Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:1-6

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

زەبوورەکان 139:13-18

13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
    لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
    کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
    لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
    کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
    لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
    هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
    پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
    کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
    کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

یەرمیا 15:10-21

10 قوڕبەسەرم دایکە، چونکە منت بوو،
    پیاوێک کە دەمەقاڵێ و ململانێی لەگەڵ سەراپای خاکەکە هەیە!
نە قەرزم کردووە و نە قەرزیان داومەتێ،
    کەچی هەمووان نەفرەتم لێ دەکەن.

11 یەزدان فەرمووی:

«بێگومان بۆ مەبەستی چاک دەربازت دەکەم،
    بێگومان وا دەکەم دوژمن
    لە کاتی بەڵا و لە کاتی تەنگانەدا لێت بپاڕێنەوە!»

12 «کەس دەتوانێت ئاسن بشکێنێت،
    ئاسنی باکوور و بڕۆنز؟

13 «سامان و گەنجینەکانت
    دەکەم بە تاڵانی، بەبێ نرخ،
لەبەر هەموو گوناهەکانت،
    لە سەراپای خاکەکەت.
14 دەتکەمە کۆیلەی دوژمنەکانت،
    لە خاکێک نەتناسیبێت،
چونکە تووڕەییم گڕی گرتووە
    وەک ئاگرێک دەتانسووتێنێت.»

15 «ئەی یەزدان، تۆ دەزانیت،
    بەبیری خۆتم بهێنەرەوە و گرنگیم پێبدە،
    تۆڵەم بستێنەوە لە چەوسێنەرانم.
وا مەکە بەهۆی پشوودرێژی تۆ لەناوبچم،
    بزانە کە لەبەر تۆ بەرگەی ڕیسواییم گرت.
16 کاتێک فەرموودەکانی تۆ هات، خواردم
    بۆم بووە مایەی شادی و خۆشحاڵی دڵم،
چونکە من ناوی تۆم هەڵگرتووە،
    ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار.
17 قەت لە کۆڕی گاڵتەجاڕان دانەنیشتووم،
    لەگەڵیشیان دڵخۆش نەبووم.
بە تەنها دانیشتم، چونکە دەستی تۆم لەسەر بوو،
    پڕت کردم لە تووڕەیی.
18 بۆچی ژانم کۆتایی نایەت،
    برینەکەم بێ چارەیە و نایەوێت چاک بێتەوە؟
ئایا وەک کەندێکی فریودەر دەبیت بۆم،
    وەک کانییەک جێی متمانە نەبێت؟»

19 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:

«ئەگەر تۆبە بکەیت، دەتگەڕێنمەوە لای خۆم
    تاکو وەک بەندەی خۆم لەبەردەستم ڕاوەستیت.
ئەگەر قسەی بە نرخ بکەیت، نەک بێبەها،
    دەتکەمە وتەبێژی خۆم.
با ئەو گەلە بگەڕێتەوە لای تۆ،
    بەڵام تۆ نەگەڕێیتەوە لای ئەوان.
20 دەتکەمە شوورا بۆ ئەو گەلە،
    شوورایەکی بڕۆنزی پتەو،
لەگەڵت دەجەنگن
    بەڵام دەرەقەتت نایەن،
چونکە من لەگەڵتدام،
    بۆ ڕزگارکردن و بۆ فریاکەوتنت.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
21 «لە دەستی خراپەکاران فریات دەکەوم و
    لە چنگی زۆرداران دەتکڕمەوە.»

فیلیپی 2:25-30

25 بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. 26 ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە نەخۆشی ئەوتان بیستووە. 27 بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. 28 بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. 29 کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، 30 چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.