Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
یەرمیا 31:27-34

27 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت، ژمارەی خەڵک و ژمارەی ئاژەڵ لە ئیسرائیل و یەهودا زۆر زیاد دەکەم. 28 جا چۆن چاودێر بووم بۆ ڕیشەکێشکردن و ڕووخاندن، بۆ کاولکاری، بۆ لەناوبردن و بەڵا بەسەرهێنان، ئاواش چاودێر دەبم بۆ بنیادنانەوە و چاندن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «لەو ڕۆژانەدا ئیتر ناڵێن:

«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
    ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبێت.“

30 بەڵکو هەرکەسە و بە تاوانی خۆیەوە دەمرێت، هەرکەسێک بەرسیلە بخوات ددانی خۆی ئاڵ دەبێت.»

31 یەزدان دەفەرموێت: «ئەوەتا سەردەمێک دێت،
    پەیمانێکی نوێ[a] لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و
    بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
32 نەک وەکو ئەو پەیمانەی
    لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم،
ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت
    بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە ئەوان پەیمانەکەی منیان شکاند،
    هەرچەندە من مێردی[b] ئەوان بووم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
33 یەزدان دەفەرموێت: «ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە
    لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکەم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
    لەسەر دڵیان دەینووسم.
من دەبم بە خودای ئەوان و
    ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
34 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی
    یان براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت: ”یەزدان بناسە،“
چونکە هەموویان دەمناسن،
    لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم،
    چیتر گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

زەبوورەکان 119:97-104

מ (میم)

97 چەند حەزم لە فێرکردنی تۆیە!
    بە درێژایی ڕۆژ لێی ورد دەبمەوە.
98 بەهۆی ڕاسپاردەکانت لە دوژمنەکانم داناتر بووم،
    چونکە هەتاهەتایە بۆ منە.
99 لە هەموو مامۆستاکانم هۆشمەندتر بووم،
    چونکە لە یاساکانت ورد دەبمەوە.
100 لە پیرەکان زیاتر تێدەگەم،
    چونکە ڕێنماییەکانت پەیڕەو دەکەم.
101 پێی خۆمم قەدەغە کردووە لە هەموو ڕێگایەکی خراپ،
    بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی تۆ بم.
102 لە حوکمەکانی تۆ لام نەداوە،
    چونکە تۆ خۆت فێرت کردووم.
103 بەڵێنەکانت چەند شیرینن بۆ زمانم،
    لە هەنگوین شیرینترن بۆ دەمم.
104 لە ڕێنماییەکانی تۆ تێگەیشتنم بەدەستهێنا،
    بۆیە ڕقم لە هەموو ڕێگایەکی خوارە.

دووەم تیمۆساوس 3:14-4:5

14 بەڵام تۆ، بمێنەوە لەسەر ئەوەی فێری بوویت و دڵنیابوویت، زانیت لە کێ فێربوویت، 15 هەروەها لە منداڵییەوە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانیت کە دەتوانن لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح بتکەنە دانا بۆ بەدەستهێنانی ڕزگاری. 16 هەموو نووسراوە پیرۆزەکان لە سروشی خودان[a]، سوودبەخشن بۆ فێرکردن و سەرزەنشت و ڕاستەڕێکردن و لێڕاهێنان لە ڕاستودروستی، 17 تاکو پیاوی خودا تەواو ئامادە بێت بۆ هەموو کارێکی باش.

وشەی خودا ڕابگەیەنە

لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح، ئەوەی لە داهاتوودا زیندووان و مردووان حوکم دەدات، لەبەر دەرکەوتنی خۆی و شانشینەکەی ڕاتدەسپێرم: وشەی خودا ڕابگەیەنە، ئامادە بە لە کاتی گونجاو و نەگونجاو، سەرزەنشت بکە، ڕابخوڕە، ورە بەرز بکەوە، بەوپەڕی پشوودرێژی و فێرکردنەوە، چونکە کاتێک دێت خەڵک بەرگەی فێرکردنی دروست ناگرن، بەڵکو بەگوێرەی ئارەزووی تایبەتی خۆیان مامۆستا کۆدەکەنەوە قدیلکەی[b] گوێیان بکاتەوە. بۆ ڕاستی گوێیان دادەخەن، بۆ ئەفسانە لادەدەن. بەڵام تۆ، لە هەموو شتێکدا وریابە، لە ئازاردا دان بە خۆتدا بگرە، بە کاری مزگێنیدەری هەستە، خزمەتی خۆت تەواو بکە.

لۆقا 18:1-8

نموونەی بێوەژن و دادوەرێک

18 عیسا نموونەیەکی بۆ هێنانەوە کە پێویستە هەمیشە نوێژ بکەن و ورە بەرنەدەن. فەرمووی: «لە شارێک دادوەرێک هەبوو لە خودا نەدەترسا و ڕێزی مرۆڤیشی نەدەگرت. لەو شارەدا بێوەژنێک هەبوو، دەهاتە لای و دەیگوت: ”مافم لە نەیارەکەم بستێنەوە.“

«ئەویش ماوەیەک نەیدەویست، بەڵام دواتر لە دڵی خۆیدا گوتی: ”هەرچەندە لە خودا ناترسم و ڕێزیش لە مرۆڤ ناگرم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم بێوەژنە بێزارم نەکات، مافەکەی بۆ وەردەگرمەوە، ئەگینا وازناهێنێت و وەڕسم دەکات.“»

مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمووی: «گوێ بگرن لەوەی دادوەرە زۆردارەکە دەیڵێت. باشە خودا مافی هەڵبژێردراوەکانی خۆی کە شەو و ڕۆژ لێی دەپاڕێنەوە وەرناگرێت؟ ئایا درەنگ وەڵامیان دەداتەوە؟ پێتان دەڵێم: خێرا مافیان بۆ وەردەگرێت. بەڵام کاتێک کوڕی مرۆڤ دێتەوە، ئایا باوەڕ لەسەر زەوی دەدۆزێتەوە؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.