Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
94 ئەی یەزدان، خودای تۆڵە،
ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.
2 ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە،
سزای لووتبەرزەکان بدەوە.
3 ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران،
هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟
4 بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت،
شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.
5 ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن،
میراتی تۆ دەچەوسێننەوە دەکەن.
6 بێوەژن و نامۆ دەکوژن،
هەتیو سەردەبڕن.
7 دەڵێن: «یەزدان نابینێت،
خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»
8 ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن!
ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟
9 ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟
ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟
10 ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟
ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟
11 یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت،
کە پووچە.
12 ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت،
لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت.
13 لە ڕۆژی بەد ئارامی بکەیتەوە،
تاوەکو گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت.
14 چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ،
میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.
15 چونکە دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە،
هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.
16 کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟
کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟
17 یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو
گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.
18 کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،»
ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.
19 کە خەم لە ناخم زۆر بێت،
دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.
20 ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت،
ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟
21 لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە،
خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.
22 بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا،
خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.
23 ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و
لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات.
یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.
18 یەزدان دەفەرموێت: «هەروەها لەو ڕۆژانەدا، کۆتاییتان پێ ناهێنم. 19 جا کە دەڵێن: ”لەبەر چی یەزدانی پەروەردگارمان هەموو ئەمەی پێکردین؟“ پێیان دەڵێیت: ”لەبەر ئەوەی وازتان لێ هێنام و لە خاکەکەتان خوداوەندە بێگانەکانتان پەرست، ئاوا دەبێت بێگانە پەرستی بکەن لە خاکێک کە هی ئێوە نییە.[a]“
20 «ئەمە بە بنەماڵەی یاقوب ڕابگەیەنن و
با لەناو یەهودا ببیسترێت، بڵێن:
21 ئەی گەلی گێل و بێ مێشک، ئێستا گوێ لەمە بگرن،
ئەی ئەوانەی چاوتان هەیە و نابینن،
گوێتان هەیە و نابیستن:
22 ئایا لە من ناترسن؟»
هەروەها یەزدان دەفەرموێت:
«ئایا لەبەردەمی من نالەرزن؟
من کە لمم بۆ دەریا کرد بە سنوور،
بەربەستێکی هەتاهەتاییە و لێی تێناپەڕێت.
شەپۆل خۆی پێدا دەدات و سەرکەوتوو نابێت،
هاژەی دێت و تێناپەڕێت.
23 بەڵام ئەم گەلە دڵێکی منجڕ و یاخی هەیە،
لەڕێ لایاندا و ڕۆیشتن.
24 لە دڵی خۆیاندا ناڵێن،
”ئێستا با لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
ئەوەی باران دەبارێنێت، یەکەم باران و دوا باران لە وەرزی خۆی،
لە هەفتە دیاریکراوەکانی دروێنە دڵنیامان دەکاتەوە.“
25 تاوانەکانتان ڕێگرییان لەم بەرەکەتانە کرد،
گوناهەکانتان لە چاکە بێبەشی کردن.
26 «بەدکاران لەنێو گەلەکەمدا دەبینرێنەوە،
وەک ڕاوچی خۆیان ماتداوە و چاو دەگێڕن،
تەڵە دەنێنەوە و مرۆڤ دەگرن.
27 وەک قەفەزی پڕ لە باڵدار،
ماڵەکانیان پڕە لە فێڵ،
لەبەر ئەمە گەورە و دەوڵەمەند بوون،
28 قەڵەو و تێر بوون.
هەروەها لە خراپەکاریدا بێ سنوورن،
پارێزەرایەتییان بۆ سکاڵای هەتیو نەکرد هەتا سەرکەوتوو بن،
بەرگرییان لە مافی هەژاران نەکرد.
29 ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
30 «تۆقین و سەرسوڕماویێک
لە خاکەکەدا ڕوویدا:
31 پێغەمبەرەکان بە درۆ پێشبینی دەکەن،
کاهینەکانیش بە ویستی خۆیان فەرمانڕەوایەتی دەکەن،
گەلەکەشم حەزیان لەم دۆخەیە.
بەڵام لە کۆتاییەکەیدا ئێوە چی دەکەن؟
8 بەڵام خۆشەویستان تەنها ئەم شتەتان لەیاد نەچێت، ڕۆژێک لەلای یەزدان وەک هەزار ساڵە و هەزار ساڵیش وەک ڕۆژێکە. 9 یەزدان سەبارەت بە بەڵێنەکەی خاو نییە، وەک هەندێک بە خاوی دەزانن، بەڵام لەگەڵمان پشوو درێژە، نایەوێت کەس لەناوبچێت، بەڵکو هەموو بۆ تۆبەکردن بێن.
10 بەڵام هاتنی ڕۆژی یەزدان وەک هاتنی دز وایە، تێیدا بە دەنگێکی بەرز ئاسمان نامێنێت، بە سووتان توخمەکان لەناودەچن، زەوی و ئەو کارانەی تێیدایە نامێنێت.
11 کە هەموو ئەو شتانە لەناوبچن، ئیتر پێویستە ئێوە چ جۆرە کەسانێک بن؟ دەبێت بە پیرۆزی و لەخواترسی بژین، 12 چاوەڕوانی ڕۆژی خودا دەکەن و پەلە لە هاتنی دەکەن، چونکە تێیدا ئاسمان بە ئاگر لەناودەچێت، توخمەکانیش بە سووتان دەتوێنەوە. 13 بەڵام بەگوێرەی بەڵێنەکەی ئێمە چاوەڕوانی ئاسمانی نوێ و زەوی نوێین، ڕاستودروستیش تێیدا نیشتەجێیە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.