Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 58

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، لەسەر ئاوازی «مەفەوتێنە.» پاڕانەوەیەکی داود.

58 ئەی فەرمانڕەوایان، ئایا لە ڕاستیدا بە ڕاستودروستی بڕیار دەدەن؟
    ئایا دادپەروەرانە حوکمی ئادەمیزاد دەکەن؟
بەڵکو ئێوە لە دڵەوە کار بە خراپە دەکەن،
    هەروەها دەستتان توندوتیژی لەسەر زەوی ئەنجام دەدات.

بەدکاران لە کاتی لەدایکبوونەوە گومڕان،
    لە سکی دایکیانەوە درۆ دەکەن.
ژەهریان وەک ژەهری مارە،
    وەک ماری کۆبرا کە کەڕە و گوێی خۆی داخستووە،
کە ئاوازی ئەفسونگەران نابیستێت،
    هەرچەندە بە شارەزاییش ئەفسون بکەن.

ئەی خودایە، ددانیان لە دەمیان بشکێنە،
    ئەی یەزدان، کەڵبەی شێران وردوخاش بکە!
با بتوێنەوە و وەک ئاو بڕۆن،
    با تیرەکانیان بشکێت کاتێک کەوان ڕادەکێشن.
وەک لولپێچ کە دەتوێتەوە کاتێک دەڕوات،
    وەک منداڵی لەبارچوو، با خۆر نەبینن.

پێش ئەوەی مەنجەڵەکانتان هەست بە ئاگری دڕکەکان بکەن،
    چ تەڕ بن چ وشک بن، خراپەکانیان ڕادەماڵرێت.
10 کەسی ڕاستودروست کە تۆڵە دەبینێت شاد دەبێت،
    پێی خۆی بە خوێنی خراپەکار دەشوا.
11 ئینجا خەڵکی دەڵێن:
    «بێگومان کەسی ڕاستودروست پاداشتی هەیە،
    بێگومان خودایەک هەیە کە دادگایی زەوی دەکات.»

یەرمیا 3:1-14

«ئەگەر پیاو ژنی خۆی تەڵاق بدات و
    ژنەکەی لەلای بڕوات و بۆ پیاوێکی دیکە بێت،
ئایا کابرا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە لای ئەو ژنە؟
    ئایا ئەو خاکە بە تەواوی گڵاو نابێت؟
بەڵام تۆ لەشی خۆتت بە زۆر دۆست فرۆشت،
    ئایا ئێستا دەگەڕێیتەوە لام؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«چاو هەڵبڕە بۆ گردۆڵکەکان و ببینە!
    بزانە جێی ژووانێک هەیە کە لێی زەلیل نەکرابیت؟
وەک کۆچەر لە چۆڵەوانی
    لەسەر ڕێگاکان بۆ خۆشەویستان دانیشتیت.
بە لەشفرۆشیت و بە خراپەت
    خاکەکەت گڵاو کرد.
جا لێزمە باران ڕاوەستا و
    بەهارە بارانیش نەبوو،
کەچی تۆ ناوچەوانی ژنە لەشفرۆشێکت هەبوو،
    شەرم لەخۆکردنەوەت ڕەتکردەوە.
ئایا هەر ئێستا بانگت نەکردم،
    ”باوکە! تۆ هاوڕێی گەنجیێتی منیت!
ئایا هەتاهەتایە تووڕە دەبیت؟
    ئایا هەتا کۆتایی هەڵدەچیت؟“
بەم شێوەیە قسەت کرد،
    بەڵام تۆ ئەو هەموو خراپەیەت کرد کە توانیت.»

ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە

لە سەردەمی پاشایەتی یۆشیای پاشادا یەزدان پێی فەرمووم: «ئایا بینیت ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە چی کرد؟ چووە سەر هەموو گردێکی بەرز و ژێر هەموو دارێکی سەوز، لەوێ داوێنپیسی[a] کرد. بیرم کردەوە لەپاش ئەوەی هەموو ئەمەی کرد، بۆ لای من دەگەڕێتەوە، بەڵام نەگەڕایەوە. جا یەهودای خوشکی ناپاکی ئەمەی بینی. تەڵاقنامەم دا بە ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە و ناردمەوە، لەبەر هەموو داوێنپیسییەکانی. کەچی بینیم یەهودای خوشکی ناپاکی نەترسا، جا ئەویش چوو و داوێنپیسی کرد. لەبەر ئەوەی بە سووکی سەیری لەشفرۆشییەکەی کرد، زەوی گڵاو کرد و داوێنپیسی لەگەڵ دار و بەردا کرد. 10 لەگەڵ هەموو ئەوەشدا، یەهودای خوشکی ناپاکی بە هەموو دڵییەوە نەگەڕایەوە لام، بەڵکو تەنها بە ڕواڵەت.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

11 ئینجا یەزدان پێی فەرمووم: «ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە لە یەهودای ناپاک ڕاستودروستترە. 12 بڕۆ، ئەو پەیامە بۆ باکوور ڕابگەیەنە، بڵێ:

«یەزدان دەفەرموێت: ”ئەی ئیسرائیلی هەڵگەڕاوە، بگەڕێوە،
    ناوچەوانم لێتان گرژ ناکەم،
چونکە خۆشەویستییەکەم ناگۆڕێت.“ ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
    ”تووڕەییم هەتاهەتایی نییە.
13 تەنها دان بە تاوانەکەتدا بنێی،
    چونکە لە یەزدانی پەروەردگارت یاخی بوویت و
خۆشەویستیت بۆ خوداوەندە بێگانەکان بڵاوکردەوە
    لەژێر هەموو دارێکی سەوز.
    ئێوە گوێڕایەڵی من نەبوون.“»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

14 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی ڕۆڵە هەڵگەڕاوەکان، بگەڕێنەوە، چونکە من مێردی ئێوەم[b]، دەتانبەم، یەکێک لە شارۆچکەیەک و دووان لە خێڵێک، دەتانهێنمە سییۆن.

تیتۆس 1:1-9

لە پۆڵسەوە، بەندەی خودا و نێردراوی عیسای مەسیح، لە پێناوی گەشەکردنی باوەڕی ئەوانەی خودا هەڵیبژاردوون بۆ ناسینی ئەو ڕاستییەی کە بەرەو لەخواترسییان دەبات، بە هیوای ئەو ژیانە هەتاهەتاییەی کە خودا، ئەوەی هەرگیز درۆ ناکات، لەپێش دەستپێکی زەمان بەڵێنی داوە. لە کاتی خۆیدا وشەکەی بە ڕاگەیاندن دەرخست، ئەوەی بەگوێرەی فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان بە من سپێردرا.

بۆ تیتۆسی کوڕی ڕاستەقینەم بەگوێرەی باوەڕی هاوبەشمان:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمانەوە لەگەڵت بێت.

ڕاسپاردەی دانانی پیران

لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[b] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت، پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.