Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 79:1-9

زەبوورێکی ئاساف.

79 ئەی خودایە، نەتەوەکان هاتوونەتە ناو میراتی تۆ،
    پەرستگای پیرۆزی تۆیان گڵاو کردووە،
    ئۆرشەلیمیان کردووە بە کەلاوە.
تەرمی خزمەتکارەکانی تۆیان
    کردووە بە خۆراکی باڵندەی ئاسمان و
    گۆشتی خۆشەویستانت بۆ دڕندەی زەوی.
لە دەوروبەری ئۆرشەلیم وەک ئاو خوێنیان ڕشتن،
    کەس نەبوو بیاننێژێت.
بووین بە پەندی دراوسێکانمان،
    بووین بە سووکایەتی و گاڵتەجاڕی دەوروبەرمان.

ئەی یەزدان هەتا کەی؟ ئایا هەتاسەر هەر تووڕە دەبیت؟
    هەتا کەی ئیرەییت وەک ئاگر دەسووتێت؟
تووڕەیی خۆت بەسەر ئەو نەتەوانەدا ببارێنە کە پشت گوێت دەخەن،
    بەسەر ئەو شانشینانەدا بیڕێژە کە بە ناوی تۆ ناپاڕێنەوە.
چونکە ئەوانە یاقوبیان هەڵلووشیوە،
    نیشتیمانیان خاپوور کردووە.

گوناهی باپیرانی پێش خۆمان لەسەر مەژمێرە،
    با بەزەییت زوو پێشمان بکەوێت،
    چونکە ئێمە زۆر زەلیل بووین.
ئەی خودای ڕزگارکەرمان، یارمەتیمان بدە،
    لەبەر شکۆی ناوی خۆت.
دەربازمان بکە و لە گوناهمان خۆشبە،
    لە پێناوی ناوی خۆت.

یەرمیا 12:14-13:11

14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەو نەتەوە بەدکارانەی دراوسێم کە دەستیان لە میراتەکەم دا کە دامە ئیسرائیلی گەلەکەم، ئەوەتا لە خاکەکەدا ڕیشەکێشیان دەکەم و بنەماڵەی یەهوداش لەناوەڕاستیان ڕیشەکێش دەکەم. 15 لەدوای ئەوەی ڕیشەکێشیان دەکەم، دەگەڕێمەوە بەزەییم پێیاندا دێتەوە، هەریەکە بۆ میراتەکەی خۆی و بۆ خاکەکەی خۆی دەگەڕێنمەوە. 16 لە ڕابردوو گەلەکەی منیان فێرکرد سوێند بە ناوی بەعل بخۆن، بەڵام ئەگەر ئێستا بە تەواوی فێری نەریتی گەلەکەی من ببن، ئەگەر سوێندیان بە ناوی من خوارد و گوتیان: ”بە یەزدانی زیندوو،“ ئەوا لەنێو گەلەکەم بنیاد دەنرێن. 17 بەڵام هەر نەتەوەیەک ئەگەر گوێ نەگرێت، من لە ڕەگەوە ڕیشەکێشی دەکەم و لەناوی دەبەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

پشتێنێکی کەتان

13 یەزدان ئەمەی پێ فەرمووم: «بڕۆ پشتێنێکی کەتان بۆ خۆت بکڕە و لە ناوقەدی خۆتی ببەستە، بەڵام مەیخەرە ناو ئاوەوە.» منیش پشتێنم کڕی، بەپێی فەرمانی یەزدان، لە ناوقەدی خۆمم بەست.

ئینجا دووبارە فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «ئەو پشتێنەی کە کڕیت، کە لە ناوقەدت بەستاوە، هەستە و بڕۆ بیبە پەرات[a] و لەوێ لە کەلێنی بەردێک بیشارەوە.» منیش بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێ کردم چووم و لە پەرات شاردمەوە.

دوای ماوەیەکی درێژ، یەزدان پێی فەرمووم: «هەستە، بڕۆ بۆ پەرات و لەوێ ئەو پشتێنە هەڵبگرە کە فەرمانم پێکردیت لەوێ بیشاریتەوە.» منیش چووم بۆ پەرات، هەڵمکۆڵی و پشتێنەکەم لەو شوێنە هەڵگرتەوە کە تێیدا شاردبوومەوە، ئەوەتا ڕزیوە و بە کەڵکی هیچ نایەت.

ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: «یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئاوا شانازی یەهودا و شانازییە مەزنەکەی ئۆرشەلیم دەڕزێنم. 10 ئەم گەلە بەدکارەی نایەوێت گوێ لە قسەی من بگرێت و بەدوای کەللەڕەقی خۆی کەوتووە، بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەوێت بۆ ئەوەی بیانپەرستێت و کڕنۆشیان بۆ ببات، وەک ئەم پشتێنەی لێدێت کە بە کەڵکی هیچ نایەت. 11 وەک چۆن پشتێن لە پشتی مرۆڤ دەبەسرتێت، ئاوا هەموو بنەماڵەی ئیسرائیل و هەموو بنەماڵەی یەهودام لە پشتی خۆم بەست، هەتا ببنە گەلی من و ناو و شانازی و شکۆمەندی، بەڵام گوێیان نەگرت.“» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

ڕۆما 3:1-8

دڵسۆزی خودا

کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.

کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:

[تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و
    سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.][a]

بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا ناڕەوایە کە تووڕەیی دەهێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن، دەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت.» ئەوانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.