Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 14

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[a] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[b] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

یەرمیا 4:13-21

13 تەماشا بکەن! وەک هەورەکان سەردەکەوێت،
    گالیسکەکانی وەک گەردەلوولە،
ئەسپەکانی لە هەڵۆ تیژڕەوترن.
    قوڕبەسەرمان، وێران کراین!
14 ئەی ئۆرشەلیم، دڵت لە خراپە بشۆوە بۆ ئەوەی ڕزگارت بێت.
    هەتا کەی بیروڕا خراپەکانت لەناوەڕاستت دەمێنێتەوە؟
15 دەنگێک لە دانەوە ڕادەگەیەنێت،
    کارەسات لە شاخەکانی ئەفرایمەوە دەبیسترێت.
16 «نەتەوەکان ئاگادار بکەنەوە،
    با خەڵکی ئۆرشەلیم بیبیستن:
”ئابڵوقەدەران لە خاکێکی دوورەوە دێن،
    بەسەر شارەکانی یەهودا دەنگیان بەرز دەکەنەوە.
17 لە چواردەوری وەک پاسەوانانی کێڵگەیان لێهاتووە،
    چونکە لە من یاخی بوون.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
18 «ڕەفتار و کردەوەکانت
    ئەمەیان پێکردیت،
ئەمە سزاکەتە،
    چەند تاڵە!
    چونکە گەیشتە دڵت.»

19 ئەی ئازارم، ئەی ئازارم!
    من لەتاو ئێشم دەتوێمەوە.
دڵم ژان دەکات!
    دڵەکوتێمە، بێدەنگ نابم،
    چونکە گوێم لە دەنگی کەڕەنا و نەعرەتەی جەنگ بوو.
20 کارەسات لەدوای کارەسات دێت،
    هەموو خاکەکە وێران بوو.
لەپڕ خێوەتەکانم وێران بوون،
    لە چرکەیەکدا پەناگاکانم.
21 هەتا کەی ئاڵای جەنگ دەبینم و
    گوێم لە دەنگی کەڕەنا دەبێت؟

یەرمیا 4:29-31

29 لە دەنگی سوار و تیرهاوێژ
    هەموو شارۆچکەکان ڕایانکرد.
هەندێک چوونە ناو دارستانەکان،
    هەندێک سەرکەوتنە سەر بەردەکان.
هەموو شارۆچکەکان بەجێهێڵراون،
    هیچ کەسێک تێیاندا نیشتەجێ نییە.

30 تۆش ئەی نەتەوە وێرانەکە، چی دەکەیت؟
    بۆچی بەرگی ئاڵ لەبەر دەکەیت و
    خشڵی زێڕ بە خۆتەوە دەکەیت؟
بۆچی بە کل چاوەکانت ڕەش دەکەیت؟
    بێهوودە خۆت جوان دەکەیت،
لەبەرچاوی ئەوینداران کەوتووی،
    ئەوان داوای گیانت دەکەن.

31 هاوارێکم بیست وەک هاواری ژنێکی ژانگرتوو بوو،
    لە ناخۆشیدا وەک یەکەم منداڵی بێت.
دەنگی سییۆنی کچ[a] هەنسک دەدات،
    دەست پان دەکاتەوە، دەڵێت:
«وەی لە من! دەبوورێمەوە،
    گیانم لەبەر بکوژان دەردەچێت!»

یۆحەنا 10:11-21

11 «منم شوانە دڵسۆزەکە. شوانی دڵسۆزیش ژیانی خۆی لە پێناوی مەڕەکاندا دادەنێت. 12 بەکرێگیراویش شوانی مەڕەکان نییە و مەڕەکانیش هی ئەو نین. کاتێک دەبینێت گورگ دێت، مەڕەکان بەجێدەهێڵێت و ڕادەکات، گورگیش مەڕەکان دەبات و پەرتەوازەیان دەکات. 13 کابرا هەڵدێت چونکە بە کرێ گیراوە و خەمی مەڕەکانی نییە.

14 «منم شوانە دڵسۆزەکە. مەڕی خۆم دەناسم و ئەوانیش من دەناسن، 15 هەروەک چۆن باوک دەمناسێت، منیش باوک دەناسم. ژیانم بۆ مەڕەکان دادەنێم. 16 هەروەها مەڕی دیکەم هەیە سەر بەم پشتیرەیە نین، دەبێ ئەوانیش بهێنم، ئەوانیش گوێیان لە دەنگم دەبێت، جا دەبنە یەک مێگەل و یەک شوان. 17 لەبەر ئەوە باوک منی خۆشدەوێت، چونکە ژیانی خۆم دادەنێم تاکو وەریبگرمەوە. 18 کەس لە منی ناستێنێ، بەڵکو خۆم دایدەنێم. دەسەڵاتم هەیە دایبنێم و دەسەڵاتم هەیە بیبەمەوە. ئەم ڕاسپاردەیەم لە باوکمەوە وەرگرتووە.»

19 بەهۆی ئەم قسانەوە دیسان دووبەرەکی لەنێو جولەکەکان پەیدابوو. 20 زۆربەیان گوتیان: «ڕۆحی پیسی هەیە و وڕێنە دەکات. بۆچی گوێی لێ دەگرن؟»

21 هەندێکی دیکەیان گوتیان: «ئەمە قسەی یەکێک نییە ڕۆحی پیسی تێدابێت. ئایا ڕۆحی پیس دەتوانێت چاوی نابینا چاک بکاتەوە؟»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.