Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 94

94 ئەی یەزدان، خودای تۆڵە،
    ئەی خودای تۆڵە، بدرەوشێوە.
ئەی دادوەری زەوی، ڕاپەرە،
    سزای لووتبەرزەکان بدەوە.
ئەی یەزدان، هەتا کەی بەدکاران،
    هەتا کەی بەدکاران دڵشاد دەبن؟

بەدکاران لووتبەرزی لە قسەکانیانەوە هەڵدەقوڵێت،
    شانازی بە خۆیانەوە دەکەن.
ئەی یەزدان، گەلەکەت وردوخاش دەکەن،
    میراتی تۆ دەچەوسێننەوە دەکەن.
بێوەژن و نامۆ دەکوژن،
    هەتیو سەردەبڕن.
دەڵێن: «یەزدان نابینێت،
    خودای یاقوب ئاگای لێ نییە.»

ئەی دەبەنگەکان لەنێو گەل، وریابن!
    ئەی گێلەکان، کەی تێدەگەن؟
ئایا ئەوەی گوێی چاندووە، نابیستێت؟
    ئایا ئەوەی چاوی دروستکردووە، نابینێت؟
10 ئایا ئەوەی نەتەوەکان تەمبێ دەکات، سەرزەنشت ناکات؟
    ئایا ئەوەی فێری مرۆڤ دەکات، زانیاری نییە؟
11 یەزدان بیرکردنەوەی مرۆڤ دەزانێت،
    کە پووچە.

12 ئەی یەزدان، خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی تۆ تەمبێی دەکەیت،
    لە تەوراتی خۆت فێری دەکەیت.
13 لە ڕۆژی بەد ئارامی بکەیتەوە،
    تاوەکو گۆڕ بۆ بەدکار هەڵبکەنرێت.
14 چونکە یەزدان واز لە گەلی خۆی ناهێنێ،
    میراتی خۆی ڕەت ناکاتەوە.
15 چونکە دادوەری بۆ ڕاستودروستی دەگێڕێتەوە،
    هەموو دڵڕاستەکان شوێنی دەکەون.

16 کێ بۆم لە دژی بەدکاران هەڵدەستێتەوە؟
    کێ بۆم لە دژی خراپەکاران بوەستێتەوە؟
17 یەزدان هاریکارم بوو، ئەگینا هێندەی نەمابوو
    گیانم لەنێو بێدەنگی مردووان نیشتەجێ بێت.
18 کاتێک گوتم: «پێم دەخلیسکێت،»
    ئەی یەزدان، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت پشتی گرتم.
19 کە خەم لە ناخم زۆر بێت،
    دڵنەوایی تۆ گیانی منی شاد کرد.

20 ئایا تەختی گەندەڵی هاوڕێیەتی لەگەڵ تۆ دەبەستێت،
    ئەوانەی بەگوێرەی زۆرداری خۆیان، شێوەی یاسا دادەڕێژن؟
21 لە دژی گیانی ڕاستودروست کۆدەبنەوە،
    خوێنێکی بێگەرد تاوانبار دەکەن.
22 بەڵام یەزدان بۆم دەبێتە قەڵا،
    خودا بۆم بووە بە تاشەبەردی پەناگام.
23 ئەو خراپەیەی دەیکەن بەسەر خۆیانیدا دەداتەوە و
    لە سزای بەدکاری خۆیان کڕیان دەکات.
    یەزدانی پەروەردگارمان کڕیان دەکات.

یەرمیا 5:1-17

کەس ڕاستودروست نییە

«بەناو شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا هاتوچۆ بکەن،
    ئێستا تەماشا بکەن و بزانن،
    لەناو گۆڕەپانەکانی بگەڕێن.
ئەگەر یەکێکتان بینییەوە
    دادپەروەری بکات و بەدوای ڕاستیدا بگەڕێت،
    ئەوا من لەم شارە خۆشدەبم.
هەرچەندە دەڵێن: ”بە یەزدانی زیندوو،“
    هێشتا بە درۆ سوێند دەخۆن.»

ئەی یەزدان، ئایا چاوت بەدوای ڕاستیدا ناگەڕێت؟
    لێت دان بەڵام ئازاریان پێ نەگەیشت،
    تێکت شکاندن بەڵام ڕەتیانکردەوە تەمبێ بکرێن.
ڕووی خۆیان لە بەرد ڕەقتر کرد،
    تۆبەکردنیان ڕەتکردەوە.
بەڵام من گوتم: «ئەوانە هەژارن،
    نەزان بوون،
چونکە ڕێگای یەزدان ناناسن و
    نازانن خودا داوای چییان لێ دەکات.
کەواتە دەچمە لای گەورە پیاوان و
    قسەیان لەگەڵ دەکەم،
بێگومان ئەوان ڕێگای یەزدان دەناسن و
    دەزانن خودا داوای چییان لێ دەکات.»
بەڵام ئەوان پێکەوە نیریان شکاند،
    بەندیان پساند.
لەبەر ئەوە لە دارستان شێر هێرشیان دەکاتە سەر،
    گورگی بیابان دەیانفەوتێنێت،
پڵنگ لە دەوری شارۆچکەکانیان خۆی مات دەدات،
    تاکو ئەوەی لێی بێتە دەرەوە پارچەپارچەی بکات،
چونکە یاخیبوونەکانیان زۆربوون،
    هەڵگەڕانەوەکانیان گەورە بوون.

«چۆن لەمە لێت خۆشدەبم؟
    کوڕەکانت وازیان لێ هێنام و
    سوێند بەوە دەخۆن کە خودا نییە.
کە تێرم کردن، داوێنپیسییان کرد،
    پاڵەپەستۆیانە بۆ ماڵی لەشفرۆش.
بوون بە ئەسپی خورت و بە عیتە،
    هەریەکە بەسەر ژنی برادەرەکەیدا دەحیلێنێت.
ئایا لەسەر ئەمە سزایان نەدەم؟
    ئایا من تۆڵە لە نەتەوەیەکی وەک ئەمە نەستێنمەوە؟»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

10 «سەربکەونە سەر پەرژینی ڕەزەمێوەکان و تێکیان بدەن،
    بەڵام بە تەواوی مەیفەوتێنن.
لقەکانی لێ بکەنەوە،
    چونکە هی یەزدان نین.
11 بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا
    بە تەواوی ناپاکییان لێکردم.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

12 درۆیان بە دەمی یەزدانەوە کرد،
    گوتیان، «ئەو هیچ ناکات!
بەڵامان بەسەرنایەت،
    شمشێر و قاتوقڕی نابینین.
13 پێغەمبەرەکان بوون بە هاژەی با،
    وشەکە لەواندا نییە،
    ئەوەی گوتیان بەسەریان دەهێنرێت.»

14 لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، ئەمە دەفەرموێت:

«لەبەر ئەوەی ئەم گەلە ئەو قسانەیان کرد،
    ئەوەتا من وتەکانم لە دەمی تۆدا دەکەمە ئاگر،
    ئەم گەلەش دەکەم بە دار و دەیانخوات.»
15 یەزدان دەفەرموێت: «ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل،
    ئەوەتا من نەتەوەیەک لە دوورەوە دەهێنمە سەرتان،
    نەتەوەیەکی پتەو و دێرینە،
نەتەوەیەکە زمانەکەیان نازانن،
    لە قسەکردنیان تێناگەن.
16 تیردانەکەی وەک گۆڕی دەم کراوەیە،
    هەموو پاڵەوانن.
17 دروێنە و نانت دەخوات،
    کوڕ و کچت دەخوات،
مەڕ و مانگات دەخوات،
    مێو و هەنجیرت دەخوات.
شارە قەڵابەندەکانت کە تۆ پشتت پێ بەستوون،
    بە شمشێر دەفەوتێنێت.»

یەکەم تیمۆساوس 1:18-20

18 کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە جەنگێکی باش بجەنگی، 19 دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە. هەندێک ڕەتیان کردەوە، جا لەلایەنی باوەڕەوە کەشتییان تێکشکا[a]، 20 لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.