە ڕێگای ڕاست لێک بدەیتەوە. 16 خۆت لە قسەی هیچوپووچ بپارێزە، چونکە زیاتر و زیاتر مرۆڤ بەرەو خوانەناسی دەبات. 17 وشەکانیان وەک لاڕەشەیە[a] تەشەنە دەکات. لەوانە هیمینایۆس و فیلێتۆس، 18 کە لە ڕاستی دەرچوون و دەڵێن هەستانەوە ڕوویداوە، ئیتر باوەڕی هەندێک هەڵدەگێڕنەوە. 19 بەڵام بناغە توندەکەی خودا چەسپاوە، ئەم مۆرەی لەسەرە: [یەزدان ئەوانەی هی خۆیەتی دەیانناسێت،][b] هەروەها «ئەوەی ناوی یەزدانی لەسەرە، با لە بەدکاری دووربکەوێتەوە.»
20 بەڵام لە ماڵی گەورەدا هەر قاپوقاچاغی زێڕ و زیو نییە، بەڵکو تەختە و قوڕیش، هەندێکیان بۆ ڕێزلێنانن ئەوانی دیکە بۆ سووکین. 21 بۆیە ئەگەر یەکێک خۆی لەمانە پاک بکاتەوە، ئەوا دەبێتە ئامانێک بۆ ڕێزلێنان، پیرۆز[c] و سوودبەخش بۆ گەورەکەی، ئامادە بۆ هەموو کارێکی چاک.
22 لە هەوەسەکانی گەنجییەتی ڕابکە، کۆشش بکە بۆ ڕاستودروستی و باوەڕ و خۆشەویستی و ئاشتی لەگەڵ ئەوانەی بە دڵێکی پاک لە مەسیحی باڵادەست دەپاڕێنەوە. 23 لە گفتوگۆی پووچ و نەزان دووربکەوە، بزانە شەڕی لێ دەکەوێتەوە. 24 بەندەی مەسیحی خاوەن شکۆ نابێت شەڕفرۆش بێت، بەڵکو دەبێت لەگەڵ هەمووان میهرەبان بێت، هەروەها پێویستە لە کاتی تەنگانە دان بەخۆی بگرێت. 25 ئەوانەی بەربەرەکانێی دەکەن بە دڵنەرمی ڕاستیان بکاتەوە، بە هیوای ئەوەی خودا تۆبەکردنی ڕاستی ناسینیان بداتێ 26 و لە داوی شەیتان هۆشیان بەخۆیاندا بێتەوە، ئەوەی بۆ خواستی خۆی بەندی کردن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.