Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 91:1-6

91 ئەوەی لە پەناگای هەرەبەرز دادەنیشت،
    ئەوەی لە سێبەری خودای هەرە بە توانا دەمێنێتەوە،
بە یەزدان دەڵێ: «تۆ پەناگامی، قەڵامی،
    خودای منی، پشتت پێ دەبەستم.»

چونکە لە تۆڕی ڕاوچی دەربازت دەکات،
    لە دەرد و بەڵای کوشندە.
بە باڵی خۆی داتدەپۆشێت،
    لەژێر باڵەکانی پەنا دەگریت و
    دڵسۆزییەکەی قەڵغان و شوورایە.
نە لە تۆقینی شەو دەترسیت و
    نە لەو تیرەی بە ڕۆژ دەهاوێژرێت،
نە لەو دەردەی کە لە تاریکی دێت،
    نە لەو ئافاتەی بە ڕۆژی نیوەڕۆ زیان دەبەخشێت.

زەبوورەکان 91:14-16

14 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوەی دڵی بە منەوە بەندە، ڕزگاری دەکەم،
    دەیپارێزم، چونکە من دەناسێت[a].
15 نزام بۆ دەکات، وەڵامی دەدەمەوە،
    لە تەنگانە لەگەڵیدام،
    دەربازی دەکەم و ڕێزداری دەکەم.
16 بە ڕۆژگاری درێژ تێری دەکەم،
    ڕزگاریی خۆمی نیشان دەدەم.»

یەرمیا 23:23-32

23 «ئایا من تەنها لە نزیکەوە خودام و
    لە دوورەوە خودا نیم؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
24 «یان کەس هەیە لە پەناگا خۆی بشارێتەوە و
    من نەیبینم؟
    ئایا من ئاسمان و زەوی پڕناکەمەوە؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

25 «گوێم لە قسەی ئەو پێغەمبەرانە بوو کە بە درۆ بە ناوی منەوە پێشبینی دەکەن، دەڵێن: ”خەونم بینی! خەونم بینی!“ 26 هەتا کەی ئەمە لە دڵی ئەو پێغەمبەرە درۆزنانە دەبێت کە بە خەیاڵی بیری خۆیان پێشبینی بکەن؟ 27 بەو خەونانەی بۆ یەکتری دەگێڕنەوە وای لێک دەدەنەوە ناوی من لەبیری گەلەکەم ببەنەوە، وەک چۆن باوباپیرانیان لەبەر پەرستنی بەعل ناوی منیان لەبیرچوو. 28 با ئەو پێغەمبەرەی خەونی هەیە خەونەکەی بگێڕێتەوە، بەڵام با ئەوەی فەرموودەی منی لەلایە بە دڵسۆزییەوە فەرموودەی من ڕابگەیەنێت! گەنم و کا زۆر لە یەکتری جیاوازن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 29 «ئایا فەرموودەکانم وەک ئاگر نین؟ وەک چەکوش بەرد وردوخاش ناکەن؟» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

30 یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی فەرموودەکان لە یەکتری دەدزن، جا دەڵێن کە لە منەوە هاتووە. 31 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم، ئەوانەی زمانیان دەخەنەگەڕ و ڕایدەگەیەنن: ”ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“ 32 ئەوەتا من لە دژی ئەو پێغەمبەرانەم کە بە خەونی درۆوە پێشبینی دەکەن، ئەوانەی بە شانازییەوە درۆکانیان دەگێڕنەوە و گەلەکەم گومڕا دەکەن، بەڵام من نە ناردوومن و نە فەرمانم پێکردوون. هیچ سوودێکیش بەم گەلە ناگەیەنن.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ئەفەسۆس 2:1-10

زیندووبوونەوە لەگەڵ مەسیح

ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات. ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین. بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە. خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بە هۆی ‏یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ‏ئاسمان دایناین، تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین. لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات، 10 چونکە ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین، لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.